Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى مەسیحى / گالیلۆ لە بەردەم دادگادا

گالیلۆ لە بەردەم دادگادا

OLYMPUS DIGITAL CAMERA

گالیلۆ لە بەردەم دادگادا

خەندان- شێرکۆ رەشید قادر، ئاکام محەمەد

لە ٢٢ ی حوزەیرانی ١٦٣٣ لە رۆما ، پیاوێکی ریش سپی، سەرتاپا پۆشاکی سپی پۆشیبوو، شەرمەزار و پەشیمان لە کردەوەکانی، لە بەردەم حەوت پیاوی کڵێسەدا چۆکی دادابوو و داوای بەزەیی دەکرد و پاکانەی دەنوسی، ئەم پیاوە ردێن سپییە، لە باوەڕداری و خواپەرستیدا لەوان زۆر زیاتر مەسیحی بوو، بەڵام تەنها بە دڵی ئەوان کتێبەکەی نەنوسی، بۆیە لێرەدا دەیانەوێت “ریسوای ئەم دنیا و ئەو دنیای بکەن”، ئەم پیاوە بەساڵا چووە، گالیلۆ گالیلەی بوو، لە بەردەمیاندا گوتی:

”من، گالیلۆ گالیلەی، کوڕی ڤینچینسۆی فلۆرەنسی، تەمەنم حەفتا ساڵە، خۆم هاتوم بۆ دادگا، لەبەردەمی ئێوەدا چۆکم داداوە، ئێوەی کاردینالی  لۆرد و قەشەی گەورە، ئێوەیەک کە موحەقیقی گشتی دونیای مەسیحی هەموانن لە دژ “کافرانی فاسق”، لە بەردەم چاوانمدا کتێبی پیرۆز دانراوە و دەستی پیادەدەم، سوێند دەخۆم کە هەمیشە باوەڕم وابوە، لە ئایندەشدا، بە یارمەتی خودای گەورە، باوەڕم هەروا دەبێت، ئیمانم هەیە بە هەرچی بەندێک لە کاتۆلیکی پیرۆز و کڵێسەی رۆما تەبەننای دەکات، فێری خەڵکی دەکات و بانگی  بۆ دەدات.”

DGA579823

لەم بەروارەدا، دوو دونیا بە یەکدا هاتن، دونیایەک کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەمو کایەکانی کۆمەڵدا هەبوو، دنیایەکی تریش کە تازە بە تازە وەک فۆرمێکی مۆدێرنە خەریکی گاگۆڵکە بوو، دونیای یەکەم باوەڕی بە پیرۆزی ئەبەدی و ڕەهای خۆی و هەقیقەتەکانی هەبوو، دونیای نوێش باوەڕی بە هەقیقەتی ماتماتیکی و تاقیکردنەوە بوو، دونیای یەکەم مزگێنی بە مرۆڤ دەبەخشی لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی دەرسەکانی پیاوانی کڵێسە، دونیای دووەم بانگەوازی کۆنترۆڵی سروشتی بۆ خزمەتی مرۆڤ دەکرد لەسەر زەوی.

دونیای یەکەم کتێبە پیرۆزەکانی لەو دیو دەروازەکانی کڵێسەوە توند گرتبوو، بە جۆرێک خەڵکی گشتی  و ئاسایی بۆی نەبوو ڕاستەوخۆ بیخوێننەوە، دونیای دوەم بانگەوازی بیرکردنەوەی ئازادی دەکرد و دەیگوت مرۆڤ مافی خۆیەتی ئەم کتێبانە بە چاوانی خۆی ببنینێ و بە ئەقڵی خۆی هەڵیان سەنگێنێ،  دونیای یەکەم دونیای دووەمی پێ قبوڵ نەبوو، سەرتاپا ڕەتی کردەوە، کاتێک ئەم دو دنیایە ڕوبەڕوی یەکتر بوونەوە، پاڵەوانی دونیای یەکەم پیاوانی بەدەسەڵاتی کڵێسە و پاڵەوانی دووەم، هەرچەندە بە سیما و ڕواڵەت و بە راستی گالیلۆ بوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بریتی بوو لە گۆڕینی پێگەی دونیا خۆی، بە واتایەکی دیکە دونیا چیتر لە حاڵەتی وەستاندا نییە، چیتر عەرشی گەردون نیە و مرۆڤیش چیتر ئەو دروستکراوە پیرۆزە ئەبەدییە نییە کە سەدان ساڵە پێمان دەڵێن، بەڵکو وەک هەر بوونوەرێکی دیکە لەم گەردونەدا بوونی هەیە و لە هیچیان زیاتر نییە، بەمجۆرە پەیامی دونیای دووەم پەیامی نوێی گالیلۆ بوو کە خۆی لە سیمای سیستەمی نوێی کۆپەرنیکۆسی، مۆدڵی چەقە – خۆریدا نمایش کردبوو.

ئاکامی ئەم ململانێیە تراژیدیایەکی گەورە بوو، دونیای یەکەم لە سایەی هەڕەشە و گوڕەشەی ئەشکەنجەدا چۆکی بە دونیای دووەم دادا، گالیلۆ بە روکەش دۆڕاندی، سازشیکرد، پاکانەی نوسی و گوتی من هەڵەبووم، زۆر هەڵە بووم، هەرگیز زەوی بە دەوری خۆردا ناسوڕێتەوە، مۆدڵی کۆپەرنیکۆس جگە لە فەرزیەیەکی ماتماتیکی هیچ راستییەک لەخۆناگرێت، من چیتر وانەکانی سیستەمی چەقە – خۆری ناڵێمەوە و بانگەشەی لە نێو خەڵکدا ناکەم، زەوی جێگیرە، کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی و ئەسترۆنۆمی پەتلیمۆسی راستییەکی رەهایە، گالیلۆ حوکمی دەست بەسەری هەتا هەتایی درا.

کە هەستایە سەرپێ بۆ ئەوەی رەوانەی دەست بەسەری یەکجارەکی بکەن، لە پەنجەرەکەوە پشیلەیەکی بینی دەجوڵایەوە، گالیلۆ لە ژێر لێوەوە ورتەیەکی کرد و وەک دەڵێن گوتی،” هەر دەجوڵێت” بەڵێ گالیلۆ هەرگیز بە دڵ و بە رۆح سازشی نەکرد، لای ئەو زەوی هەر دەجوڵێت و پەشیمانی لە دوا نییە، گالیلۆ سێ ساڵ دەست بەسەر بوو، دوایی ناردیانەوە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام هەرگیز بۆی نەبوو بچێتە دەرەوە، یان خەڵکی هاموشۆی بکەن، دوایی چاوانی لەدەستدا و بووە بنیادەمێکی نابینا و بە هۆی لاوازی و تەندروستی خراپەوە لە ١٦٤٢دا، لە ژورێکی تەنها و بۆ یەکجاری ماڵئاوایی لە هەموو دۆستان و نەیارانی کرد.

 پاپا ئوربانی هەشتەم مۆڵەتی نەدا بە فەرمی بنێژرێت و گۆڕی بۆ هەڵبەستن، تەنانەت رازی نەبوو ناویش لەسەر گۆڕەکەی بنوسن، ئیتر لە گۆشەیەکی کڵێسەیەکی فلۆرەنسادا بێ ناو و بێ ناونیشان ناشتیان،  بە داخەوە پیاوانی کڵێسە لەو سەردەمانەدا ئاینی خودا و پەیامی پیرۆزی ئیلاهییان بەکارهێنا بۆ بەرژەوەندی خۆیان، راستییەکی کۆپەرنیکۆسی هیچ مەترسییەکی بۆ ئایینی ئاسمانی نەبوو، بەڵام پاسەوانانی کڵێسە لەسەر روی زەوی لێی ترسان و تۆقین، هەر بۆیەش گالیلۆیان راپێچی دەست بەسەری کرد.

galilei

 گالیلۆ شەڕەکەی دۆڕاند، بەڵام مرۆڤایەتی و زانستی نوێ جەنگەکەیان بردەوە، بەمجۆرە کڵێسە دەنگی ئازاد و بیرکردنەوەی سەربەستی کپکرد، ئیتاڵیا کە ناوەندی یەکەمی رێنیسانس و شۆڕشی زانستی بوو، بە ئاراستەی بێدەنگی هەنگاوی هەڵگرت، زانست لێرە بارگەی لێ پێچایەوە و بەرەو باکوری ئەوروپا و وڵاتی ئنگلستان جوڵەی کرد، لێرە، لە وڵاتی ئنگلیز، لە ساڵی ١٦٤٢، هەمان ساڵی مردنی گالیلۆ، یەکێک لە بلیمەترین زاناکانی مێژوی مرۆڤایەتی لەدایکبو، ئەو مرۆڤە نیوتن بو.

 نیوتن نەک هەر پەیامەکەی گالیلۆی بەرزکردەوە و ژیاندەوە، بەڵکو، بە پشت بەستن بە یاسای گالیلۆ لەمەڕ جوڵە، توانی گەورەترن پەنهانی هێزی گەردون بۆ مرۆڤایەتی بە فۆرمێکی ماتماتیکی واڵا بات، ئەو هێزەش بریتی بوو لە هێزی کێشکردنی گەردونی و یاسای دوجای پێچەوانەیی،  هەم گالیلۆ و هەم نیوتن دو باوەڕداری گەورە و لە خواترس بوون، هەرگیز رۆژێک لە دژی ئایین قسەیان نەکردووە، بەڵکو پیاوانی کڵێسە کتێبی پیرۆزیان خستەگەڕ بۆ سزادانی زانست و رابەرانی، ساڵان هات و ساڵان چو، کڵێسەی کاتۆلیکی، دوای چەندین جار پێداچونەوە، سەرەنجام، لە ساڵی ١٩٩٥ دا، بە فەرمی داوای لێبوردنی لە گالیلۆ کرد و ڤاتیکان لە بەردەم کۆمەڵگای جیهانی و زانستدا گوتیان لە پرسی گالیلۆدا هەڵەیەکی گەورەیان کردووە.

ئەم بابەتە لە ماڵپەری www.physic4kurd.net وەرگیراوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …