پۆستە لە سەردەمە ئیسلامیەكاندا
نوسینی: د.رحیم كاظم محمد الهاشمی أ. عواطف محمد العربی شنقارو
وەرگێڕانی: نهاد جلال حبیب الله
(بەرید) وشەیەكی بە بنەڕەت عەرەبیە كە پێكهاتووە لە (بروت الحدید إذا أرسلت ما یخرج منه) دەوترێ (من أبردته) واتە (أرسلته)، لە فەرموودەی شیریندا هاتووە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت (إذا أبردتم إلیّ بریداً فاجعلوه حسن الوجه حسن اڵاسم)، بەرید واتە نێردراو و پەیام بەر، (أبرده) واتە (أرسله).
فارس و ڕۆم هەر لە كۆنەوە پۆستەیان عەبووە بۆیە دەوترێ بنەڕەتی وشەی بەرید لاتینیە و لە وشەی وریدۆس (Veredus)وە وەرگیراوە كە واتای ئەسپ دەگەیەنێ، لە كاتێكدا یۆنانیەكان پێیان وتوە (ئانكروس) كە لە زمانی فارسیەوە وەرگیراوە (بریدە دم) واتە گوێ بڕاو چونكە نەریتی فارس وابووە وڵاخی تایبەت بە پۆستەیان گوێ بڕیوە وەك ئاماژەو نیشانەیەك بۆی، موسڵمانان لە سەردەمی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و خەلیفە ڕاشیدینەكاندا پۆستەیان بەكارهێناوە، دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە نیمچە دوورگەی عەرەبی هەواڵا دەهات بۆ پێغەمبەر صلى الله عليهوسلم . لە سەرەتای ئیسلامدا پەیوەندیەكان ڕێكخراو و خێرا بوون بۆ هەر جەنگێ. سەركردە هەواڵی موژدەری سەركەوتنی دەنارد بۆ خەلیفە، خەلیفە ئەبوبەكر پەیوەندیەكی بەردەوامی هەبوو لەگەڵا هەموو سوپاكانی لە جەنگی هەڵگەڕاوەكانداو بە جوانی و خێرایی هەواڵەكانی پێدەگەیشت، هەروەك عومەری كوڕی خەتتاب پۆستەی ڕێكخست لە بەرگرنگی و پێویستی زانینی هەواڵی بەرەكانی جەنگەكانی فتوحات لە عێراق و شام و میسردا، پەیوەندیەكانی لەگەڵا ئەو بەرانەدا ڕۆژانە بوون و هەموو بەیانی و ئێوارەیەك هەواڵی بۆ دەهات، هەروەك عومەر پێویستی بە پۆستە بوو تا هەواڵی والی و كاربەدەستەكانی بزانێت.
كاتێ موعاویە چوو بۆ دیمەشق و شارەزای وردەكاری پۆستەی ڕۆمەكان بوو پێی سەرسام بوو و هەوڵیدا وەك ئەوان پەیڕەوی بكات تا بارو هەواڵی دەوڵەتەكەی بزانێ. بۆیە فەرمانی كرد دهیقانەكانی فارس و ڕۆم بهێنن و پێی وتن چی دەوێ. ئەوانیش پۆستەیان بۆ دانا تا خێرا هەواڵی وڵاتەكەی و والیەكانی لە هەموو ناوچەكانەوە پێ بگات.
عەبدولمەلیكی كوڕی مەڕوانیش پۆستەی بەهێزكردو چەندین چاكسازی تێدا ئەنجامداو لەسەر ڕێگەكان ئاماژەی دانا تا ڕێنیشاندەری گەشتیاربن و ئاڕاستەكان و ماوەی شوێنەكان دیاری بكات، هەروەك فەرمانی كرد بە پەردەدارەكەی تا پۆستەچی بە شەو و ڕۆژ نەوەستێنێ، كاتێ پەردەدارێكی دانا پێی وت (تۆم بە پەردەداری خۆم داناوە جگە بۆ چوار كەس: بانگبێژ چونكە بانگەوازی خوای پێیەو هیچ پەردەدارێ ناتوانێ ڕێی پێ بگرێ، تەقەلێدەری شەو چونكە شتێكی گرنگ هێناویەتی ئەگەر خۆش بووایە دەخەوت تا بەیانی، پۆستەچی هەركات هات بە شەو و بەڕۆژ نەیوەستێنێ چونكە لەوانەیە ئەگەر ساتێ پۆستەچی دواكەوێ ساڵێ گەل دوابخات، خواردن كاتێ ئامادە بوو و گەیشت). پۆستە بە درێژایی خیلافەتی ئومەوی گرنگی پێدەدرا، دواتر بەردەوام تا ڕووخانی ئەو دەوڵەتە كاری پێدەكرا.
لە سەردەمی خیلافەتی عەبباسیدا ئەركی پۆستەچی فراوان بوو و دیوانێكی تایبەتیان بۆ دانا بۆ چاودێری والیەكان، لە خەلیفە مەنسورەوە گێڕدراوەتەوە وتویەتی: (نامەوێ لەبەر دەرگامدا چوار دەستە بوەستن، چونكە پایەی دەسەڵاتن و بەوان دەسەڵات دروست و چاكەكار دەبێ. هەروەك سەری بێ چوار پایە ڕێك نابێ، یەكێكیان دادوەرێكە كە لەبەر خوای گەورە گوێ بەسەر كۆنەی سەركۆنەكاران نادات، یەكێكی تریان بەرپرسێكی پۆلیسە كە لە ئاست لاواز بۆ بەهێز بە ویژدان دەبێ، سێیەم بەرپرسێكی خەراج لە ستەم لە هاوڵاتیان نەكات، چوارەم پەنجەی خۆی سێ جار گەست و وتی: پۆستەچیەك كە بەڕاستی هەواڵی ئەوانەم بۆ بنووسێ).
سیستمی كارگێڕی پۆستە لە سەردەمی مەنسوردا زۆر پێشكەوت و كاربەدەستانی ئەو بوارە ڕۆژانە دووجار هەواڵیان بۆ دەهێنا، هەروەك هارونەڕەشیدیش گرنگی دا بەو بوارەو بە تۆڕێكی وردو تەواوی هێڵی پۆستە دەوڵەتی پێكەوە بەستەوە تا بەخێراترین كات هەواڵا و فەرمانەكان بگەن، مەئمونیش زۆر گرنگی پێدەداو خێرا وردەكاری هەواڵی سەربازگەی پێ گەیشتووە لەڕێی پیاوانی پۆستەوە.
هەرچەندە پۆستە تایبەت بوو بە خزمەتگوزاری و سەلامەتی دەوڵەت و چاودێری كاربەدەستانی دەوڵەت و گەیاندنی هەواڵی ویلایەتەكان لەڕووی سیاسییەوە بە پایتەخت كە لە دەزگای هەواڵگری گشتی ئەمڕۆ دەچێ، هەندێ جار پۆستەنامەی خەڵكی دەبرد بۆ بەرپرسان، لە كاربەدەستێكی موعاویە لە مەدینە گێڕدراوەتەوە ویستویەتی پۆستە بنێرێ بۆ لای خەلیفە، كەسێ بانگی كردووە لەناو خەڵكدا (كێ پێویستیەكی هەیە با نامە بنووسێ بۆ ئەمیری باوەڕداران).
هەروەك پۆستە جگە لە نامە پێویستیەكانی تری دەوڵەتی دەگواستەوە. دەوترێ وەلیدی كوڕی عەبدولمەلیك بۆ ئامادەكردنی هەندێ كەرەستە بۆ پڕۆژەی بنیادو بیناسازی پۆستەی بەكارهێناوە، پۆستە (فسیفساء) پارچە بەردی بەزێڕ ڕوكاركراوی هێناوە بۆ دیمەشق بۆ ڕووكاری مزگەوتی دیمەشق و مزگەوتەكانی مەككەو مەدینەو قودس، لە حەجاجەوە باش دەكرێ كە پۆستەچیەكەی بەفری بۆ هێناوە، هەروەك مەمالیكەكان بەفری شاخی (الشیخ)یان ڕۆژانە بە باڵندەی نابەر گەیاندووە بە قاهیرە، شتێكیان پێوە بەستووە كە بتوانێ پێی بفڕێ و بیبات. جێی باسە سیستمی پۆستە لە سەردەمی مەمالیكدا گەیشتە لووتكە كاتێ چەند تۆڕێكی پۆستەییان دانا كە هەموو ناوچەكانی دەوڵەتی مەملووكی داپۆشی.
پۆستە تەنها لەسەر وێستگە وشكانیەكان بەرتەسك نەبوویەوە، بەڵكو ڕێی دەریاشی گرتەبەر. پۆستەچی چەند بەلەمێكی سووكەو خێرای هەبوو بۆ كاری پۆستە بردن. ئەم جۆرە بە شێوەیەكی كەم بەكار دەهات. حەجاجی كوڕی یوسف یەكەم كەش بوو جۆرێ كەشتی بۆ ئەو مەبەستە بەكارهێنا. ئاگرو دووكەڵی ئاگر واتای تایبەتی نێوان بورجەكان و ناوچە كەناراویەكان بوون بۆ تێگەیاندنی یەكتر وەك هۆشیاری دان بە هاتنی كەشتی دوژمن. شتێ هەبوو كە دەكرێ ناوی بنێین پۆستەی ئاسمانی. ئەمەش لەڕێی كۆتری نامەبەرەوە كە لە بارە خێراكاندا بەكار دەهات، موعتەصیم یەكەم كەش بوو بەكاری هێنا، دواتر بەكارهێنانی لە سەردەمی فاتیمیەكان بە میسر بڵاوبوویەوەو دیوانێكی تایبەتی بۆ دانراو دەفتەر دانرا بۆ باسی ڕەچەڵەكی كۆترەكان. هەروەك بورجی تایبەتی بۆ دروستكرا. كاتێ كۆترەكە لە یەكێ لەو مەڵبەندانە دەنیشتەوە كارمەندی تایبەت ئەو پەیامەی دەدا بە كۆترێكی تر تا بیگەیەنێتە قۆناغی دواتر. نامەكان بە چەند ئەڵقەیەكی زێڕین بە قاچیەوە دەبەستران و لەوحی سووك دەبەسترا بە ملیەوە. نامەكانی ئەم پۆستەیە بچووك و كورت بوون و بسم الله و پێشەكی و نازناویان تێدا نەبوو بە نوسینێكی ورد دەنوسران كە پێی دەوترا (غبار) چونكە وەك تۆز وابوو. دوو نوسخەی لێ دەنوسراو هەركامیان دەبەسترا بە باڵێكی باڵندەكەوەو دەنێردران، ئەمەش لە ترسی ئەوەی نەوەك یەكێكیان نەگات و بكەوێ با ئەوی تریان هەر بگات.
پۆستە چەند وێستگەو مەڵبەندێكی تایبەتی هەبوون (وشكانی) كە تیایدا لە ئەسپەكان دەبەسترانەوە. پۆستەكە لە وێستگەیەكەوە بە ئەسپی ئامادە دەبرا بۆ وێستگەیەكی تر تا بە كورتترین ماوە بتوانێ مادەی دیاریكراوی خۆی ببڕێ، زەنگ بە ملی ئەو ئەسپانەوە بوو كە ئاوازێكی لێ دەردەچوو تا پێی بناسرێتەوە. لە هەر وێستگەیەك چەند كارمەندێك و ئەسپ و وشتر هەبوون، هەرچیەك پۆستەچی پێویستی بووایە لە ئاوو ئاڵف و خواردن لەو وێستگانەدا هەبوو. ماوەی نێوان دوو وێستگە بە نزیكەی چوار فەرسەخ مەزەندە دەكرا. فەرسەخێ سێ میل بوو، واتە ماوەی نێوانیان دوانزە میل بوو.
ئەوەی سەرپەرشتی ئەمەی دەكرد بە (صاحب البرید) ناسراو بوو، وا باو بوو كەسێكی سپاردەكارو دەست پام بێ تا بەوردی و سپاردەوە هەواڵەكان بنووسێ، پۆستەچی وەك هەواڵگری ئەونخوون و گوێ قوڵاخ بۆ والیەكان وابوون. مەڵبەندی بەرپرسی پۆستە لە پایتەخت بوو و هەموو ناوچەكانی دەوڵەتدا نوێنەرو كارمەندو هەواڵگری هەبوون كە نامەو هەواڵیان بۆ دەنارد تا بیگەیەنێت بە خەلیفە. دەبوو بەرپرسی پۆستە شارەزای ڕێ و ڕێڕەوەكانی هەموو بەشەكانی دەوڵەت بێ تا هەموو زانیاریەكی پێویستی لەبەردەست بێ سەبارەت بە ناردنی سوپاو پۆستە و ئەو زانیاریانە بخاتە بەر دەست خەلیفە.