چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 9 2024
Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / نور جه‌هان.. ئه‌و ژنه‌ پۆڵاینه‌ی حوكمی مه‌غۆلی گرته‌ ده‌ست

نور جه‌هان.. ئه‌و ژنه‌ پۆڵاینه‌ی حوكمی مه‌غۆلی گرته‌ ده‌ست

بليق

نور جه‌هان.. ئه‌و ژنه‌ پۆڵاینه‌ی حوكمی مه‌غۆلی گرته‌ ده‌ست

 په‌یام محه‌مه‌د

نور جه‌هان به‌ بیسته‌م و كۆتا ژنی پاشا جه‌هانگیری ئیمپڕاتۆری مه‌غۆلییه‌كان داده‌نرێت، به‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین و كاریگه‌رترین شاژنی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌می شانشینی مه‌غۆلی ناسراوه‌، دوای نه‌خۆش كه‌وتنی پاشا جه‌هانگیر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایی گه‌لی مه‌غۆلی گرتووه‌ته‌ ده‌ست، نور جه‌هان به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ كاری خێرخوازی زۆر كردووه‌ و كاره‌ سیاسی و بازرگانییه‌كانی به‌ باشی ئه‌نجام داوه‌ و تواناكه‌ی بۆ حوكمكردنی گه‌له‌كه‌ی له‌ توانای ئاسن ده‌چێت بۆ به‌هێزی و به‌رگه‌گرتنی، نور جه‌هان پووری ئیمپڕاتۆر مومتاز مه‌حه‌له‌ كه‌ دروستكه‌ری تاج مه‌حه‌لی هیندستانه‌، هه‌روه‌ها تاكه‌ ئیمپڕاتۆری ژنه‌ ناوی له‌سه‌ر دراوی ئاسنی وڵاته‌كه‌ی نه‌خشێنرابێت.

ژیاننامه‌
نور جه‌هان له‌ 31ی ئایاری ساڵی 1577 له‌ قه‌نده‌هاری ئه‌فغانستان له‌ خێزانێكی فارسی ئه‌رستۆكراتی له‌ دایك بووه‌، دووه‌م كچی میرزا غیاس به‌گه‌ و دایكیشی ناوی عیسمه‌ت بێگه‌مه‌، باپیره‌ی نور جه‌هان فه‌رمانڕه‌وای خوراسان بووه‌، دواتر خێزانی غیاس به‌گ ئیفلاسیان كردووه‌ و بۆ هیندستان ڕۆیشتوونه‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپڕاتۆر جه‌لاله‌دین محه‌مه‌د ئه‌كبه‌ر سێیه‌م پاشای مه‌غۆلییه‌كاندا بووه‌.

له‌ڕێی چوونیان بۆ هیندستان توشی چه‌ند ڕێگرێك ده‌بن و ئه‌وه‌ی هه‌یانبووه‌ لێیان بردوون، له‌و كاته‌دا نور جه‌هان دێته‌ دنیا و له‌ دایك ده‌بێت، به‌ڵام باوكی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ به‌خێوی بكات به‌هۆی سه‌ختی بارودۆخی ژیانیان، بازرگانێك به‌ ناوی مه‌لیك مه‌سعوود به‌ ڕێیه‌كه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ڕزگاریان ده‌كات و ده‌یانگه‌یه‌نێته‌ ئیمپڕاتۆری مه‌غۆلی، له‌ حكوومه‌ته‌كه‌یش پۆستێك به‌ باوكی نور جه‌هان ده‌درێت و بارودۆخیان باش ده‌بێته‌وه‌، دوای ئه‌م ڕووداوه‌ نور جه‌هان وه‌ك نیشانه‌یه‌كی خێر بۆ گۆڕینی چاره‌نووسی ژیانیان و ڕزگاركردنیان ده‌بینن، بۆیه‌ ناوی ده‌نێن مه‌هر ئوننیسا كه‌ به‌ مانای “خۆرێك له‌ نێوان ژنان” دێت.

دواتر باوكی ڕۆژ دوای ڕۆژ له‌ كاره‌كه‌ی به‌رز ده‌كرایه‌وه‌ و پۆستی گه‌وره‌تریان پێ ده‌دا، ئه‌مه‌یش وای كرد نور جه‌هان په‌روه‌رده‌یه‌كی باش وه‌ربگرێت، فێری زمانی عه‌ره‌بی و فارسی بوو، هه‌روه‌ها شاره‌زایی له‌ هونه‌ر و موزیك و سه‌ما و ئه‌ده‌ب په‌یدا كرد، وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌ زیره‌كییه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ری هه‌بووه‌.

له‌ ساڵی 1594 نور جه‌هان كاتێك ته‌مه‌نی 17 ساڵ بوو شووی به‌ شێر ئه‌فغان خان كردووه‌ كه‌ سه‌ربازێكی هێزی ئیمپڕاتۆری مه‌غۆلی بوو و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كبه‌ر سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سێكی زۆر به‌وه‌فا بووه‌، پاشا ئه‌كبه‌ر هاوسه‌رگیری نور جه‌هان و شێر ئه‌فغانی ڕێكخستووه‌ و ماره‌ی كردوون، كچێكیان بووه‌ به‌ ناوی لادلی.

له‌ ساڵی 1605 پاشا ئه‌كبه‌ر ده‌مرێت و  جه‌هانگیری كوڕی ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وای مه‌غۆلییه‌كان ده‌گرێته‌ ده‌ست و به‌ چواره‌م پاشای مه‌غۆلی داده‌نرێت، دوای ئه‌وه‌ی نور جه‌هان ده‌بینێت ده‌كه‌وێته‌ داوی خۆشه‌ویستی، بۆیه‌ پلانی كوشتنی شێر ئه‌فغانی مێردی نور جه‌هان داده‌نێت و له‌ ساڵی 1607 ده‌یكوژێت، دوای مردنی نور جه‌هان و كچه‌كه‌ی ده‌چنه‌ كۆشكی مه‌غۆلییه‌كان و بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ خزمه‌تی سوڵتانه‌ ڕوقه‌ییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌كاته‌ ژنی پاشا ئه‌كبه‌ر و دایكی پاشا جه‌هانگیر، سوڵتانه‌ ڕوقه‌ییه‌ نور جه‌هانی زۆر خۆش ده‌وێت و پێوه‌ندیی نێوانیان به‌هێز ده‌بێت.

شووكردنی به‌ پاشا جه‌هانگیر
چیرۆكی نێوان نور جه‌هان و پاشا جه‌هانگیر له‌ ئه‌فسانه‌كان ده‌چێت و به‌رده‌وام خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان باس كراوه‌، هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كاتێك نور جه‌هان ته‌مه‌نی 17 ساڵ بووه‌، پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ جه‌هانگیر كۆیانی كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن پاشا ئه‌كبه‌ره‌وه‌ ڕێگری لێ كراوه‌ بۆیه‌ له‌ شێر ئه‌فغانی ماره‌ كردووه‌.

له‌ ساڵی 1611، كاتێك نور جه‌هان له‌ بازاری مینا بووه‌، پاشا جه‌هانگیر ده‌یبینێت و هه‌ر ئه‌و كاته‌ داوای هاوسه‌رگیری لێ ده‌كات، له‌ 25ی ئایاری ئه‌و ساڵه‌ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، نور جه‌هان ته‌مه‌نی 34ساڵ بوو ئه‌و كاته‌، به‌ بیسته‌م و كۆتا ژنی پاشا جه‌هانگیر هه‌ژمار ده‌كرێت و دوو منداڵیان بووه‌.

وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات
بۆ ستایشكردنی ژنه‌ نوێ و جوانه‌كه‌ی پاشا جه‌هانگیر نازناوی”ڕووناكی كۆشك”ی لێ ناوه‌، دواتر متمانه‌ی زۆری پێ كردووه‌ و له‌ كاره‌كانی وڵات به‌شداری پێ كردووه‌، پاشا جه‌هانگیر ئالووده‌ی مه‌ی و شه‌راب بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ كاره‌كانی وڵات باش تێپه‌ڕێنێت، ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ ڕێخۆشكه‌ر بێت بۆ نور جه‌هان بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئیمپڕاتۆری مه‌غۆلییه‌كان، به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌ی گرته‌ ده‌ست و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌كرد، گوێی له‌ گه‌له‌كه‌ی ده‌گرت و داواكارییه‌كانیانی جێبه‌جێ ده‌كردن، كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی مێرده‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بوو و به‌وه‌فا بوو بۆ پاشا جه‌هانگیر.

مردنى
یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی پاشا جه‌هانگیر به‌ناوی شازاده‌ خورام دژی ده‌سه‌ڵاته‌كانی نور جه‌هان وه‌ستایه‌وه‌ و هێزێكی سه‌ربازی پێكهێنا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی باوكی و نور جه‌هان، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاشاوه‌ شكێنرا، دوای ئه‌وه‌ له‌ ساڵی 1626، پاشا جه‌هانگیر له‌لایه‌ن گرووپی یاخیبووانی وڵات به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌هاباد خان گیرا، نور جه‌هان هێزێكی به‌هێزی پێكهێنا و شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاشا ئه‌نجام دا و توانی ڕزگاری بكات، به‌ڵام له‌ 28ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1627 مرد، دوای مردنیشی شه‌ڕی نێوان كوڕه‌كانی و نور جه‌هان سه‌ری هه‌ڵدا و له‌لایه‌ن شاه جه‌هانه‌وه‌ ته‌ختی پاشایه‌تی لێ سه‌نرایه‌وه‌ و له‌ ژوورێكی كۆشكێك له‌ لاهوور له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی زیندانی كرابوو، له‌ 17ی دیسێمبه‌ری ساڵی 1645 له‌ ته‌مه‌نی 68 ساڵی مردووه‌، نور جه‌هان له‌ دوای مردنی مێرده‌كه‌ی داوای كردووه‌ گۆڕه‌كه‌ی له‌ ته‌نیشت ئه‌و بێت، كاتێك مردووه‌ له‌ ته‌نیشتیان ناشتووه‌ له‌ شه‌هدارا باغی پاكستان، به‌ڵام به‌هۆی دروستكردنی ڕێی ئاسنی له‌ نێوانیان گۆڕه‌كانیان جیا كراونه‌ته‌وه‌.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو

‎ ‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو‎ئامادەكردنی/ئوسامە حەسیب ‎شێخ سەعیدی پیران …