Home / بەشی مێژووی كورد / شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات) له ساڵی ١٩٢٩ – ١٩٣٢ جولانەوەیەك لە ناو جەرگەی شارەوە بۆ ناو سەختی شاخ!!

شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات) له ساڵی ١٩٢٩ – ١٩٣٢ جولانەوەیەك لە ناو جەرگەی شارەوە بۆ ناو سەختی شاخ!!

images

زانیاری مێژوویی

 ئەم شۆڕشە لە گرنگترین هەوڵ و تەقەڵاكانی خەڵكی ستەمدیدە و ئازادیخوازی كوردستانە، بۆ رزگار بوون لە زوڵم وزۆری كەمالیەكانی توركی،و سەربەخۆبوون،ئەم جوڵانەوە و بزاوتە مەزنە لە چوارچێوەی بەرنامەكانی (جڤاتا ولاتێ‌ كوردا)واتە خۆیبوون دا پەرەی سەندو، خۆیبوونە شارییەكان(مەبەستم شاری و لادێیی نییە )شاخ و چیای ئاراراتی گەورەیان(ئاراراتی گچكەش هەیە) كردە مەڵبەندی شۆڕش وئیحسان نوری لە ساڵی (١٨٩٢)لە گەڕەكی ئالی كولی لە شاری بدلیس یان بەتلیسی باكوری كوردستان لە دایك بوەو لە ساڵی (١٩٧٥) لە تەمەنی٨٣ ساڵیدا بە ڕووداوی ماتۆڕسكیل گیان لە دەست ئەدات و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە دەوروبەری تاران لە ئیران بە خاك ئەسپێردرێ‌، حەمەكەریم عارف لە لاپەڕە-١٠١-ی كتێبی-مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەكی كورد-ی ئیحسان نوری دا،لە سەر ژیاننامەكەی نوسیوویەتی لە (١٨٩٣)لە دایك بوەو لە (١٩٧٦) كۆچی كردوە، ئیحسان نوری لە لایەن كوردەكانەوە نازناوی پاشای وەرگرت)ئەندامی كۆمەڵەكە كرایە سەرپەرشتیاری یەكەمی شۆڕشەكە لە بەر ڕۆشنایی ڕێنمانییەكانی (خۆیبوون)دا ئەم شۆرشە لە ساڵی (١٩٣٠)دەستی پێكرد ،كۆمەڵێك ئامانجی گەورەی دەستەبەر كردو ئاڵای كوردستان هەڵكرا(پێ ئەچێت هەمان ئەم ئاڵای كوردستانەی ئێستا بوو بێت بەڵام پێشەوا قازی موحەمەد پتر ناساندی چونكە بە فەرمی كردیە ئاڵای كۆماری كوردستان)هەروەها بۆ زیاتر هەنگاو هەڵگرتن بەرەو سەركەوتن هەر لەو چیایە (ئارارات)حكومەتێكی گچكە بنیادنراو ئیش و كارەكانی بە جوانی بە ڕێوە ئەبر، بیستنی ئەم هەواڵانەی شۆرش و بێدەنگ بوونی هەردوو دەوڵەتی دژەكورد(توكیا و ئێران)زۆر ئەستەم بوو بۆیە ئەوان (توركیە و ئیران)یش كەوتنە خۆیان و دەماری كەس جگە لە من مرۆڤ نیەیان هەستا، دوای چەند ڕوداووێكی گرنگ (انشااللە دواتر باسی ئەكەین)و زۆر هەوڵ و تەقەلا بۆ سەرگرتنی شۆڕش درا، بەڵام سەرەنجام لە مانگی تەموز(٧)ی (١٩٣٢) وەك كاری هەمیشەییان بۆ دژایەتی كورد هەردوو توركیە و ئیران رێكەوتن نامەیەكییان مۆر كرد بۆ داخستنی سنورەكانیان بە ڕووی شۆڕشەكەی ئاراراتدا بەداخەوە ئەم جارەش گەلی ی چاوەڕێی ئازادی، نەوەی ئیبراهیمی سەروەر،كوردی خێر لە خۆ نەدیو ئەم هیوا ئەم چر،ئەم ئومێدەشی نەما، و خۆرەتاوی ڕزگاری ئەم جارەش بووەوە بە شەو ، شەوی یەڵدا نەخێر زیاتر شەوی درێژی بە بێ‌ خەو، بە دەست تێكەڵكردنی هەردوو دوژمن شۆڕشەكە توایتەوە، ئێمە شەری ئازادی ئەكەین هەزاران وڵاتی بە ناو ئازادی خواز لێمان دێنە گۆو بە یاخی ناومان ئەبەن، ئەگەر پێویستیان پێمان بێت نەوەی صلاحەدینین ئەگەریش نا نەوەی جنۆكەو دێوی داوێن پیسین،ئاخر ئێمە سوچ(تاوان)مان چیە؟!!مینە جافی شاعیر ئەیەژێت (ئەی فەلەك بۆ كورد كوڕی تۆی كوشت برای تۆی سەر بڕی،؟قاپی كەعبەی شكاند یان پەردەی بەیتی(ماڵی خوا)ی دڕی،؟بۆ لە هەر لایێ‌ بە ئاوی چاوی خوێناوی جگەر ،غونچەیەكی ئارەزوم بڕوێ‌ بە ناكام ئەیبڕی.؟؟)بێگومان گەر بمانەوێت باسی شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات) بكەین ئەبێت باسی (جڤاتا وڵاتێ‌ كوردا)خۆیبوونیش بكەیین ئەگەر نا باسەكەمان زۆر كەم و كورت دەر ئەچێت،،!!

