ئا: بارام سوبحی
له‌میانه‌ی خه‌باتی ژێرزه‌مینیماندا نه بیرمان له‌ده‌سه‌ڵات كرده‌وه‌و نه هه‌وڵیشمان بۆدا. له‌ناو دڵی خۆماندا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بوین، له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی یاخیبون یان له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی بێگانه، حكومه‌تی وڵاته‌كه‌مان ده‌بێ له‌لایه‌ن سه‌ركرده فه‌رمییه‌كانه‌وه رایی بكرێ. مێناحیم بیگن، سه‌روه‌زیرو یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل واده‌ڵێت.
كتێبی یاخیبون یاده‌وه‌رییه‌كانی مێناحیم بیگنه، شه‌فیقی حاجی خدر له‌ئینگلزییه‌وه كردویه‌تی بهكوردیو ناوه‌ندی ئاوێر له‌دوتوێی (550) لاپه‌ڕه‌دا چاپیكردوه. له‌م كتێبه‌دا نوسه‌ر باس له‌ساڵانی زیندانیكردنی له‌ڕوسیا، هه‌روه‌ها چۆنێتی بهڕێوهبردنو دیارترین چالاكییه‌كانی رێكخراوی سه‌ربازی ژێرزه‌مینی ئێرگۆن زڤای لیۆمی تاوه‌كو به‌ر له‌ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌كات، كه خۆی یه‌كێك بوه له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌و رێكخراوه.
ئه‌م كتێبهبۆ كێیه؟
بیگن ده‌ڵێت: ئه‌م كتێبه‌م به‌پله‌ی سه‌ره‌كی بۆ گه‌له‌كه‌م نوسیوه، نه‌بادا جارێكی دیكه–هه‌روه‌ك كاره‌ساتبارانه له‌ڕابردودا وایكردبو- ئه‌و راستیه ساده‌یه لهبیربكا: كه شتگه‌لی گرنگتر لهژیانو سامناكتریش له‌مردن هه‌ن. بۆ خه‌ڵكی غه‌یره جوشم نوسیوه، به‌ڵكو به‌نابه‌دڵیش دركیان بهوهكردبێ كه‌وا لهخوێنو ئاگرو فرمێسك‌و خۆڵه‌مێشدا نمونه‌یه‌كی نوێی مرۆڤایه‌تی له‌دایكبوه.. ئه‌و جوله‌كه‌یه‌ی كه جیهان پێیوابو مردوه‌و جارێكی دیكه هه‌ڵناسێته‌وه. هه‌رگیزیش جارێكی دیكه نابێ دابه‌زێته‌وه نێوچاڵو له‌سه‌ر گۆی زه‌وی بسڕدرێته‌وه.
نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌م كتێبه ته‌رخان نییه بۆ فرمێسك، به‌ڵكو ته‌رخانه بۆ یاخیبون، ته‌رخان نییه بۆ بێبهختهكان، به‌ڵكو بۆ یاخیبوان، ته‌رخان نییه بۆ روسیا‌و ئۆردوگای زۆره‌ملێ، به‌ڵكو بۆ خاكی ئیسرائیل‌و بۆ خه‌باتی ئازادی‌و له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی بێگانه‌دا.
به‌بێ سوپایه‌كی گه‌وره‌و به‌هێز نیشتیمان‌و ئازادی بونیان نابێ
گریان بۆ ژیان نه‌ك بۆ مه‌رگ
بیگن ناوی ته‌واوی مێناحیم وۆلفۆڤێچ بێگنه، ساڵی (1913) لهدایكبوهو له‌ساڵی (1992)مردوه. له‌ماوه‌ی (20/6/1977 تا10/10/1983) سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل بوه. له‌باره‌ی قۆناغی منداڵی خۆیه‌وه ده‌ڵێت: هه‌ر له‌ته‌مه‌نێكی زوه‌وه باوكم كه به‌ده‌ستی نازییه‌كان سه‌ری نایه‌وه، فێری كردبوین ئێمه‌ی جوله‌كه ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه ئیسرائیل. ئه‌وه‌ش نه‌ك بۆی بڕۆین یاخود بێین به‌ڵكو بۆی بگه‌ڕێینه‌وه، ئه‌وه‌ش جیاوازییه‌كی مه‌زنه‌و مایه‌ی له‌باوه‌ش گرتنه.
بیگن له‌هه‌ڕه‌تی گه‌نجیدا ده‌بێته ئه‌ندامێكی كارای بزوتنه‌وه‌ی بیتار كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی لاوانی جه‌ماوه‌ری بوه. ساڵێك به‌ر له‌هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی دوه‌می جیهان، ده‌بێته به‌رپرسی لقی بزوتنه‌وه‌كه له‌پۆڵه‌ندا. ده‌رباره‌ی كاره‌كانی ئه‌م رێكخراوه، ده‌ڵێت: من‌و هاوڕێكانم هه‌مو هه‌وڵێكماندا تاوهچهی نوێ به‌شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده بكه‌ین، كه نه‌ك هه‌ر بۆ رهنجدانو رۆنانی ده‌وڵه‌تی جوله‌كه ئاماده‌بن، به‌ڵكو له‌پێناویدا بجه‌نگن، ئازار ببینن‌و ئه‌گه‌ر پێویستیش بكا له‌پێناویدا بمرن.
بیگن دوای ئازادبونی له‌زیندان ساڵی (1942) ده‌گاته سه‌ر خاكی ئیسرائیل. لێره‌ش سه‌رقاڵی كاری ژێرزه‌مینی ده‌بێت، هه‌رچه‌نده وه‌كو خۆی ده‌ڵێت: هیچم ده‌رباره‌ی چالاكی ژێرزه‌مینی نه‌ده‌زانی، هه‌رگیز خه‌ونم به‌وه نه‌ده‌بینی به‌نهێنی بجه‌نگم. تائهیلولی (1948) له‌گه‌ڵ له‌شكرێك خزمه‌تم كرد، كه له‌شكری یاخیبوانی جوله‌كه بو. ئه‌و لهشكرهش له‌سه‌ر لێواره‌كانی روباری ئوردندا ده‌ستبه‌كاربو. رێگای ئازادی ئیسرائیلی لێدا.
به‌وته‌ی بیگن هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ساڵانی گه‌نجییه‌وه برسێتیی بینیوه‌و له‌گه‌ڵ خهمو خه‌فه‌تیشدا ئاشنابوه. زۆرجاران مه‌رگ به‌سه‌ریدا داوه، ئیدی له‌سه‌ر خاكی نیشتیمان بێ یان له‌سه‌ر خاكی بێگانه. به‌ڵام “بۆ ئه‌و شتانه هه‌رگیز نه‌گریاوم، ته‌نیا له‌و شه‌وه‌دا نه‌بێ كه جاڕی ده‌وڵه‌ت درا گریام”.
شكۆی به‌ریتانیامان شكاند
سه‌باره‌ت به‌ئامانجی رێكخراوه‌كه‌یان، بیگن ده‌نوسێت: له‌دروستكردنی رێكخراوه‌كه‌ماندا هیچ ده‌سته‌و تاقمێكی بكوژانهمان دانه‌نا تاقوربانییه گرنگه‌كان بخه‌نه داوو له‌ناویان به‌رن. هه‌ر لهبنكهوه بۆ سه‌ركردایه‌تی رێكخراوه‌كه‌مان واڕۆنرابو كه له‌شكرێكی ژێرزه‌مینی بێ، نه‌خشه‌ی په‌لاماردانی ئامانجه كوشنده‌كانی دوژمن بێ، دامه‌زراوه چه‌كدارییه‌كانی دوژمن‌و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نیان هێدمه‌گرتی بكا، زیانی سه‌ربازییانه لهبڕستی په‌لاماردانی دژومن بگه‌یه‌نێ.
ناوبراو رونیده‌كاته‌وه مه‌به‌ستیان له‌دوژمن ده‌سه‌ڵاتی ئینتیدابی به‌ریتانیا بوه، بڕواشیان وابوه ئه‌گه‌ر له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوبن شكۆی حكومه‌تی به‌ریتانیا له‌ئیسرائیلدا تێكوپێك بشكێنین، ئیدی لابردنی ده‌سه‌ڵاتیان ئۆتۆماتیكیانه خۆی به‌دوایدا دێ. له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئێمه ئه‌و خاڵهلاوازهمان كوتیو هیچ بوارێكیشمان پێنه‌دا. له‌میانه‌ی ئه‌و هه‌مو ساڵانه‌ی راپهڕینهكهماندا، به‌مه‌به‌ست، بێ ماندوبون‌و نوچدان زه‌برمان له‌شكۆی حكومه‌تی به‌ریتانیادا.
سه‌رباری ته‌قاندنه‌وه‌ی باره‌گای سه‌ره‌كی حكومه‌تی به‌ریتانیاو ده‌یان چالاكی سه‌ربازییانه‌ی دیكه، به‌ڵام وه‌كو بیگن ده‌ڵێت: هه‌واڵگری به‌ریتانی هه‌رگیز له‌وه‌دا سه‌رنه‌كه‌وت دیواری ژێرزهمینیمان بشكێنێ‌و دزه بكاته نێومان. هه‌رچه‌نده ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆیان به‌كارهێنا. له‌و هه‌مو ساڵانه‌ی یاخیبونهكهدا ته‌نها سێ حاڵه‌تی ناپاكی رویداوه. ئه‌دوارد گریك وه‌زیری به‌ریتانی بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وتبوی: هۆكاری سه‌ره‌كی شكستمان له‌فه‌له‌ستین نوشستهێنانی ده‌زگای هه‌واڵگری نهێنیمان بو. ئه‌م قسه‌یه‌ی هه‌ر زۆر راست بو.
هیوای هه‌ر گه‌لێك له‌وه‌دایه تاچه‌ند رۆڵه‌كانی ئاماده‌ن گیانی خۆیان له‌پێناو ئازادی كه خۆشیان ده‌وێ له‌دژی كۆیلایه‌تی كه مرۆ رقی لێیهتیو هه‌ر ده‌بێ له‌پێناو خۆشه‌ویستیشدا رقی لێیبێته‌وه به‌خت ده‌كا
بنه‌ماو رێساكانی ئێرگۆن
به‌وته‌ی بیگن، له‌ناو رێكخراوی ئیرگۆندا پله‌ی سه‌ربازی هیچ زێدهمافێكی به‌هه‌ڵگره‌كه‌ی نه‌ده‌دا، موچه‌ش به‌گوێره‌ی پلهنهدهدرا، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی بارودۆخی خێزان ده‌درا. بۆ به‌رده‌وامیدان به‌چالاكییه‌كانیان، بیگن ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر هاتباو له‌هه‌ر قۆناخێكی یاخیبونهكهدا هه‌ر هه‌مومان بگیراباین یاخود بكوژراباین، ئه‌وا خه‌ڵكانێك هه‌ر هه‌بون جێگه‌مان بگرنه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ر چه‌وسێنه‌ردا بجه‌نگن تادهیبهزێنن.
سه‌باره‌ت به‌ئه‌زمونی كاركردنی له‌و رێكخراوه‌دا، بیگن ده‌نوسێت: ئێمه فێربوین كه ئامانج لاواز‌و زه‌بون ده‌كاته پاڵه‌وان. سه‌ربازی پلهئاسایی ده‌كاته ئه‌فسه‌ر. كه‌سانی زۆر ئاسایی ده‌كاته به‌خشنده‌ی مێشك‌و دڵ، بیردۆزه‌وان ده‌كاته پیاوێكی خاوه‌ن كردار‌و خوێندكاره‌كانیش ده‌كاته ستراتیژهوان.
هه‌رچه‌نده ئیرگۆن رێكخراوێكی سه‌ربازی بوه‌و چه‌قی كاره‌كانی چالاكی چه‌كدارانه بوه، به‌ڵام بیگن ده‌ڵێت: ئێمه نه مه‌به‌ستمان بوه نه بڕوامان به‌هێزی فیزیكی بوه، ئێمه بڕوامان بهزاڵبونی هێزی مۆراڵ هه‌بو. ئه‌وه دوژمنه‌كه‌مان بو كه گاڵته‌ی به‌هێزی مۆراڵ ده‌هات. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بو كه دوژمنه‌كان هه‌رچه‌نده گره‌ویان له‌سه‌ر هێزێكی فیزیكی زه‌به‌لاح ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وان شكستیان هێنا. ئه‌مه‌ش قانونی مێژوه. ئێمه سوپاسگوزارین كه توانیمان ئه‌و شته بسه‌لمێنین، سهلماندنهكهش نه‌وه‌ك هه‌ر له‌پێناوی میلله‌ته‌كه‌ماندا، به‌ڵكو بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی بو.
رق لهدوژمنو هیوای ئازادی
له‌م كتێبه‌دا بیگن باس له‌رۆڵی رق له‌په‌روه‌رده‌كردنی گه‌لی جوله‌كه‌دا دهكاتو ده‌ڵێت: ئێمه ده‌بوایه وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست، رقمان له: رێسا، نادادی‌و ناڕه‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی بێگانه له‌نیشتیمانی باب‌و باپیرانمان، له‌نێو وڵاته‌كه‌ی خۆماندا بهاتبایهوه. ده‌بوایه رقمان له‌وه بێته‌وه كه ده‌رگاكانی نیشتیمانه‌كه‌ی خۆمان له‌سه‌ر براكانمان داخرێ، به‌و خوێن له‌به‌ر رۆیشتن‌و فرمێسكانهشهوه هه‌ر هاوار هاواریانه بۆ جیهانێك، كه له‌ڕوی مۆراڵه‌وه كه‌ڕه. ئه‌و جۆره رقه دنه‌ده‌ری هێزی به‌ره‌وپێشچونی مێژوی جیهان بوه. چونكه ره‌وڕه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی مرۆڤایه‌تی: به‌ئاشتی نه‌بوه، به‌ڵكو به‌شمشێر بوه.
كاتێك دێته سه‌ر باسی هیوا، ده‌ڵێت: هیوای هه‌ر گه‌لێك له‌وه‌دایه تاچه‌ند رۆڵه‌كانی ئاماده‌ن گیانی خۆیان له‌پێناو ئازادی كه خۆشیان ده‌وێ، له‌دژی كۆیلایه‌تی كه مرۆ رقی لێیهتیو هه‌ر ده‌بێ له‌پێناو خۆشه‌ویستیشدا رقی لێیبێته‌وه، به‌خت ده‌كا. گه‌له‌كه‌مان خه‌ڵكێكی كردارییه، رێز لهوشهگهلێك ناگرن مه‌گه‌ر پاشخانێكی كرده‌وه‌ییان نه‌بێ. دو وشه‌ی پڕ بڕوا مێژوییان گۆڕی‌و دروستیشیان كرد. ئه‌و دو وشه‌یه‌ش له‌مه‌یدانی ئیسرائیل‌دا شۆڕه‌سوار بون، ئه‌وانیش ئازادی یان مردن بون. دو وشه‌ی زۆر ساده‌ی پڕواتا.
من ده‌جه‌نگم كه‌واته هه‌م
به‌دیدی بیگن بۆ ئه‌وه‌ی ئازادیت خۆشبوێ، ده‌بێ رقت لهكۆیلایهتی ببێته‌وه. ئه‌گه‌ر گه‌له‌كه‌ت خۆشبوێ، نابێ رقت له‌و دوژمنه نه‌بێته‌وه كه هه‌ر له‌سه‌ر وێرانكارییه‌كانی سوره. خۆ ئه‌گه‌ر نیشتیمانه‌كه‌ت خۆش بوێ، نابێ رقت له‌وانه نه‌بێته‌وه كه نیشتیمانه‌كه‌ت به‌خۆیانه‌وه ده‌لكێنن.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: گه‌لێگ گه‌ر به‌رگری له‌شوێنه پیرۆزه‌كانی نه‌كا – یان هه‌ر هیچ نه‌بێ هه‌وڵی به‌رگریكردنیان نه‌دا- گه‌لێكی ئازاد نییه، هه‌رچه‌نده زۆریش ده‌رباره‌ی ئازادی كاوێژ بكا. گه‌لێك كه بوار بدا بنكه پیرۆزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی یان ئه‌وانه‌ی هه‌ستی هه‌ره پیرۆزییان لایه بنپێ بكرێ، ئه‌وا لهگیانیانهوه كۆیله‌ن.
ناوبراو، راشكاوانه ده‌نوسێت: جیهان به‌زه‌یی بهكوژراوهكاندا نه‌هاته‌وه. ته‌نها رێزی ئه‌وانه‌ی گرت كه جه‌نگان. جه‌نگ له‌پێناو باشتر یان خراپتر ئه‌وه‌ش راستیهكهیه. هه‌مو خه‌ڵكی جیهان به‌ده‌ر لهجوهكان ئه‌و راستییه تاڵه‌یان ده‌زانی. هه‌ر ئه‌وه‌ش بو كه دژومنهكهمان توانی داومان بۆ بنێته‌وه‌و خوێنمان بڕێژێ. پاشان ده‌ڵێت: ئه‌و ئه‌زمونه كه به‌شه‌ش ملیۆن گیان له‌سه‌ر گه‌لی جو كه‌وتوه، فێری كردین ته‌نها به‌شه‌ڕی رزگاری، سهربهخۆییو مانابه‌خش، سیاسهتو هۆكاری نێوده‌وڵه‌تی دهجوڵێنێو ئازادی بۆ گهلهچهوساوهو فهوتاوهكهمان دێنێ.
ئه‌و پێیوایه له‌هه‌مو مێژودا هیچ شتێك لهئامادهبونی خۆقوربانیكردن مه‌زنتر نه‌بوه. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ خۆشهویستیهكیش له‌خۆشه‌ویستی بۆ سه‌ربه‌ستی مه‌زنتر نه‌بوه. بۆیه ده‌ڵێت: خاكی وڵاته‌كه‌و خوێنی خه‌ڵكه كوژراوه‌كه به‌هێزو خۆشه‌ویستیه‌وه گڕی لهیاخیبوه جوه‌كان به‌ردا.
سه‌باره‌ت بهكۆجیتۆكهی دیكارت كه ده‌ڵێ: من بیرده‌كه‌مه‌وه كه‌واته هه‌م، بیگن ده‌ڵێ: رۆژگارێك له‌مێژودا هه‌یه، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ته‌نها بیركردنه‌وه نابنه مایه‌ی سه‌لماندنی هه‌بونی خۆیان. ده‌كرێ گه‌لێك “بیربكاته‌وه” به‌ڵام هێشتا كوڕ‌و كچه‌كانی هه‌ر ببنه مێگه‌لێك له‌كۆیله. ئاخر رۆژگاری وایه هه‌مو شتێكت هاوارت لێده‌كات: تۆی ئادهمیزای رێز لهخۆگرتو له‌هه‌مبه‌ر شه‌ڕانگێزیدا هه‌مو شتێكت به‌نده به به‌رگریت. ئێمه ده‌جه‌نگین كه‌واته ئێمه هه‌ین!
