Home / ناوداران / د.كاوس قەفتان کێ بوو؟

د.كاوس قەفتان کێ بوو؟

د.كاوس قەفتان کێ بوو؟

FB_IMG_1490446742159

لە هەشتەمین ساڵرۆژی ماڵئاواییدا

 

“ئەوەی كورد بەخۆی ئەكات زۆر زیاترە لەوەی دوژمن پێی كردووە‌و پێی ئەكات”

 

” سوژدە بۆ كەس نابەم، نوێژ ناكەم، چونكە سوژدەی تێدایە، بەڵام ئامادەم لەكانگەی دڵەوە سوژدە بۆ ئاڵای كوردستان بەرم”، ئەمە یەكێك لە وتەكانی خوالێخۆشبوو د.كاوس قەفتان بوو. ئەو مرۆڤەی كە سەرتاپای ژیانی پڕبوو لە هەوڵ‌و تێكۆشان بۆ نەتەوەكەی، خۆشەویستی گەل‌و وڵاتەكەی وای لێكردبوو جگە لە كورد كەسی تر نەناسێت‌و جگە لە كوردستانیش شوێنێكی تر نەبینێ‌‌و سوكنایی بە هیچ وڵاتێكی تر نەیەت‌و ئەگەر بیرەوەرییەكانی بخوێنینەوە بۆمان دەردەكەوێت كە چۆن لەوساتانەی لەدەرەوەی كوردستان بووە تارمایی غەریبی باڵی بەسەردا كێشاوەو لەڕێگەی نوسینەكانی، شیعرو چیرۆكەكانیەوە ئەم هەستەی دەر بڕیووە.

د.كاوس قەفتان بەیەكێك لە مێژوونوسە گەورەكانی نەتەوەكەمان دادەنرێت، بەتایبەتی لە رۆژگارێكدا كە لەگەڵ هاوڕێكانیدا روویان كردە وڵاتی شۆرەوی بەمەبەستی تەواوكردنی خوێندن‌و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز، لەنێو كورددا ئەمە دەگمەن بوو و لەسەر دەستی ئەوانیش بوو كە رێچكەی نوسینەوەی مێژوو بە شێوازێكی زانستانە هێنرایە كایەوە.

سەرباری هەموو ئەمانە لە ژیانی سیاسیشیدا بەردەوام لەبەرەی نەتەوەكەی‌و پێشكەوتنخوازاندا بووەو بۆ تەنها چركەیەكیش نەتەوەكەی فەرامۆش نەكردووەو لە هەموو ژیانیدا خەونی بەكوردستانێكی ئازادەوە دەبینی كە ئاڵای سەربەخۆیی بشەكێتەوەو ئەمە لای ئەو لەهەموشتێك گەورەترو پیرۆزتر بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گلەیی لەوە هەبووە كە رۆڵەكانی نەتەوەكەی لەگەڵ یەكتریدا وەك پێویست نین‌و لەئاست دوژمنەكانیاندا لاوازن، هەربۆیە وتویەتی:” ئای خودای كوردان پێم ناڵێی: ئەم كوردەم بۆ وا بەتین خۆش ئەوێ‌؟ ئەوەی لەئاست دۆستدا شێرە‌و لەبەردەم دوژمن خزمەتكارە”. د.كاوس ئەوەندە خەمی بەم خەسڵەتە ناهەموارەی كورد خواردووە تا ئاستێك كە دەڵێت: “هەی یەزدانی مەزن كە سیفەتی خۆ خۆریت بەكورد بەخشی، ئەبوو خێرا لەناوی بەری ئەگینا كوانێ‌ دادپەروەری”.

گەلێ‌ جار كەلەگەل خوالێخۆشبوو دادەنیشتین دەردەدڵی خۆی لەم بارودۆخە دەردەبڕی‌و بەسەرو پۆتەڵاكی ئەم حكومەتەو مەسئولەكانیدا دەهاتە خوارەوە، ئەیوت: “ئەوەی كورد بەخۆی ئەكات زۆر زیاترە لەوەی دوژمن پێی كردووە‌و پێی ئەكات”. گلەییەكانی خوالێخۆشبوو زۆربوون، بەڵام هەرهەمووی لەبەر دلسۆزیی بوو بۆكوردو خەمی بە بارودۆخەكە دەخوارد، ئەوەتا لەسەردەمی دوو ئیدارەییا دەڵێت:” كورد لەهیچ شتێكدا لەئۆمەت ناكات، ئەگینا میللەت هەیە هێشتا دەوڵەتی نییە دوو سەرۆك وەزیرانی هەبێ‌”. بەڵام دوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكان هەربەخۆی دەیوت قەیناكا، مادام حكومەتی خۆمانەو ئاڵای كوردستان بەشەكاوەیی دەبینم، تازە ئەگەر بشمرم قەیناكات، رۆژێك دێت ئەوانیش چاك ببن‌و لەخزمەتكردنی رۆلەكانیان درێغی نەكەن.

بەلام بەداخەوە… مامۆستای گەورەم، ئەوەتا دوای هەشت ساڵ ئەم حكومەت و دەسەڵاتە خۆماڵیە رۆژ بەرۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوەو تا دێت زاڵم تر و گەندەڵ تر و خۆخۆر تر دەبێت!!

گیانت شاد، خۆشبەخت بوی میللەتەكەت ئاوا ریسواتر نەبینی.

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …