پێنج شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 10 2024
Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / حەكایەتی دروستبوونی شارستانیەتەكان لە كتێبێكدا

حەكایەتی دروستبوونی شارستانیەتەكان لە كتێبێكدا

حەكایەتی دروستبوونی شارستانیەتەكان لە كتێبێكدا

FB_IMG_1543485145907
دانا شوانی

پرسی كۆچ و رۆڵی لە دامەزراندنی شارستانیەتە مرۆییەكان پرسێكی هەرە گرنگی نێو زانستە كۆمەڵایەتیی و مرۆییەكانە، كۆچ نەك هەر بەجێهیشتن و ماڵئاواییكردنە لە شوێنێكی دیاریكراو، بەڵكو دەروازە و سەرەتایەكیشە بۆ چوونە نێو دنیایەكی تازە، سەرزەمینێكی تازە كە دواجار دەشێ نەك هەر خۆبیناكردنێك بەڵكو سەرەتاكانی شارستانیەیتێكیش چرۆ بكات، چیرۆكی دروستبوونی زۆربەی شارستانیەتە جیهانییەكان هەر بەم چەشنەبووە.
كتێبی پوختەیەك لە مێژووی شارستانیەتەكانی سۆمەری و ئیسلام و ئەمریكا كتێبێكی ئەكادیمییە كە توێژەری دیاری بواری مێژوو زریان ئەحمەد نووسیویەتی. كتێبەكە بەسەر سێ بەشدا دابەشكراوە كە هەر یەك لەو بەشانە چیرۆكی گەشەسەندن و بیناكردنی شارستانیەتێكی جیاواز دەگێڕێتەوە بەتایبەت لە رووی لەبەرچاوگرتنی رۆڵی كۆچ و كۆچكردن لە دروستبوون و بەرەوپێشبردنی شارستانیەتە مرۆییەكاندا.
لەبەشی یەكەمدا بەوردی و بەشێوەیەكی مێژووییانە گەڕاوەتەوە بۆ هۆكار و رەهەند و پێویستییەكانی دروستبوونی شارستانیەتی سۆمەری كە توێژەر پێیوایە نووسین و زمان رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە سەرهەڵدانی شارستانیەتی سۆمەری تا ئەو ڕادەیەی دەڵێت دۆزینەوە و سەرهەڵدانی نووسین لەلای سۆمەرییەكان هەر لە ناوخۆی سنوورەكانیی میزپۆتامیا گیرینەخواردبوو، بەڵكو نووسین وەك سەرەتاكانی دەستپێكپ میژوو و بنیاتنانی یەكەم بناغەیی شارستانیەت گوازرایەوە بۆ ناوچەكانی دەوروبەر تەنانەت بەهۆی بازرگانییەوە شارستانیەتی سۆمەر و بابل توانی چەندان سەرزەمینی تریش ئاوەدان بكاتەوە.
تەنانەت تویژەری ئەم كتێبە لە پیاهەڵدان و ستایشی شارستانیەتی سۆمەری ناكەوێت و پێیوایە شەرەفی نووسینی یەكەمین رێسای یاساكان تایبەتە بە سۆمەرییەكان چونكە سۆمەرییەكان یاساكانی دەستوورییان لەسەر بەردەكان هەڵكۆڵیوە و نوسیویانەتەوە، لە هەمان كاتد بایەخێكی زۆریشیان پێیداوە چونكە پێیانوابووە باشترین ئامرازە بۆ بەرێوەبردنی كۆمەڵگا مرۆییەكان، لەم ڕووەوە ئەو شارستانیەتە ریزبەندی یەكەمی وەرگرتووە و بۆتە دایكی یاساكان و گواستنەوەی بۆ سەرتاپای جیهان.
بەشی دووەمی كتێبەكە تەرخانە بۆ قسەكردن لەسەر رۆڵی كۆچكردن لە دروستبوونی شارستانیەتی ئیسلامییدا. سروشتی نەتەوەیی عەرەبی لە بیابانی عەرەبستان بریتیی بووە لە كۆچ و هەوار گواستنەوە، بە مانایەكی تر روحیەتێكی شوێنگۆڕین لە سروشتی تاكی عەرەبی پێش ئیسلامدا هەبووە، وێڕای ئەوەش پیشهاتنی ئیسلام وەك ئایین یەكێتییەكی نەتەوەیی لە نێو عەرەبەكاندا هەبووە بەتایبەت لە رووی زماندا و لە شیعری شاعیرەكانیاندا بە روونی پەی بەو یەكێتییە نەتەوەییە لە رووی زمانەوە هەستی پێ دەكرێت. توێژەر بەوردی و بە شێوەیەكی مێژووییانە كۆی هەموو ئەو فاكتەر و باردوخانەیی باسكردووە كە دوای هاتنی ئیسلام چۆن توانیویەتی شارستانیەتێكی بەتام و بۆی ئیسلامییانە بینا بكرێت و دواتر بۆ بەشێك لە ناوچەكانی تری جهان بگوازرێتەوە ئەویش هەر لە دانانی دەستووری مەدینەوە بیگرە تا دەگاتە بایەخدان بە زانستە سروشتیی و ناسروشتییەكان. تەنانەت تویژەر پێیوایە سەرەكیترین ئەدگاری شارستانیەتی ئیسلامی بریتیی بووە لە بایەخدانی لە رادەبەدەری زانا ئیسلامییەكان بە زیاد لە زانستێكی دیاریكراو.

بەشی سێیەم كتێبەكە كە دەكرێ بڵێین سەرەنجڕاكێشترین بەشی توێژینەوەكەیی زریان ئەحمەدە، باس لە میژووی شارستانیەتی خاكی ونبوو دەكات ئەویش پێش ئەوەیی داگیر بكرێت.
بەدرێژایی مێژوویی مرۆڤایەتی بەردەوام بەر جۆرێك لە شارستانیەت دەكەوین لە جیهاندا ئەمەش قۆناغ لە دوای قۆناغ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و گەشەسەندن سەرەكیترین ئەدگاری ئەو گۆڕانكارییەش بووە، بەڵام لەسەرەتاكانی مرۆڤایەتیدا لەبەرئەوەیی بەشێك زۆر لە زەوی سەهۆڵبەندا بووە لەبەرئەوە دۆزینەوەیی خاك تازەش كارێكی ئەستەم بووە تەنانەت لەدوای توانەوەی ئەو بەستەڵەكانە مرۆڤ بەبەردەوامیی لە هەوڵی دۆزینەوەیی خاكی تازەدا بووە بۆ ئەوەیی بتوانێت دنیایەكی تازە بۆ خۆیان و نەوەكانین بنیات بنێن، دۆزینەوەیی ئەمریكاش هەر لەم ڕوەوە بووە.
توێژەر كۆمەڵێ هۆكاری بە بنەما گرتووە لە دروستبوونی شارستانیەتی ئەمریكییدا لە هۆكاری ئابوورییەوە بیگرە تا دەگاتە هۆكاری ئایینی، جگە لەوەش، كاریگەربوونی گەلانی ئەو ناوچەیەش بەو شارستانساتانەیی لێیەوە كۆچییان كردبوو ببوە هۆی دروستبوونی شارستانیەتێكی تازەتر كە بناغەكەیی زۆر تۆكمەتر بوو لە هەموو رووەكانەوە، توێژەر بەوردی ئەو قۆناغە مێژووییانەیی دروستبوونی شارستانیەتی ئەمریكا شیكردۆتەوە و میژووییانە قۆناغەكانی ریزبەندكردووە.
توێژەر دواجار بەشێوەیەكی گشتی گیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە دروستبوون و بونیاتنانی شارستانیەت پەیوەستە بە هێز و لێهاتووییەوە، واتە بۆ ئەوەیی شارستانیەت لەدایكبێت دەبێت كەمینەیەكی شارەزا و داهێنەر بوونی هەبێت ئەمەش لە پێناو جێبەجێكردنی پرۆسەیی بنیاتناكەیە بە تایبەت پێویستی دەستی كار بوونی هەبێت چونكە ئەدگاری هاوبەشی هەموو شارستانیەتەكان بەشێوەیەكی شگتی و ئەو سێ شارستانیەتەیی لەم كتێبەدا باسكراوە بریتییە لە هەبوونی دەستیی كاری زۆر.
شایەنی گووتنە ئەم كتێبە لەلایەن نووسینگەی تەفسیرەوە لە ساڵی٢٠١٨، لە دوو توێی ٢٣٠ لاپەرەی قەبارە مامندوەند،بە تیراژی هەزار دانە، چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

دانا شوانی

About زريان احمد

Check Also

رێبازە فیکرییەکانی ئێرانی سەردەمی عەباسییەکان بە جەخت کردنەوە لە سەر قیرمەتی و ئیسماعیلییەکان

ئیسماعیل مەحموودی مانیا رەزایی پوختە: جگە لە دەسەڵاتی ئالی بوویەی شێعە مەزهەب (٤٤٧-٣٣١) و بە …