Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / مێژووی ٨ ی مارس

مێژووی ٨ ی مارس

مێژووی ٨ ی مارس

FB_IMG_1488907620834

مێژووی ڕۆژی جیهانی ژنان واتە ٨ ی مارس هاوکاتە لەگەڵ مێژووی ڕوبەڕوبونەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان بەرامبەر نادادی و بێ مافیان لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا.

هەڵبژاردنی ٨ ی مارس وەک ڕۆژی ژنان لە جیهاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی و ڕوبەڕوبونەوەی ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین لە ساڵی ١٨٥٧ لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا.

کاری زۆر و سەخت لەگەڵ کرێی کەمی کرێکارانی ژن لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی بیست، وای لە ژنان کرد کە ناڕەزایی دەرببڕن لەبەرامبەر بەدەستهێنانی مافەکانیان.

لەم ڕۆژەدا کرێکارانی ڕستن و چنین لە کارگەیەکی گەورەی پۆشاکدا بەرامبەر سەختی کارەکەیان و کەمی مووچەکەیان و خراپی باری داراییان ناڕەزاییان دەربڕی، ئەم ناڕەزاییە بەشێکی زۆری ژنانی ئەم کارگەیەی گرتەوە و بەردەوامی هەبوو.

لە ٨ ی مارسی ١٩٠٨ دا دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٥٠ ساڵ ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنینی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، بەهۆی پەستانی زۆری کار لەسەریان و مووچەیەکی کەم دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایی کرد، خاوەنی ئەم کارگەیە بە هاوکاری پاسەوانەکانی کارگەکە و بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتی بەشەکانی تری کارگەکە، ئەم ژنانەی لە شوێنی کارەکانیان زیندانی کرد، بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکەدا کەوتەوە و تەنها هەندێک کرێکاری ژنی دیلکراو توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لەم کاتەدا ١٢٩ کرێکاری ژن لەم ئاگردا سووتان.

ڕۆژی ٨ی مارس بەمشێوەیە وەک ڕۆژێک بۆ نارەزایەتی ژنان بەرامبەر نادادییەکان لە یادەوەری خەڵکیدا مایەوە، لە ساڵانی دواتردا و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ناڕەزایەتی ژنان وەک خۆپیشاندان و دروستکردنی فشار لەبەرامبەر مافەکانی ژناندا بەردەوام بوو.

یەکێک لە دیارترین داکۆکیکەرانی مافەکانی ژنان لە وڵاتی ئەڵمانیا کلارا زێتکین (١٨٥٧-١٩٣٣) بوو، خواستەکانی ناڕەزایەتی ژنانی لە ئەڵمانیادا لەسەر بنەمای ٨ کاتژمێر کارکردن بۆ ژنان لەڕۆژێکدا، مافی پشوو، مافی مۆڵەتی لەدایکبوونی منداڵ، یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا لەیاسادا خستە ڕوو.

لە ئەوروپا دووەمین کۆنفرانسی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی ژنان کە ١٠٠ ژن بەشدارییان تێدا کردبوو لە ١٧ وڵاتی جیهاندا، بە پێشنیاری کلارا زێتکین لە ٢٧ ی ئابی ١٩١٠ لە کۆپنهاگن رۆژی ٧ ی مانگی مارس وەک ڕۆژی ژنان دەستنیشان کرا.

یەکەمین ڕۆژی جیهانی ژن لە مانگی مارسی ١٩١١ لە دانیمارک، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نەمسا، سویسرا و ئەمریکا بەڕێوەچوو، ملیۆنان ژن لەم ڕۆژەدا بەشدارییان کرد، خواستە سەرەکییەکانی ژنان بریتی بوون لە یاسای پاراستنی کار بۆ ژنان، مافی دەنگدان و بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکاندا، یەکسانی مووچە لەگەڵ پیاواندا، ٨ کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا، پاراستنی دایک و منداڵەکەی، زیادکردنی مووچە کەمەکان.

1911111.jpg

1911.png

                                            یەکەمین یادکردنەوەی ٨ ی مارس ساڵی ١٩١١

بەهۆی قەیرانی ئابووری جیهانەوە لە سییەکانی سەدەی بیستدا و مەترسییەکانی فاشیزم بابەتی نارەزایەتییەکانی ژنان پشتگوێ خرا.

لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا، مافی یاسایی لەناوبردنی منداڵ و پاراستنی دایکان گرنگییەکی زۆری پەیدا کرد، ئەم گرنگییە گۆڕا بۆ ناڕەزایەتی و جووڵەیەکی گەورە بە هۆی قەیرانی داراییەوە کە ئەوکات تەواوی ئەوروپای گرتبوویەوە، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن ژن منداڵەژانیان لەبار دەبرد، بە هۆی ئەم لەباربردنەوە لە ساڵی ١٩٣١ تەنها لە ئەڵمانیا نزیکەی ٤٤ هەزار ژن مردن.
بە هاتنە سەر حوکمی حکومەتێکی دیکتاتۆری فاشیستی لە ئەڵمانیا و قەدەغەکردنی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک و خۆپیشاندانێک، یادکردنەوەی ٨ ی مارس مەحاڵ بوو.

دوای جەنگی جیهانی دووەم لە وڵاتەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی جەژنی ڕۆژی ژنان لەساڵی ١٩٤٦ دووبارە بەڕێوەچوو، لەم وڵاتانەدا ڕۆژی ژنان وەک جەژنی فەرمی لە ڕێگای دەوڵەتەوە دەستنیشان کرا و باری دارایی و مافەکانی ژنان باشتر بوو.

ئەمڕۆ زیاتر لە سەدەیەک تێدەپەڕێت بەسەر یەکەمین ڕۆژی یاد کردنەوەی ٨ ی مارسدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک ڕێگری زۆر هەن لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی ژناندا لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، لە ئێستادا هێشتا چەند وڵاتێک هەن لە کەمترین مافیان بە ژنان داوە.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …