Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / ئایینی ئاتون (ئاتونییەت)

ئایینی ئاتون (ئاتونییەت)

ئایینی ئاتون (ئاتونییەت)

received_248846149121070

بەشی یەکەم

ئوسامە حەسیب
ئەو ئایینەی، کە (ئەمنحۆتبی چوارەم) بانگەوازی بۆ دەکرد، پەرستنی خۆر بەناوی (ئاتون)، پەرستراوێکی نامۆ نەبوو لەمێژووی میسڕی کۆن، بەڵکو (خۆر) بەناو و شێوازی جیاواز پەرستراوە، بڕگەیەک لەناوی زۆربەی پاشاکانی پێکدە‌هێنا بەناوی: (رەع) (خەف رەع) (مەنک رەع)، کە لەپاشایانی بنەماڵەی چوارەمن. هەروەها بەناوەکانی: (هور اختی)، یان (ئاتوم)هاتووە، پەرستنی خوداوەندی (ڕۆژ) لە سەردەمی بنەماڵەی پێنجەم، چووە قۆناغێکی تر، ئەویش باڵا دەستبوونی کاهینەکانی ئەو خوداوەندە بووە، تا وای لێهات ئەو خوداوەندە لەگەڵ ناوی خوداوەندەکانی تر ئاوێتە کرد، بۆ نموونە: (حۆریس) بوو بە (حۆریس رەع)..

دیارە (خۆر) کاریگەری زۆری لە ژیانی ئادەمیزاد هەبووە، لە مێژووی کۆن دەبینین، زۆربەی گەلان وەک خوداوەندسەیریان کردووە. حۆرییەکان، یان خۆرپەرستەکان، دانیشتوانە کۆنەکانی عێراق بوونە. هەروەها (میتانیەکان)یش، هەمان پەرستراویان هەبووە، هەروەها چەندەها نمونەی تر هەیە ئاماژە بەوە دەکەن، کە (خۆر) پەرستراوە، لە قورئانی پیرۆز ئاماژە هەیە (خۆر) لە سەردەمی ئیبراهیم پێغەمبەر پەرستراوە.
دیاردەی (خۆر) پەرستن هەبووە میسڕییەکان خۆر پەرستووە و بووە بە خواوەندی سەرەکیان، چونکە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانیان هەبووە بەوەی، کە ژیانیان بۆ ڕووناک دەکاتەوەو کشتوکاڵ گەشەدەکات و، هێزێکە تاریکی لەناو دەبات و خۆشی و بەختەوەری ڕووناکی دەبەخشێ.
میسڕییەکان هێماو ناو و شێوازی جۆراوجۆریان بۆ خودا دانابوو، وەک: (خەف رەع)، ناوی خوداوەندی رۆژ بوو لەکاتی بەیانی، (رەع) خوداوەندی ڕۆژە لەکاتی ئێواران…. تێروانین و شێوازی بۆ کێشابوو، وەک شێوەی ئاژەڵ (گۆلک)، یا لەشێوەی باڵندە (باز یان هەڵۆ)، یان وێنەی پیاوێک سەری شێوەی باز، لەکرداری ڕۆژ ئاوابوون، هەروەها دووبارە هەڵاتنی لەکاتی بەیانیدا سەریانسوڕماوە و مەندەهۆش بوونە، بۆیە وایان لێکداوەتەوە: (رەع) گەشتێکی ڕۆژانە ئەنجام دەدات لە بەرزایی ئاسمان، کە بە بەلەمە زێرینەکەی دەست پێدەکات بەرەو ڕۆژئاوا(بیبان) هەرێمەکانی ژێرەوە (ناخی زەوی) دەچێت، جارێکی تر لە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات دووبارە ڕووناکی و بەختەوەری و خۆشبەختی بۆ دانیشتوانی جیهان دەهێنێت، بەڵام ئەوەی (ئەخناتون) بانگەوازی بۆ دەکرد، پەرستنی تەنیا یەک خوداوەند (خۆر) بوو بەناوی (ئاتوون)، کەجیاوازی ەگەڵ پەرستراوەکانی تر لەبەرجەستەکردنی شێوەو ئاکار هەبوو. هیچ جۆرە شێوەیەک، یان وێنەی بۆ ئەنجام نەدەدا، چونکە هەموو خواوەندەکانی میسڕ وێنەیان لەشێوەی ئاژەڵ، یا ئاوێتە لەنێوان ئاژەڵ و ئادەمیزاد، یان لەشێوەو ڕەمزی ئەفسوناوی و خەیاڵی بۆ دەکێشرا، بەڵام (ئەمنحۆتبی چوارەم) ڕێگەی نەدا وێنە و شێوە بۆ خوداوەند (ئاتون) بەرجەستە بکرێ، چونکە، لەتێڕوانینی ئەودا، (ئەخناتون) بەدیهێنەرەو ژیان دەبەخشێتە دروستکراوەکانی و بونەوەر هەڵدەسوڕێنێ، ئاسوودەیی بەخەڵک دەبەخشێ و خێرو خۆشیان بەسەردەبارێنێ. خوداوەندی ڕاستی و ڕاستگۆیی و دادوەرییە، هێماکەی لەشێوەی چەند تیشکێک ناوجەرگەی (ئاتون)ە، یان لە (ئاتون)ەوە بەدەستی مرۆڤ کۆتایی دێ، کە نیشانەی ژیانە بە پەرستشکارانی دەبەخشێت، ڕەمزی بەختەوەری بێ کۆتاییە.
ئەوەی ڕەچاو دەکرێ ئەو ئایینە تاک ڕەهەندیە بەوەی خوداوەند (ئاتون) هاوسەری نەبووە، هەتا، (نەفەرتیتی)، کە کۆڵەگەیەکی بنەڕەتی ئەم ئایینە بووە، هیچ پایەکی کاهینی نەبووە لە پەرستگای (ئاتون).
بانگەواز بۆ (ئاتون) و گواستنەوەی پایتەخت:
ئەخناتون ئایینە نوێیەکەی ڕاگەیاند، ئەویش: پەرستنی (ئاتون) بوو. دیارە چەند فاکتەرێک لەپشت داهێنانی ئەم بیروباوەڕە تازەیە بووە، وەک ئەوەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، خودی (ئەخناتون) خۆی بوو.
هەروەها بەبۆچوونی ئێمە، ئەوەی زیاتر هاندە بووە، کە (ئاخناتون) ئەم سۆڕشە بهێنێتە ئاراوە، کرانەوەی میسڕ بووە بەڕووی دەرەوە، بەتایبەتی لەدوایبەرفراوانبوونی سنوری دەوڵەت و دروستکردنی ئیمپڕاتۆریەت و تێکەڵاوبوونی لەگەڵ کۆمەڵێ ڕەگەز و گەلانی جیاواز.
پەرستنی (ئامون) بیروباوەڕی تایبەتی (تیبە) میسڕییەکان بوو، کە هێماو ئاماژەی ساراوەی تێکەڵاوی هەبووە، ئەستەم بوو خەڵکانی بەشە جیاجاکانی ئیمپڕاتۆریەت تێی بگەن، بۆیە (ئەخناتون) ویستی لەڕێگای یەک پەرستراو (ئاتون) خوداوەندێکی جیهانی بێنێتە ئاراوە، چونکە (ئاتون) خوداوەندێکی جیهانگیرە، پەروەردەگاری هەموو بونەوەرو نەتەوەیەکە، کە ڕۆژیان پێ دەگات.
(ئاتون)یش جیاوازی ناکات لە بەخشینی ژیان و ڕوناکی و بەختەوەری، بۆیە یەکێ لە ئامانجەکانی (ئەخناتون) لە پەرستنی (ئاتون)، بەجیهانیکردنی پەرستنە بەوەی، کە پەرستراوی گشت نەتەوەکانی جیهانە.
فاکتەرێکی تر بۆ سەرهەڵدانی (ئاتون)، ئەنجامی پەیوەندی سیاسییەکانی میسڕ لەگەڵ میلەتەکانی تر، بەتایبەتی (میتانییەکان) بووبێ لەڕێگای نامەکانی (تەل عەمارنە)، لەساڵی (١٨٧٧ز)دۆزراوەتەو، ئاماژە بە پەیوەندییەکانی میسڕییەکان لەگەڵ (میتانییەکان دەکات).
هەروەها هاوسەرگیری سیاسیش ئەنجام دراوە، وەک: (تادۆخیپا)ناسراو بە (نەفەرتیتی) شوو بە (ئەمنحۆتب) دەکات، ئەوانیش واتا (میتانییەکان) ڕۆژیان پەرستووەو لەلایان پیرۆز بووە، دەتوانین بڵێین (نەفەرتیتی) کاریگەری لەسەر گۆڕانی بیروباوەڕی (ئەخناتون) هەبووبێ، چونکە خاوەنی کەسایەتیەکی بەهێزبووە لە خێزانە سەرەکیەکانی (ئەخناتون)، پاش داهێنانی ئایینە نوێیەکە (ئاتون)، (ئەخناتون) ناوێکی نوێی بۆخۆی دانا لە (ئەمنحۆتب)ەوە بۆ (ئەخناتون)، وات: گیانی (ئاتون)، یا بەسوود بۆ (ئاتون)، یا دڵسۆز بۆ (ئاتون).
لەساڵی چوارەم، بڕیاریدا دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی لە (تیبە) بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، کەپاک بێت و دووربێت لەبیروبۆچوونی کاهینەکانی (ئامون) و پیلانەکانی لە دژایەتیکردنی (ئاتون) و ڕێگا گرتن لەبڵاوکردنەوەی (ئاتون) پەرستی، لە ئاکام شوێنێکی هەڵبژارد، کە پێشتر

هیچ خوداوەندێکی تری تێدا نەپەرسترابێت لە (تەل عەمارنە) ناوی نا (ئەخیتاتون)، واتا:ئاسۆی یان دەرکەوتنی (ئاتون).
دیارە ئامانجی لە گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی دروستکردنی قەڵایەکی پتەوبوو بۆ (ئاتون)، تا بیکاتە پەرستراوێکی جیهانی لە هەموو شوێنەکانی تر.
(ئەخناتون) بۆ ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی، سێ مەڵبەندی سەرەکی دامەزراند لە: سودان(نەوبە)، سوریا و فەڵەستین دەستیکرد بەبڵاوکردنەوەی بیروباوەڕەکەی، لەڕێگای لۆژیک و گوفتاری جوان و ڕەفتاری ئاشکرا و دیار، وەک خۆی و خێزانی و کچەکانی لەبەرچاوی کۆمەڵگاو دانیشتوانی پایتەخت، بۆ پەرستگا دەچوون،بەمەش لەو داب و نەریتە داخراوەو وابەستەیە دەرچوو، کەسی ئاسایی ئەستەم بوو، پاشاو خێزانەکەی ببینن، ئەم شێوازە بوو بە داهێنانێکی نوێ لە هونەری (ڕیالیزم).

سەرچاوە: مێژووی دێرینی میسڕ
نووسینی:کەلسومە جەمیل

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …