چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 16 2024
Home / مێژووى جیهان / ووردەکاریی ٧٢ کاتژمێری کۆتایی تەمەنی قاسملو پێش تیرۆرکردنی گفتوگۆ لەگەڵ د.کەریم پیرۆتی هاوڕێی قاسملو لە ڤیەننا

ووردەکاریی ٧٢ کاتژمێری کۆتایی تەمەنی قاسملو پێش تیرۆرکردنی گفتوگۆ لەگەڵ د.کەریم پیرۆتی هاوڕێی قاسملو لە ڤیەننا

grgt

ووردەکاریی ٧٢ کاتژمێری کۆتایی تەمەنی قاسملو پێش تیرۆرکردنیگفتوگۆ لەگەڵ د.کەریم پیرۆتی هاوڕێی قاسملو لە ڤیەننا

پایگاه خبرى ـ تحلیلی روژ

و: ئەنوەر حسێن

١٣ی تەموز،  ٢٩ یه‌مین ساڵیادى تیرۆر كردنى یه‌كێك له‌ ڕابه‌رانى كورد بوو به‌ناوى دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو، دكتۆر قاسملو له‌گه‌ڵ دوو له‌ هاوڕێكانیدا له‌ 13 ته‌موزى ساڵى 1989 له‌ شارى ڤیه‌نا له‌كاتى گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى كۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌درێته‌ به‌ر ده‌ستڕێژیی گولله‌ و گیان له‌ ده‌ست ده‌دات، دكتۆر كه‌ریم پیرۆتى كه‌ تا شوێنى كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ڤیه‌ننا له‌گه‌ڵ قاسملۆدا بووه‌ و هاوكارى بووه‌، چیرۆكى تاوانكارى ئه‌و ڕۆژه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.
دكتۆر كه‌ریم پیرۆتى ته‌مه‌ن 57 ساڵ به‌ سه‌رى سپیه‌وه‌ له‌ به‌رده‌رگاى ماڵه‌كه‌یدا پێشوازى لێ كردین، ئه‌و كه‌له‌ئێستادا له‌ شارى (ڕابینسبۆرگ ) كه‌ شارێكى بچوكه‌ له‌سه‌ر سنورى نێوان نه‌مسا و چیكسلۆڤاكیا به‌ كارى پزیشكییه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ شاهیدى ڕووداوێكى كاریگه‌ره‌ له‌ مێژووى نوێى میلله‌تى كورد.
دكتۆر پیرۆتى له‌ ساڵى 1973 و له‌ ته‌مه‌نى 21 ساڵیدا به‌ مه‌به‌ستى ته‌واوكردنى خوێندن ڕوو له‌ نه‌مسا ده‌كات، له‌ پاشاندا ده‌بێته‌ ئه‌ندامى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران له‌ نه‌مسا، له‌ ڕۆژانى 11 تا 13 ته‌موزی 1989 هاوه‌ڵى دكتۆر قاسملۆ بووه‌ و كاتژمێر 4 پاش نیوه‌ڕۆى ڕۆژى 13 ته‌موز به‌ ئۆتۆمبێلى ئۆپڵى ڕه‌نگ شین و به‌بێ ئاگادارى له‌و پلانه‌ى كه‌ بۆ هاوه‌ڵه‌كانى داڕێژراوه‌ قاسملۆى گه‌یاندووه‌ته‌ ئوتێلى هیلتۆن.
ڕێكه‌وتێكى سه‌یره‌ چونكه‌ (محه‌مه‌د ئه‌مین ) باوكى دكتۆر پیرۆتى له‌ هاوڕێى و هاوه‌ڵانى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د سه‌رۆكى كۆمارى كوردستان له‌ مه‌هاباد بووه‌، دكتۆر پیرۆتى له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:” باوكیشم یه‌كێك له‌ هاوه‌ڵانى ئه‌و شانده‌ بووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ پێشه‌وا قازیدا سه‌فه‌رى باكۆى ئازه‌ربایجانى كردووه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ سه‌فه‌رى باكۆ پێشه‌وا (مه‌تاره‌یه‌ك) به‌دیارى ده‌دات به‌باوكم ئه‌گه‌رچى ئه‌م مه‌تاره‌یه‌ شكا بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوكم هه‌ڵیگرت بوو له‌دواى ئه‌وه‌ى پێشه‌وا له‌ سێداره‌ درا باوكم هه‌ركات ته‌ماشاى ئه‌و دیارییه‌ى ده‌كرد پێشه‌واى ده‌كه‌وته‌ یاد “.

پیرۆتى كه‌ دكتۆر قاسملۆى له‌به‌ر ده‌رگاى هوتێله‌كه‌ به‌جێهێشتبوو، به‌دڵنیایه‌وه‌ هه‌رگیز بیرى له‌وه‌ نه‌كردبوویه‌وه‌ كه‌ ڕابه‌رێكى دیكه‌ى كورد شه‌هید بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مێژوو ئاره‌زووى دوباره‌بوونه‌وه‌ى ڕوداوێكى هاوشێوه‌ى هه‌بوو
ـ ڕێگه‌م بده‌ن له‌وێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌م كه‌ دكتۆر قاسملو ڕۆژى 11 ته‌موز هات بۆ نه‌مسا ئایا به‌ڕێزتان له‌ فرۆكه‌خانه‌ پێشوازیتان لێ كرد ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: ڕۆژى پێشوتر ئه‌و له‌ پاریسه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ منه‌وه‌ كردوو پێى ڕاگه‌یاندم كه‌ به‌یانى دێت بۆ ڤیه‌ننا، كاتژمێر 5ی پاش نیوه‌ڕۆ بوو كه‌ دكتۆر قاسملو له‌گه‌ڵ (عه‌بدوڵا قادرى ئازه‌ر) نوێنه‌رى حزبى دیموكرات له‌ پاریس هاتنه‌ ڤیه‌ننا، من له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ هاوڕێیانى حزب كه‌ له‌ ڤیه‌ننا بوین پێشوازیمان لێ كردن، له‌ پاشان به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى من ڕۆشتینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ میوانه‌كان هه‌ردوو شه‌وه‌كه‌ لاى من مانه‌وه‌.
ئاگادارى گفتوگۆیه‌ك بووم كه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمى ئێران هه‌بوو به‌ڵام ئاگادارى وورده‌كارییه‌كه‌ى نه‌بووم، سه‌رله‌به‌یانى ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ به‌خه‌به‌ر هاتمه‌وه‌ دكتۆر فازیل ڕه‌سوڵ په‌یوه‌ندى پێوه‌ كردم، دكتۆر قاسملو بڕیاریدا سه‌رله‌به‌یانى ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ كافێیه‌ك دا به‌ ناوى (لاندمان ) دكتۆر فازیل ڕه‌سوڵ ببینێت، له‌ پاش خواردنى نانى به‌یانى نزیك سه‌رله‌نیوه‌ڕۆ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ دكتۆردا ڕۆشتینه‌ ده‌ره‌وه‌.

karem
د.کەریم پیرۆتی

ـ له‌و كافێدا له‌باره‌ى چیه‌وه‌ گفتوگۆتان كرد ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: له‌ ڕاستیدا من نه‌كه‌وتمه‌ نێو گفتوگۆیه‌كى جدیه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى دكتۆر قاسملو 500 ماركى به‌ من دا تا بیگۆڕمه‌وه‌ به‌ شیلینگى نه‌مسایى، من 500 ماركى ترم له‌ گیرفانه‌كه‌یدا بینی، بۆ گۆڕینه‌وه‌ ڕۆیشتمه‌ نێو بانكه‌كه‌وه‌، نزیكى 10 تا 15 خوله‌كێك له‌ بانكه‌كه‌دا مامه‌وه‌، كاتێك كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ وتیان ده‌بێت بڕۆین، له‌ كاتێكدا كه‌ من له‌وێ نه‌بووم دیاربوو كه‌ دكتۆر قاسملو و دكتۆر فازیل ڕه‌سوڵ و عه‌بدوڵاسی قادرى ئازه‌ر له‌ نه‌بوونى مندا گفتوگۆیان كردبوو به‌م هۆیه‌وه‌ نه‌متوانى له‌و بابه‌ته‌ و چیرۆكى گفتوگۆى ئه‌و سێ شه‌هیده‌ بزانم، بكوژه‌كان پاره‌كه‌شیان دزی بوو.
ـ به‌و شێوه‌ى كه‌ ئاماژه‌ت پێ كرد كه‌ دكتۆر قاسملۆ 1000 ماركى پێ بوو ئه‌و پاره‌یه‌ چی لێهات ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: ڕۆژێك دواى ڕوودانى تاوانه‌كه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ گیرفانى دكتۆردا نه‌ماوه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بكوژه‌كان ئه‌و بڕه‌ پاره‌ییان بردبێت.
ـ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كافێكه‌، له‌ دواى كافێكه‌ ڕۆیشتن بۆ كوێ ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: ڕۆشتین بۆ شه‌قامى ژماره‌ 9 ى ڤیه‌ننا میوانه‌كانم برد بۆ ماڵى دكتۆر فازڵ ڕه‌سوڵ و له‌وێ به‌جێمهێشتن، دواى ئه‌وه‌ زانیم كه‌ ڕۆیشتوون بۆ ماڵى دووه‌مى دكتۆر فازل ڕه‌سوڵ له‌ شه‌قامى پێنجه‌م (لینكن پاگاسه‌ ).
هه‌روه‌ها هیچ زانیارییه‌كم له‌ باره‌ى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ شاندى ئێرانى نه‌بوو، خانوى دووه‌م هى خاتوو (ڕناتا ) هاوسه‌رى دووه‌مى دكتۆر فازڵ ڕه‌سوڵ بوو، نزیكى عه‌سر بوو كه‌ دكتۆر قاسملو په‌یوه‌ندى پێوه‌ كردم، كه‌ له‌وكاته‌دا من له‌ ماڵه‌وه‌ بووم داواى له‌ من كرد كه‌ بڕۆم بۆ كافه‌ى (موسیۆم ) كه‌ به‌ ڕێزیان له‌وێ بوون و بیان گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، منیش ڕاسته‌وخۆ ڕۆیشتمه‌ ده‌ره‌وه‌و خۆم گه‌یانده‌ كافه‌كه‌ و كه‌مێك پشومداو دواى ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دكتۆر قاسملو و قادرى ئازه‌ر گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.

karem 5
د. عەبدولرەحمان قاسملو و عەبدوڵای قادری ئازەر

ـ عه‌بدوڵای قادرى ئازه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌كى له‌ باره‌ى ئه‌و دیدارانه‌وه‌ نه‌كرد ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: ته‌نها به‌ منیان گوت له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كاندا دیداریان ئه‌نجام داوه‌ ئیتر هیچ باس و زانیاریه‌كیان له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ چ كه‌سانێك دانیشتوون و له‌باره‌ى چ شتێكه‌وه‌ دواون نه‌كرد.
ته‌نها من نه‌بووم، كۆمه‌ڵه‌ هاوڕێیه‌كى تر هه‌بوون كه‌ له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا به‌شدار نه‌بوون، له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌م كه‌ پرسی بووم ئه‌و كه‌سانه‌ چ كه‌سانێكن وتیان ( گرنگ نیه‌ چ كه‌سانێكن ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ى گرنگه‌ كه‌ ئێرانین )، بڕیاریان دابوو كه‌ گفتوگۆكان به‌ ڕۆژێك دواكه‌وتن ئه‌نجام بدرێت به‌ڵام شه‌و پێش نوستن دكتۆر فازڵ ڕه‌سوڵ ته‌له‌فۆنى كرد و داواى كرد كه‌ به‌یانى جارێكى تر له‌گه‌ڵ شاندى ئێرانیدا گفتوگۆ ئه‌نجام بدرێت.
دكتۆر ڕه‌سوڵ وتى كه‌ خۆى شاندى ئێرانى ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، نزیكى نیوه‌ى شه‌و بوو كاتێك كه‌ دكتۆر قاسملو بۆ خه‌وتن ڕۆیشت بۆ ژوورى خۆى، منیش ڕۆیشتم بۆلاى قادرى ئازه‌ر، قسه‌م له‌گه‌ڵ كرد، قادرى ئازه‌ر زۆر له‌سه‌ر خۆى نه‌بوو، وتى كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان له‌سه‌ر پێشنیازى دكتۆر قاسملو بووه‌، نیوه‌ڕۆى ڕۆژى دواتر بۆ نانى نیوه‌ڕۆ ڕۆشتین بۆ ڕستورانتى كالینبرگ.
ـ كێ له‌گه‌ڵتان بوو ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: من و هاوسه‌ره‌كه‌م و دكتۆر قاسملو، قادرى ئازه‌ر نه‌هات، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌سه‌ر خۆى نه‌بوو و زۆر بێتاقه‌ت بوو، ئه‌و له‌به‌ر وتووێژیان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان بێتاقه‌ت بوو به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ى خۆى ده‌شارده‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌و بیانووه‌ وه‌ وازى بهێنایه‌ و به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كان دا نه‌كردایه‌ ڕه‌نگه‌ پێیان بگوتایه‌ (ده‌ترسیت بۆیه‌ به‌شدارى ناكه‌یت ).
هه‌م من هه‌م ئه‌و باش ده‌مانزانى ناوزه‌ندكردن به‌ ترسنۆك بۆ شۆڕشگێڕێكى كورد چ توانجێكى گه‌وره‌یه‌، دواى خواردنى نانى نیوه‌ڕۆ بۆ ماوه‌یه‌كى كورت گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و كه‌مێك پشووماندا، دكتۆر قاسملو وتى:” كاتژمێر 1 ى پاش نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ (مانفرێد ماتزكا ) ڕاوێژكارى باڵاى سه‌رۆك وه‌زیرانی نه‌مسا دیدارى هه‌یه‌”.
ماتزكا یه‌كێك بوو له‌ هاوه‌ڵانى كورد له‌ نه‌مسا و له‌بابه‌تى بیرۆكراتى دا زۆر یارمه‌تى ئێمه‌ى دا، ڕۆیشتین بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڵام ماتزكا نه‌هات به‌سه‌روه‌ختمانه‌وه‌ جێگره‌كه‌ى وتى ماتزكا له‌گه‌ڵ كه‌سێكى تردا دیدارى هه‌یه‌، 10 تا 15 خوله‌كى تر چاوه‌ڕێمان كرد و دواجار كاتژمێر 4,30 خوله‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌، دكتۆر قاسملو وتى كه‌ دیدارێكى ترى هه‌یه‌، داواى له‌ من كرد كه‌ خۆى و قادرى ئازه‌ر ببه‌م بۆ هوتێلى هیلتۆن و كاتژمێر 5,30 خوله‌ك گه‌یشتینه‌ ئوتێل هیلتۆن.

kaerm 2
د. قاسملو ، ……….، د.کەریم پیرۆتی

ـ ئێرانیه‌كان داوایان كردبوو كه‌ له‌ دیدارى دووه‌م دا (ئه‌حمه‌د بن بیلا ـ سه‌رۆكی پێشووی جه‌زائیر ) به‌شدار نه‌بێت، ئایا نه‌یان وت كه‌ له‌گه‌ڵ كێ دیدارى ئه‌نجام داوه‌ و گفتوگۆى كردووه‌ ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: وتى له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ین و 2 كاتژمێرى تر هه‌ر له‌م شه‌قامه‌دا چاوه‌ڕێمانبه‌، ڕێگه‌ بده‌ن لێره‌دا له‌ وورده‌ كارییه‌كان بدوێم ئه‌وه‌ى من تێگه‌شت بووم (ئه‌حمد بن بیلا) ئه‌ركى نێوه‌ندگیرى له‌ گفتوگۆكاندا پێسپێرابوو، به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێك دواى ئه‌وه‌ كاتێك بن بیلا بۆ پرسه‌ى دكتۆر قاسملو و هاوه‌ڵه‌كانى هاتبوو به‌ ئێمه‌ى وت:”ئێرانییه‌كان به‌شدارى منیان له‌ دیدارى دووه‌مدا ره‌ت كردبوویه‌وه‌”. واهه‌ست ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر بن بیلا له‌وكاته‌دا ئاماده‌بووایه‌ ئێرانییه‌كان ناچار ده‌بوون ئه‌ویش بكوژن ئه‌و شته‌ى كه‌ نه‌یان ده‌ویست ڕووبدات.
ـ به‌ڕێزتان له‌و دوو كاتژمێره‌دا چیتان ده‌كرد ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: زۆر توڕه‌بووم، له‌به‌رئه‌وه‌ى سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ من ئه‌ندامى حزب بووم له‌ ڤیه‌ننا هیچ زانیارییه‌كم له‌ باره‌ى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ نه‌بوو، گروپێكى تر له‌ هاوه‌ڵانى حزبیمان له‌ ماڵى یه‌كێك له‌ هاوه‌ڵانمان چاوه‌ڕێى دكتۆر قاسملو بووین، ڕۆیشتم بۆلایان و هۆكارى توڕه‌ بوونه‌كه‌م بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ و هه‌مووان حه‌قیان به‌ مندا.
ته‌نانه‌ت بیرم له‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ و جیابوونه‌وه‌ له‌ حزب كرد، بڕیارمدا له‌ ڕۆژى دواتر و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ دكتۆر قاسملودا باس بكه‌م له‌ پاش ئه‌وه‌ له‌ هاوه‌ڵانم جیابوومه‌وه‌ و به‌ره‌و هۆتێلى هیلتۆن به‌ڕێكه‌وتم، كاتژمێر 6ی سه‌ر له‌ ئێواره‌ بوو، كه‌مێكى تر چاوه‌ڕوانم كردن به‌ڵام نه‌هاتن، وه‌ستانى ئۆتۆمبێل ماوه‌یه‌كى زۆر له‌و شوێنه‌دا قه‌ده‌غه‌ بوو.
ده‌ستمكرد به‌ سوڕانه‌وه‌ به‌ ده‌ورى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه‌ هۆتێله‌كه‌ى لێ بوو، زۆر له‌ یادم نییه‌ به‌ڵام وابزانم نیو كاتژمێرى ترى ڕۆیشت به‌ڵام هیچ هه‌واڵێكیان نه‌بوو، كاتێك به‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌سوڕامه‌وه‌ چاوم به‌ ژماره‌یه‌كى زۆر ئۆتۆمبێلى پۆلیس و فریاگوزاریی كه‌وت كه‌ به‌ره‌و ڕووى شه‌قامى (لینكن بانگاسه‌ ) ده‌ڕۆیشتن.
نیگه‌ران بووم، نه‌مده‌زانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه‌ دیداره‌كه‌ى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت یه‌كێك له‌ خانووه‌كانى دكتۆر فازڵ ڕه‌سوڵ له‌و ناوچه‌یه‌دایه‌، له‌ پۆلیسه‌كان نزیكبوومه‌وه‌ و پرسیارم كرد چى ڕوویداوه‌ ؟ له‌ وه‌ڵامدا وتیان “له‌ نهۆمى سه‌ره‌وه‌ سێ بێگانه‌ كوژراون و ئێمه‌ له‌ هه‌وڵى ناسینه‌وه‌ى ته‌رمه‌كانیانداین”.
به‌ بیستنى ئه‌م هه‌واڵه‌ زۆر نیگه‌ران بووم، هاوه‌ڵانم ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕێى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئێمه‌ بوون، ئه‌وانیش وتیان به‌ زووترین كات خۆیان ده‌گه‌ینن به‌و جێگه‌یه‌، كیسنله‌ر لێپرسراوى به‌شى دژه‌ تیرۆرى پۆلیس به‌ منى وت كه‌ بچۆ سه‌ره‌وه‌و بزان ته‌رمه‌كان ده‌ناسیته‌وه‌ ،من ناسنامه‌ى ته‌رمه‌كانم ئاشكرا كرد.

fazl 1
د.فازیل رەسوڵ و ئەحمەد بن بیلای سەرۆکی جەزائیر

ـ به‌ ته‌نها ڕۆیشتیته‌ سه‌ره‌وه‌ و چاوه‌رٍێى هاوه‌ڵه‌كانت نه‌كرد ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: به‌ڵێ، به‌ ته‌نهاى ڕۆیشتمه‌ سه‌ره‌وه‌ پۆلیس به‌ منیان وت كه‌ كه‌سێكیش بریندار بووه‌ و گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ى ئه‌و یه‌كێك له‌ هاوه‌ڵه‌كانمانیان بردبوو بۆ نه‌خۆشخانه‌ به‌ڵام ئه‌و برینداره‌ى نه‌ناسی بوویه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ جگه‌ له‌ (محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراروودى) ئێرانى كه‌سێكى تر نه‌بوو.
ڕۆیشتمه‌ ئه‌و ژووره‌ى كه‌ تاوانه‌كه‌ى تێدا ڕوویدا بوو، ژووره‌كه‌ بوو بوو به‌ ده‌ریایه‌ك له‌ خوێن، مێز و كورسییه‌كان هه‌مووى كه‌وتبوون، دكتۆر قاسملو به‌پشت دا كه‌وت بوو سه‌ر و ملى گوله‌ى به‌ركه‌وتبوو، دكتۆر فازڵ ڕه‌سوڵ به‌ ڕووى ده‌مدا كه‌وت بوو، عه‌بدوڵاى قادرى ئازه‌ریش كه‌مێك له‌ دوورى ئه‌وان به‌ درێژى ڕاكشابوو.
ـ سه‌حراروودى چۆن بریندار بوو بوو ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ كه‌مێك گرانه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ تائێستا وه‌ك چیرۆكێك ماوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كێك له‌و كوردانه‌ى كه‌ له‌و گفتوگۆیانه‌دا به‌شداربوون چه‌كیان پێ نه‌بوو به‌ڵام به‌ بۆچوونى من ڕه‌نگه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ له‌گه‌ڵ قادرى ئازه‌ر ده‌سته‌و یه‌خه‌ بوون به‌ هه‌ڵه‌ خۆیان بریندار كردبێت چونكه‌ قادرى ئازه‌ر چوارده‌ گوله‌ى لێدرابوو، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكى زۆره‌ به‌ هۆى ده‌سته‌و یه‌خه‌ بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانیدا ڕویدابێت، ئه‌میر مه‌نسور به‌زگیان كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوو ڕۆژێك دواى ئه‌وه‌ ئازاد كرا، سه‌حراروودیش دواى چاكبوونه‌وه‌ى برینه‌كه‌ى گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ ئێران.

3-jafarisahra-roodi
محەمەد جەعفەر سەحرارودیی

ـ بۆچى نه‌مسا چاوپۆشى كرد له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئازادانه‌ى بكوژه‌كان ؟ به‌بۆچوونى به‌ڕێزتان بۆچى فایلى دكتۆر قاسملۆ داخرا ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: له‌ دواى تیرۆركردنى دكتۆر سادقی شه‌ره‌فكه‌ندى له‌ به‌رلین و دادگایكردنى بكوژانى و تاوانبار كردنى ئێران به‌ (تیرۆریزمى نێوده‌وڵه‌تی)، داخستن و ئارشیفكردنى فایلى دكتۆر قاسملوم خسته‌وه‌ یادى سیاسه‌تمه‌دارانى نه‌مسایى،پێمووتن:” ته‌ماشاكه‌ن ئه‌ڵمانیا چۆن ئه‌و بابه‌ته‌ى له‌و باره‌یه‌وه‌ وروژاند واده‌رده‌كه‌وێت ئێوه‌ وڵاتێكى بچوكن و له‌ ئێران ترساون”.
ئه‌وانیش به‌م جۆره‌ وه‌ڵامى ئێمه‌یان دایه‌وه‌:” مه‌سه‌له‌كه‌ بچوكى یان گه‌وره‌یی وڵاتى ئیمه‌ نییه‌، یاساكانى ئه‌ڵمانیا ڕێگره‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانى ده‌وڵه‌ت له‌ كاروبارى دادگاكاندا، به‌ڵام له‌ نه‌مسادا پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ ڕاسته‌، حكومه‌ت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه‌ بیه‌وێت ده‌ست له‌ كاروبارى دادگاكان و سیسته‌مى دادوه‌ریی وه‌رده‌دات، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش دیارى ده‌كات كه‌ چ بابه‌تێك بوروژێنێ و چ بابه‌تێك باس بكرێت به‌ڵام له‌ ئه‌ڵمانیا دادگا ته‌سلیمى ئیراده‌ و خواستى ده‌وڵه‌ت نابێت”.
ـ ئه‌م تاوانه‌ چ كاریگه‌رییه‌كى له‌ ژیانى ئێوه‌دا هه‌بوو ؟ ئێستا كه‌ بیر له‌و كاته‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ چ جۆره‌ هه‌ستێكتان هه‌یه‌ ؟
د.كه‌ریم پیرۆتی: ڕووداوێكى زۆر تاڵ بوو، تاڵترین ڕووداوى ژیانم، ئایا ده‌كرێت له‌ ده‌ستدانى یه‌كێك له‌ هاوه‌ڵانت ئه‌ویش كه‌سێك كه‌ ڕابه‌رى حزبه‌كه‌ته‌ له‌ كاتێكدا تا دواساته‌كانى كۆتایی ژیانى هاوه‌ڵیت كردبێت به‌ڕووداوێكى بچوك بده‌ى له‌قه‌ڵه‌م ؟ بێگومان ئه‌م ڕووداوه‌ كاریگه‌رییه‌كى زۆرى به‌سه‌ر منه‌وه‌ هه‌بوو، ڕووداوێك كه‌ تاماوه‌یه‌كى زۆر نه‌متوانى خۆم له‌ كاریگه‌رییه‌كانى به‌دوور بگرم .

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

فینچینزۆ پیرۆجیا دزەکەی مۆنالیزا

گه‌رمیان حه‌سه‌ن تابلۆ بەناوبانگەکان نوێنەرایەتی سامان و داهاتێکی زۆر دەکەن، هەر ئەمەشە وایکردە دزەکان زیاتر …