رێككەوتنەكانی ئاشتیو كۆمەڵەی گەلان
نووسينى
د.عبدالجبار عطيوى جاسم
وەرگێڕانی
نهاد جلال حبیب الله
كۆنگرەی ئاشتی لەپاریس:
كۆنگرەی ئاشتی بەیەكێك لەكۆنگرە گرنگە نێودەوڵەتیەكان دادەنرێتو ئەو لەڕوی گرنگی مێژووییەوە لەدوای كۆنگرەی ڤییەننای ساڵی 1815وە دێتو نوێنەری 27 وڵات تیایدا ئامادەبوون كە نوێنەرایەتی وڵاتە سەركەوتوەكانو ئەوانەیان دەكرد كە لەگەڵیاندا هاوسۆز بوون ئەوانیش:
ئنگلتەرا، فەرەنسا، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، ئیتاڵیا، یابان، بەلجیكا، پولیڤیا، بەرازیل، كوبا، الاكوادۆر، یۆنان، گواتیمالا، هایتی، حجاز، هندوراس، لیبریا، نیكاراگوا، پەنەما، پیرۆ، پۆڵونیا، پرتوگال، رومانیا، صربیا، چیكوسلۆفاكیا، ئۆرگوای.
ووڵاتە دۆڕاوەكان ئەڵمانیاو نەمساو مەجەرو هاوپەیمانەكانیان نوێنەریان تیادا نەبوو هەروەها ڕژێمی نوێ ی ڕوسیاش، وە سەبارەت بەیەكەمیان نوێنەرانیان بانگ كران تەنها بۆ ئیمزا كردن لەسەر پەیماننامەكانی ئاشتی، بەڵام سەبارەت بەڕوسیا نوێنەرانیان پاسەوانە سپیەكان (الحرس الابیچ) بانگكرد كە پشتیوانیەكی بەهێز دەكران لەلایەن شارەكانی وڵاتە گەورەكانەوە.
كۆنگرەی پاریس لە18ی كانونی دووەمی 1919 كرایەوە لەكۆشكی ڤێرسای بەئامادەبوونی (چوار گەورەكە) ولسن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان، لوید جۆرج سەرۆك وەزیرانی ئنگلتەراو كلمنصولر سەرۆك وەزیرانی فەرەنساو اورلاندۆ سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا. كۆنگرەكە لەدوو ئەنجومەن پێكهاتبوو یەكەمیان ناسرا بەناوی(چوار گەورەكە)و پێكهاتبو لەكلمنصور كە بەسەرۆكی كۆنگرەكە هەڵبژێردرا ولسنو لوید جۆرجو ئۆرلاندۆ بەڵام دووەمیان ناسرا بەئەنجومەنی دە (العشرە) كە پێكهاتبوو لە(چوار گەورەكە). خێرا ناكۆكیو جیاوازییە سەختەكانی نێوان بەشداربوانی كۆنگرەكە دەركەوتن، ئەمە ڕاستیەكی نیشاندا كە هەموو دەوڵەتێكی گەورەكان دەیانەوێت بەرژەوەندیو ئاڕاستەكانی خۆیان بەسەر بڕیارەكانی كۆنگرەدا بسە پێنن، بۆیە هەوڵیاندەدا ڕۆڵی خۆیان لەكۆنگرەكەدا بەهێز بكەن بەهیوای ئەوەی گەورەترین پشكی دەستكەوتەكان بەدەستبهێنن، لەم ڕوانگەوە ناكۆكیەكانی نێوان هەریەك لەویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكاو ئنگلتەراو فەرەنساو ئیتاڵیاو یابان قوڵبونەوە.
جا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا كەوەك گەورەترینو دەوڵەمەنترین دەوڵەت لەجەنگدا چوویە دەر، هەوڵیدا پێگەی خۆی لەهەردوو ئەمەریكادا بپارێزێتو هەوڵیدا پێویستی لەناوچەكانی تری جیهاندا هەبێت بەبیانوی دامەزراندنی پەیوەندیگەلێكی نوێ كە ناوی (نیزامی پاش جەنگ)ی لێنا كە مەبەستی بوو. وێڕای زامنی بەرژەوەندیەكانو سەلامەتی خۆی، ئەمە جۆرە هاوسەنگیەكی لەسەر ئاستی كیشوەری ئەوروپا سەپاند كە بووە هۆی دەرنەكەوتنی هیچ هێزێكی ئەوروپی كە بتوانێ لەڕوی چاوچنۆكی یە نوێو بێسنورەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا بوەستێت. داڕشتنی ئەم سیاسەتەش لەچوارچێوەی چواردە بەندە نوسراوەكەی سەرۆك وڵسندا بوو كە جەختی دەكردەوە لەسەر:
1-دانانی كۆتاییەك بۆ دبلۆماسیەتی نهێنیو پوچەڵكردنەوەی.
2-ئازادی دەریاوانیو كردنەوەی هەموو دەروازە ئاویەكان لەكاتی ئاشتیو جەنگدا.
3-لە كارخستنی هەموو لەمپەرە ئابوریەكان بەدیهێنانی یەكسانی لەپەیوەندییە بازرگانیەگانی نێوان گەلاند.
4- كەمكردنەوەی پڕچەككردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ زامنی سەقامگیریو ئاسایشی ناوخۆی هەموو دەوڵەتان.
5-چاوخشانەوە بەكێشەی داگیرگەكاندا.
6-ڕوانین بۆ(كێشەی ڕوسی) لەچوارچێوەی تێگەیشتنی ڕۆژمێری دەوڵەتە گەورەكاندا بۆی.
7-گێڕانەوەی ئەلزاسو لۆرین بۆ فەرەنسا.
8-چۆڵكردنی زەوییەكانی بەلجیكا.
9- گێڕانەوەی سنوری ئیتاڵیا بۆ جارانی خۆییو گۆڕینی ئەو سنورە بەجۆرێك كە لەگەڵ ئەو چاوچنۆكیو خواستانەی ئیتاڵیادا بگونجێت كە لەپێناویاندا چووە جەنگەوە.
10-مافی چارەی خۆنوسین بەگەلانی ئیمپراتۆریەتی نەمساو مەجەر بدرێ.
11-ڕوانین بۆ كێشەكانی بەلقانو چۆڵكردنی زەویەكانی ڕومانیاو سربیاو پێدانی دەروازەیەكی ئاوی بەسربیا بۆ زامنی گەیشتنی بەدەریای ئەدریاتیك.
12-ڕێزگرتنی دەسەڵاتداریو سەربەخۆییی توركیاو پێدانی مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیو زامنی ئازادی تێپەڕینی هەموو دەوڵەتان بەگەروەكانی بسفۆرو دەردەنیلدا.
13-داڕشتنی دەوڵەتی پۆڵۆنیاو پێدانی دەروازەیەك پێی تا بیگەیەنێتە دەریا.
14-دامەزراندنی ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی كە چارەسەری ناكۆكیە نێودەوڵەتیەكان بەچەند ڕێگەیەكی ئاشتیانە بگرێتە ئەستۆی خۆی.
ئەو بنەمایانە هەستو سۆزی ئەو گەلانەیان دەدواند كە ملكەچی دەسەڵاتی نوێ ی بیانی بونو دەسەڵات دەیویست بەو بەندانە ئەو گەلانە بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا ڕابكێشێت، ئەو ئاڕاستانەش كە چواردە بنەماكە دایان نابون لەدەربڕی بەرژەوەندیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بوون لەگەڵ ئەوەی چەند بیرێكی نمونەیییو بنەمای مرۆییان لەڕوخساردا هەڵگرتبوو، كاتێك ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ڕەخنەی گرت لەگواستنەوەی ناوچەكانی سەر بەدەوڵەتە شكستخواردووەكانی ئەڵمانیاو دەوڵەتی عوسمانی بۆ هەریەك لەئنگلتەراو فەرەنساو بەهەوڵەكانی یابان بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر چیندا ناڕازی بوو، ئەمە لەبەر ئەوە بوو كە ئەو كارانەی بەهەڕەشەیەك دەزانی بۆ بەرژەوەنیەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
فەرەنساش پوختەی ئامانجەكانی لەوەدا بوو كە بەرژەوەندی یە داگیركاریەكانی خۆی لەلایەكەوە بپارێزێتو لەلایەكی تریشەوە فراوانكردنی ئەو بەرژەوەندیانەو كاركردن بۆ زامنكردنی سەركەوتنی فەڕەنسی لەكیشوەری ئەوروپیداو لاوازكردنی ئەڵمانیا بەپێناوو ڕێگە جیاجیاكان بەتایبەت بەفشاردانان لەسەری لەباسو خواسی قەرەبوكردنەوەكانی جەنگو دەستگرتن بەسەر گەورەترین ڕوبەرێكی زەویەكانیداو دابەشكردنی ئەوەی كە ماویەتی بۆ چەند دەوڵەتۆكەیەكی بچوك، ئەم ئامانجانە لەلایەكەوە لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی ئەڵمانیاو لەلایەكی تریشەوە لەگەل بەرژەوەندیەكانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا نەدەگونجان.
ئامانجو ئاڕاستەكانی ئنگلتەراش پوخت دەبونەوە لەپاراستنی ئەو سەركەوتنانەی كە لەفراوانكردنی ناوچەكانی ئیمپراتۆریەتەكەیو دڵنیاكردنی سەلامەتی خۆییو ڕێگاكانی پەیوەندی بەرەو ئەوێدا بەدیهاتون، وێڕای جەخت كردنەوە لەسەر مەسەلەی هاوسەنگی نێوان هێزە ئەوروپیەكانو لاواز نەبونی ئەڵمانیا تا ئەو ئاستەی كە فەرەنسا دەیویست، سەرەڕای دابەشكردنی چەند ناوچەیەكی نوێ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكادا بەتایبەت دەریاو ئاوە نێودەوڵەتیەكاندا.
ئیتاڵیاش لەكاركردنیدا ئاراستەكەی بریتی بوو لەجێبەجێكردنی بەشەكانی رێككەوتننامەی نهێنی لەندەن كە چەند هەرێمو ناوچەیەكی پێدەدا، چونكە ئیتاڵیا تینوی ئەوە بوو چەند ناوچەیەكی پێویستەی لەسەر حسابی ئەڵمانیاو نەمساو مەجەرو دەوڵەتی عوسمانی دەستبكەوێت.
سەبارەت بەیابانیش، ئەوا ئامانجە سەرەكیەكانی بریتی بوون لەوەی كۆنگرەی ئاشتی دان بنێت بەڕەوا بونی دەستگرتنی بەسەر داگیرگە ئەڵمانیەكانی ڕۆژهەڵاتی دوردا لەگەڵ ئەو دەسكەوتانەی كە لەو ناوچانەدا بەدەستی هێنابوون. ئنگلتەرا پاڵپشتی داواكاریەكانی یابانی كرد، چونكە بەوە دەیویست دەوڵەتێكی بەهێز دەربكەوێ كە لەڕوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو بەرژەوەندیەكانی لەو بەشەی جیهاندا بوەستێت كە ئەمەریكا هەر لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمەوە نەخشەی بۆ دادەڕشت تا تیایدا ڕەگ دابكوتێت.
شتێكی ئاسایی بوو ئەم ناتەباییانەی ئاڕاستەكانی دەوڵەتە گەورەكانو بەرژەوەندیەكانیان ڕەنگ بدەنەوە لەسەر بڕیاری كۆنگرەكە.
پەیماننامەكانی ئاشتی:
لە 28ی حوزەیرانی 1919دا لەگەڵ ئەڵمانیا پەیماننامەی ئاشتی ئیمزا كرا كە ناسراو بوو بە(پەیماننامەی ڤێرسای)كە یەكێك لەبەندەكانی ئەو پەیماننامەیە ئەلزاسو لۆرینی دەگێڕایەوە بۆ فەرەنسا كە ناوچەی (سار)یشی دەخستە ژێر چاودێریەوە بەڵام دەبێ پاش 15 ساڵ ڕاپرسیەكی تیادا بكرێت تا دانیشتوان بڕیاری داهاتوی خۆیان بدەن. بە پێی بەندێكی تری بڕیاردرا لەناوچەی (شلزویك)ڕاپرسیەك بكرێ كە دانیشتوانەكانی دەنگیان لەسەر ئەوە بوو بچنە پاڵ دانیمارك، بەپێی پەیماننامەكە بڕیار درا هەردوو هەرێمی ئوبەو مالمیدی سەر سنوری بدرێنە پاڵ بەلجیكا، هەروەك بڕیاردرا سەربەخۆیی پۆڵەندا ڕابگەیەنرێت كە دەروازەیەكیشی بۆ سەر دەریا پێدرا، هەروەك شاری دانزك خرایە ژێر چاودێری كۆمەڵەی گەلان بەرامبەر بەوەی پۆڵەندا لەجیاتی ئەو كارگێڕی شارەكە بگرێتە دەست، هەروەك سیلیزیای سەرو دابەشكراو پۆڵەندا زۆربەی بەشەكانی بەركەوت سەبارەت بەداگیرگە ئەڵمانیەكانیش لەئەفەریقا داگیرگەكانی توگۆ كامیرۆن لەنێوان ئنگلتەراو فەرەنسادا دابەشكرانو ئنگلتەراش دەستی گرت بەسەر تنجانیقیاداو ناوچەی ئەفەریقای باشوریش خرایە ژێر ئنتدابی دەوڵەتی باشوری ئەفەریقاو بەلجیكا راوندا درا بەراوندیو كیونیكایش درا بەپورتوگالو دورگەكانی مارشالو دورگەكانی كارۆلینا لەزەریای هادی دران بەیابان، هەروەها ناوچەكانی تسیاچووشاندون لەچین دران بەیابان، غینیای نوێش درا بەئوستورالیاو دورگەی سامورا درا بەنیوزلەندا.
سەرەڕای هەمو ئەمانە، ئەڵمانیا ناچار بوو بەپێی بەندەكانی پەیماننامەی ڤێرسای دەستبەرداری هەمو دەستكەوتو بەرژەوەندیەكانی خۆی بێت لەدەوڵەتی عوسمانیو بولگاریاو ئیمپراتۆریەتی نەمساو مەجەردا.
بەپێی بەندە سەربازیەكانی پەیمانەكە بڕیار درا ناوچەی سەرسنوری لەگەڵ فەرەنسادا لەچەك داماڵرێتو سوپای ئەڵمانی بەسەد هەزار سەرباز دەستنیشان بكرێتو خوێندنگە جەنگیەكانو ڕێبازی خزمەتی زۆرە ملێلە سوپادا لەكار بخرێتو ڕێ بەئەڵمانیا نەدرێت چەند چەكێكی قورسی وەك زرێپۆش (تانك)و تۆپی قورسو فرۆكە بەكار بهێنێت. هەروەك كەشتیگەلی ئەڵمانی دەستنیشانو سنورداركرا بەوەی لە30 كەشتیگەل بەجۆرەكانیەوە زیاتر نەبێت. بە پێی ئەو پەیماننامەیە بەرپرسیارێتی جەنگ درا بەسەر ئەڵمانیاو هاوپەیمانەكانیداو دانی قەرەبویەكی جەنگی بەسەردا سەپێنرا كە لیژنەیەك پێكهات بۆ دەستنیشانكردنی بڕەكەیو جۆری دانەوەكەی.، چونكە دەوڵەتە بەشداربووەكانی جەنگەكە لەسەر بنەمای سەپاندنی قەرەبوودانەوە بەسەر ئەڵمانیا یەكدەنگ بوون، بەڵام لەسەر مەزەندە كردنی بەهای ئەو قەرەبوانەڕای جیاوازهەبوو.
*پەیماننامەی سانت جرمان لەگەڵ نەمسا لە10 ئەیلولی 1919:
پەیماننامەی سانت جرمان كە لەنێوان هاوپەیمانانو نە مسادا بەسترا دیاریكردنێكی نوێی لەخۆ دەگرت بۆ مەشخەڵی دەوڵەتی نەمسا كە ڕوبەرەكەی بە840 هەزار كیلۆمەتر دەستنیشانكرا، بەمە بو بەكۆمارێكی بچوك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی گەیشتە شەش ملیۆنو نیو. هەروەك سوپاكەشی بە30 هەزار سەرباز دەستنیشانكرا، بە پێی ئەو پەیماننامەیە بڕیاردرا ڕێ بەنەمسا نەدرێت لەگەڵ ئەڵمانیا ببێتە یەك. ئەمەو بڕیاردرا هەرێمی تریستا لەنەمسا جیا بكرێتەوەو بدرێتە پاڵ ئیتاڵیا، هەروەك هەردو هەرێمی بوهیمیاو مورافیا دران تشكۆسلوڤاكیاو نەمساش دەستبەرداری گالیسیا بوو بۆ پۆڵەنداو بەڵێنی دا ڕێزی مافی ئەو كەمینە نەتەوەییو ئایینانە بگرێت كە لەچوارچێوەی نەمسادا مابونەوە.
*پەیماننامەی (تریانون) 4ی حوزەیرانی 1920:
لە 4ی حوزەیرانی 1920 لەكۆشكی تریانون ئیمزا كرا لەسەر پەیماننامەیەكی نێوان دەوڵەتانی هاوپەیمانیو مەجەرو بەو پێیە بڕیاردرا:
ڕوبەری دەوڵەتی نوێی مەجەری سنوردار كرا بە92 هەزار كیلۆمەتر دووجاو ژمارەی دانیشتوانەكانی گەیشتە هەشت ملیۆنو سوپای مەجەریش بە35 هەزار سەرباز دەستنیشانكراو بڕیاری سەپاندنی دانی قەرەبوی جەنگی بەسەر مەجەردا درا. بەپێی بەندەكانی تریانون بڕیاردرا هەرێمی ترانسلڤانیا جیابكرێتەوەو بدرێتە پاڵ ڕۆمانیا، هەرێمی كرواتیاو بەشێكی هەرێمی (بانات)یش درا بەیوگسلافیا.
*پەیماننامەی نولی لەگەڵ بولگاریا:
ئەم پەیماننامەیە لەنێوان هاوپەیمانانو بولگاریا لە27ی تشرینی دووەمی سالی 1919دا ئیمزا كراو تیایدا هاتووە:
1- سوپای بولگاری بە20 هەزار سەرباز دەستنیشان بكرێت.
2- بەشێكی گەورەی بەشەكانی ڕۆژئاوای بولگاریا جیابكرێتەوەو بدرێت بەیوگسلافیا لەگەڵ ئەوەی دەزانرا زۆرینەی خەڵكی ئەو ناوچەیە لەبولگارەكان بوون.
3- بڕیاردرا تراقیای ڕۆژئاوابدرێت بەیونان.
لە كۆتایدا دانی قەرەبویەكی جەنگی بەوڵاتانی سەركەوتوو لەلایەن بولگاریاوە لەئەستۆگرتنی خەرجی هەموو ئەو لیژنانەی بەسەردا سەپێنرا كە پێكدەهاتن بۆ ئاگابوون لەخراپیەكانی پەیماننامەكەو بونی ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەی لەئەنجامی ئەوەدا لەسەر زەوی بولگاریا دەبوون.
*پەیماننامەی سیڤەر لەگەڵ توركیا:
ئیمزاكردنی پەیماننامەی سیڤر لەنێوان دەوڵەتانی هاوپەیمانانو دەوڵەتی عوسمانیدا لە10 ئابی ساڵی 1920دا كرا.
لە بەندەكانیدا هاتووە كە ناوچەی گەروەكانی (دەردەنیلو بسفۆر) چەند ناوچەیەكی لەچەك داماڵراو بنو لیژنەیەكی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی بكاتو چەندین ناوچەش وێڕای ناوچەی گرنگی ئەزمیر بدرێت بەیۆنان، هەروەك بڕیاردرا ئیتاڵیا هەردوو دورگەی ڕۆدسو دودیكانز وەربگرێتو سەربەخۆیی ئەرمینیا لەبەشی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدا ڕابگەیەنرێت بەمەرجێك ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا سەرپەرشتی بێتو دەسەڵاتی خۆییش بدرێت بەكوردستان ئەگەر دانیشتوانەكانی حەزیان بەوە بوو، هەروەها بەپێی سیڤەر بڕیاردرا بوو سوپای توركیو هێزە جەندرمەكانو تەنانەت پاسەوانی تایبەتی سوڵتان سنوردار بكرێت.
ئەمەو ناڕەزاییەك لەڕوی پەیمانی سیڤەردا بەڕێوە چوو بەتایبەت لەلایەن بزوتنەوەی كۆماری بەسەركردایەتی مستەفا كەمال كە توانی ئەو پەیمانە لەكار بخاتو بیگۆڕێ بەپەیماننامەی لۆزانی ساڵی 1923كە بەو پێیە بڕیاردرا:
1-حكومەتی توركی دەسبەرداری نیمچە دورگەی عەرەبیو سوریاو عێراقو فەلەستینو مسرو سودانو قبرص بێت.
2- توركیا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئاستانەدا بگێڕێتەوەو داننانی تەواو بنرێت بەدەسەڵاتی توركیا بەسەر ئەنادۆڵدا.
3-قەرەبوكردنەوە جەنگیەكانی سەر توركیا بەپێی سیڤەر دانرابوون لەكاربخرێن.
4-بڕیاردرا گەروەكان بۆ هەمو كەشتیەكان ئازاد بن، هەروەك ڕێ لەتوركیا گیرا لەوەی چەند بنكەیەكی سەربازی یان قەڵا لەلاكانی گەروەكانەوە دابمەزرێنێتو توركیاش دەسەڵاتی خۆی گێڕایەوە بەسەر دورگەی ئەمبروسو دورگەی تیندوس دا بەهۆی نزیكیان لەدەروازەی دەردەنێلو بڕیاردرا ئاڵوگۆڕو هاتوچۆی نێوان كەسانی یۆنانیو توركی لەچەند ناوچەیەكی سەر سنوردا هەبێت.
پەیماننامەكانی ئاشتی بون بەبنەڕەتێك بۆ ئەو پەیوەندیە نێودەوڵەتیانەی كە جیهانی دوای جەنگی یەكەمی جیهانییان گرتبوەوەو لەچوارچێوەی ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیەكانی دەوڵەتە سەركەوتوەكانداو لەسەر حسابی بەرژەوەندیەكانی دەوڵەتانی تربوو. بۆیە بەلاپەڕەیەكی شوم دادەنرێت بۆ مێژوی ئەو گەلانەی كە لەدەسەڵاتی بیانیەكەوە دەرچون تا بچنە ژێر دەسەڵاتی بیانیەكی نوێوە.
ئەو پەیماننامانە چەندین كێشەی نێودەوڵەتیان لەسەر باری پێشو هێشتەوەو چەند گرفتێكی نوێشیان بۆ زیادكردن كەوا دواتر یاریدەدەربون بۆ هاتنە كایەی نالەباریەكی گەورەی سیاسی كە بەهەڵگیرساندنی جەنگی دووەمی جیهانی كۆتایی پێهات. شیاوی باسە (كۆمەڵەی گەلان) كە بەبەرهەمی كۆنگرەی ئاشتی دادەنرێت بەدرێژایی ساڵانی بوونی تەواو گیرۆدەی دەست ئەو كێشانە بوو.
*كۆمەڵەی گەلان:
كۆمەڵەی گەلان لەئەنجامی داوای چەندین بڕیارو ڕیكخراوو گەلدا پێكهات بۆدامەزراندنی دەستەیەكی نێودەوڵەتی كە رۆڵی سیاسی ببینێت لەرێكخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانو ئەو گرفتانەی دێنە ڕێی وەك پاراستنی ئاشتی جیهانی وپەنابردن بۆ جەنگ وەك پێناوێك كە ئەو گرفتو ناكۆكیانە چارەسەر بكات.
كۆمەڵەكە لەسەر جەنگێكی وێرانكەر دامەزرا، جا دەوڵەتە سەركەوتووەكان ویستیان بەهێشتنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر دەوڵەتانی ژێردەستیان بەداڕشتنی یاسایەكی نوێ قەرەبوی زیانەكانیان بكەنەوە كە ئەو یاسایە كۆبوونەوەی نێودەوڵەتی دانی پێدا بنێت، شیاوی باسە بیرۆكەی دامەزراندنی ڕێكخراوێی نێودەوڵەتی لەبەندەكانی وێڵسنەوە هات.
لە 25 كانونی دووەمی ساڵی 1919دا ئەنجومەنی باڵای هاوپەیمانان بڕیاردا بەپێكهێنانی لێژنەیەكی بەشداربوی نوێنەری 14 دەوڵەتی بەسەركردایەتی سەرۆكو وڵسن بۆدانانی بەڵێنی كۆمەڵەكە تا ببێتە بەشێك كەلە پەیماننامەكانی ئاشتی جیانەكرێتەوە.
پرۆژەی بەڵێنەكە كە لیژنەكە لە28نیسانی 1919دا ئامادەی كرد بووچەسپاو بەشێوەیەكی رەسمیلە 10كانونی دووەمی ساڵی 1920 دا كۆڵەی گەلان كرایەوەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایش نەچوە ناوی، چونكە كۆنگرێسی ئەمەریكی دانی بەپەیماننامەكانی ئاشتیدا نەنا.
ئامانجە سەرەكیەكانی كۆمەڵەی گەلان بەپێی ئەوەی لەبە ڵێنەكەی دا هاتووە، پوخت دەبنەوە لە:
1- پێكهێنانو پاراستنی ئاشتیو ئاسایشی نێودەوڵەتی.
2- كاركردن بۆ پتەو كردنی هریكاری نێوان دەوڵەتان.
3- پەنابردن بۆ هێزلە چارەسەری كێشەو باسو خواسە نێودەوڵەتیەكاندا.
4- ڕێزگرتنی یاسا نێودەوڵەتیەكانو ئەو پەیمانو بەڵێنانەی كە لەپەیماننامە نێودەوڵەتیەكاندا هاتووە.
5- دامەزراندنی چەند پەیوەندیەكی پتە وو دۆستانە لەنێوان دەوڵەتە جیاجیاكاندا لەسەر بنەمای یەكسانیو دادپەروەری.
6- لە بەڵێنەكەدا مادەیەك هاتبوو كە پەیوەست بوو بەشێوەی كارگێڕی داگیرگە ئەڵمانیەكانی پێشوو لەگەڵ ئەو ناوچانەی كە ملكەچی دەوڵەتی عوسمانی بوون لەچوارچێوەی ئەوەدا كە ناسراوە بەنیزامی ئنتیداب كە تیایدا هاتووە:
گەلانی وڵاتانی لێسەنراو لەئیمپراتۆریەتی عوسمانیو ئەڵمانی پاش پێگەیشتنی سیاسیان نە گەشتنە پەیڕەوی دەسەڵاتو سەربەخۆیی، بە ڵكو پێویستیان بەڕاوێژو یارمەتی دەوڵەتە گەورەو پێشكەوتوەكان بوو بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی تەواو.
لە ماددەی 22 ی بەڵێنی كۆمەڵەی گەلاندا هاتووە كە پێویستە ئەو گەلانە بخرێنە ژێر ئنتیدابی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیانەی كە مافیان هەیە ئەو ئەركە بدەنە دەست یەكێك لەدەوڵەتانی ئەندام ئەو ماددەیە ئەو وڵاتانەی بۆ سێ دەستە دابەشكرد:
دەستەی (أ): ئەو وڵاتانە لەخۆ دەگرێ كە گەشتبونە پلەیەكی پێویستی پێشڕەویو گەشەسەندن كە دەیانتوانی خۆیان كارگێڕی خۆیان بكەن، پاشان ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی خۆیان، بەڵام بەشێوەیەكی كۆتو بەند. ماددەی 22 مافی هەڵبژاردنی ئەو دەوڵەتەی بەگەلانی ئەم دەستەیە دا كە ڕاوێژیان هاریكاری كارگێڕی پێشكەش دەكرد تا بگەنە سەربەخۆیی، ناوچە عەرەبیەكانی سەر بەدەوڵەتی عوسمانی خرانە ناو ئەم دەستەیەوە0
ب: ئەو وڵاتانەی لەخۆ دەگرت كە بارودۆخیان وای دەخواست لەسایەی ئنتدابدا كارگێڕی ناوچەیی خۆیان بگرنە دەستو ڕێزی ئازادیە ئایینیو مەدەنیەكان بگرنو رێ نەدەن بەدامەزراندنی بنكە سەربازیەكانو یەكسانی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندامی كۆمەڵەی گەلاندا زامن بكەن، كۆمەڵەش یەكێك لەئەندامانی خۆی هەڵدەبژارد تا ئەركی ئنتداب بەسەر ئەو گەلانەوە بگرێتە دەست، لێرەدا وەك گەلانی دەستەی ئەلف نییە كە خۆیان ئەو كارە بكەن. ئەو گەلانەی دەچونە ئەو بەندەوە بریتی بوون لەگەلانی ئەفەریقیای ناوەڕاست.
ج:ئەمە داگیرگە ئەڵمانیەكانی دوور لەمەڵبەندەكانی ژیار دەگرێتەوە لەباشوری ڕۆژئاوای ئەفەریقاو دورگەكانی زەریای هادی. كۆمەڵەی گەلانیش یەكێك لەئەندامانی خۆی هەڵدەبژێرێت تا ئەركی ئنتداب بگرێتە دەست كە مافی هەڵسوكەوت كردن بەو وڵاتەی هەبووە وەك ئەوەی بەشێكی خاكی كەسی ئینتدابی بێتو یاسا تایبەتیەكانی خۆی بەسەردا بچەسپێنێت. ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی ئەو بەڵێنەی كۆمەڵەی گەلانیان ئیمزا كرد لەكاتی پێكهێنانیدا 32 دەوڵەت بوون كە ناسراون بەدەوڵەتە دامەزرێنەرەكان0 ئەو ئەندامانەی تریش كە دایانە پاڵ كۆمەڵەكە دوای پێشكەشكردنی داواو ڕەزامەندی دامو دەزگا تایبەتەكانو بەئەندامانی هەڵبژێردراو ناسرانو بڕیار درا پێگەی كۆمەڵەی گەلان شاری جنێف بێت لەسویسراو ئنگلیزیو فەرەنسی بەدوو زمانی ڕەسمی كۆمەڵەكە دابنرێن.
كۆمەڵەی گەلان لەم دەستانەی خوارەوە پێكدێت:
كۆمەڵە(الجمعیە):
ئەمە پێكدەهات لەنوێنەرانی هەموو ئەندامانی كۆمەڵەی گەلان بەمەرجێك نوێنەرانی دەوڵەتێك لەسێ نوێنەر تێنەپەڕن كە دەنگدان تەنها بۆ یەكێكیان دەبێت.
كۆمەڵەكە لەمانگی ئەیلولی هەموو ساڵێكدا خولی ئاسایی خۆی دەبەست، وێڕای ئەوەش دەكرا بۆ بەستنی چەند كۆبونەوەیەكی نا ئاسایی كۆمەڵەكە بانگبكرێتو لەهەموو بارێكیشدا كۆبونەوە مەرج بوو بۆ بڕیاردان تیایدا جگە لەو بڕیارە لێپێچینەوانەی كە رێككەوتون بەزۆرینە بێت وەك بڕیارەكانی پەیوەست بەقبوڵكردنی ئەندامی نوێ.
ئەنجومەن:
ئەنجومەن پێناوی جێبەجێكەری ڕێكخراوەكە بوو تایبەتمەندی لەكۆمەڵە فراوانتر بوو دوو جۆر وڵاتی لەخۆدەگرت:
دەوڵەتە هەمیشە ئەندامەكان كە ژمارەیان لەكاتی دامەزراندنی ڕێكخراوەكەدا پێنج دەوڵەت بوو كە بریتیبوون لە:ئنگلتەراو فەرەنساو ویلایەتە یەكەكگرتووەكانی ئەمەریكاو یابانو ئیتاڵیا، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پەیڕەوی ئەو مافەی نەدەكرد، چونكە وەك پێشتر باسمان كرد كۆنگرێسی ئەمەریكی دانی بەبەڵێنەكەی كۆمەڵەی گەلاندا نەنا، لەماوەیەكی دواتریشدا ئەڵمانیاو یەكێتی سۆڤیەت مافی ئەندامێتی هەمیشەییان بەدەست هێنا.
جۆری دووەم ئەو ئەندامانە بوون كە لەلایەن كۆمەڵەوە بۆ ماوەیەكی كاتی دیاریكراو هەڵدەبژێرانو لەكاتی پێكهێنانی كۆمەڵەدا ژمارەیان 4 دەوڵەت بوو، دواتر لەساڵی 1936دا بوون بە11 دەوڵەت، ئەنجومەن دەست بەكاری هەبوو لەپاراستنی ئاسایشی جیهانیدا، ئیتر بەڕێگەی ئاشتی بێت یان بەپەنابردنە بەر سزای ئابوریو سەربازی بەكۆی دەنگەكان. بەڵێننامەكەی كۆمەڵە شێوەی چارەسەری ناكۆكیەكانی لەڕێگەی لێكۆڵینەوەی لەئەنجومەندا دەستنیشانكرد، ئەگەر ئەمە نەگەیشتە رێككەوتنێك سەبارەت بەكێشە بەردەستخراوەكان، ئوا ئەندامان مافی هەڵسوكەوتپێكردن بەشێوەیەك بۆخۆیان دەپارێزن كە بۆ بارو هەڵوێستی خۆیان بەباشی دەزانن، بەڵێننامەكە جەختی دەكردەوە لەسەر سزاكان كە دەبێت بەسەر دەوڵەتانی تاوانباردا بسەپێنرێت، بەمە هەموو ئەندامانی كۆمەڵەی گەلانی پەیوەست دەكرد بەپچڕاندنی هەموو پەیوەندیە ئابوریەكانو بوارەكانی تر لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا.
*ڕاسپاردەی گشتی یان سكرتاریەت:
ئەمەش دەستەی بەردەوامی ناو كۆمە ڵەیەو لەسەرو هەمویانەوە ئەمیندارێتی گشتی لەلایەن ئەنجومەنەوە بەیەك دەنگ هەڵدەبژێرێتو كۆمەڵەش بەزۆرینەی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر دەردەبڕن. یاریدەدەرانێكیش یارمەتی ئەمیندار دەدەن كە بەڕەزامەندی ئەنجومەن هەڵیان دەبژێرێت، هەروەها كۆمەڵێ كارمەند هەبوون. ئەركی سكرتاریەت ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەو بەڵگەنامە گرنگەكان بوو بۆ ئەنجومەنو كۆمەڵە، لەكاتی هەڵگیرساندنی جەنگ یان چەند بارێكدا كە هەڕەشەی جەنگ بكەن، سكرتێری گشتی ئەنجومەن بانگهێشت دەكات بۆ كۆبونەوە.
ڕۆڵی كۆمەڵەی گەلان تەواو سنوردار بوو، چونكە ئەو ڕاو بۆچونانەی تیایدا زاڵبوون دەربڕی ڕای دەوڵەتە سەركەوتووەكان بوونو مۆركی ئەوروپیو بەشێوەیەكی تایبەتیش مۆركی بەریتانیو فەرەنسی بەسەر هەموو چالاكیەكانی دا زاڵبوو، لەگەڵ ئەمەشدا لەگەڵ كەموكورتیەكانی دا هەنگاوێكی پێشڕەوی بوو بەئامانجی هاریكاریەكی ڕێكخراوو بەردەوامی نێودەوڵەتی.
