یەکەم نوسراوی چاپکراوی نەوشیروان مستەفا- پەخشان (لە پێناوی رزگاریا)
بە پێی بەراورد و گەڕانم بە دوای یەکەم نوسینی چاپ کراوی کاک نەوشیروان، دەرکەوت کە ئەم پەخشانە یەکەمیانەو، کاتی بڵاوکردنەوەی ئەگەڕیتەوە بۆ تەمەنی ١٦ساڵی جەنابیان. بە ناوی (سلێمانی: ش. م) لە گۆڤاری روناهی، ژمارە ٣ی ساڵی یەکەم، کانونی یەکەمی ١٩٦٠
ئەمەی خوارەوە تێکستەکەیەتی وەک خۆی
لە پێناوی رزگاریا سلێمانی: ش. م.
ئەگەر چی کەلەشمان…
ئەمەندە دار کاری کراوە کفت بوەو خوێنی پیا دێتە خوارەوە.
ئەمەندە لە زیندانا ماوەتەوە… سست و کۆڵەوار بوە…
هەموو دەمارەکانی کرژو سرر بوە.
چاو ئەمەندە ئازاری دووری روناکی چەشتوە، سۆمایی داهاتوەو بە کزی ئەبینێ.
هەموو ئەندامەکانی لەشمان خوێنی لێ ئەتکێ، شین هەڵ گەڕراوە.
بەڵام بێ گومان…
نە ئازار و سزا، نە لێدان و دیل کردن، هەرگیز رامان ناوەستێنێو لە کاروانی خەبات گلمان ناداتەوە…
چونکە بە باوەڕرێکی قایمەوە، بە بڕروایەکی نە گۆڕەوە، خەبات ئەکەین ((لە پێناوی رزگاریا))
کە لە دایک بووین…
دایکمان بە کوردی مەڵاشوی هەڵهێناینەوە.
کە خستیشینیە لانکەوە بە دەم لای لایەوە پێی وتین: هەوای کوردستان هەڵئەمژین، من بە ناوی پاک و سازگاری روبارەکانی کوردستان تینیۆتیم شکاوە، لە بەرو بومی زەویو زارو دارو درەختی خاکی کوردستان تێر بوم…
رۆڵەکانم شیرەکەم پێتان حەڵاڵ بێ، مەردێکی ئازاو، نەبەزێکی گیان فیدا بن، لە کۆڕی خەباتا، لە مەیدانی خوێن رشتنا ((لە پێناوی رزگاریا))
دوژمن ئەمەندە فەرمانی گران و قورسی داین بە سەردا، ئەمەندە خوێناوی هەڵمژین، ئەمەندە قەپاڵی لێ گرتین و گەستینی، ئەمەندە ئازارو سزای داین… بۆ ئەوەی سستمان بکاو پەنجەمان لە گۆ بخا…
شەوەک لە کاروانی خەباتا ئاڵای نەبەزیمان بۆ بەرز بکرێتەوە، هەمو خێرو بێرێکیشی دزین، هەرچیمان هەبو رفاندی، خۆماڵی بێ بەری هێشتینەوە لە هەموو شتێ…
برسی و رەش و روتی کردین، هێزی برسێتی و سەرماو سۆڵەش لە دەرونمانا، نەڕرانی بەسەرمانا ((مردن… خەبات کردن… لە پێناوی رزگاریا))
کێ هەیە نەمرێ….؟
مردن سەرەنجامی هەمو کەسێکە، بەڵام خەڵکی حەز لە ژیان ئەکەن.
بەڵام لای ئێمە مردن خۆشترین شتە ئەگەر چنگمان کەوێ…
ئای ئەو کەسەی بەمجۆرە ئەمرێ: ((لە پێناوی گەلا….لە پێناوی رزگاریا))