خواوه‌ند وڵاتی وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك پێ به‌خشیوین. هه‌وڵی پارچه‌پارچه‌كردنی نه‌وه‌ك به‌ته‌نیا هه‌ر تاوانه، به‌ڵكو كفرو لهباربردنیشه هه‌ر كه‌سێك دان به‌مافی سروشتیمان له‌سه‌رله‌به‌ری وڵاته‌كه‌دا نه‌نێ، ئه‌وا دان بهمافهكهمان له‌هیچ پارچهیهكیشدا نانێ
چه‌كی عهرهبو چاپی سه‌ربازی
له‌باره‌ی چۆنێتی ده‌ستكه‌وتنی چه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كانیان، بیگن ده‌ڵێت: هه‌ندێك له‌عه‌ره‌به‌كان كارایانه یارمه‌تیان داین. كۆمهكهكهشیان به‌خۆڕایی نه‌بو. له‌و كه‌مه چه‌كه‌ی ههمانبو، به‌شێكی لهعهرهبهكانهوه بو. تائه‌وكاته‌ی ئێمه خۆمان كه‌ره‌سته‌ی دروستكردنی مادده تهقینهوهكانمان په‌یداكرد – كه چه‌كی سه‌ره‌كی خه‌باتی رزگاریخوازیمان بو-، به‌شێكیش له‌و چه‌كانه‌ی له‌خودی به‌ریتانییه‌كانه‌وه گرتبومان، به‌شه هه‌ره زۆره‌كه‌ی تی ئێن تیشمان له‌عه‌ره‌به‌كان كڕیبو.
یه‌كێك له‌به‌شه‌كانی رێكخراوی ئیرگۆن چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه بوه، بیگن ده‌ڵێت: هیچ خه‌باتێكی پارتیزانانه له‌جیهاندا به‌قه‌د ئێمه شتی چاپ‌و په‌خش نه‌كردبو. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: خه‌ڵكه‌كه‌مان رونكردنه‌وه‌ی كرده‌وه‌كانیان لێماندهویست، ئێمه‌ش ده‌بوایه له‌پێناو ئاسایشی ئه‌وه‌ی ده‌مانویست بیپارێزین، رونكردنه‌وه بده‌ین، كه نیشانه‌ی لێتێگهیشتنو هاوسۆزییان بو. ئه‌و گه‌له‌ی بیر ده‌كاته‌وه به‌وشه‌ی بۆش‌و بهتاڵو كرده‌وه‌ی كوێرانه قایل نییه، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت بزانن بۆچ شتێك كراوه‌و كه كراویشه بۆ له‌وكاته‌دا كراوه.
بۆچی شه‌ڕی ناوخۆمان نه‌كرد؟
له‌وكاته‌ی رێكخراوی ئیرگۆن له‌خه‌باتدا بوه، رێكخراوێكی دیكه‌ی سه‌ربازی به‌ناوی هاگانا هه‌بوه. ئه‌م دو رێكخراوه له‌دوای راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌بنه پێكهێنه‌ری سوپای ده‌وڵه‌ته‌كه. له‌گه‌ڵ كۆتایهاتنی ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیاشدا هیچ شه‌ڕێكی ناوخۆیی له‌نێو جوهكاندا به‌رپا نه‌بو.
بیگن ده‌ڵێت: دو هۆكار گه‌له‌كه‌مانیان له‌كاره‌ساتی براكوژی پاراست، به‌پله‌ی یه‌كه‌میان ئێمه جه‌نگاوه‌ری ئێرگۆنمان وافێرنهكردبون رقیان لهركابهره سیاسییه‌كانی خۆیان ببێته‌وه. رق‌و كینه‌ی یه‌كلایه‌نه به‌ڕاشكاوی گهفێكه له‌سه‌ر یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی. رق‌و كینه‌ی دولایه‌نه‌ش به‌زۆری شه‌ڕی نێوخۆی به‌دوادا دێ.
دوه‌مین هۆكاری دوركه‌وتنه‌وه له‌شه‌ڕی براكوژیدا په‌یوه‌ست بو به‌كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئێمه له‌ژێرزه‌میندا له‌پێناو دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتدارێتی جو ده‌جه‌نگاین، خودی خۆمان خه‌می ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بو. له‌میانه‌ی خه‌باتی ژێرزه‌مینیماندا نه بیرمان له‌ده‌سه‌ڵات كرده‌وه‌و نه هه‌وڵیشمان بۆدا. له‌ناو دڵی خۆماندا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بوین، له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی یاخیبون یان له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی بێگانه، حكومه‌تی وڵاته‌كه‌مان ده‌بێ له‌لایه‌ن سه‌ركرده فه‌رمییه‌كانه‌وه رایی بكرێ. به‌و گیانه‌ش سه‌ربازانی ئێرگون پهروهردهكرابون.
