Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / لە خانەقای بیارە سەدان کتێبی دەستنووسی ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا هەیە

لە خانەقای بیارە سەدان کتێبی دەستنووسی ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا هەیە

20180528-105c88856a33a04e0ebe4143d8-image

لە خانەقای بیارە سەدان کتێبی دەستنووسی ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا هەیە

كتێبە دەستنووسەكانی خانەقای بیارە كە مێژووەكەیان بۆ نزیكەی ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، مەترسی لەناوچونیان لەسەرە و بەڕێوەبەری خانەقاكەش دەڵێت: بۆ پارێزگاری كردن لێیان لە هەوڵی دروستكردنی گەنجینەیەكی گەورەداین.

خانەقا و خوێندنگای بیارە لە ساڵی ١٨٨٥ لە ناوچەی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەسەردەستی شێخ عومەر شێخ زیائەدین نەقشبەندی دروستكراوە، وێڕای دەوڵەمەندی بە سەدان كتێبی چاپی نوێ‌، خاوەنی نزیكەی هەزار كتێبی دەستنوسی كۆنە، كە تاوەكو ئێستا پارێزگاریان لێكراوە و هەوڵی هێشتنەوەیان دراوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو سەدە بەسەر نووسینی سەدان كتێبی ئایینی و زانستی و شەرعی و هاتنی چەندین ڕووداوی نەخوازراو بەسەر ناوچەكەدا، بەڵام ئەو كتێبانە ماون و بەهۆی لەچاپ نەدانەوە و لەبەرنەگرتنەوەیان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

كتێبەكان دەستنووسی زانایانی ئایینی و بواری زانستیی لە هەر چوار پارچەی كورستان و چەند وڵاتێكی ئیسلامییە و بە هەر سێ‌ زمانی كوردی و فارسی و عەرەبی نوسراون و لەكاتی دروستبوونی خانەقاكە بە شێوەی وەقف (بەخشین) نێردراون بۆ كتێبخانەی خانەقاكە.

xnq3

لەو كتێبانە سود بۆ دوانزە وانەی زانستی و شەرعی وەرگیراوە و بە فێرخوازان وتراوەتەوە و چەندین كەسایەتی ناوداری كورد و كوردستانیش لەم خانەقایە هەڵكەوتوون كە ئەو زانستانەیان وەرگرتوە.

سەرپەرشتیاری خانەقای بیارەش بەناوی مەلا فاخر محەمەد شەقڵاوەیی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ماوەیەك پێش ئێستا بە هەوڵی بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەكانی سلێمانی و بەمەبەستی زیاتر پارێزگاری لێکردن لەو دەستنووسانە زیاتر لە ٤٠٠ كتێبیان برد بۆ كتێبخانەی گشتی سلێمانی و لە شوێنێكی زۆر باش هەڵیان گرتووە و پارێزگاری لێ‌ دەكەن.

وتیشی: هەرچەند داواشمان لێ‌ كردن كە هیچ نەبێت لەو كتێبانە نوسخەیەك لەچاپ بدەینەوە بۆ ئەوەی سودیان لێ‌ وەرگرین بۆ زۆرترین فێرخواز، بەڵام بەبیانوی كۆنی و دابەزینی كوالیتی ئەوراقەكان ئەو داوایەمان سەری نەگرت.

لەماوەی ساڵانی ڕابردووش بەهۆی چەندین بارودۆخی ناهەموار كە بەسەر ناوچەكە هاتووە، بەتایبەت لەكاتی بوونی گروپێكی توندڕەوی ئەنسارولئیسلام، دەرگای خانەقا داخراوە و زیانیان بە هەندێك لەو كتێبانە گەیاندووە، هەروەها چۆڵكردنی گوندەكانی هەورامان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە هاوڵاتیانەکەی، لەو كاتەشدا زیان بەو كتێبانە گەیەندراوە.

xnq4

سەرپەرشتیاری خانەقای بیارە، دەشڵێت: ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین كە لەناو خانەقای بیارە گەنجینە و کۆگایەکی تایبەت بە هەڵگرتنی ئەو كتێبە دەستنوسانە دروستبكەین و وەك میراتێكی كلتوری و ڕۆشنبیری تایبەت بە ناوچەكە بیانپارێزین، كە ئەمەش تەنها هەوڵی خۆمانە و هیچ لایەنێكی حكومی و حزبی هاوكاریمان ناكات.

xnq1

xnq2

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

بەڵگەنامەک دەربارەی ئاوارەبوونی 20هەزار کەسە لە خەلکی هەورەمان لە دیوی ئیران بەرەو خاکی عوسمانی

بەڵگەنامەیه‌کی زۆر گرنگ دەربارەی مێژووی کورد کە بەڵگەنامەکە دەربارەی ئاوارەبوونی 20هەزار کەسە لە خەلکی هەورەمان …