چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 16 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / پەیامنێرێكی سەربازیی عیراق: لە 31ی ئابدا خۆم لەگەڵ سوپادا بوم

پەیامنێرێكی سەربازیی عیراق: لە 31ی ئابدا خۆم لەگەڵ سوپادا بوم

״حسابەكەتان لەسەر ئێمەیە״ ئەم داوەتكردنەی هاووڵاتییەكی شاری هەولێر لە یەكێك لە دوكانەكانی ناحیەی كەسنەزان لە كاتی گەیشتنی سوپای عیراق بەو ناوچەیە لە 31ـی ئابی ساڵی 1996ـدا لە بیری محەمەد عەبدولخالق علێوی (48) ساڵ ناچێتەوە، كە ئەوكات پەیامنێری سەربازیی سوپای عیراق بووە.
ئەو پێی سەیر بووە كەسانێك داوەتیان دەكەن كە لەشكركێشییان كردونەتە سەرو بونەتە مەترسی بۆ سەر ژیانیان.
دۆزینەوەی شایەتحاڵەكانی ئەو ڕوداوە ئەستەمە، كە تیایدا لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا پارتی دیموكراتی كوردستان پەنای بۆ سوپای عێراقی سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس برد بۆ دەركردنی هێزكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری هەولێر.
پەیامنێری ״ئاژانس״ لە دوای گەڕانێكی زۆر توانی محەمەد علێوی بدۆزێتەوە كە پێویستی بە گرەنتی پاراستنی ژیانی بوو، بەو پێیەی مەترسیی لەسەرە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ رژێمی پێشودا كاریكردووە.
ئەو لە خانویەكی بچوكی گەڕەكێكی چەپەكی شارێكی عیراقدا دەژی، لەنێو ماڵە بچوكەكەدا دەستی بەگێڕانەوەی روودای 31ـی ئاب كردووە، كە بیست ساڵ بەسەریدا تێپەڕ بووە.
لە 30ـی ئابداو بەر لە 12 كاتژمێر لە دەستیپێكردنی هێرشی سەربازیی سوپای عیراق بۆ سەر هەولێر، هەواڵی خۆئامادەكردنی سوپا گەیشتە فیرقەی یەكەمی فەوجی یەكی سوپای عیراق، كە علێوی وەك پەیامنێری سەربازی كاری تێدا دەكرد لەشاری كەركوك، بێ ئەوەی بزانن هۆكاری ئامادەباشییەكەیان چییە.
״بڕوامان بەوە نەدەكرد كە ئەو ئامادەكارییە بۆ هێرشكردنە سەر شاری هەولێر بێت.״ علێوی وای وت.
30ـی ئاب هێزە سەربازییەكانی سوپای عیراق لە سنوری كەركوك و تكریت و موسڵ خرانە ئامادەباشیی ئەو هێرشەوە كە ئەوكات كاردانەوەیەكی نێودەوڵەتیشی لێ كەوتەوە، بەو پێیەی بۆ یەكەمجار لەدوای ساڵی 1991ـەوە سوپای عیراق سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستانی بەزاند، كە كورد لە دوای راپەرین كۆنتڕۆڵی كردبوو.
محەمەد علێوی ئاماژە بەوە دەكات كە فەرمان لەسەركردایەتیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقەوە هاتووە بۆ هێزە سەربازییەكان كە ئەوكات خودی سەدام حسێن بوو.
سەعاتی سفر بۆ هێرشەكە دیاری كرا، كە سەعات چواری بەرەبەیانی 31ـی ئاب بوو، ئەو هێزە سەربازییەی كە محەمەد علێوی یاوەریی دەكرد لە كەركوكەوە دەستی بە جووڵە كرد.
هێرشەكە لە دوو میحوەرەوە بوو، یەكەمیان میحوەری باشوور كە لە كەركوكەوە بووە، بە بەشداریی فەوجی یەكەم و حەوتەم و هەشتەمی سوپای عێراق، كە بەشێكیان لە شاری تكریتەوە ڕەوانە كرابوون.
میحوەری دووەمیش لە سنووری شاری موسڵەوە بەرەو ڕۆژئاوای شاری هەولێر بەڕێ كەوتن كە تیایدا هێزەكانی گاردی كۆماری و هێزی دەستەبژێر بەشدار بوون.
علێوی وتی: ״هەموو گروپێكی سەربازی هەردوو میحوەرەكە رێبەرێكیان لەگەڵدا بوو؛ چەكداری پارتی بوو كە لەسەر شانی راستی پەڕۆیەكی رەنگزەردی پێوە بوو بۆ جیاكردنەوەی لەگەڵ پێشمەرگەكانی یەكێتیی ئەگەر شەڕ ڕووی دا.״
هێزەكان پێكەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێ كەوتن، سوپای عێراق لە محیوەری باشوور بە ناحیەی ئاڵتوون كۆپریدا بەرەو ناحیەی قوشتەپەی هەولێر بەڕێ كەوتن.
״بەرگرییەكی ئەوتۆمان لە كاتی پێشڕەویدا بەو میحوەرەدا نەبینی، سەنگەرە تازە درووستكراوەكانی پێشمەرگەكانی یەكێتیی چۆڵ كرابوون.״
كۆی ئەو هێزە سەربازییانەی سوپای عێراق كە بەشدارییان لە هێرشی 31ـی ئابدا كرد نزیكەی 20 هەزار سەرباز بووە لە هەردوو محیوەرەكە، ئەوەش بە وتەی ئەو پەیامنێرە سەربازییە، جگە لە 27 تانك و 90 زرێپۆش كە یاوەریی سوپایان دەكرد و فڕۆكەی سەمتیش بەسەر ناوچەكەدا دەسووڕانەوە، بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشداری بكەن.
بە تێپەڕبوون لە ناحیەی ئاڵتوون كۆپری مشتومڕ لەناو سەربازەكاندا درووست بوو، بەوەی كە ئەو هێڵی 37ـیان بڕیوە كە دانراوە بۆ ڕێگری لە سوپا لە چوونە ناو سنووری ئیداریی هەرێم كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە دوای كۆڕەوی ساڵی 1991ـەوە بڕیاری لێ درابوو.
علێوی وتی: ״دواتر سەربازەكان وەڵامێكیان لە بەرپرسە سەربازییەكانیانەوە وەرگرت، كە ئارامی كردنەوە كاتێك پێیان وتین مەترسن ئەوە بەڕێككەوتن لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كراوە״.
كاتژمێر شەشی ئێوارە سوپای عێراق گەیشتنە نزیك شاری كۆیە، لەوێ پێیان ڕاگەیەندرا كە ئەو هەڵمەتە سەربازییە لە سنووری شاری سلێمانیدا كۆتایی دێت.
ئەو سوپایەی عێراق كە لە میحوەری باشوورەوە بەرەو هەولێر بەڕێكەوت گەیشتە نزیك هاوینەهەواری سەڵاحەدین، لە میحوەری ڕۆژئاوای هەولێریشەوە گاردی كۆماری چوونە ناو سنووری شارەكەوە، كە بەوتەی ئەو پەیامنێرە بەرگرییەكی ئەوتۆ نەبووە و كاروانی ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەكانی یەكێتییش بە پەلە لە شارەكە دەچوونە دەرەوە.
علێوی وتی: ״كە گەیشتینە دوایین خاڵی هاوینەهەواری سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی هات بۆ لامان و دەستخۆشی لێكردین״.
بەپێی گێڕانەوەكانی علێوی كە پەیامنێری ״ئاژانس״ لە دوو كەسی تری بەشداربووی ئەو شەڕەوە ڕووداوەكانی پشتڕاست كردەوە، لە ماوەی 18 كاتژمێردا بە تەواوی هەولێر كەوتە دەست سوپاو گاردی كۆماری، كە خۆیان چاوەڕوانیان نەدەكرد بەو زووییە ئەركەكە جێبەجێ بكەن.
علێوی وتی: ״لەگەڵ چوونە ناو شاری هەولێر بەشێك لە هاووڵاتیان ئاڵای سپییان هەڵكردبوو بۆ بەدووربوون لە مامەڵەی توندی سوپا و بەشێكی تریشیان كە لایەنگری پارتی بوون بە ئاڵای زەردەوە بەرەو پیری سوپا دەهاتن و پێشوازییان لێ دەكردن.״
لیوا ڕوكن (تالیب نەجم عەبدوڵڵا) فەرماندەی میحوەری یەكەمی سوپا بوو، لیوا ڕوكن (ئەیاد فلەیح ڕاوی)یش سەرپەرشتیی میحوەری ڕۆژئاوای دەكرد لەو هەڵمەتەدا، كە ناوی لێ نرابوو هەڵمەتی ״ئاب پشت بە خوا״.
علێوی وتی: ״فەرماندەی هێزەكانی میحوەری باشوور پێی وتین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی نەگەیەنن و ماڵی هاووڵاتیان مەبەن، چونكە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.״
یەكەی ئەمنیی تایبەتی هێزی دەستەبژێر كە سەر بە قوسەی كوڕی سەدام حسێن بوون، چاودێری مامەڵەی سەربازەكان بوون لەگەڵ ئەو شوێنانەی كە دەكەوێتە دەستیان، بەتایبەت لە مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵك و دامەزراوەكاندا.
دیارترین ئەو ڕووداوانەی كە لەو هەڵمەتەدا سەرنجی علێویی ڕاكێشا، چوونی گاردی كۆماری بوو بۆ ناو بینای پەرلەمانی كوردستان، كە بە وتەی ناوبراو پێشمەرگەكانی یەكێتیی بەرگرییەكی توندیان تێدا كرد.
لەناو بینای پەرلەمان و دەرەوەشیدا یەكەكانی گاردی كۆماری و تانك و زرێپۆشەكانیان جێگر كرابوون.
علێوی وتی: ״لەگەڵ ئێوارەی ڕۆژی 31ـی ئاب كەسێك هات بۆ لامان كە وەك نوێنەری پارتی لەناو شاری هەولێر خۆی ناساند و دەستی كرد بە پێدانی پارە بە سەربازەكان، بەڵام یەكێك لە ئەفسەرەكان پێیان وت پێویستمان بە خواردنە نەك پارە، بە دوایدا لۆرییەك سەمون و كاڵەك و ترێ و خەیارمان بۆ هات، لەگەڵ جۆرەها جگەرە لە ماركەی جیهانی.״
ئەو هەڵمەتەی سوپای عێراق لە 31ـی ئابدا ڕووبەڕووبوونەوە تیایدا ڕووی دا كە تا ئێستاش چارەنووسی بەشێك لەو ئەندامانەی یەكێتیی دیار نییە، كە لە كاتی ئەو پڕۆسەیەدا لە هەولێر بوون و توانای هەڵهاتنیان نەبووە.
علێوی وتی: ״فەرمانێكمان بۆ هات كە دەبێت سەرجەم ئەو كەسانەی بە دیل دەگیرێن لەو هەڵمەتەدا ڕادەستی فەرماندەی سەربازیی فیرقەی یەكی سوپا بكرێن، بە چاوی خۆم بینیم سێ كەس لەناو بینایەكی سەر بە وەزارەتی پەروەردەدا دەستگیر كران، دواتر زانیم كە ئەو سێ كەسە سەر بە یەكێتیی بوون و لە بری سوپا ڕادەستی پارتی كراون.״
ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش پشكیان لە دەستگیركردندا هەبووە، بەتایبەت ئەندامانی كۆنگرەی نیشتیمانیی عێراقی كە لە لایەن ئەحمەد چەلەبی ئۆپۆزسیۆنی ئەو كاتەی ڕژێمەوە سەرپەرەشتی دەكران.
علێوی وتی: ״لە یەكێك لە بارەگاكانی كۆنگرەی نیشتیمانی لە ناوچەی قوشتەپە ئەندامانی ئەو كۆنگرەیە دەستگیر كران كە عەرەب بوون، بەرپرسانی پارتی پێیان وتین چەلەبی هاوكاری یەكێتیی بووە، بۆیە ئەندامانی گرووپەكەی دەستگیر بكەن.״
زانیارییەكانی ئەو شەڕە لە لای سوپای عێراق ئاسان بوو بگات بە دەستی علێوی وەك پەیامنێری سەربازی، كە گەیشتبووە (100) كەس لە نێوان كوژرا و برینداردا، كە گاردی كۆماری پشكی شێری بەركەوتبوو.
علێوی وتی: ״كە لەناو هەولێر بووین بەرپرسێكی پارتی ناوی ڕەشید بوو، قسەی لەگەڵ كردین و پێی وتین ئەگەر سەدام دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانە بەهێز بكات، كە كەسانی خراپی تیایە، ئێمە هاوكاریی زیاتری دەكەین.״
كاتێك سوپا چووە ناو هەولێرەوە دوكاندارەكان هیچیان پێ نەدەفرۆشتن، بەو پێیەی سەربازەكان پارەی چاپی تایبەت بە حكومەتی ناوەندیان پێ بوو، دوكاندارەكانیش تەنها بە پارەی تەبعی سویسری مامەڵەیان دەكرد.
״چەكدارانی پارتی دوكاندارەكانیان ناچار دەكرد كە بە پارەی تەبع شت بە سەربازەكان بفرۆشن״.
لە دوای مانەوەیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە دوای 31ـی ئاب لەناو شاری هەولێر، لە بەغداوە فەرمان بە سوپا درا كە هێزی هەر میحوەرێك لەو شوێنەوەی لێوەی هاتووە پاشەكشێ بكەن بۆ پێگەكانی بەر لە هێرشەكە.
علێوی دەڵێت: ״لە دوای كشانەوەمان بارزانی داوای كرد كە بەشێك لە هێزەكانمان لە قوشتەپە بهێڵینەوە تا ئاماژەیەكی وا بدەینە یەكێتیی كە ئەگەر بگەڕێنەوە هەولێر سوپاش دەگەڕێتەوە.״
سەرچاوە: رۆژنامەی ئاژانس – حەسەن شەنون

About دیدار عثمان

Check Also

شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری سەرکردەیەکی رووناکبیری

نووسینی هیواساعدیئایینی و مرۆڤایەتی بووە کە هەڵگری فەلسەفەی یەکسانی و ئازادی و سەربەخۆیی بووە بە …