Home / مێژووى جیهان / عوسمانییەکان لە کاتی جینۆسایدى ئەرمەنییەکاندا ١٣ ڕۆژنامەنووسی ئەرمەنییان کوشتووە

عوسمانییەکان لە کاتی جینۆسایدى ئەرمەنییەکاندا ١٣ ڕۆژنامەنووسی ئەرمەنییان کوشتووە

عوسمانییەکان لە کاتی جینۆسایدى ئەرمەنییەکاندا ١٣ ڕۆژنامەنووسی ئەرمەنییان کوشتووە

دواى تێپەڕبوونى ١٠٢ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردن و جینۆسایدى ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە، ناوى ١٣ ڕۆژنامەنووسی ئەرمەنی بڵاوکرایەوە، کە لەو کاتەدا لەلایەن حکومەتى عوسمانییەوە کوژراون.

ئەمڕۆ ٢٤ى نیسانى ٢٠١٧ و هاوکات لەگەڵ یادى ١٠٢هەمین ساڵڕۆژى کوشتار و جینۆسایدى ئەرمەنییەکاندا، تۆڕى میدیاى سەربەخۆ لە تورکیا ناوى ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەرمەنییانەى بڵاوکردەوە، کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە کاتى جینۆسایدى ئەرمەنییەکاندا کوژراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە ڕۆژى ٢٤ى نیسانی ١٩١٥دا هێزەکانى حکومەتى عوسمانی لە ماڵەکانى خۆیاندا لە شارى ئیستانبول قۆڵبەستى کردوون و و بەرەو ئەنقەرەیان بردوون. ئەو ڕۆژنامەنووسانە هیچیان نەگەڕاونەتەوە ناو کەسوکارەکانیان، چونکە هەموویان کوژراون.

ئەرمەنییەکان پێش جینۆسایدکردنیان لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە ساڵى ١٩١٥دا، چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و خوێندنگەى تایبەت بە خۆیان هەبوو، کە زۆربەیان لە شارى ئیستەنبولدا بوون.

ناوى ئەو ١٣ ڕۆژنامەنووسە ئەرمەنییەى کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە و لە کاتى جینۆسایدکردنى ئەرمەنییەکاندا کوژراون بریتین لە:

١ – لیڤۆن باردیزباریان – ڕۆژنامەنووس و پزیشک
٢ – خاژاکا کاریکن چاکلایان –  ڕۆژنامەنووس و مامۆستا
٣ – ئارداشیس فەراهین – ڕۆژنامەنووس – پەیامنێر
٤ – هامپارتسوم هامپارتسومیان – ڕۆژنامەنووس و نووسەر
٥ – دیران کیلیکیان – ڕۆژنامەنووس و نووسەر
٦ – لیڤۆن لارێنتس کرشچیان – ڕۆژنامەنووس و ڕاهێنەر
٧ – ئاگنونی (خاچادور مالومیان) – ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار
٨ – سارکیس میناسیان (ئارام ئاشۆد) – ڕۆژنامەنووس و مامۆستا
٩ – پارسیگ شاهباز – ڕۆژنامەنووس و پارێزەرە
١٠ – ئادۆم شاهین (یاریستیان) -ڕۆژنامەنووس و نووسەر
١١- کریکۆر تۆروسیان (گیگۆ) – ڕۆژنامەنووس
١٢ – ڕوپێن زارتانیان – ڕۆژنامەنووس و شاعیر و نووسەر
١٣ – کرکۆر زۆهراب – ڕۆژنامەنووس و پەرلەمانتار.

تۆڕى میدیاى سەربەخۆ باسى ئەوەشیکردووە، ئەوە ناوى هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە نین، کە لە کاتى جینۆسایدى ئەرمەنییەکاندا کوژراون و داواشى کردووە، هەر کەس ناو و زانیاریى ترى لەلایە هاوکارییان بکات بۆ ئەوەى لە داهاتوودا ناوى هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە بڵاوبکەنەوە، کە لە کاتى جینۆسایدى ئەرمەنییەکاندا کوژراون.

جینۆسایدى ئەرمەنەکان چییە و چۆن و لەلایەن کێ و کەى ڕوویداوە؟

جینۆسایدى ئەرمەنەکان لە ڕۆژى ٢٤ى نیسانى ١٩١٥ و کاتێک دەستیپێکرد، کە حکومەتى عوسمانى ٢٠٠ کەسایەتى و سەرکردەى ئەرمەنى لە ئیستەنبول دەستگیرکرد و لە سێدارەى دان.

لە ساڵى ١٩١٥ دا و لە سەردەمى سوڵتان عەبدولحەمیدى دووەمى عوسمانییەکاندا و بەپێى پلانەکانى ئەنوەر پاشا، تەلعەت پاشا و جەمال پاشا و تەشیکلاتى مەخسووسەى عوسمانییەکان (دەزگاى هەواڵگریى عوسمانییەکان) و سوپاى حەمدییە لە شارەکانى ئیستەنبول، یوزگات، ئەنقەرە، قەیسەری، موغڵا، وان، سیواس، بەدلیس، موش، ئەدەنە، ترابزۆن، هاتای، ئیزمیر، ئەفیون، ئیزمیت، ئەسکى شەهیر، مانیسا، کاستامۆن و زیاتر لە ٥٠ شار و ناوچەى ترى ژێر دەستى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنى کۆمەڵکوژکراون و نزیکەى ٥٠٠ هەزار ئەرمەنیى تریش لە شوێن و ماڵى حاڵى خۆیان بۆ ناوچە دوورە دەستەکانى وەک دێرزور و بیابانەکانى ناوەڕاستى سوریا ڕاگوێزران.

بەپێى مێژوونووسان، لێکۆڵەران و ئەنجوومەنى نێودەوڵەتیى توێژینەوە لە بارەى جینۆسایدەوە (IAGS)، زیاتر لە یەک ملیۆن ئەرمەنى بەشێوەى پلان بۆ داڕێژراو کۆمەڵکوژکراون، بەڵام بەپێى لێدوانى بەرپرسانى حکومەتى تورکیا، لە ماوەى جەنگى جیهانى یەکەمدا و بەهۆى جەنگەوە ٣٠٠ هەزار تاوەکو ٥٠٠ هەزار ئەرمەنى و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تورکیش ژیانى خۆیان لەدەستداوە. ئەو ئامار و زانیارییانەى حکومەتى تورکیا لەلایەن ناوەندە سەربەخۆ و بێلایەنەکانەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، چونکە زۆربەى تورکە کوژراوەکان سەرباز بوون نەک هاووڵاتیى مەدەن و ژن و منداڵ و هەروەها هیچ هاووڵاتییەکى تورکیش لە شوێن و ماڵ و حاڵى خۆى ڕانەگوێزرابوو.

ئەرمەنییەکان بە بەردەوامى داوا لە حکومەتى ئێستاى تورکیا دەکەن، کە وەک جێگرەوەى عوسمانییەکان بەرپرسیارێتى جینۆسایدى ئەرمەنییەکان لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام بەرپرسانى حکومەتى ئەنقەرە ئەو ڕووداوە بە بەشێکى حاشا لێنەکراوى جەنگێکى خوێناوى دەزانن، کە هاووڵاتییانى مەدەنى تیایدا بوونەتە قوربانى و ئامادە نین کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکان بە جینۆساید بزانن.

پەرلەمانى یەکێتیى ئەوروپا، کۆمیسیۆنى پێشگرتن لە جیاکارى و داکۆکیکردن لە کەمە نەتەوەکانى سەر بە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتى فەڕەنسا، ئیتالیا، بەلجیکا، ڕووسیا، ئەرجەنتین، ئۆرۆگواى و کەنەدا و ٤٢ ویلایەتى ئەمریکا، ئەنجوومەنی ئەوروپا و پەرلەمانى ئەوروپا و ١٧ وڵاتى دیکە، ڕووداوى ٢٤ى نیسانى ١٩١٥، کە تیایدا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنى کۆمەڵکوژ کران، بە جینۆساید ناساندووە.

ڕۆژى ڕۆژی ٢ى حوزەیرانى ٢٠١٦ جگە لە دەنگێکى دژ و دەنگێکى سپى هەموو پەرلەمانتارانى پەرلەمانى ئەڵمانیا (بوندستاگ) بە پەرلەمانتارانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەنگیان بە پرۆژە یاساى “لە ساڵانى ١٩١٥ – ١٩١٦دا لە ئیمپراتۆریەتى عوسمانیدا جینۆساید لە دژى ئەرمەن و کەمایەتییە مەسیحییەکانى تردا” دا. ئەوەش کاردانەوە و  ناڕەزایەتى حکومەتى ئێستاى تورکیاى لێکەوتەوە.

بە ئەڵمانیاوە تا ئێستا ٢٤ وڵات کوشتار و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان لەلایەن حکومەتى عوسمانییەوە بە جینۆسیاد ناساندووە. جگە لەو ٢٤ وڵاتە ئەنجوومەنى ئەوروپا و پەرلەمانى ئەوروپاش کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید قبوڵکردووە.

جگە لەوەى لە ٤٢ ویلایەتى ئەمریکادا کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکان بە جینۆساید ناسراوە، ئیدارەى ئەمریکاش لە بریى دەستەواژەى جینۆساید، ئەوەى بەسەر ئەرمەنییەکاندا هاتووە و بە زمانى ئەرمەنى دەڵێت ” Meds Yeghern” کە بە ماناى کارەساتى گەورەیە.

بۆ یەکەمجار لە ساڵى ١٩٦٥ لە ئۆرۆگواى کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکان بە جینۆساید قبوڵ کرا.

ئەو وڵاتانەى تا ئێستا کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید قبوڵکردووە بریتین لە:

١ – ئۆرۆگواى ساڵی ١٩٦٥، ٢ – قوبرس ساڵى ١٩٨٢، ٣ – ئەرجەنتین ساڵى ١٩٩٣، ٤ – ڕووسیا ساڵی ١٩٩٥، ٥ – کەنەدا ساڵی ١٩٩٦، ٦ – یۆنان ساڵی ١٩٩٦ ٧- لوبنان ساڵی ١٩٩٧، ٨ – بەلجیکا ساڵی ١٩٩٨، ٩ – سوید ٢٠٠٠، ١٠ – ئیتالیا ٢٠٠٠، ١١ – ڤاتیکان ٢٠٠٠، ١٢ – فەڕەنسا ٢٠٠١، ١٣ – سویسرا ٢٠٠٣، ١٤ – سلۆڤاکیا ٢٠٠٤، ١٥ – هۆڵەندا ٢٠٠٤، ١٦ – ڤەنزوێلا ٢٠٠٥، ١٧ – لیتڤانیا ٢٠٠٥، ١٨ – پۆلۆنیا ٢٠٠٥، ١٩ – چیلی ٢٠٠٧، ٢٠ – بۆلیڤیا ٢٠١٤، ٢١ – کۆمارى چیک ٢٠١٥، ٢٢ – نەمسا ٢٠١٥، ٢٣ – سوریا ٢٠١٥ و ٢٤ – ئەڵمانیا ٢ى حوزەیرانی ٢٠١٦ کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکانیان لەلایەن ئیمپراتۆریەتى عوسمانییەوە بە جینۆساید ناساندووە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …