ره‌شید خه‌یوون، كه توێژه‌رێكى بوارى ئایینناسییه، ده‌ڵیت: ”بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر ئایینه جۆراوجۆره‌كان بكه‌ویت و له سرووته نهێنییه‌كان بگه‌یت، سه‌ردانی كوردستان و شاخه‌كانی بكه، بۆت روون ده‌بێته‌وه كه خاكی كوردستان خاوه‌نى سه‌رچاوه‌ی ده‌یان دین و رێباز و سرووتی ئاینییه، رێز له یه‌ك ده‌گرن، هه‌رچه‌نده جیاواز و ناكۆكیش بن“.
ده‌یان پرسیار له‌باره‌ى كاكه‌ییه‌وه
ئایا چ باوه‌ڕێكیان هه‌یه؟ ئایا دینی سه‌ربه‌خۆن یان فرقه‌یه‌كی ئیسلامن یان ره‌وتێكی ته‌سه‌وفن؟ ئایا كاكه‌ییه‌كان باوه‌ڕیان به خودا هه‌یه یان عه‌لی ده‌پرستن؟ بۆ نایانه‌وێت سرووت و نهێنیی دینه‌كه‌یان كه‌شف بێت و تا ئێستاش به نهێنی و شاراوەیی سرووتە دینییه‌كانیان ده‌كه‌ن؟ ئایا كاكه‌ییه‌كان عه‌لی ئیلاهین یان پاشماوه‌ی براگهلن كه له‌كۆتاییه‌كانی خه‌لافه‌تی عه‌باسیدا ده‌ركه‌وتن؟ ئایا ئه‌و قسه‌یه راسته كه ده‌ڵێن كاكه‌ییه‌كان له رووی بیروباوه‌ڕه‌وه له مه‌سیحییه‌ته‌وه نزیكن؟ ئایا ئه‌مانه هۆزیكن یان هاوبه‌شییه‌كی دینیین له‌گه‌ڵ ئێزدییه‌كان؟ ره‌نگه وه‌ڵام بۆ هه‌موو ئه‌مانه قورس بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى دینێكه له‌ناو ته‌متومان و نهێنیدا و زۆر كه‌م بنه‌ما نهێنییه‌كانیان ئاشكرا ده‌كه‌ن. بۆیه گه‌ڕان به‌دوای كاكه‌ییدا گه‌ڕانه به‌دوای لوغز و هێمای نهێنیی نهبینراودایه.
حه‌وت خودا
له بیروباوهرییاندا، باوه‌ڕیان به ده‌ركه‌وتنی خودای یه‌ك له‌دوای یه‌كدا هەیە. خوداكان ژماره‌یان حه‌وته، كه پۆشاكی (جامه)یان له به‌ره و تهجسیدى خوداكان ده‌كه‌ن، هه‌موو جارێكیش خودا له‌گه‌ڵ چوار یان پێنج فریشته‌دا ده‌رده‌كه‌ون، كه پێیان ده‌گوترێت یارانی خودا، كه ده‌سته‌یه‌كی یه‌كگرتوو پێك ده‌هێنن. به‌پێی كتێبی سه‌ره‌نجام: ”خوداوه‌ند له ئه‌زه‌له‌وه له‌ناو گه‌وهه‌رێكی داخراودا بووه“.
یه‌كه‌مجار له‌ناو كه‌سی خاوهندگار، واته خولقێنه‌رى جیهان ته‌جسید بووه، دووه‌م جار له كه‌سی عه‌لى ته‌جسید بووه، له سێیه‌م جاره‌وه بووەته تایبه‌تمه‌ندیى ئه‌هلی هه‌ق و دوور كه‌وتووەته‌وه له تهجسیدكردنى دینه‌كانى تر، بۆیه قۆناغی سوڵتان سوهاك كه به پله‌ى چواره‌مه، به‌رزترین پله و مه‌قامى هه‌یه له‌لاى كاكه‌ییه‌كان.
خودا و فریشته‌كان به‌م شێوه‌یه دابه‌ش بوونە:
– خاوهندگار (جوبرایل، میكائیل، ئیسرافیل، عه‌زرائیل).
– مورته‌زا عه‌لی (سه‌لمان، قه‌نبه‌ر، حه‌زره‌ت محه‌مه‌د، نوسێر، فاتیمه).