 وتەیەك لە مەڕ دیرۆكی (جڤاتا وڵاتێ‌ كوردا) خۆیبوون،١٩٢٧-١٩٤٦،

ئەگەر خوازیار بین سەرەتایەك بۆ دەركەوتنی تەواو یان گەشەی بەر چاوی (ناسیۆنالیزم)و نەتەوە گەرایی كوردی دروست بكەین یا دەستنیشان بكەین بێ شك پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی- خۆیبوون-چونكە ئەم ڕێكخراوە لە ڕووی سیاسی و ڕۆشنبیرییەیوە چەمك(مەفهوم)ی نەتەوەی بۆ تاكەكانی كورد شیكردەوە و پێناسەی دروستی بۆ ئەم چەمكە دان،(مەبەستمان بۆ كوردە ئەگینا چەمكی نەتەوە پێناسەی تایبەتی خۆی هەیە)، هەروەها (خۆیبوون) هەڵقوڵاوی ناو دەروون و ناخی كوڵاوی خەڵكی كوردستان بوو،هەر بۆیە كەم تا زۆر لە هەموو دەڤەرەكانی كوردستاندا هەوادارو لایەنگری هەبووە. گەلی كورد هەستی بەوە كردبوو كە (خۆیبوون) داواكاری بێ‌ چەندو چوون و ڕاستەقینەی هێڤی و ئاواتەكانیانە،،ڕەحمەتی عبدالستار تاهیر شەریف ئەڵێت(خۆیبوون،كاریگەی زۆری هەبوو لەسەر كوردستان و وریاكردنەوەی كوردەكان لە ڕووی نەتەوەیی‌و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری تاكەكانی)ئەمەش بۆمان دەرئەخات كە (خۆیبوون) ڕێكخراوێكی ڕۆشنبیریی سیاسیی كۆمەڵایەتی بووە، لە بڵاوكراوەی ژمارە(٢)ی خۆیبوونی(١٩٢٨)دا كە بەڕێز نەجاتی عبداللە لە فرانساییەوە وەریگێڕاوە بەم چەشنە باس لە هاتنە بوونی (خۆیبوون)ئەكات و ئەڵێت(مانگی ١٠ ی ١٩٢٧ ڕێبەرو ئەندامانی چوار كۆمەڵەی سیاسی كوردی ، جەمعییەتی تەعالی كوردستان،پارتی نەتەوەیی كورد، كۆمیتەی سەربەخۆیی كورد و كۆمەڵەی تەشكیلاتی ئیجتیماعییەی كورد،دوای چەندین  كۆبوونەوە(پێئەچێت نزیكەی ٥ ڕۆژی خایاند بێت)ڕۆژی (٥ ی ١٠ ی ١٩٢٧) لە لوبنان (هاوینە هەواری بحەمدون)، یەكەمین  كۆنگرەیان بەست و بەم شێوەیە (جڤاتا وڵاتێ‌ كورد،یان،خۆیبوون)لە دایك بوو)،ئەم یەكبوون و یەكیەتییەی خۆیبوونی هێنایە بوون یەكێكە لە ڕووداوە مێژووییە گرنگەكانی گەلی كورد، (بریا ئێستاش نەك چوار رێكخراو بەڵكو دوو حزبی كوردی یەكیان بگرتباو دەست لە ناو دەست تێبكۆشینایە)،هەروەها محەمەد ڕەسوڵ هاوار لە كتێبی(كوردو باكوری كوردستان)لاپەڕە(٢٨)دا لەسەر ناوی كۆمەڵێك كەس دواوە كە (٨)كەسن و بە ڕابەرەكانی (خۆیبوون) ناویان ئەبات .كە ئەمانەن(شێخ علی ڕەزای كوڕی شێخ سەعیدی پیران.مستەفا شاهین بەگی بەرازی،حاجۆ ئاغای هەڤیركی،ئەمین ئاغ،كەریم ڕۆستەمی،مەمدوح سەلیم.جەلادەت عالی بەدرخان.د.شوكری سەگبان یان سەگڤان،)بەڵام بڵاوكراوەكەی خودی خۆیبوون ژمارە(٢)،ناوی (١٤)كەسی وەك كەسایەتی دیارو ناوداری ناو ڕێكخراوەكە هێناوە بەم جۆرە( جەلادەت و كامەران وسورەیا بەدرخان،مەمدوح  سەلیم، محەمەد شوكری سەگبان،ئیحسان نوری(سەركردەی ئەم شۆڕشەی ئێستا باسی ئەكەین)،علی ئیلامی.فەهمی لیجی.حاجۆ ئاغ،ئەمین ڕامان(ئەمین پەریخان)، موستەفا شاهین،شێخ عبدالرحمان گارسی،بۆزان.ڕەفعەت زادە) دوای ئەمانەش ناوی ٦ كەسی دیكەی هێناوە وەك گڕو تین بەخشی نوێ‌ بە ڕێكخراوەكە كە ئەمانەن(ئەكرەم جەمیل پاشا.قەدری جەمیل پاشا.عوسمان صەبری. ئەحمەد نافیز زاز،عارف عەباس،شەوكەت زوڵفی)هەروەها محەمەد حەمە باقی لە پەراوێزی لاپەڕە(٥)ی كتێبی (كێشەی كورد مێژینەو ئێستای)م. بلەچ شێركۆ دا ئەڵێت(محەمەد علی عەونی-بلەچ شێركۆ-لەگەڵ بەدرخانیەكاندا لە دامەزراندنی كۆمەڵەی (خۆیبوون)دا بەشداری كردوە).