لەگەڵ ئەم سروشتەشیدا، چەندین كێشەی گرنگی چارەسەركردو چارەسەری بۆ هەندێكیان دانا، لەگرنگترینیان ململانێی نێوان سویدو فنلەندا بوو لەسەر دورگەكانی(ئەلەند)و رَاپرسی لەسیلیزیای سەروو دیاریكردنی سنوری یوگسلافیای ئەلبانیو سنوری یوگسلافی یۆنانیو سنوری نێوان یۆنانو بولگاریا، چاویشی خشاند بەململانێی نێوان ئیتاڵیاو یۆناندا لەسەر دورگەی كورفو ململانێی نێوان پۆلیڤیاو ئۆراگوای بەهۆی هەرێمی (تشاكو)وە، ململانێی نێوان یابانو چینو نێوان عێراقو توركیا لەسەر ویلایەتی موسڵو نێوان لیتوانیاو پۆڵۆنیا لەسەر شاری فلنسو چە ندین كێشەی تری نێودەوڵەتی كە كۆمەڵەی گەلان توانی هەندێكیان چارەسەر بكات، بەڵام لەچارەسەری كێشە سەرەكیەكانی تردا سەركەوتونەبوو بەتایبەت مەسەلەی چەك داماڵینو كاركردن بۆ كەمكردنەوەی خۆپڕچەك كردنو كێشەی دەست تێوەردانە جەنگی ناوخۆ لەئیسپانیا لەساڵی 1936و هەروەها دەست درێژی ئیتاڵی بۆسەر حەبەشە، هەروەك نەیتوانی ڕێ بگرێت لەڕودانی جەنگی دووەمی جیهانی. پێویستە لێرەدا ئەو ڕۆڵە باشانە باس بكەین كە چەند دەستەیەكی نێودەوڵەتی بینیان كە لەچەند لایەنێكی ژیانی گەلانو دەوڵەتاندا ڕۆڵیان بینی وەك ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتیو دادگای دادی هەمیشەیی نێودەوڵەتی.
ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی: لەماددەی 23ی بەڵێنی كۆمەڵەی گەلاندا هاتووە كە پێویستە ڕێكخراوێك دابمەزرێت بۆ كاری نێودەوڵەتی كە ئامانجی ئامادەسازی چەند بارێكی دادوەرانەی مرۆییانە بێت بۆ كرێكارانی ژنو پیاوو منداڵ لەهەموو بەشو ناوچەكاندا. لەساڵی 1919دا دەستەیەكی سەربەخۆ دامەزراو لەچوارچێوەی كۆمەڵەی گەلاندا كاری كردو یاسا دانانە تایبەتیەكانی دانا بەشاككردنی باری گەلانو مەرجەكانی كارو ڕێكخستنی ماوەی كارو نەهێشتنی بێكاری لەگەڵ داننان بەبنەمای ئازادی سەندیكاكان. ئەوەی ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی جیادەكاتەوە ئەوەیە كە حكومەتو كرێكارو خاوەن كارەكانی لەخۆدەگرت، گرنگترین دەزگاكانی ڕێكخراوی كاریش بریتیبوون لە:
كۆنگرەی گشتی: یان كۆنگرەی كاری نێودەوڵەتی كە بەرزترین دەزگا بوو هەموو دەوڵەتێك بەدوو نوێنەر بەشداری تیادا دەكردویەكێكیان لەكرێكارانو ئەویتریش لەخاوەن كارەكان بوو.
ئەنجومەنی كارگێڕی: كە سەرپەرشتی كارەكانی سكرتاریەتی دەكردو دابەشكردنی كارەكانی كۆنگرەكانی دادەناو لەچل ئەندام پێكدەهات، بیستیان لەحكومەتو دەیش لەكرێكارانو دەكەی تریش لەخاوەن كارەكان.
سكرتاریەتی گشتی: كە بەڕێوەبەرێكی گشتی سەركردایەتی دەكردو مەڵبەندەكانی لەجنێف بوو لەسویسرا.
دادگای دادی هەمیشەیی نێودەوڵەتی 1922
پرۆژەیەكی تایبەت دانراو پێشنیاری پێكهێنانی دادگایەكی دادی نێودەوڵەتی دەكرد كە گوێبیستو بینەری سكاڵا نێودەوڵەتیەكان بێتو بڕیارە ڕاوێژكاریە تایبەتیەكان بەهەموو ناكۆكیەك دەربكات، لە15 دادوەر پێكدەهاتو بۆ ماوەی 9 ساڵ هەڵدەبژێررانو پێگەی دادگا كە لەشاری لاهای بێت لەهۆڵەندا، پەنابردن بۆ دادگا كە سەبارەت بەدەوڵەتان بەخواست بوو، دادگاكە كەلە چارەسەری ناكۆكیە نێودەوڵەتیەكاندا هیچ ڕۆڵێكی بەرچاوی نەدەبینی، بەتایبەت كە كەوتبووە ژێر كاریگەری دەوڵەتە خاوەن هە ژمونو زاڵەكان بەسەر چالاكیەكانی داگای نێودەوڵەتیدا.