– شاخۆشین (بابا بزورگ، كاكه ره‌زا، كورفهقێ، باباتاهیر، مامه جه‌لاله).
– سوڵتان سوهاك (بینیامین، داود، پیر مووسا، موسته‌فا داودان، خاتوودایره).
– قرمزی یان شاوه‌یس قولی (كاماریجان، یارجان، یارلی، شاسوار ئاغا، ره‌زبار).
– مه‌مه‌د به‌گ (جه‌مشید به‌گ، ئه‌ڵماس به‌گ، ئه‌بدال به‌گ، پهریخانى شه‌رت).
– خان ئاته‌ش (خان جه‌مشید، خان ئه‌ڵماس، خان ئه‌بداڵ، دۆستانى خانم).
بنیامین له ئاره‌قه دروست بووه كه ره‌مزى ساده‌ییه، داود له هه‌ناسه دروست بووه كه ره‌مزى تووڕه‌ییه، مووسا له سمێڵ دروست بووه كه ره‌مزى ره‌حمه‌ته، ره‌زبار له ترپه‌ى دڵ دروست بووه كه ره‌مزى چاكه‌یه. فریشته‌كان رۆڵی وه‌زیری خوداوه‌ند ده‌بینن. بۆ نموونه، پیر مووسا ئه‌و فریشته‌یه‌یه كه چاكه و خراپه ده‌نووسێته‌وه، نوسێر فریشته‌ی مردنه، ره‌زبار ره‌مزی نهێنی هه‌ڵگرتنه. هه‌ندێك ده‌ڵێن ره‌زبار دایكی سوڵتان سوهاكه و هه‌ندێك ده‌ڵێن ناوی نهێنیی خاتوو دایره.
ده‌شتی شاره‌زوور
ئه‌وان له چاوه‌ڕێی ده‌ركه‌وتنی پادشای زهمهندان، كه رۆژی حه‌شر له شاره‌زوور ده‌قه‌ومێت، باشه‌كان ده‌چنه به‌هه‌شت و له جوانی و گه‌وره‌یی خودا تێ دهفكرێن، خراپه‌كانیش له‌ناو ده‌چن.
كه‌س نامرێت
(ئه‌ی بوونه‌وه‌ره‌كان له سزای مردن مه‌ترسن، مردنی مرۆڤ وه‌ك نوقمبوونی مرواری وایه له‌ناو ئاودا، له شوێنی تر و كاتی تر ده‌رده‌كه‌وێته‌وه). مرۆڤ ده‌بێت 1001 جار بازنه‌ی ته‌جسید ببڕێت، كه تێیدا چاكه‌ی كرده‌وه‌كانیان ده‌درێته‌وه. بوونه‌وه‌ره‌كان له دوو گڵ دروست ده‌كرێن، كه بریتین له:
گڵی زه‌رد: گڵی دروستكه‌ری چاكهكهرانه.
گڵی ره‌ش: گڵی دروستكهرى خراپه‌كارانه.
یه‌كه‌میان له خودا نزیك ده‌بنه‌وه و به‌شیان له رووناكی زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام خه‌ڵكانی تاریكستان هه‌رگیز خۆرهه‌تاو نابینن.
كاكه‌ییه‌كان برا رایكێشه
هه‌ندێك له نووسه‌ران وشه‌ی كاكه ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ده‌سته‌ی (براگه‌ل، یان تاقمی برایه‌تی) كه له ساڵی 604 كۆچی‌دا خه‌لیفه ناسره‌دین دروستی كردوون و هانی داون به‌رده‌وام بن و خۆیشی وه‌كوو برا گه‌وره ناساندووه. پاشان سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌و گرووپه‌ی داوه به كوڕه‌كه‌ی كه خه‌لیفه مونتهسهربیلایه، جلی گه‌نجانه‌یان له‌به‌ر كردووه و به‌رگرییان له خه‌ڵكی بێ ده‌ره‌تان كردووه، به‌ڵام براگه‌ل دینێك نین وه‌ك كاكه‌ییه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی براگه‌ل گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تین، ده‌كرێت له سوننهشدا هه‌بن و له‌ناو شیعه‌شدا هه‌بن، هه‌روه‌ها براگه‌ل گرووپێك بوون تایبه‌ت بوون به نێرینه‌كان و گه‌نجانی ئازایان وه‌رگرتووه، له كاتێكدا كاكه‌ییه‌كان دینێكن هه‌موو چین و توێژێكیان تێیدایه. باوكه كرملی ده‌ڵێت: ”ره‌گوڕیشه‌ی كاكه‌یی وشه‌یه‌كی كوردی به ره‌چه‌ڵه‌ك فارسییه، به مانای برا و برایه‌تی دێت. له ئاوێستادا وشه‌یه‌ك هه‌یه به‌رامبه‌ر وشه‌ی كاكه‌یی هاتووه. گائاكه، گهئاكه، كه به مانای گه‌وره و مه‌زن دێت. گهئاكه به مانای كاكه دێت، چونكه له ئاڤێستادا به ئه‌سپ ده‌گوترێت ئه‌سپه.
