
بەشی یەکەم
نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین
1-كورته‌یه‌ك له‌ژیانی برایم ئه‌حمه‌د
ساڵی 1914 كه ئیراهیم ئه‌حمه‌د چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێنا كوردستانی جنوبی به‌شێ بوو له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی‌و, ده‌وڵه‌تی عوسمانی تێكه‌ڵاوی یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانی بوو, كوردستان بوو به‌مه‌یدانی جهنگو گه‌نجه‌كانی كورد راپێچی مه‌یدانی شهڕكرانو, سلێمانی توشی كاره‌ساتێكی وه‌ها بوو كاتێ كه‌جه‌نگ بڕایه‌وه‌و ئینگلیز گه‌یشته نزیكی سلێمانی بوو بوو به كه‌لاوه‌یه‌كی گه‌وره‌و له4 به‌شی دانیشتوانی, 3 به‌شی فه‌وتا بوو.
سه‌رده‌می منداڵی (برایم ئه‌حمه‌د) هاوزه‌مان بوو له‌گه‌ڵ ده‌ورانی یه‌كه‌می حوكمدارێتی شێخ مهحمودو, شۆڕشی كورد دژی ئینگلیز‌و, هاتنه‌وه‌ی ئینگلیز بۆ سلێمانی‌و ده‌رچوونی (پێشكه‌وتن)ی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی له‌كوردستانی جنوبیداو, ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ مهحمودو راگه‌یاندنی مه‌لیكایه‌تی كوردستان‌و, دیسانه‌وه شۆڕشی كورد‌و بۆردومانی چه‌ند جاره‌و چۆڵكردنی چه‌ند جاره‌ی سلێمانی‌و داگیركردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئینگلیز‌و جه‌یشی عیراقه‌وه‌و به‌ستنی یه‌كجاره‌كی سلێمانی به‌حكومه‌تی عیراقه‌وه.
(برایم ئه‌حمه‌د) له‌سلێمانی چووه به‌ر خوێندن‌و بۆ ته‌واوكردنی سانهویو كولیهیش چووه به‌غدا. ئه‌و ماوه‌یه سلێمانی هه‌م مه‌ڵبه‌ندێكی چالاكی رۆشنبیری‌و رۆژنامهوانیو, هه‌م مه‌ڵبه‌ندێكی چالاكی كاری سیاسی‌و كوردایه‌تی بوو.
سلێمانی له‌و ماوه‌یه‌دا بێ رۆژنامه نه‌بووه به‌دوای پێشكه‌وتندا, بێ پچڕان, له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانه‌وه به‌درێژایی سییه‌كان, بانگی كوردستان‌و رۆژی كوردستان‌و بانگی حهقو ئومێدی ئیستیقلال‌و ژیانه‌وه‌و ژیان‌و زبان‌و زانستی ده‌رچوون.
ئه‌م رۆژنامانه هه‌ندێكیان حكومه‌تی بوون شاره‌وانی له‌باتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بڵاویدهكردهوهو هه‌ندێكشیان ئه‌هلی بوون خاوه‌نه‌كانی بڵاویان ده‌كرده‌وه, به‌ڵام له‌ناو فه‌رمانبه‌رانی حكومهتو خوێنده‌واران‌و مامۆستا‌و خوێندكاران‌و دوكانداره‌كانی شار كوێخانه دێ‌و سه‌رۆكی عه‌شیره‌ته‌كاندا بڵاوده‌كرایه‌وه.
ئه‌م رۆژنامانه كهبهدوای یه‌كدا ده‌رده‌چوون خۆیان بووبوون به قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌تی رۆژنامه‌وانی, بابه‌تی جۆراوجۆری سیاسی, ئه‌ده‌بی, ئابووری, بازرگانی, كشتوكاڵی‌و, هه‌واڵی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌و ریپۆرتاژیان ده‌نووسی. هه‌وڵی بژاركردنی زمانی كوردی‌و نوێكردنه‌وه‌ی شیعر‌و ئه‌ده‌بیاتی كوردی‌یان ده‌داو, له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد به‌ده‌نگ ده‌هاتن.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا سلێمانی ناوه‌ندێكی سیاسی گرنگی خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بوو, شێخ مه‌حمود, دوای تێشكانی شۆڕشه‌كه‌ی, به گۆشه‌گیری له‌گوندێكی سه‌ر سنوور دانیشتبوو, به‌ڵام پیاوه ناسراوه‌كانی ئه‌وسای سلێمانی, كه‌یه‌كێكیان خواڵێخۆشبوو ره‌مزی فه‌تاحی مامی(برایم ئه‌حمه‌د), هه‌یئه‌تی وهتهنیهیان دامه‌زراند بوو, به‌چالاكی كه‌وتبوونه داوای سه‌ربه‌خۆیی كوردستان‌و, رێكخستنی زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری, كه به‌ڕاپه‌ڕینی شه‌شی ره‌شی ئهیلولو, گیرانی ره‌مزی فه‌تاحی مامیو كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی سلێمانی كۆتایی هات, ئه‌وسا شێخ مه‌حمود هاته‌وه مه‌یدانی خه‌باتی سیاسی-چه‌كداری‌و سه‌ر له‌نوێ شۆڕشی ده‌ستپێكرده‌وه.
(برایم ئه‌حمه‌د) له‌ناو ئه‌م هه‌لومه‌رجه سیاسی, رۆشنبیری, كۆمهڵایهتیهداو له‌ناو ئه‌و رووداوانه‌دا پێگه‌یشتووه‌و چاوی كراوه‌ته‌وه.
2-سه‌ره‌تاكانی نووسین لای برایم ئه‌حمه‌د
وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێ(برایم ئه‌حمه‌د) یه‌كه‌مین نووسنی كه په‌خشانێكی ئه‌ده‌بیه به ناونیشانی(له‌شه‌وا) له ژ 326 ی 16 حوزیرانی 1932ی ژیان-دا بڵاوكردۆته‌وه, له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌خشانه‌دا ئه‌م نامه‌یه‌ی بۆ پیره‌مێرد نووسیوه:
گه‌وره‌ی خۆم نویسندهی ژیان
كه‌بیستم چاكی ژیانتان گرتووه ویستم یارمه‌تیتان بده‌م, ئه‌وی له‌ده‌ستم دێت نووسینی هه‌ندێ مه‌قاله‌ی ئه‌ده‌بیه به‌كوردی په‌تی, وه یا وه‌رگێڕانی مهقالاته له‌ڕۆژنامه‌كانی غه‌ربه‌وه بۆ كوردی, ئه‌مه‌م له‌ده‌ست دێت به‌ڵام شه‌رت ئه‌وه‌یه كهیارمهتییهكهم قبوڵ بكه‌ن. نامه‌وێ به‌رامبه‌ر به‌و چه‌ند شیعره كه‌بۆتان ئه‌نێرم, یابهرامبهر به‌و مه‌قالانه‌ی كه‌بۆتان ته‌رجومه ده‌كه‌م چ تهشهكورێكم بكه‌ن چونكه ده‌ردی عه‌ره‌ب ئه‌ڵێن: لاشكر علی الواجب.
وا ئه‌م جاره ئه‌م مه‌قاله‌یه‌م بۆ ناردن‌و وا بزانم به‌شی زۆری كوردی په‌تیه, ئه‌گه‌ر له‌گۆشه‌یه‌كی رۆژنامهكهتانا نووسیتان وا دیاره یارمهتیهكهم قبوڵ ده‌كه‌ن, وا دیاره كهههروهكو خۆتان به‌پیری ده‌ستتان داوه‌ته چاكی ژیان ناتانه‌وێ به گه‌نجی هاووڵاتیان ده‌ستی لێبه‌ر بده‌ن.
قبوڵتانه ئاماده‌م هه‌موو وه‌ختێ بۆ خزمه‌ت, قبوڵتان نیه كارتان راست بێت, ئیتر خۆشی سه‌ری ئێوه.
پیره‌مێرد به‌ناوی ژیانه‌وه له‌ژێر ئه‌م نامه‌یه‌دا له‌وه‌ڵامدا نووسیوێتی: هه‌میشه چاوه‌ڕێی ئه‌م شێوه شیرینه كوردیه ره‌وانه‌یه پرهمێردیش به‌هیوای نهوجوانانه.
هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌دا په‌خشانی له‌شه‌وا بڵاوكردۆته‌وه(برایم ئه‌حمه‌د) وه‌كو خۆی له ژماره‌ی داهاتوویدا له‌نامه‌ی دووهه‌میدا بۆ پیره‌مێرد نووسیوێتی: به بڵاوكردنه‌وه‌ی(یه‌كه‌م به‌رهه‌می گۆڵشه‌نی خه‌یاڵی) ئه‌وه‌نده دڵخۆش دهبێو زات په‌یدا ده‌كا رێزێك نووسین‌و په‌خشانی ئه‌ده‌بی ده‌نێرێ بۆ ژیان. له‌وانه:
(شیرین له‌سه‌ره‌مه‌رگا),(شینی گوڵێ),(له به‌یانا),(ئاواتی دڵ: گه‌شتێك به‌سه‌ر باڵی په‌ڕنده‌ی خه‌یاڵه‌وه). هه‌رچه‌نده ماوه‌یه‌كی درێژ به‌سه‌ر نووسنی ئه‌م بابه‌ته‌نه‌دا تێپه‌ڕیووه به‌ڵام ئێستاش وه‌كو نموونه‌ی په‌خشانی ئه‌ده‌بی رۆمانسی نرخی ئهدهبیو زمانه‌وانییان هه‌ر ماوه, هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ژماره‌كانی ئاب‌و ئه‌یلولی 1932ی ژیاندا به‌زنجیره وتارێكی به‌ناونیشانی (شاعیره‌كانمان) بڵاوكردۆته‌وه كه‌ده‌چێته خانه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه, ئه‌م وتاره هه‌وڵدانێكه بۆ تیۆریزه‌كردنی نوێكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك‌و شێوه‌ی شیعری كوردی, كه‌خۆی له دانانی شیعری (یادگارو هیوا) دا پێڕه‌وی كردووه.
(یادگارو هیوا) چه‌ند جارێ بڵاوكراوه‌ته‌وه, به‌ڵام یه‌كه‌مین جاریان به ناونیشانی (یادگارو دڵداری) به‌ئیمزای(م. و) بهپێشهكیهكهوه به‌ئیمزای(س) له ژماره یه‌كی گۆڤاری(هاوار) 1933دا كه له‌شام جه‌لاده‌ت به‌ردخان ده‌ری كردووه, له‌م پێشه‌كیه‌دا(س) ئاشكرای ده‌كا كه(م)كوڕێكی شه‌رمنه‌و رووی نایه‌ت بهههرمهكانی خۆی بڵاوبكاته‌وه نه‌وه‌كو گاڵته‌ی پێبكه‌ن. سه‌یر ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مه‌كانی كه له‌ژیاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه هه‌ندێكی بێ ئیمزا‌و هه‌ندێكی به ئیمزای (نیقابداری سیاپۆش)و هه‌ندێكی به‌ئیمزای (سیاپۆش) بڵاوكراونه‌ته‌وه.
ئه‌م خۆحه‌شاردانه له‌نووسینه‌كانی دواتریشیدا, له‌وتار, په‌خشانی ئه‌ده‌بی, شیعردا, كه له‌دیاری لاوان‌و یادگاری لاوان‌و گه‌لاوێژدا بڵاوی كردونه‌ته‌وه ده‌بینرێ. ده‌بینین شیعره عاتیفیهكانی بێ ناو و چیرۆك‌و وتاره‌كانی خۆی‌و تهرجوومهكراوهكانی به‌ناوی(بله, ه ل ب, أ.أ, ن,أ) یان بێ هیچ ناوێ بڵاویكردونه‌ته‌وه.
3-ئیبراهیم ئهحمهدو گۆڤاری گه‌لاوێژ
ساڵی 1937(برایم ئه‌حمه‌د) حقوق ته‌واو دهكاو ده‌بێ به‌محامی. هه‌روه‌كو له‌وتارێكدا كه له‌و دواییه‌دا به‌تایبه‌تی بۆ گه‌لاوێژ نوێی نووسیوه ده‌ڵێ: هه‌ر بۆیه چۆته كولیه‌ی حقوق بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به رۆژنامه‌نووس یان راستتر ببی به‌خاوه‌ن رۆژنامه, چونكه ئه‌و زه‌مانه شه‌هاده‌ی حقوق مه‌رجێكی رۆژنامه ده‌ركردن بووه.
ساڵی 1939 ئیمتیازی مانگنامه‌ی گه‌لاوێژی وهرگرتو له‌مانگی كانوونی یه‌كه‌مدا, یه‌كه‌م ژماره‌ی لێبڵاوكردهوهو تا له 1948 دا داخرا 105 ژماره‌ی لێ ده‌ركرد.(برایم ئه‌حمه‌د) ئه‌وكاته جگه له‌وه‌ی هه‌ڵگری شه‌هاده‌ی حقوق بوو, خۆیشی شاعیر‌و نووسه‌رو ئه‌دیبێكی شاره‌زاو رۆشنبیر بوو. زانینی زمانی عهرهبیو ئینگلیزیش یاریده‌ده‌رێكی گرنگ بوون بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی رۆشنبیری‌و زانین پێكه‌وه بنێ.
گه‌لاوێژ له‌سه‌ره‌تاوه رێبازێكی ئه‌ده‌بی, رۆشنبیری, مێژوویی, زمانه‌وانی ئه‌وتۆی گرت كه ده‌توانین بڵێین هه‌موو یان به‌شی زۆری نووسهرانو شاعیرانی ئه‌وسای كوردی, سه‌ره‌ڕای جیاوازی بیر‌و بۆچونیان, له‌خۆی كۆكردۆته‌وه. هه‌ر له ساڵی یه‌كه‌میه‌وه قه‌ڵه‌می نووسه‌رو شاعیرانی به‌توانای وه‌كو ئه‌مین زه‌كی به‌گ, توفیق وه‌هبی, پیره‌مێرد, ره‌شید نه‌جیب, شێخ مه‌حه‌مه‌دی خاڵ, ره‌فیق حیلمی, گۆران, بێكه‌س, به‌ختیار زێوه‌ر..ی له‌خۆی كۆكرده‌وه.
گه‌لاوێژ قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی لهڕۆژنامهوانیی كوردیدا دامه‌زراند, كهههتا ئێستاش كاریگه‌ریی ماوه.
گه‌لاوێژ له‌ڕووی دابه‌شكردنی بابه‌ته‌كانیه‌وه لاساییكردنه‌وه‌ی هیچ گۆڤارێكی تر نه‌بوو, له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ندین گۆڤاری گرنگ به‌زمانی عه‌ره‌بی وه‌كو (الهلال)ی میسری‌و (ریدرز دایجێست)ی ئینگلیزی دهرچوونو گه‌یشتونه‌ته خوێنده‌وارانی كورد, به‌ڵام ئه‌م له‌هیچیان ناچێ, به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین داهێنانێكی كوردییه.
له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه:
گه‌لاوێژ بایه‌خێكی تایبه‌تی داوه به‌بژاری زمانی كوردی له‌وشه‌ی ناقۆڵای بێگانه. بهڕێزمانو داڕشتنی كوردانه‌ی رسته, بهڕێنوسو گونجاندنی له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیه جیاوازه‌كانی زمانی كوردی له‌هی فارسی‌و عه‌ره‌بی.
گه‌لاوێژ بایه‌خێكی تایبه‌تی داوه بهڵیكۆلێنهوهی زانستیانه‌ی مێژووی كورد‌و كوردانی بهناوبانگو به‌زمانی كوردی‌و جواگرافیای كوردستان.
گه‌لاوێژ بایه‌خێكی تایبه‌تی داوه بهنۆڕینی بێگانه له‌كورد, به‌شه گرنگه‌كانی نووسینه‌كانی(سۆن, ریچ, مینۆرسكی, ئێدمۆندز, ئه‌لبێرت حۆرانی) كردۆته كوردی.
له‌بواری ئه‌ده‌بیدا, ئه‌گه‌ر چی شیعری شاعیره كلاسیهكانی كوردی فه‌رامۆش نه‌كردووه, شیعری ئه‌حمه‌دی خانی, مه‌لای جزیری, ئه‌حمه‌دبه‌گی كۆماسی, مه‌وله‌وی, نالی, كوردی, سالم, مه‌حوی‌و پێڕه‌وانی چه‌رخی بیسته‌می ئه‌م قوتابخانه‌یه وه‌كو بێخودو عه‌لی باپیر ئاغای بڵاوكردۆته‌وه, به‌ڵام هانده‌رێكی به‌هێزی نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی بووه, چه‌ندین شیعری نوێی گۆران‌و شاعیرانی تازه‌پێگه‌یشتووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بڵاوكردۆته‌وه.
له‌پاڵ دیوانی گه‌لاوێژدا, هه‌موو ژماره‌یه‌كی چیرۆكێكی وه‌رگێڕاوی تێدایه, به‌شێ له‌م چیرۆكانه هی چیرۆكنووسه به‌ناوبانگه‌كانی جیهاننو یه‌كسه‌ر له ئینگلیزیه‌وه كراون به‌كوردی. خۆیشی 5 چیرۆكی تێدا بڵاوكردۆته‌وه كهپاشتر لهكوێرهوهریدا كۆكراونه‌ته‌وه, گه‌لاوێژ یه‌كه‌مین گۆڤاری كوردی بووه بایه‌خێكی تایبه‌تی به‌چیرۆك بدا, هه‌ر ئه‌مه‌یش یاریده‌ده‌رێكی به‌هێز بوو بۆ چه‌سپاندنی نه‌ریتی چیرۆكنووسینو پێگه‌یاندنی چیرۆكنووسی كورد.
ئه‌گه‌رچی گه‌لاوێژ گۆڤارێكی سیاسی نه‌بووه, به‌ڵام رۆڵێكی هه‌بووه له بڵاوكردنه‌وه‌ی بیر‌و باوه‌ڕی پێشكه‌وتنخوازی‌و دیمۆكراسی‌و كوردپهروهریدا, له‌ناساندنی كه‌سایه‌تی مسته‌فا كه‌مال, لینین, ستالین, مۆسۆلێنی, ماوتسی تۆنگ,. چیانكای شیكو, ته‌جروبه‌ی خه‌باتی گه‌لان, به‌تایبه‌تی خه‌باتی گه‌لی چین, به خوێنده‌وارانی كورد, چه‌ندین شیعری سیاسیشی بڵاوكرۆته‌وه, له‌وانه (یاران) ی(برایم ئه‌حمه‌د) بۆشینی پێشه‌واو(ئه‌ی نائومێدی) پیره‌مێرد به بۆنه‌ی روخانی جمهوریه‌تی مههابادو شینی 4 ئه‌فسه‌ره‌كه‌و (داری ئازادی) بێكه‌س به بۆنه‌ی راپه‌ڕینی كانونی 48ه‌وه.
له‌ڕووی هونه‌ری رۆژنامه‌وانیه‌وه:
گه‌لاوێژ له‌ڕووی قه‌واره‌ی لاپهڕهكانیو ژماره‌ی لاپهڕهكانیو خه‌تی ناونیشانهكانیو دابه‌شكردنی بابه‌ته‌كانیه‌وه له‌ماوه‌ی 10 ساڵی ته‌مه‌نیدا ده‌سكاریه‌كی ئه‌وتۆ نه‌كراوه, ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی راست‌و دروستی سهرهتاكهیو پاش دهسپێكردنێتی. ئه‌م جۆره درێژه‌پێدان‌و بهردهوامیهو ده‌رچوونی به‌رده‌وامی له‌كاتی خۆیدا به‌رێكوپێكی, نه‌ریتی رۆژنامه‌وانی ده‌چه‌سپێنێ.
ئه‌و دابه‌شكردنه‌ی له‌ژماره‌كانی ساڵی یه‌كه‌میدا پێڕه‌وی كراوه له‌دوا ساڵی ته‌مه‌نیشیدا ده‌توانین بڵێین وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه, بابه‌تی ئه‌ده‌بی, دیوانی گه‌لاوێژ, چیرۆكی ئه‌م مانگه, كورد لای بێگانه, له‌باخی گوڵێك, قسه‌ی نه‌سته‌ق, په‌ندی پێشینان, بۆ پێكه‌نین, دنیا هه‌ر لهپێشكهوتنایه, ئه‌وانه‌ی نامرنو, وه‌كو خۆی ماوه‌و هه‌موو جار له‌ژێر پێڕستی بابه‌ته‌كانیدا نووسیوێتی گه‌لێ باسی خۆشی تریش ده‌خوێننه‌وه.
گه‌لاوێژ نه‌وه‌یه‌كی كوردینووسو شاره‌زای ئهدهبو زمان‌و مێژووی كوردی پێگه‌یاندو, له‌سه‌رده‌می خۆی‌و له‌پاش داخستنیشی جێگه‌ی رێزی روشنبیرانی كورد بووه.
له‌كوردستانی عیراقدا, زۆری رۆشنبیره ناسراوه‌كانی كورد به‌په‌رۆشه‌وه به‌شدارییان لهنووسینو بڵاوكردنه‌وه‌ی گه‌لاوێژدا كردووه, پیره‌مێرد وه‌كو مژده‌یه‌كی خۆش هه‌واڵی ده‌رچوونی نووسیوه‌و, یه‌كێ له‌شیعره به‌رزه‌كانی به‌م بۆنه‌یه‌وه پێشكه‌شی گه‌لاوێژ كردووه‌و, هه‌میشه به‌ده‌سته خوشكی خۆشه‌ویستی ژیان ناوی برده‌وه‌و, ساڵانه بالۆره‌یه‌كی زۆر خۆشی بۆ نووسیوه‌و, به‌بۆنه‌ی داخستنیشیهوه شیوه‌نی بۆ كردووه.
له‌په‌نجاكاندا گۆڤاری هه‌تاوی گیوی موكریانی لهههولێرو گۆڤاری هیوای یانه‌ی سه‌ركه‌وتنی كوردان له‌به‌غداو, له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا,گۆڤاری رۆژی نوێی جه‌مال شاڵی له‌سلێمانی به‌ئاشكرا شوێنه‌واری گه‌لاوێژیان پێوه‌دیاره.
له‌ناو رۆشنبیرانی كوردستانی ئیران‌دا, گه‌لاوێژ بره‌وی زۆری هه‌بووه‌و, نووسه‌رو شاعیره‌كانی ئه‌وسای كوردستانی ئێران به‌خوشیه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی خۆیانیان بۆ ناردووه, له‌وانه: سه‌ید تاهیری هاشمی, یه‌دوڵڵای كه‌ڵهوڕ, ناسری ئازادپور, ئیبراهیمی نادری, دڵشادی ره‌سولی, هه‌ژار, هێمن، مه‌لا مه‌عروفی كۆكه‌یی.