ژیانی سامۆراكان..له نێوان چیرۆك و ڕاستی دا
باز احمد
چیرۆكی سامۆراكان ماوه‌ی سه‌دان ساڵه به وڵاتانی دنیا بڵاوبووه‌ته‌وه و زۆر فیلم و په‌رتووك و چیرۆك و ئه‌فسانه ده‌رباره‌یان نووسراوه و به‌رهه‌م هێنراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا سامۆراییه‌كان كێن و چۆن ژیاون و به كرده‌یی به‌وشێوه بوون كه له فیلم و چیرۆكه‌كان باسیان لێوه ده‌كرێ، یان چۆن چۆنی بوون و ڕاستییه‌كه‌یان چی بووه، ئه‌نتۆنی كامینز له‌وباره‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی ئه‌نجام داوه و وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه.
سامۆراكان كێن؟
سامۆراكان گرووپێكی سه‌ربازی مه‌شقپێكراوی تایبه‌ت بوون و توانیان له سه‌ده‌ی دوازده‌یه‌م حوكمی ژاپۆن بگرنه ده‌ست و دواتر بوون به ده‌ستی پۆڵایینی ئیمپراتۆریه‌تی ژاپۆن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمنان و له‌ناوبردنی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان و كوده‌تاچی و خیانه‌تكاره‌كان، ئیمپراتۆری ئه‌وكاتی ژاپۆن یه‌كێك بوو له سامۆراكان كه به خانه‌واده‌ی توكوغاوا ناوده‌برێن و ماوه‌ی 250 ساڵ سه‌ركردایه‌تی ئیمپراتۆریه‌تییه‌كه‌یان كرد.
ته‌واوی سوپای سامۆراكان پاش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ژاپۆنیان گرته ده‌ست و ئیمپراتۆر له خۆیان حوكمی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرد، به دڵ و گیان خۆیان له پێناوی ئیمپراتۆر و ئیمپراتۆریه‌تییه‌كه به‌خت ده‌كرد، له ڕاستیدا ئه‌وان چینێكی سه‌ربازی ئه‌وكاتی كۆمه‌ڵگای ژاپۆن بوون، بۆ زانینی ورده‌كاری ژیانیشیان كه‌مترین ده‌ستنووس و ڕاستی و دیكۆمێنتیان له پاش خۆیان جێ هێشتووه، بۆیه مێژووی ئه‌وان پڕه له ته‌م و مژ و جه‌نگ و چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی، یه‌كێك له‌و چیرۆكه ئه‌فسانه‌ییانه‌یش خۆكوشتنی سامۆراكان بوو، دوای ئه‌وه‌ی كه له‌و ئه‌ركانه‌ی پێیان ده‌سپێردرا، شكستیان ده‌هێنا، خۆیان ده‌كوشت، ئه‌مه زۆر جێگای پرسیار و گومانه و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر بۆ ئه‌مه بوونی نییه.
له قۆناغی سه‌ره‌تای سه‌رده‌می سامۆراكان كه سه‌ده‌ی دوازده‌یه‌م و تا كۆتایی سه‌ده‌ی پازده‌یه‌م بوو، زۆرترین جه‌نگ له‌لایه‌ن ئه‌و چینه چه‌كداره به‌رپا كرا و ئه‌وان گرووپی سوارچاكی زۆر لێهاتوو بوون و جه‌نگی یه‌كجار گه‌وره‌یان برده‌وه و ناوبانگیان به ناوچه‌كه بڵاوبووه‌وه، دواتر له‌تبوون له ڕیزه‌كانیان ڕووی دا، تا له كۆتاییدا و له ساڵی هه‌زار و 600 له جه‌نگی سیكیجاهارا حوكمی ئه‌وان كۆتایی هات و سه‌رده‌می ئاشتی له ژاپۆن ده‌ستی پێ كرد.
سامۆراكان خواستی ئه‌وه‌یان هه‌بوو له سه‌ر ئه‌و خاكه بژین كه له پێناوی خوێنیان ڕشتووه، به‌رده‌وامیش كولتووره كۆنه‌كانی خۆیان ده‌پاراست و له‌به‌رانبه‌ر هیچ شتێك ده‌سبه‌رداری نه‌ده‌بوون، ئه‌و ناوچانه‌ی داگیریان ده‌كرد، قه‌ڵای زۆریان لێ دروست ده‌كرد و چه‌كی بێشوماریان تێدا هه‌ڵده‌گرتن، خه‌ریكی ئه‌سپ به‌خێوكردن و ته‌نانه‌ت شاره‌زایان له زانستی گه‌ردوون و ئه‌ستێره‌ناسیش هه‌بووه، ئه‌وان له به‌رده‌می ماڵه‌كانیان هه‌میشه ئاڵا و ئاماژه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان داده‌نا و ماڵی سامۆراكان جیاواز بوو له ماڵی هه‌ر خه‌ڵكێكی تری ئاسایی.
له كاتی ڕۆیشتن بۆ جه‌نگ كولتوور و نه‌ریتی سه‌یریان هه‌بوو، ده‌بوو هه‌ر چه‌كدارێكی سامۆرای نۆ كوپ مه‌ی به خه‌ستی بخواته‌وه و كه‌مێك خواردنی تایبه‌تیشیان ده‌خوارد و كاتێكیش ده‌ڕۆیشتن به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌یری ئافره‌تیان نه‌ده‌كرد، چونكه ئه‌مه‌یان به هۆكاری شكست له جه‌نگ هه‌ژمار ده‌كرد، به بڕوای ئه‌وان سه‌یركردنی ئافره‌ت له كاتی ڕۆیشتن بۆ جه‌نگ وره و توانای پیاوان بێهێز ده‌كات و حه‌زه‌كانیان ده‌جولێنێ، بۆیه وه‌كو كوێرێك ده‌ڕۆیشتن و خۆیان له هیچ ئافره‌تێك نزیك نه‌ده‌كرده‌وه.
نه‌ریتێكی تر، به‌ستنه‌وه‌ی ته‌واوی جله‌كانی هه‌ر سه‌ربازێكی سامۆرای بوو به چه‌كه‌كانی، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كات خۆیان به ده‌سته‌وه نه‌ده‌ن و ڕێ نه‌ده‌ن دوژمنه‌كانیان لێیان بدات و جله‌كانیان دابكه‌نێ و له گۆڕه‌پانی جه‌نگ ئابڕوویان بچێ، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر دلێرانه ده‌جه‌نگان، جلی سه‌ربازی ئه‌وان زۆر پێشكه‌وتوو بوو له چاو ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تێیدا ژیاون، تیرێكی بچو‌وكیش سیمبۆل و نیشانه‌یان بوو، تا دوای مه‌رگیش هه‌ر ده‌مایه‌وه و له‌گه‌ڵیان ده‌نێژرا، ئه‌م تیره و قژی چه‌كدارانی سامۆرای وه‌ك هێمای شه‌ره‌ف لێی ده‌ڕوانرا.
بۆ بوون به سامۆرایه‌كی ته‌واو، ده‌بوو هه‌ر سه‌ربازێك 98 هه‌زار جۆری جوڵه‌ی جه‌نگی بزانێت، كه ئه‌مه‌یش زۆر قورس بوو هه‌موو خه‌ڵك فێری ببن، له‌به‌ر ئه‌وه كه‌سانی زۆر ژیر و وریا ده‌یانتوانی ئه‌و هه‌موو جوڵه‌یه له‌به‌ر بكه‌ن و به‌و خێراییه زۆره‌وه شمشێره‌كانیان بوه‌شێنن.
سه‌ربازانی سامۆرای له‌سه‌ر پۆست و كۆنتڕۆڵكردنی فه‌رمانڕه‌وای زۆر جه‌نگاون و شه‌ڕیان كردووه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك خانه‌واده و په‌روه‌رده‌ی تایبه‌تیان هه‌بووه، كه هیچ یه‌كێكیان نه‌یتوانیوه لێی لابدات، وه‌كو ده‌ستدرێژی نه‌كردنه سه‌ر ژنان و دزی نه‌كردن و وازهێنان له تاڵانی دوای جه‌نگ و به‌كارنه‌هێنانی وشه‌ی نه‌شیاو و جیا له‌وانه‌یش تاكتیك و پلانی جه‌نگی تایبه‌تیان هه‌بوو و هیچ كه‌سێك نه‌یده‌توانی لاساییان بكاته‌وه، بۆیه پێیان ده‌گوترێ سه‌ماكردن له به‌رده‌م مه‌رگ دا، چونكه جوڵه‌كان و پلانه‌كانیان خێرابوو و نه‌ده‌توانر به ئاسانی لێك بدرێنه‌وه تا دواتر له‌لایه‌ن كه‌سێكی تره‌وه تاقی بكرێته‌وه و ئه‌زموونی لێ وه‌ربگیرێت.