هه‌ندێكیش وشه‌ی كاكه‌یی ده‌به‌ستنه‌وه به دروستكردنی مزگه‌وتی به‌رزنجه، كه گوایه رایهڵهكه كورت بووه و گوتوویەتی كاكه رایكێشه، به قودره‌تی ئیلاهی رایهڵهكه درێژ بووه. بۆیه هه‌ندێك وه‌چه‌ی شێخ عیسا به كاكه‌یی ده‌زانن. ئه‌و كاكهیانهیشی وه‌چه‌ی ئه‌و نین، داودیان پێ ده‌گوترێت.
هه‌ندێكیش ده‌ڵێن:“ كاتێك شا خوشێن دێته دونیاوه، له ناوچه‌ی شنروێ، كاكه ریا پێشوازیی هاتنی لێ ده‌كات“. ئه‌مه‌ش بۆچوونێكی تره.
بۆچوونێكیش هه‌یه كه وشه‌ی كاكه‌یی له‌وه‌وه هاتووه كه هه‌ر كه‌سێك بچێته ژێر ئاڵای ئه‌و دینه‌وه به یار یان به دۆست ناو ده‌برێت.
له راپۆرتی نهێنیی ئیستخباراتی به‌ریتانیدا هاتووه: ”كاكه‌ییه‌كان له‌بنه‌ڕه‌تدا رێبازێكی سۆفین، هه‌م له رووی سیفه‌تی سرووتهكانهوه، هه‌میش له پێكهاته‌ی مێژووییه‌وه“. به‌پێی ئه‌م راپۆرته، دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م رێبازه سوڵتان سوهاكه. ئه‌ویش موعجیزه‌ی راكێشانی كۆڵه‌كه‌كه‌ی هه‌بووه.
شێخ مه‌حمودی مەلیکی کوردستان ده‌یگوت: ”من دوازدەمین وه‌چه‌ی برای سوڵتان سوهاكم.
چینەکانی كاكه‌ییه‌كان
کاکەییەکان چوار چینن، کە ئەمانەن:
یه‌كه‌میان: سه‌یده‌كان، خۆیان به نه‌وه‌ی عه‌لی داده‌نێن و رابه‌رایه‌تیی دینه‌كه ده‌كه‌ن.
دووه‌میان: باوه یان بابا، ئاگاداری كاروباری دینه‌كه‌ن، هه‌م له رووی مێژووییه‌وه هه‌میش له رووی مهزههبهكهوه.
سێیه‌میان: مام، چاودێریكه‌ری كاره‌كانی باوه‌ن و مردوو ده‌شۆن و خێره‌كان دابه‌ش ده‌كه‌ن و كه‌ڵه‌شێره‌كان له شه‌وی جه‌ژندا، كه ده‌كه‌وێته شه‌وی چواره‌می كانوونی یه‌كه‌م سه‌رده‌بڕن.
چواره‌میان: ده‌روێش كه خۆیان بۆ خزمه‌تی ماڵی سه‌ید داده‌نێن.
قیبلەی پەردێوەر
قیبله‌ی ئه‌هلی هه‌ق پهردێوهره، له شێخانه و نزیك دێی دهودانه. بۆیه پهردێوهر به قیبله‌ش داده‌نرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی سوڵتان سوهاك له‌سه‌ر رۆخانه پردێكی دروست كردووه، ئه‌و پرده‌ش رازێكی ئه‌فسووناویی هه‌یه و به موعجیزه داده‌نرێت، له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا سوڵتان له‌وێ نیشته‌جی بووه و دینی هه‌قی بڵاو كردووه‌ته‌وه.
مهحاسیب پیر مووسای ساحێب دهفتهرهن
قیبله‌ی ههقانیش نه پهردێوهرهن
گوێز شكاندن
لای یارسانییه‌كان گوێز شكاندن هه‌م گرنگه و هه‌میش پیرۆزه. بۆ ئه‌م مه‌راسیمه پێویستیان به‌م كه‌لوپه‌لانه هه‌یه:
1- یه‌ك كه‌ڵه‌شێر، كه نابێت ته‌مه‌نی له شه‌ش مانگ كه‌متر بێت، له‌گه‌ڵ نیو مه‌ن برنج له نیه‌تی سوڵتان.
2- یه‌ك دانه گوێز، له نیه‌تی پیر بنیامین.
3- دوو جامی گه‌وره ئاو، به نیه‌تی ئاوی كه‌وسه‌ر و ئاوی غهسلان یان كانی تا.
4- یه‌ك چرا، كه له جه‌م ئاماده ده‌كرێت له نیه‌تی داود.
5- چه‌قۆیه‌ك یان تیغێكی تیژ، له نیه‌تی موسته‌فا.
6- هه‌ندێك میوه یان قهندێك یان شیرینیی تر، له نیه‌تی شا ئیبراهیم.
7- پاره‌ی مه‌عده‌نی، له نیه‌تی سه‌ید محه‌مه‌دی گه‌وره سوار.
ده‌بێ هه‌ر كه‌س له‌و مه‌راسیمه‌دا به‌شدار بێت ئه‌م كه‌لوپه‌لانه ئاماده بكات و پاشان جه‌م ده‌ست پێ ده‌كات و دوعای تایبه‌ت ده‌خوێنرێت:
داخڵ بێم وهجهم ئه‌ركانی یاریی
چه‌نی یادگار ئامانیم دایم
شا فه‌رما نامم هێشت وه ئیبراهیم
پیرم بنیامین، رههبهرم داود
وه جه‌وزه سكه ده‌سماڵ بێ سابت
سه‌ر سپهردهبیم وه سه‌ید حه‌بیب شاه (ده‌فته‌ری شاخۆشین).
قوربانی
له بنه‌ڕه‌ته‌وه شاهی مه‌ردان بڕیاری قوربانیی داوه. جاری دووه‌میش قوربانیی كهڵهزهرده بووه، كه سوڵتان گۆشتی ماسیی ده‌رخواردی پیر میكائیل داوه.
سانی قوربانی كهڵهزهرده بێت
گۆشت ماهی شه‌ت میكایل وه‌رده‌بێ (سروودی دینی یاراسان) قوربانی لای ئه‌وان بۆ ده‌ربازبوون دێت له خه‌م و ناخۆشی و ته‌نگانه.
ژن هێنان
له‌ناو خۆیاندا زۆربه‌ی كات ژنخوازی ده‌كه‌ن، به‌ڵام كچیش ده‌ده‌ن به خه‌ڵكی ناكاكهیی و كچی ئیسلامیش ده‌هێنن بۆ كوڕه‌كانیان. له‌مه‌دا له ئێزیدییه‌كان جیاوازن.
مه‌ی حه‌رامه
مه‌ی خواردنه‌وه لای كاكه‌ییه‌كان حه‌رام و نه‌فره‌ت لێكراوه، ئه‌وه‌یشی ده‌یخواته‌وه پێی ده‌ڵین له كاكه‌یی لای داوه.
تێكه‌ڵاوبوون
لای كاكه‌ییه‌كان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئیباحییه‌ت و تێكه‌ڵاوی حه‌رامه. ته‌نانه‌ت پیاو و ژنیان نابێت زینا بكه‌ن، ئەگه‌ر بیكه‌ن گوناهی گه‌وره ده‌كه‌ن و پاك نابنه‌وه. لای كاكه‌ییه‌كان درۆكردن و فێڵ و ساخته‌چێتی به مانای لادان دێت له دین. ئه‌وان ده‌ڵێن: ”ملپه‌ڕاندن باشتره له درۆكردن“.
پاڕانه‌وه
لای كاكه‌ییه‌كان نوێژكردن نییه، به‌ڵكوو پاڕانه‌وه هه‌یه، واتا ئه‌وان ئه‌هلی نیازن نه‌ك ئەهلی به‌رماڵ. بۆیه نزا و قوربانی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مهقسهدیان بێته دی.
سمێڵی درێژ
خەسڵەتێكی تریان هێشتنه‌وه‌ی سمێڵه، كه لای نه‌وه‌ی نوێی كاكه‌یی نه‌ماوه. ئه‌وان بۆیه سمێڵ ده‌هێڵنه‌وه، به‌و پێیه‌ی لایان وایه گوێزان ناتوانێت موویه‌ك له مووه‌كانی مورته‌زا عه‌لی ببڕێت. (لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا جه‌میلی رۆژبه‌یانییه).
كه‌ڵه‌شێر
رۆژوو له‌لاى كاكه‌ییه‌كان سێ رۆژه، له سه‌ره‌تاى مانگى كانوونی یه‌كه‌م ده‌ست پێ ده‌كات و سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت و چواره‌م رۆژیش جه‌ژنیانه، پێش هاتنى رۆژوو، به‌پێی ژماره‌ى خێزانه‌كان كه‌ڵه‌شێر ئاماده ده‌كرێت و ده‌به‌سترێته‌وه. (مام) كه پله‌ى سێیه‌مه له پله دینییهكهیاندا (كهڵەشێرهكان سه‌ر ده‌بڕێت)، پاشان خێزانه‌كان دهیانكوڵێنن، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئیسقان له گۆشت جیا بكرێنه‌وه، بۆ ئێواره‌ى چواره‌م كه رۆژى جه‌ژنیانه، به گه‌وره و بچووكه‌وه له‌و شوێنه ئاماده ده‌بن كه كه‌ڵه‌شێره‌كه تیایدا ده‌خورێت. پاشان كهڵهشیرى كوڵاو له‌لایه‌ن سه‌رۆكى رۆحیی (باوه) ئێسقانه‌كان لێك ده‌كرێته‌وه و گۆشته‌كه تێكه‌ڵ ده‌كرێت و به یه‌كسانى دابه‌ش ده‌كرێت. هه‌ر كه‌سه‌و به‌شى خۆى وه‌رده‌گرێت. بهشێكش به پارووى شا ئیسحاق داده‌نرێت. له‌كاتى ئه‌م مه‌راسیمه‌دا نابێت كه‌سانى ناكاكهیى ئاماده بن. ته‌نانه‌ت دوو كه‌س ده‌كه‌نه پاسه‌وان له‌ده‌ورى ئه‌و شوێنه‌ى كه مه‌راسیمه‌كه‌ى لێ ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س سه‌یریان نه‌كات.
پێگه‌ى ژن
له‌لاى كاكه‌ییه‌كان ره‌گه‌زه‌كان به یپاكیان ده‌ناسرێنه‌وه، نه‌ك له رێگه‌ى رەگەزیانهوه، ژنه‌كان هاوشێوه‌ى پیاوه‌كان یه‌ك به‌ها و یه‌ك پێگه‌یان هه‌یه و له سرووتهكانیاندا پێگه‌یان پارێزراوه.
دینێكى كوردانه
كاكه‌ییه‌كان، ئه‌هلی هه‌ق، یاراسان، دینێكى كوردانه‌ن و هه‌ڵقوڵاوى پێكهاته فره رهنگاورڕهنگییهكهى كوردستانن.
1. الاديان والمذاهب بالعراق، رشيد الخيون، منشورات الجمل 2003.
2. الكرد، دراسة سوسولوجية وتاريخية، باسيلي نيكيتين، ترجمة نورى الطالباني. دارساقي 2001
3. كاكةيي، محمةد كةريم هةورامى .لةةسر ئةركى علي بؤسكانى ضاث كراوة.
4. ئةهلي هةق، كؤمةلَيَ نووسةر (مينورسكى ، محةمةد موكرى) وةرطيَرانى دكتؤر نةجاتى عةبدولاَ، دةزطاى موكرييان.
5. ثرسياركردن لة هةنديَك لة كاكةييةكان.