Home / مێژووى جیهان / مێژووی بەعس بە زمانێکی سادە

مێژووی بەعس بە زمانێکی سادە

مێژووی بەعس بە زمانێکی سادە

41020161437600_19201617xtypu17a

وێستگه‌ نیوز- 

ئه‌م كورته‌ چیرۆكانه‌ی‌ كه‌ له‌خواره‌وه‌ به‌زمانێكی‌ ساده‌ ئاماده‌كراوه‌، په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ مێژووی‌ حزبی‌ به‌عس و سه‌دام له‌لایه‌ك و عێراق به‌گشتی‌ له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، كه‌ هه‌ڵگری‌ تراژیداو هه‌ندێك جار كۆمیدیایه‌، هه‌ندێك جار خوێن تیایدا ئاماده‌یه‌، هه‌ندێك جاریش ناتوانیت پێكه‌نینت نه‌یه‌ت به‌ڕووداوه‌كانی‌ ناو چیرۆكه‌كان.

ته‌واوی‌ كورته‌ چیرۆكه‌كان له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوس توانا عوسمانه‌وه‌ وه‌رگێردراوه‌و به‌زمانێكی‌ ساده‌ ئاماده‌كراوه‌ته‌وه‌. وێستگه‌ نیوز، به‌وه‌رگرتنی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ ناوبراو بڵاویانده‌كه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌شی‌ كه‌ ده‌یبینی‌ و ده‌یخوێنیته‌وه‌، به‌شی‌ یه‌كه‌مه‌و ناوه‌ به‌ناوه‌ به‌شه‌كانی‌ تریش بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.
***** ***** *****
ئەزموونداری گرنگترین بڕوانامەیە…

لەمۆسکۆ بۆیان باس کردم.. کە دەستگای موخابەراتی ئەمەریکی توانیبویان وەزیری بارزگانی یەکێتی سۆڤیەت تەجنید بکەن و بیکەنە پیاوی خۆیان.. پێیان وتبوو تەنها یەک شتمان بۆ بکەو بەس… بوارمەدە بەرپرسانی وەزارەتەکەت ئەزموون لەبوارێکی دیاریکراودا کۆبکەنەوەو زوو زوو بیانگۆڕە و نەقڵیان بکە… چونکە کەڵەکەبوونی ئەزموون، لێهاتووی دەوڵەتداری دروست دەکات.

سەدام حسێن.. لەکۆبونەوەی سەرکردایەتی بەعس.. ساڵی 1983
 


لەساڵانی 1980 کاندا.. پارچە زەوییەکمان لەجادریە وەرگرت و کردمان بەخانوو.. بڕیارێکی سەدام حسێن دەرچوو کە نابێت ئەندامانی ئەنجومەنی شۆڕش و سەرکردایەتی حیزب لەیەک خانوو زیاتریان هەبێت لە بەغدادا.. ناچار خانوە کۆنەکەمان کەلەسەر دیجلە بوو تەسلیمکردەوە.. هەر ئەو خانوەمان لەبەغدا هەیە و ئێستا داگیرکراوەو سەید عەممار حەکیم تیایدا نیشتەجێیە.

فیولیت یوسف.. ژنی تارق عەزیز، جێگری پێشوتری سەرۆک وەزیرانی عێراق.


 
سەدام و وەفدە هاوڕێکەی 8 ی ئازاری 1970 بەکۆپتەر هاتنە ناوپردان لەچۆمان.. دوو شەو و ڕۆژ لەقوتابخانەکەی ناوپردان مانەوەو ڕۆژانە تا درەنگانی شەو لەگفتوگۆدا بون لەگەڵ بارزانی و وەفدە هاوڕێکەی، کەمنیشی تیابووم.

نیوە شەوی 10 لەسەر 11 ئازاری 1970 دوای پاکنوسی ڕێکەوتنامەکە، گەیشتینە ڕێککەوتن و بارزانی وسەدام دوو نوسخەیان لەڕێککەوتنەکە ئیمزا کرد.. 
کە جەماعەت زانیان تەواو ڕێکەوتین، کردیان بە چەپڵەڕێزان و فرانسۆ حەریری کەلەبەردەرگا وەستابوو، هوتافی کێشا و ووتی بژی برایەتی کورد و عەرەب… 
ئیتر بارزانی و سەدام دەستیان لەملی یەکتر کردو ماچی یەکتریان کرد… ئێوارەی ئەو ڕۆژەش بەفەرمی لەڕادیۆ خۆێنرایەوە و خەڵک لەخۆشیدا ڕژایە سەرجادە.
بیرەوەرییەکانی موحسن دزەیی.. سەرکردەی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 


لەسەرەتای شوباتی 1970 وەک وەفدی کورد لەبەغدا بوین بۆ وتووێژ.. لەمیوانخانەی کۆشکی سپی دابەزیبوین.. فەریق حەردان تکریتی وەزیری بەرگری گفتوگۆی لەگەڵ دەکردین.. لەپڕ سەدام هات بۆ سەردانمان.. حەردان تکریتی بەچرپە پێی وتین، بەڵکو تکا لەسەدام بکەن تاهیر یەحیای سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لەسجن بەربدات و عەفوی بکات کەچەند مانگێک بوو لەژێر ئەشکەنجەدا دەیناڵاند.. ئێمەش داوامان لەسەدام کرد.. بەڵام بەقسەی نەکردین..
بیرەوەرییەکانی موحسین دزەیی سەرکردەی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 


لە ئەیلولی 1970 باڵوێزی عێراق بووم لەپڕاگ “چیکۆسلوڤاکیا”.. رۆژێک وەزارەتی دەرەوەی چیکۆسلۆڤاکیا پەیوەندیان پێوەکردم ووتیان ئەفسەرێکی باڵای عێراقی لەبەغداوەو هاتۆتە فڕۆکەخانەی پڕاگ و بە پاشکۆی سەربازی باڵوێزخانەی عێراق دامەزراوە بەڵام کابرا پاسپۆڕتی پێ نیە!! .. 
سکرتێری یەکەمی باڵوێزخانەش چوە فڕۆکەخانە و لەگەڵ خۆی هێنای بۆ سەفارەت.. تەماشامان کرد عەمید ڕوکن حەمید سەڕاجی بەرپرسی حەرەکاتی وەزارەتی بەرگری عێراقە..

لێمپرسی چۆن ئەو پۆستەت وەرگرت؟ ووتی ئاگام لەهیچ نیە، هێنایانمە مەتاڕ ، بەزۆر سواری فڕۆکەیان کردم و نەیانهێشت پاسپۆرت و شتومەکی شەخسیم هەڵبگرم و وتویان بڕۆ پڕاگ و بویت بە پاشکۆی سەربازی..
هەڵبەت حەمید سەراج نزیکبوو لەحەردان تکریتی وەزیری بەرگریەوەو سەدام دووریخستبۆوە..
بیرەوەرییەکانی موحسین دزەیی سەرکردەی دێرینی پارتی..
 


لەکۆبونەوەی سەرکردایەتی 16 تەمووزی 1979 دا، ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک بە کتوپڕی ووتی بڕیارمداوە دەستلەکاربکێشمەوە.. من و محێ شەمەری و عەدنان حەمدانی نارەزاییمان دەربڕی.. من تکام لێکرد کەوەک چەتری حیزب بمێنێتەوە و هەر سەرۆکمان بێت.. بەڵام کۆی ئەندامانی تر قسەیان نەکرد.. سەرۆکیش داواکەی ئێمەی رەتکردەوەو ووتی ئەوە بڕیاری کۆتاییمەو بڕایەوە.. 
دوای کۆبونەوەکە، عیزەت دووری ئەندامی سەرکردایەتی کە زۆر هاورێم بوو. ووتی برۆ خێرا لەگەڵ سەدام قسە بکە، دڵنیام توڕەیە لەقسەکانت.. منیش چووم بۆ ئۆفیسەکەی سەدام کەلە ئەنجومەنی نوێنەران بوو.. گەیشتمە بەردەم ئۆفیسەکە سەدام هاتە دەرەوەو ئەرۆیشت.. سڵاوم لێکرد زۆر بەساردی وەڵامی دامەوە و وتی تۆ لەکۆدەنگی سەرکردایەتی هاتیتە دەرەوە.. پێویستە نەیەیتە کۆنگرەی داهاتووی سەرکردایەتی حیزبەوە.. منیش بەدەم رێگەوە وتم ئەگەر جەنابت دەتەوێت، هەر ئەمرۆ دەستلەکارئەکێشمەوە.. ئیتر رۆیشت و قسەی نەکرد.
دوای عیزەت دوریم گێرایەوە، ووتی شاڵا باسی ئیستقالەت نەکرداو بەشداری کۆبونەوەش بکە، منیش نامەیەکی دەستخەتم بۆ سەدام نارد و شەرحی هەڵوێستی خۆمم کرد.. ئەوەبوو ئیتر سەدام لەلای سکرتێرە شەخسیەکەی وتبووی هەڵوێسەتەکەی هاوڕێ تایەر لەوەی محێ و عەدنان ناچێت، ئەوەی ئەم دڵپاکانە بووە..
محێ و عەدنان دوای چەند مانگێک گولەبارانکران..
بیرەوەرییەکانی تاهیر ئەلعانی ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی بەعس.
 


دوانیوەرۆیەکی مانگی ئایاری 1974 سەرۆک ئەحمەد حەسەن بەکر بانگی کردمە نوسینگەکەی، دوای گفتوگۆیەکی هاوڕێیانە و راشکاو.. لەسەر کورسی سەرۆکایەتی هەستایە سەرپێ.. “بەکر باڵای کورت بوو، کورسیەکەش بەرز و گەورە بوو” چوە پشتی کورسیەکەیەوەو دەستی خستەسەری و بەتورەییەوە ووتی: میز بەو کورسیەدا ئەکەم کە کەرامەتی سەرۆکی کۆمار نەپارێزێت… 
پاش ئەوە دەستی خۆی گەست و ووتی: ئایییی ئەبو هەیسەم “واتە خۆی” چۆن قەشمەرییان پێکردی و کردیانی بەسەرۆک کۆمار.. بەدوای ئەوەدا لەپڕ کەوتە پڕمەی گریان.. منیش تەحەمولم نەکرد و گریام.. ئیتر پێکەوە هەردووکمان گریاین.
بیرەوەرییەکانی حامد جبوری.. وەزیری کاروباری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
!
 


بە سەرۆک ئەحمەد حەسەن بەکرم ووت دەمەوێت دەست لەپۆستی وەزیری کاروباری سەرۆکایەتی کۆمار بکێشمەوە.. 
ئەویش ووتی: پۆستێکی ترت ئەیەمێ..
وتم: نامەوێت هیچم ناوێت.. ئیستقالە دەکەم.. 

سەرۆک ووتی: کەسمان ناتوانین ئیستقالە بکەین.. تۆ ئیستقالە ئەکەیت و ئەیدەیت بەمن، ئەی من ئیسقالەبکەم بدەم بەکێ؟
وتم: بۆ کەسمان ناتوانین؟
ووتی: چونکە بەدەستخۆمان نیە، هەموومان دیلین.. دیلین لەلای سەدام..
بیرەوەرییەکانی حامد جبوری وەزیری کاروباری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق


 
لەناوەڕاستی 1980 کاندا سەمیر شێخەلی ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی بەعس کەوەزیری ناوخۆی عێراق بوو، لای سەدام زۆر نازدار بوو.. هەر کات بویستایە خۆی ئەکرد بە سەرۆکایەتی کۆماردا… تەنانەت کە دەچوە لای سەدام دەمانچە شەخسیەکەی لەپرسگە دانەدەنا.. 

بەڵام جارێکیان پاسەوانەکانی سەدام لەپرسگە داوایان لێکرد دەمانچەکەی دابنێت، ئەویش قبوڵی نەکرد و ووتی من سەمیر شێخەلیم و ئامادەنیم دەمانچە دابنێم.. پاسەوانەکانی سەدامیش بەدڵی خۆیان لێیاندا.. 
سەمیر لەخەستەخانە کەوت.. سەدام حسێن چوو بۆ لای و لەتەلەفیزیۆنی عێراقەوە پیشاندرا.. سەدام بەسوعبەتێکی سەرسەرییانەوە پێی ووت.. وەڵا سەمیر کلە سوچک “واتە سەمیر خەتای خۆت بوو، دە با دەمانچەکەت دابنایە، خۆ چی ئەبوو”!..
کەس تا سەر نازدار نیە.. بەتەمای چیت؟


 
1978 کە بەڕێوەبەری نوسینگەی تایبەتی سەدام حسێنی جێگری سەرۆک بووم.. شەفیق دەڕاجی هاوڕێشم سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر بوو.. بەیانیەک لەکاتی دەوام سەدام بانگی کردمە ژوورەکەی.. ووتی ئەم نامەیە بخوێنەرەوە.. 

کەخوێندمەوە تەماشام کرد ڕاپۆرتێکی کورتی نهێنیە و کەسێکی موخبیر نوسیویەتی.. باس لەوە دەکات کەپیلانێک دژی سەدام و بەکر لەئارادایە و پیلانەکەش من و شەفیق لەکاتژمێری سفردا پێی هەڵدەسین و گوایە من سەدام دەکوژم و شەفیقیش بەکر ئەکوژێت.. ئەهــبرا
سەدام ووتی خوێنتەوە؟ ووتم بەڵێ.. ووتی ڕات چیە؟
وتم وەڵا قوربان بەڕای من ئەوە فیتنەییە، بۆ تێکدانی متمانەی تۆیە بەمن، چونکە ئەزانن نزیکم لێتەوە.. 
سەدامیش ووتی منیش هەمان ڕای تۆم هەیە…

دواتر زانیم، نە ڕاپۆڕتەکە ڕاست بوو، نە موخبیرەکە بوونی هەبوو.. سەدام خۆی دروستی کردبوو تاوەکو تاقیمبکاتەوەو و تا بزانێت لەکاتی خوێندنەوەیدا ڕەدفیعلم چۆن ئەبێت..
بیرەوەرییەکانی حامد جبوری..
ئینسان یەکجار ئیمتحانی بەکەلۆری دەکات، بەڵام ئەمانەی چواردەوری سەدام هەموو ڕۆژ لەبەکەلۆریدا بوون.. بەتەمای چیت؟


 
سەرلەبەیانی 1 تشرینی یەکەمی 1984، بەئوتومبێلەکەی خۆم براکەم گەیاندە فڕۆکەخانەی بەغدا، دەچوە سەفەری چارەسەری پزیشکی.. جێگرەکەشم کەمحەمەد سەعید سەحاف بوو، مناڵەکەی داغڵی قوتابخانەکردبوو، ئسوڵیش وایە یەکەم ڕۆژی دەوامی داغڵکردنی مناڵەکەت، دەبێت دایک یان باوک لەگەڵیدا بچێتە قوتابخانە.. واتە هەردووکمان بەئیش لەدەرەوەی وەزارەت بووین..

سەدام تەلەفۆنی بۆ وەزارەت کردبوو، ئیشی پێم بوو، وتبویان وەزیر لێرە نیە.. ئەویش وتبووی باش جێگری وەزیرم بدەنێ، وتبویان ئەویش لەوێ نیە.. سەدام توڕەبوو… یااللە
عەسری ئەو ڕۆژە لەکاتی گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، گوێم لەڕادیۆی عێراق دەگرت لەئوتومبێلەکەمدا.. لەپڕ پەخشی ئاسایی ڕادیۆ وەستاو بێژەرەکە ووتی بڕیارێک لەسەرۆکایەتی کۆمارەوە… بڕیارمان دا بە فەسڵکردنی هەریەک لە وەزیری دەرەوە و جێگرەکەی بەهۆی غیابات “دەوامنەکردنەوە”..

بیرەوەرییەکانی حامد جبوری.. وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق..
ئەگەر لەسەر غیابات، لێپرسینەوە بکرێت، دەبێت لەسەرۆکی هەرێمەوە تا مجەوەرەکەی مزگەوتی عەبابەیلێ فەسڵ بکرێن.
 


وەلید جەنابی کە ئەندامی لیژنەی پشتیوانی رێکخراوی فەتحی فەڵەستینی بوو لەبەغدا و بەعسی بوو.. بۆی گێرامەوە ووتی نەقڵیان کردم بۆ زیندانی کۆشکی کۆتایی لەبەغدا بە پۆستی ئەندامی لیژنە لێکۆڵینەوە لە دەستگیراکراوانی ئەو زیندانە..

نیوەشەوێکی ساڵی 1968 نازم گەزار بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی عێراق بانگی کردمە نوسینگەکەی، لەوێ بینیم سەدام حسێن و عەبدولکەریم شێخلی و چەند ئەندامێکی تری سەرکردایەتی بەعس دانیشتبوون.. نازم گەزار پێ وتم بڕۆ بۆ بەشی نەخۆشیەکانی سنگ لە خەستەخانەی توێسە و چوار نەخۆشم بۆ بهێنە کەئومێدی ژیان و چاکبونەوەیان نەمابێت.

منیش لەگەڵ مەفرەزەیاکدا چووم و چوار نەخۆشم هێنا، لەرێگە لەئوتومبێلەکەدا هەناسەم سوارببوو لەترسی نەخۆشکەوتنم و بەلاشمەوە سەیر بوو لەدڵی خۆمدا ئەموت ئایا ئەم نەخۆشانەیان بۆ چیە؟
کە بەرەبەیان هاتمەوە زیندانی کۆشکی کۆتایی، لە ساحەکەدا بینم، چوار دەسگیرکراو بەچاوبەستراوی لەساحەکەدا ریزکراون لەو بەعسیانەی لەسەر جیابونەوەو پیلانگێڕی تاوانبارکرابوو.. نەخۆشەکانم لە ساحەکە داگرت.. نازم گەزاریش بەدەنگی بەرز بە دەستگیرکراوەکانی ووت، بڕیارمانداوە ئازادتان بکەین، بەڵام ئەگەر دوای ئازادبونتان باسی هەرچیتان کرد لەدژمان، ئەوا دەتانهێنینەوە بۆ ئێرە، یەک مەرجیشمان هەیە، دەمتان بکەنەوە تفێکی تێئەکەین!

هەر چوار نەخۆشەکە تفیان کردە دەمی هەر چور دەستگیرکراوەکە و وتیان قوتی بدەن و یەڵا بڕۆن ئازاد بوون..
لە وەلید جەنابیم پرسی، بۆ تفیان لێکردن؟ وتی نەخۆشەکان توشی سیل ببون، بەو تفە ئەوانیش توشبوون و دوای ئازادبونیان بەهێواشی دەمرن بێ ئەوەی بەسەر بەعسدا بێت.
بیرەوەرییەکانی حەسەن عەلەوی.. کادری پێشووکەتوی پێشتری حیزبی بەعس
 

چەند ڕۆژێک پێش 25 یەکی 1971 موناقەشەیەکی توندم بوو لەگەڵ تەها یاسین ڕەمەزانی وەزیری پیشەسازی.. ڕۆژی 25 مانگیش گلەییم لەسەرۆک بەکر کرد بۆ ئیمزا لەسەر کتابێکم ناکات بۆ بەرزکردنەوەی پۆستی بەڕێوەبەرێکی گشتی لەوەزارەتەکەم.. وەزارەتی پلاندانان.

نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەش، کەچوومەوە وەزارەت بیستم، کە حیزب پرسیاریان لەسەر کەسێتی ئەو بەڕێوبەرە گشتیە کردبوو کەمن پێشنیازم کردبوو، پرسیارەکەشیان لەکارمەندێکی خۆم کردبوو!
زۆر توڕەبووم، تەلەفۆنم بۆ سەدام کرد، وتم ئەگەر سیقەتان بەکارمەندێک زیاترە لەوەزیرەکەتان ئەوا ئەو بکەن بەوەزیرو منیش ئەچمەوە بۆ زانکۆی بەغدا بۆ وانەوتنەکەم.. سەدامیش وەک هەمیشە بەقسەی خۆش هێمنی کردمەوەو ووتی حەلی ئەکەم.

سەعات 8 شەو سەرۆک بەکر تەلەفۆنی بۆ کردم و ووتی سبەی بەیانی وەرە بۆ لام. وتم بەبەسەرچاو..
هەر ئەو شەوە سەعات 9 و نیو، چوومەوە ماڵەوە، دانیشتم بەدیار یاری بۆکسێنی محەمەد عەلی کڵای و جۆی فرەیزەر.. لەناوەڕاستی یاریەکەدا لەپڕ پەخش وەستا، داڵەکەی سەرۆکایەتی کۆمار دەرکەوت.. بێژەرێک هاتە سەر شاشە و ووتی بڕیارێک لەسەرۆکایەتی کۆمارەوە، بڕیاماندا بە لابردنی وەزیری پلاندانان لەپۆستەکەی… بەدوایدا سروودی نیشتمانی پەخشکرا! حــەو

بەیانیەکەی سکرتێری سەرۆک بەکر تەلەفۆنی بۆ کردم و ووتی ئەوە بۆ نەهاتی مەوعیدت لەگەڵ سەرۆک هەیە، وتم ئەی شەو نەتبینی لابرام لەوەزیری؟ ووتی نەوەڵا..

ڕۆژ هات و ڕۆژ ڕۆیشت لەشەفیق کەمالی ئەندامی ئیحتیاتی سەرکردایەتی بەعسم بیست، کە ئەو شەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لەکۆبونەوە بوون، تەها یاسین ڕەمەزان زۆر ڕەخنەی لەمن و وەزیری ئابوری گرتوە.. سەرۆک بەکریش وتویەتی بەس ئەو دوو وەزیرەمان دۆکتۆرایان هەیە و خەڵکی تەکنۆکراتن، ئەگەر دڵتان ئیسڕاحەت ئەکات هەر ئێستا ئەو دوانەش دەرئەکەم، ئیتر توڕەبوەو خۆی لەوێدا تەلەفۆنی بۆ ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن کردوە..
بیرەورییەکانی جەواد هاشم، وەزیری پلاندانانی عێراق



  په‌یجی‌ توانا عوسمان له‌ فه‌یسبوكTwana Osman

About زريان احمد

Check Also

دەزگای هەواڵگری ساواک(1957-1979ز)

گەرمیان حەسەن دامەزراندنی دەزگای هەواڵگری ساواک:محەممەد ڕەزاشا لە ساڵی 1941 جێگەی باوکی گرتەوە کە دامەزرێنەری …