هیوا عەزیز لە كتێبی ناسیۆنالیزمی كوردی (١٨٨٠-١٩٣٩) لە لاپەڕە (١١٢)دا ئەڵێت (خۆیبوون هەوڵی داوە كە گشت دەڤەرو كەسایەتیە كوردەكان ئاگادار بكاتەوە و پەیوەندیان پێوە بكات،لە بەر ئەوە دەبینین پەیوەندی بە شێخ مەحموودی حەفیدو شێخ ئەحمەدبارزانی و ئیسماعیل بەگی ئێزدی و…….كردوە لە میانەی ئەم چالاكیانەدا لە ساڵی (١٩٢٩)لقێكی ئەم كۆمەڵە لە سلێمانی كراوەتەوە).م.بلەچ شێرگۆ لە كتێبی (كێشەی كورد مێژینەو ئێستای)دا بەم جۆرە باسی بەرنامە و پرۆگرام و ئامانجی (خۆیبوون) ئەكات، یەكەم هەڵوەشاندنەوەی هەموو كۆمەڵە كوردیەكان.تا ڕێ‌ خۆش بكات بۆ دامەزراندنی كۆمەڵەیەكی گەورەی كوردی-ئەم ئامانجە بە جوانی جێبەجێكرا و خۆیبوون بوو بە یەكەم كۆمەڵەی كاریگەرو دیار لەسەر ئاستی كوردستان بە گشتی و باكوری كوردستان بە تایبەت-..دوو.درێژە پێدانی خەبات و شۆڕش لە دژی تورك تا دوا سەربازی توركی خاكی پاكی كوردستان بەجێ ئەهێلێت…..تاد.).خۆیبوون بەردەوام بوو لە كارو چالاكی.شۆڕشی ئاگری داغ گەورەترین چالاكیەكانی ئەم كۆمەڵەیە،پاشان سەركەوتنی كۆمۆنیزمەكان بەسەر نازیەكاندا هیوایەكی زۆری بەخشی بە گەلە ژێر دەست و چەوساوەكان بەو پێیەی -كۆمۆنیزم و ماركسیزم-بانگەشەی یەكسانی و ئازادی و سەربەستی و ڕزگاری بۆ كۆمەڵگای مرۆوایەتی ئەكرد.(كۆمۆنیستەكانیش جگە لەسەر باركردنی هێندەی تر ئازارو میحنەت و دەردەسەری هیچیان بۆ گەلی بێ‌ نەوای كورد بە خەڵات نەهێنا!!) لەو هەڵاومەرجەدا كوردەكان روویان كردە كۆمۆنیزمی و لە ساڵی (١٩٤٥) كۆمەڵەیەكی نوێیان دامەزراند بە ناوی –یەكبوون و ئازادی-لە بڵاوكراوەكەی خۆیبووندا هاتوە مەبەست لە دامەزراندنی ئەم كۆمەڵە-یەكبوون وئازادی-پتر بۆ ئەوە بوو كە خۆیبوون دووچاری پەرت بوون و ئینشیقاق نەبێت و خۆیبوون وئەندامەكانیشی بگرێتە خۆ!هەروەها بڵاوكراوەی ناوبراو ئەیەژێت –یەكبوون وئازادی-لە ڕووی پێكهاتەو پرۆگرامەوە گەلێك لە خۆیبوونەوە نێزك بوو.دواجار بڕێك لە سەركردەكانی خۆیبوون چوونە ڕیزی كۆمەڵە تازەكەوە كە ئەكرەم جەمیل پاشا و قەدری جەمیل پاشا بوون.بەم چەشنە كۆمەڵەی خۆیبوونی خاوەن شۆڕش و تێكۆشان و خاوەنی جەماوەری فرەفرە لە ساڵی (١٩٤٦)دا ماڵئاوایی كردو كۆتایی بە خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری هات، خۆیبوون لە ماوەی نزیكەی ١٩ ساڵدا جگە لە چالاكیە سیاسیەكان لە بواری ڕۆشنبیریشدا خزمەتێكی بەرچاویان بەرهەم هێن،كە هەشت بڵاوكراوەی بە پێزو بایەخدارن و ئەكرێت وەك بەشێكی دیاری مێژووی هاوچەرخی كوردستان تەماشا بكرێن .هەروەها چەندین مانفێست و بانگەوازنامەی شۆڕش و نامەی گرنگیان بڵاوكردەوەو ئاراستەی كەسایەتیە سیاسیەكانیان كرد لە ناویاند،بانگەوازی سورەیا بەدرخان لە (١٩٢٩) بۆ حكومەتی ئینگلیز،بانگەواز بۆ شۆڕش لە ( ١٩٣٢)دا دیارە ئەم بانگەوازە ئاراستەی گەل كراوە چونكە لە ساتە وەختی شۆڕشی ئارارات (ئاگری داغ)دا بووە. نامەیەك لە خۆیبوونەوە بۆ مستەر چەرچڵ لە ساڵی(١٩٤٣)دا،،بۆ زانینی پتر لەم بارەوە بڕوانە كتێبی-قەتڵ‌و عامی كورد لە توركیا-نوسینی كۆمەڵەی خۆیبوون، وەرگێڕان و پێشەكی و پەراوێزنووسینی، نەجاتی عبداللە.بڵاوكراوەی ژمارە ٢ی خۆیبوون.

  هۆكاری هەڵبژاردنی چیای ئارارات

(ئاگری داغ) بۆ شۆڕش

چیا-شاخ،كەژ،كۆ،كێو-هەمیشە لانكەی شۆڕشە و پشت و پەنایەكی قایم و تۆكمەیە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش ئاسا.،كوردستانیش وڵاتێكی شاخاوی و كەژاویە-بلاد الجبال، مقاگعە الجبال، ئاخكۆ-گەلە كەشی لەبەر ئازایەتی و نەبەردیو قبوڵ نەكردنی ستەم و سەرشۆڕ نەكردن هەردەم هۆگری چیاكان بووە،هەربۆیە (خۆیبوون)،بۆ بەرپاكردن و هەڵایسانی شۆڕش وهەقكردنەوەی ئەو ستەمە ناڕەوایەی كە توركە كەمالیەكان لە دوای ڕوخانی شۆڕشی شێخ سەعیدی-١٩٢٥-وە دەر هەق بە گەلی بێچارەی كورد ئەنجامیاندا بوو، چیایەكی گرنگ و ستراتیجی و سەختی دەست نیشان كرد،ئەو چیایەش (ئارارات-ئاگری داغ-ئۆرارتو)بوو، ئاگری داغ هەڵكەوتوە لە نێوان سنووری باكورو ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە مەڕ گرنگی ئەم چیایەو دیاری كردنی وەك گۆڕەپان و دەڤەری شۆڕش،د.سادق-سەعیدی شەرەف كەندی-ئەڵێت(هەڵبژاردنی چیای ئارارات-ئاگری داغ- بۆ شۆڕش، لە بەر ئەوە بوو لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنێكی ئێجگار باش و لە بار بوو-دیارە شەهید شەرەفكەندی مەبەستی ئەوە بووە كە ئەم چیایە هەم چڕو سەخت و هەزار بە هەزارە و هەمیش لەسەر سنور”مەرز”ی باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانە)!!ئەم چیایە لە دوو بەش پێكهاتوە بەشە گەورەكە،كە بە ئاراراتی گەورە ناسراوە كەوتوەتە ناو باكوری كوردستانەوە،بەشە گچكەكەشی كەوتوەتە ناو ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە،لەسەر بەرزی و نزمی هەردوو بەشەكە هەندەك ڕای جودا جودا هەیە،لەوانە،محەمەد رەسوڵ هاوار لە كتێبی-كوردو باكوری كوردستان-بەرگی ٣ لاپەڕە-١٨-دا چەند ڕایەكی هێناوە بەم جۆرە(بەرزی ئاراراتی گەورە-٥١٦٨م-رایەكی تر-٥٢٢٦م-هەروەها-٥١٧٥م-یشی هێناوە،)(بۆ بەرزی ئاراراتی گچكەش ئەم بۆچوونانەی دەرخستووە -٣٩١٤م-بۆچوونێكی دیكە -٣٩٩٦م-)ڕەحمەتی محەمەد ڕەسوڵ هاوار لە كتێبەكەیدا زۆر بە وردی بە دوای سەرچاوەدا گەڕاوە بۆیە فرەژێدەری لە باسەكەیدا بە دیار ئەكەوێت،،،،!!پاشان لە نەخشەی كوردستانی گەورەی ساڵی-2003-دا كە سەرچاوەكەی هەردووكتێبی-جوگرافیای كوردستان-ی هەردوو جوگرافیناس م.كەریم زەند و م.عبداللە غەفورە،هاتوە كە بەرزی ئاراراتی گەورە -٥١٣٧م-ە،

 هەوڵی تەڵەكەبازییانە و فڕو فێڵی توركان بۆ قایلكردنی شۆڕشگێڕان!

دیارە توركە ستەمكارەكان هەرچەند لە زۆربەی كاتەكاندا لە كوردەكان بە دەسەڵاتتر بوون!بەڵام هەمیشە زنۆقیان لە ڕاپەڕین و شۆڕشی كورد،چوو بوو!!چونكە چاك ئەیانزانی كە گەلی كورد هەر لە سەرەتای میژووەوە بە چاپوك و نەبەردو قارەمان مەشهورن و هەر كات دەست بكەنە خەبات پەندی –یا مردن یا سەركەوتن- جێ‌ بەجێ‌ ئەكەن،هەر بۆیە لەم شۆڕشە-ئارارات-یشدا هەستیان بە توڕەیی كورد كرد بوو بۆیە  كەوتنە داواكاری بۆ گفت و گۆ،وە داوایان كرد با كێشەكان بە زمانی نەرم چارە بكرێن-تورك نەرمترین زمانیان ئاسنە و سادەترین وشەیان ئاگرە،تورك و گفتو گۆ كوجاو مەرحەبا-لەم هەل‌ومەرجەدا شۆڕشگێڕان بە سەركردایەتی ئیحسان نوری پاشا و بە ڕابەرایەتی كۆمەڵەی –خۆیبوون-،زۆر بە جوانی لە نیازی گڵاوی تورك گەشتبوون و بە بەڵێنە درۆكانییان فریویان نەخوارد،،دەربارەی ئەو گفتو گۆیانە،محەمەد ڕەسوڵ هاوار لە كتێبی-كورد و باكوری كودستان-لاپەڕە-٩٥-دا لە د.عەزیز شەمزینی یەوە نەقڵی كردوە بەم جۆرە(حكومەتی توركیا لە سەرەتادا بۆی دەركەوتبوو كە بە ئاسانی بە شەڕو پەلاماردان شۆڕشەكەی كوردی پێ‌ لە ناو نابرێت بۆیە دەستیكرد بە فڕو فێڵكردن داوای لە ئیحسان نوری پاشا كرد، لە مانگی ئەیلولی-١٩٢٨-دا لە شكلی كوپرو-شیخلی كوپرو-و ساتێك ئیحسان نوری لە گەڵ ئەو وەفدە توركیەی نێردرا بوو دەستی كرد بوو بە گفتو گۆ كردن بە ئاشكرا بۆی دەر كەوتبوو كە توركەكان نەیانویستبوو باسی چۆنێتی چارەسەر كردنی كێشەی كوردو داخوازییەكانی میللەتی كورد بكەن و بەڵێنەكانییان بۆ كورد بریتی بووە لە لێخۆشبوونێكی گشتی-لێخۆشبوون لە ڕاپەڕیوانی شۆڕشی پیران و ئەم یاخیبووانەی،بە حسابی ئەوان،ئێستا!چونكە حكومەتی كەمالی تورك پێی وابوو ئەگەر میللەتێك داوای مافی سەرەتایی خۆی بكات ئەوە كفری كردوەو ئەبێت حكومەت لێی خۆش بێت یان سزای بدات-توركەكان لەو گفتوگۆیانەدا بە هیچ شێوەیەك بە لای چارەسەركردنێكی بنەڕەتی تەواوی میللەتی كوردا نەچوو بوون بۆیە ئەوهاتووچۆو گفتو گۆیانە هیچ سودێكی نەبوو!!)بێ‌ گومان ئەگەر ئەم گفتو گۆیانە سەریشی بگرتایە و شۆرششگێران چەكیان دانایەو خۆیان تەسلیم بكردایە هەروەك شەهید كردنەكەی یەزدان شێر-عیزەدین شێر بۆتانی-لێ‌ ئەقەوما كە لە دوای شۆڕشی ( ١٨٥٤ ) لە لایەن توركیەوە بانگكرا بۆ دانوستان بەڵام بە گەشتنە ئەستەمبوڵی ناوبراو دەست بەجێ‌ شەهید كرا!، لەم سەرو بەندەدا ،پ د.جویس بلۆ لەكتێبەكەیدا –دۆزی كورد-ئەڵێت-نوێنەرانی كوردپێشنیازەكانی دەوڵەتی توركیایان پەسەند نەكردو حكومەتی توركیاش پەنای بۆ چەك بردەوە-،ئەم قسەیەی د.خاتوو جویس دەری ئەخات كە تورك هەمیشە كێشەكانی بە زەبرو زەنگ یەكلا كردوەتەوە!!  توركەكان زانییان فڕو فێڵەكانیان بێ‌ ئەنجام و بێ‌ هودەیە بۆیە دەستیان دایە هەمان ڕەفتارە وەحشیگەریەكانیان كە بەرامبەر كورد ئەنجامیان ئەدا،بەمەش ڕاپەڕین نزیك بوەوە!!

 بەرپا بوونی شۆڕش و ڕوداوەكان

لە شاخ واتە ئارارات سوپایەكی گەورەو دامەزراو لە شۆڕِشگێڕە كوردەكان،دروست كرا،حكومەتێكی كاتی گچكەش بە سەرپەرشتی –ئیبراهیم پاشا حسكی تیلۆ یان هسكی تیلۆ-دامەزراو ئاڵای كوردستان لەو دەڤەرە بەرز كرایەوە،ئەم ڕوداوانە زۆر ورەی بە شۆڕشگێڕان بەخشی ،پ،د وەدیع جوەیدە(وەدیع كریستیانێكی عەرەبی عیراقییە و لە بنەماڵەی ناسراوی جوەیدەیەو لە بەسرە لە دایك بووە) لە كتێبی-جوڵانەوەی نەتەوەیی كورد بنەماو پەرەسەندنی-دا بە ڕوونی باسی ئەم شۆڕشە گرنگەی كوردی كردوەو ئەڵێت-دوای بێ‌ هیوا بوونی تورك لە كوردە ڕاپەڕیوەكان بڕیاری دا بە شەڕ مەسەلەكە یەكلایی بكاتەوە،لە مایۆی (١٩٣٠)دا دوو لەشكری سوپای تورك بە سەركردایەتی ساڵح پاشا،لە ناوچەكانی نزیك ئاگری داغ-ئارارات- گرد بوونەوە، پەلاماری تورك لە ١١ی ژوونی- ١٩٣٠-دا بە مەبەستی تێكشكاندنی ئەوهێزە كوردییانەی لە ئارارت كۆببونەوە،دەستیپێكرد،لە ١٥ی هەمان مانگدا هێزە كوردە نەتەوەییەكان دژە هێرشیان لە دەڤەرەكانی، ئیگدیر، ئێردیجش، سیپان داغ، كاگسیمات، شاتاك، وان، بەتلیس، دەستپێكرد،توركەكان خۆیان لە هەڵ‌و مەرجێكی نالەباردا لە هەندێك شوێندا لە بەرامبەر پەلاماری كوردەكاندا بینیەوە-بێ‌ شك شۆڕشگێڕانی كورد لە سەرەتاوە وەكو هەموو ڕاپەرینەكانی تر،زۆر بە خێرایی سەركەوتنیان تۆمار كردووە-دڵگەرمی كوردە شۆڕشگێڕەكان وای كرد كەمێك لوتی سوپاكەی تورك بشكێت،ئەوەتا د. وەدیع هەر لەسەر هەمان بابەت باس ئەكات(ئەو حاڵە پەشێوەی كوردەكان بۆ توركیایان دروستكردبوو وایكرد سوپای توركان دەست لە پەلامار بۆ سەر ئاگری داغ هەڵگرن،تاكو نێوەراستی ژووئێن!!!) ناوە ناوە  هێرش و پەلامار لە هەردوو لاوە ئەكرایە سەر یەك لەم دۆخەدایە كوژراو و برینداری زۆر وە لەگەڵ زیانی مادی لە هەردوو لا كەوت سەرچاوەكان بەم چەشنە دەیخەمڵێنن-١٧٠٠ دیل لە تورك،٦٠ ڕەشاش و ٢٤ تۆپ و كەلوپەلی دیكەی سەربازی سوپای تورك دەستی بەسەرا گیرا، ١٢ فڕۆكەی تورك خرایە خوارەوە،٤٠٠٠ بریندار و ٢٨٠٠كوژراویان هەبوو،هەروەها ٩٠٠ شەهید و ٢٤٠٠ بریندار لە ڕیزەكانی شۆڕشدا هەبوون،- بۆ زیانی ماددیش بۆ كوردەكان ئاماژەی بۆ نەكراوە،من پێم وایە لەبەر دوو هۆكارە یەكەم هێزە كوردەكان پتر سەركەوتوو بوون و سەنگەرەكانیان چۆڵ نەكردوە،دووەم شۆڕشگێرانی لە ڕووی ماددیەوە كەمێك كز بوون بۆیە ئەگەر لە پەلامارەكاندا شكابیشن هیچی وایان نەبووە تا بە جێی بهێڵن،ڕاپەرین بەردەوام بوو گڕەكەی بڵاو بوەوە بۆ دەڤەرەكانی جۆلەمێرگ،سیرت،ماردین،سیڤریك،ئورفە یان ئورفا،ئەم هەواڵانەش زیاتر پشتی سوپای توركی دەشكاند،بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی بوو ئەم سەركەوتنانە دوا وچان و دوا تیری كوردەكان بوو هەر بۆیە لە دوای ئەمە سوپای تورك بە هێزوو تەوژمێكی زۆرەوە پەلاماری هێزە كوردیەكانیان دا و شۆڕشگێڕانیش سات لەدوای سات وەك ژێدەرەكان ئاماژەی بۆ دەكەن،بەرەو كزی و لاوازی و بێ‌ ورەیی دەچوون،هەندیك سەرچاوە نیشانە بۆ ستەمی كوردە ڕاپەڕیوەكان دەكەن لە توركەكانی دەڤەرەكانی شۆڕش،بێ‌ گومان ئەمەش كاریگەری خراپی لە سەر كورد هەبووە لە كاتی شۆڕشەكەدا،بە دیار كەوتنی نیشانەی سەركەوتنی سوپای تورك ئیتر سەربازو جەندرمە توركەكان هێرشەكانیان خێراتر كردو گەمارۆی هەموو ڕاپەڕیوان دراو دوای چەند بەرگریەكی بێ‌ هوودە سوپای تورك سەركەوت و شۆڕشگێرە كوردەكانیش هەموو پەرتەوازە بوون،لێشیان شەهید كراو زۆریان بە دیل گیران،لێرەدا ڕاپەرینەكە بێ‌ ئەنجام كۆتایی هات سەرەڕای ئەمە حكومەتی توركیا هەموو دوای ڕاپەرینەكان كەوتە كوشتن و بڕین و ئاوارەكردنی خەڵكی بێ‌چارەی كوردستان ،،د.كەیوان ئازاد ئەنوەر ئەڵێت ئەم ڕاپەڕینە تا ناوەڕاستی (١٩٣٢) بە ردەوام بوو دواجار هەردوو حكومەتی توركیەو ئیران ڕێكەوتنامەیەكیان لە دژی ئەم شۆرشە ئیمزا كرد بۆ ئەوەی سنورەكانییان بە ڕووی شۆڕشگێراندا دا بخەن و هاوكاری یەك بكەن،!!دواتر شۆرشەكە كۆتایی هات،ستەم و زوڵمی توركیا بەردەوام بوو تا شۆرشی سەید ڕەزای دەرسیم لە ساڵی (١٩٣٦)، كوردەكان دیسانەوە ڕقی پیرۆزیان هەستاو دەستیان دایەوە شۆڕش،ئەم شۆڕشەش-دەرسیم، دێرسیم- بێ‌ ئەنجام توایەوە!!!

 یەك وتەی كورت

باشە جاران ئەگەر بپرسرایە بۆ فڵان شۆڕش و ڕاپەڕین سەركەوتوو نەبوو؟؟!یەكسەر ئەمە وەڵامە سەرەكیەكە بوو،ئاخر چونكە هەمیشە دوژمنانی گەلی كورد پڕچەك و بە هێز و دامەزراو بوون،! ئیمەش ئەڵێین ڕاستە تا ڕادەیەك وابوو ! عوسمانی و صەفەوی تا توانییان دژایەتییان كردین و سەركوتیان كردین،دوای ئەمانیش ئینگلیز و فەرەنسا و روسیا و توركیای نوێ‌ كەوتنە چاو لێزیتكردنەوەمان و وڵاتەكەمانییان بە بەر چاومانەوە  وەك گۆشتی خێر لەت لەت و دابەش كرد،ئەو كاتە چەكمان نەبوو تۆكمەو ڕیكخراو نەبووین!بەڵام خۆ ئێستا دنیا دنیای سیاسەتە ، سیاسەتیش بَی قەڵەم وەك ماسی بێ‌ ئاو وایە،كوردیش سیاسەتمەداری زۆرە نوێنەری لە زۆر وڵات هەیە،ئەی باشە تا كەی چاوەڕێی كەوچكی بێگانە بین تا ژەهری بێ‌ ئاگایمان پێهەڵقوڕێنێ‌؟بۆ خۆمان بە دەستی خۆمان دەست پێنەكەین؟؟!بۆ خۆپیشاندان و ڕێپێوان نەكەین لە دژی داگیركەرانی كوردستان؟بۆ واژۆ-ئیمزا- كۆ نەكەینەوە و هاوار بكەین نامانەوێت عێراق، سوریە، توركیە، ئیران،؟ ئەی بۆ مان نەگرین كاتێك خوشكێك یان برایەكمان بە بێ‌ تاوان،تەنها كوردە ستەمی لێئەكرێت؟ئەگەر خوازیاری دەوڵەتین بۆ ناڕژێینە سەرشەقام و بە یەك دەنگ هاوار بكەین و بڵێین بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی كوردستان و نا بۆ عێراقچێتی،سوریەچێتی،توركیەچێتی، ئیرانچێتی-لانی كەم سەربەخۆیی بۆ باشووری وڵات-؟ئەگەر بە ڕاستی كوردین ئەی بۆ نەفرەت لە سوپای گورگ و دڕندەی توركیا ناكەین كە ڕۆژانە سنورەكانی باشووری وڵاتەكەمان بۆمب باران ئەكات وخەباتكارانی-پ ك ك-بە تیرۆریست ناو زەند ئەكات؟!!نا ئەمانە هیچیان ناكەین چونكە ئیمە پێمان وایە ئێرە عێراقە و ئەولاش توركیا،ئەو لا سوریایەو ئەولاش ئیران،ئەی كە وایە كوردستان كامەیە؟؟ئەو خاكەی لە دێر دەمان-زەمان-ەوە شەهیدی بۆ دراوە و بە دەیان شۆڕشی بۆ بەرپا كراوە لە كوێیە؟ تا خاوەنی ئەم فكرە بین ئەبێت هەر بڵێین ئەم نانە بەو ڕۆنە،گەل و دەسەڵات وا بخەون حاڵی ئەم گەلە وا بڕوات نەك بۆ پارچەكانی تر بەڵكو ئەم پارچە-هەرێمی باشووریش لە دەست ئەدەین و ئاو بێنەو دەست بشۆ!!تكاتان لێئەكەم با وریا بی.

نوسینی: بەختیار مام حەمید

About دیدار عثمان

Check Also

گوتیەکان : Gutians

لە کوردستانی کۆندا دوای ئەوەی خەڵکی گوندەکانی چەرمو و بێستانسور ژمارەی دانیشتوانیان زیادی کرد، خەڵک …