سوپا بۆ نیشتیمان‌و ئازادی
دوای جاڕدانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، بیگن به‌ناوی رێكخراوه‌كه‌یانه‌وه به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه، كه به‌شێكی به‌م جۆره‌یه: ئێمه ده‌بێ توانایه‌كی مرۆیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌پێناو مانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆییدا، له‌پێناو ئازادی وڵاته‌كه‌ماندا خه‌رج بكه‌ین. جارێ له‌به‌راییه‌وه، پێویسته باسكی جه‌نگیی ئیسرائیل هه‌م به‌هێزو هه‌م گه‌وره بكه‌ین. چونكه به‌بێ ئه‌مه نه ئازادی بهدهستدێو نه نیشتیمانهكهشمان ده‌مێنێ. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له‌نێو ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل‌دا ئێمه ده‌بینه سه‌ربازو بنیاتنه‌ر، رێز له‌حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌گرین، چونكه حكومه‌ت حكومه‌تی خۆمانه.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: ئێمه پێویستمان به‌سیاسه‌تێكی هۆشمه‌ندانه‌ی ده‌ره‌كی ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان ئازاد بكه‌ین‌و دهوڵهتهكهشمان به‌رده‌وام بێ.. ئێمه ده‌بێ بنه‌مای په‌یوه‌ندی ئاڵ‌وگۆڕكردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی جیهاندا دابمهزرێنینو بشیانپارێزین.. ده‌بێ دانوستان هه‌بێ. دوژمنایه‌تی به‌دوژمنایه‌تی. كۆمه‌ك به‌كۆمه‌ك. دۆستایه‌تی هه‌ر ده‌بێ به‌دۆستایه‌تی پاداشت بدرێته‌وه.
دادپهروهریو یه‌كپارچه‌یی
له‌باره‌ی سروشت‌و سیمای حكومه‌تی ئیسرائیله‌وه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای جاڕدانیهوه، بیگن له‌به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: له‌نێو نیشتیمانه‌كه‌ماندا ده‌بێ دادپه‌وه‌ری باڵاده‌ست بێ‌و ده‌سه‌ڵاتێك بێ به‌سه‌ر هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كاندا بشكێ. نابێ سته‌مكاری هه‌بێ. وه‌زیرو گزیره‌كان ده‌بێ خزمه‌تكاری نهتهوهبنو به‌سه‌ریاندا نه‌بنه كه‌ڵه‌گا. نابێ چه‌وساندنه‌وه هه‌بێ. له‌وڵاته‌كه‌ماندا نابێ هیچ هاوڵاتییه‌ك یان بێگانه‌یه‌ك برسی بكرێ، نابێ هه‌توانێكی له‌ژور سهرنهبێو له‌په‌روه‌رده‌و فێركردنی سه‌ره‌تایش بێبه‌ش بكرێ.
سه‌باره‌ت به‌خاكی ئیسرائیلیش ده‌ڵێت: خواوه‌ند وڵاتی وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك پێ به‌خشیوین. هه‌وڵی پارچه‌پارچه‌كردنی نه‌وه‌ك به‌ته‌نیا هه‌ر تاوانه، به‌ڵكو كفرو لهباربردنیشه. هه‌ر كه‌سێك دان به‌مافی سروشتیمان له‌سه‌رله‌به‌ری وڵاته‌كه‌دا نه‌نێ، ئه‌وا دان بهمافهكهمان له‌هیچ پارچهیهكیشدا نانێ. ئێمه نابێ هه‌رگیز ئه‌و مافه سروشتییه فه‌رامۆش بكه‌ین. ئێمه ده‌بێ به‌رده‌وام چاومان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واو عهیاربێ.
Check Also
هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لەناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی
نووسینی: بەرهەم جەنگڤان بێگومان چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی ئایینی مەسیحی لەناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە …