Home / ناوداران / فاتمە ڕەش-ی ڕاستی و فاتمە ڕەش-ی درۆینە کێ بوون؟

فاتمە ڕەش-ی ڕاستی و فاتمە ڕەش-ی درۆینە کێ بوون؟

1186817_370977823030274_602233324_n

فاتمە ڕەش-ی ڕاستی و فاتمە ڕەش-ی درۆینە کێ بوون؟
ماوەیەک لەمەوبەر وێنەیەکی فاتمە ڕەش-م لەسەر پەیجەکەم دانابوو کە سەرکردەیەکەی کورد بووە لە سەدەی نۆزدەی زاینیدا، بەڵام سەرنجم دا هەندێک تاکی کورد سەرنجیان لەسەری دابوو و بە تورک لە قەڵەمیان دابوو. بۆیە بە پێویستم زانی کە بە متمانە بە سەرچاوە مێژووەییەکان ئەوەی کە لەبەرەدەستدایە سەبارەت ژیانی ئەو سەرکردە کوردە، تۆزێک سەبارەتی بنووسم. لە هەمان کاتدا ڕوونی بکەمەوە کە چۆن تورکەکان لە سەدەی ڕابردوودا فاتمە ڕەش-ێکی تریان دروست کردووە بە مەبەستی بزرکردنی ناوبانگی جیهانی فاتمە ڕەش-ی کورد و لە ئەنجامدا هەندێک کوردیش وا دەزانن ئەم میرە کوردە تورک بووە.
بە داخەوە زۆر سەبارەت بە ژیان و ڕابردووی فاتمە ڕەش نازانرێت، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە، ئەم کەڵەژنە میری خێڵێکی گەورەی کورد بووە لە ناوچەی مەڕەش لە باکوری کوردستان و تورکەکان ناوەکەیان تەرجومە کردووە بە (کەرە فاتمە Kara Fatima) کە هەر مانای (فاتمە ڕەش) دەدات. لە زمانی کوردیدا نازناوی (ڕەش) بە مانای (ئازا، چاپوک) یش دێت.
ئەم سەرکردە کوردە لە جەنگی ساڵی (١٨٥٣-١٨٥٦ز) ی کریمین (Crimean) دا لە دژی ڕوسەکان، بە سوپایەکی گەورەوە چوەتە ئەستەمبوڵ بۆ هاریکاری کردنی عوسمانیەکان کە ئەو کاتە لەگەڵ میرە کوردەکاندا هاوپەیمان بوون. هەندێک لە ئەوروپیەکان کە لەو سەردەمەدا لە ئەستەمبوڵ بوون و ئەم دیمەنەیان بینیوە، زۆر سەرنجی راکێشاون و ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەوروپیەکانی ئەو سەردەمە بە شێوەی جیاواز بابەتەکەیان گێڕاوەتەوە و هەمووی بە ڕوونی باس لەم شاژنە کوردە دەکەن. لەو سەردەمەدا بۆ ئەوروپیەکانیش ديارده‌يه‌کی سەیر و نامۆ بووە کە ئافرەتێک چەکدار بێت و سەرکردەی سەدان پیاو بکات و بەرەو بەرەکانی جەنگ بڕوات و ڕووداوی لەو جۆرە لە ئەوروپاشدا نەبینرابوو. لەبەر ئەوەی که‌ ئەو کاتە کامێرا نەبووە تاوەکو وێنەی فاتمە ڕەش بگیرێت، بۆیە لە زۆر لە گۆڤارە ئەوروپیەکانی ئەو دەمەدا، هەر یەکه‌يان بە شێوەیەک و دوای دەیان ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، وێنەی ئەو ئافرەتە کوردە جەنگاوەره‌یان به‌ ده‌ست کێشاوە. چیرۆکی فاتمە ڕەش وەک جۆرێک لە داستان لە ناو میدیای ئەو کاتەی ئەوروپیەکاندا گێڕدراوەتەوە و هەر یەکە بە جۆرێکی جیاواز باسی دەکات. ناوبانگی ئەم سەرکردە کوردە هێندە ڕۆیشتبوو، بۆیە تورکە کەمالیەکان، بە مەبەسی شاردنەوەی ناوبانگی ئەم سەرکردە کوردە، نزیکی هەشتا ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، هاتن ئافرەتێکی تورکیان ناونا فاتمە ڕەش (Kara Fatima) بە مەبەستی شاردنەوەی ناوبانگی جیهانی فاتمە ڕەش-ی کورد و بزرکردنی ئەو کەسایەتیە کوردە. ئەم ئافرەتە تورکە لە نێوان ساڵانی (١٨٨٨-١٩٥٥) دا ژیاوە و جگە لە ناوەکەی هیچ پەیوەندیەکی بە فاتمە ڕەش-ی کوردەوە نیە. مەبەستی سەرەکی کەمالیەکان ئەوە بووە کە ئەو ناوبانگە جیهانیەی کە ئەو ئافرەتە کوردە هەیبووە بیشارنەوە و بەشێکی تری مێژووی کورد وەک زۆر بەشەکانی تری بدزن.
بوونی ئافرەتی سەرکردە لە ناو کورد دا شتێکی نامۆ نیە و بە دەیان ئافرەتی سەرکردەی لەو جۆرە لە ناو کورد دا هەبووە و لە کاتێکدا کە دیاردەی لەو جۆرە لە ناو نەتەوەکانی دەوروبەرماندا شتێکی نامۆیە، لە ناو کورد دا دەیان نموونەی هاوشێوەمان هەیە، تەنها جیاوازی ئەوەیە کە ئەو کاتە میدیای ئەوروپیەکان لەوێ بوون و لە ئەنجامدا زانیاریەکانی ئەو میرە کوردە بزر نەبووە . لە ڕاستیدا لەبری ئەوەی ئەمڕۆ زۆربەمان نەزانین ئەو کەڵە ژنە کێیە، دەبوو پەیکەرمان لە شارێکی کوردستاندا بۆ بکردایە و ببوایە بە سمبوڵێکی گرنگی بزوتنەوەی ئافرەت/ژنانی کورد.
تێبینی: فاتمە ڕەش-ی کورد لە دوو وێنە دەستکردەکانی دەستی ڕاستدا دەردەکەوێت و وێنە فۆتۆگرافیەکەش وێنەی (کەرە فاتمە) ی دروستکراوی تورکە. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت فاتمە ڕەش و سەرچاوەکان و مێژووی ڕۆڵی ئافرەت لە ناو کورد دا، سەیری کتێبی “کورد کێیە؟” ی سۆران حەمەڕەش بکە.
سۆران حەمەڕەش

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …