پێنج شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 10 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / كامیان ئاڵای كوردستانه‌؟

كامیان ئاڵای كوردستانه‌؟

عه‌لی سیرینی

 

ئه‌م ئاڵایه‌ سوره‌ی ئێستای توركیا، كه‌ مانگ و ئه‌ستێره‌یه‌كی سپی تێدایه‌، هی تورك نیه‌. ئه‌مه‌ ئاڵای سه‌رجه‌م میلله‌تانی خیلافه‌ی عوسمانیی بوو. له‌ ژێر ئه‌م ئاڵایه‌، بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ میلله‌تی كورد خوێنی ڕشتووه‌، بۆ به‌رگری كردن له‌ دین و ئیمان و خاك. چیڕۆكێكی هه‌ره‌ به‌ ناو بانگی ئه‌م ئاڵایه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كاتێك سوپای عوسمانیی (كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی كورد بوو) له‌ جه‌نگدا بوو له‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان، خوێنێكی زۆر ڕژا بوو، شه‌ویش مانگ و ئه‌ستێره‌كان له‌ نێو خوێنه‌كه‌دا وێنه‌كه‌یان ده‌رده‌كه‌وێت. له‌وكاته‌وه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ ده‌بێته‌ ڕه‌مز بۆ خوێنی شه‌هیدان، مانگ و ئه‌ستێره‌كه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئیسلام و مسوڵمانان. تا خیلافه‌ی عوسمانیی ڕوخا، هیچ كوردێك كێشه‌ی له‌ گه‌ڵ ئه‌م ئاڵایه‌ نه‌بووه‌و به‌ هی خۆی زانیوه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌مین زه‌كی به‌گی نوسه‌ری مێژووی كورد و كوردستان ئه‌م ئاڵایه‌ی به‌ هی خۆی زانیوه‌و كێشه‌ی له‌ گه‌ڵی نه‌بووه‌.

كه‌چی له‌ولاوه‌ ده‌بینین ئاڵای ئێران كه‌ ڕه‌نگی سه‌وز له‌ سه‌ره‌وه‌یه‌و سپی له‌ ناوه‌ند و سور له‌ خواره‌وه‌، له‌ سه‌رده‌می شا، شێرێك له‌ ناوه‌نده‌كه‌ی بوو، دواتر خومه‌ینی گۆڕی به‌ وشه‌ی (الله)، كه‌ زیاتر له‌ هێمایه‌كی سیخه‌كان ده‌چێت، كراوه‌ به‌ ئاڵای كوردیش له‌ كاتێكدا هیچ په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ نیه‌. به‌ هه‌ر حاڵ هه‌موو ئه‌و نوسه‌ره‌ ئه‌وروپیی و ئه‌مریكییانه‌ی له‌ سه‌ر كورد نوسیوییانه‌، وه‌ك ولیام ئیگلتن، جۆناثان ڕاندڵ، هارڤی مۆریس و جۆن بلۆخ، مارتن ڤان بڕۆینسن، كرێس كۆچیرا…هتد سه‌رنجییان داوه ‌و كۆكن كه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ی ئێستا بۆ كوردستان دانراوه‌، هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نیه‌، به‌ڵكو ئاره‌زووی چه‌ند گه‌نجێكی خوێن گه‌رم بووه‌ له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، كه‌ هاتووه‌ته‌ كه‌للـه‌یان ئاڵای ئێران سه‌ره‌و ژێر بكه‌ن و بیكه‌ن به‌ ئاڵای كوردستان. واته‌ ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئاڵای ئێران كه‌ سه‌وز له‌ سه‌ره‌وه‌یه‌و سور له‌ خواره‌وه‌. ئه‌وه‌ی كوردستان، سوره‌كه‌یان خسته‌ سه‌ره‌وه‌و سه‌وزه‌كه‌ش بۆ خواره‌وه‌. ئیتر خۆرێكیش دانراوه‌ له‌ شوێنی شێره‌كه‌ی شای ئه‌و زه‌مان و وشه‌ی (الله) كه‌ی خومه‌ینی. شێخ سه‌عیدی پیرانیش هیچ گرفتێكی له‌ گه‌ڵ ئه‌م ئاڵایه‌ نه‌بووه‌. هه‌روه‌ها شێخ مه‌حمودی حه‌فیدیش هه‌مان ئاڵای به‌كار هێناوه‌ به‌ زیاد كردنی ڕه‌نگی سه‌وز له‌ دوای هێمای مانگی به‌ ڕه‌نگی سپی له‌ نێو بازنه‌یه‌كی سور. واته‌ شێخی حه‌فید ته‌نها ڕه‌نگی سه‌وزی وه‌ك باكگڕاوندێك بۆ ئاڵای عوسمانیی زیاد كردووه‌و هیچی تر. ڕه‌نگه‌ سه‌وزه‌كه‌ش بۆ شێخی حه‌فید دیسانه‌وه‌ بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌كه‌مییان چونكه‌ خۆی سه‌ید بوو و به‌ ئه‌سڵ له‌ ئالوبه‌یتی پێغه‌مبه‌ره‌ (د.خ)، كه‌ ڕه‌نگی سه‌وز هێمایه‌كه‌ بۆ ئه‌وان. ئنجا به‌ گشتیش، ڕه‌نگی سه‌وز هێمایه‌كی ئیسلامییه‌ له‌ مێژوودا. كه‌واته‌ ئه‌م ئاڵایه‌ی ئه‌مڕۆی توركیا له‌ ئه‌سڵدا ئاڵای كوردیشه‌، زۆر زیاتر ئاڵای كوردستانه‌ له‌و ئاڵایه‌ی ئه‌مرۆ به‌ درۆ كراوه‌ته‌ ئاڵای كوردستان، كه‌ له‌ سه‌رده‌می خۆیبون به‌ جۆرێك بووه‌، له‌ كۆماری مه‌هابادیش به‌ جۆرێكی تر و له‌ ئێستای هه‌رێمی كوردستانیش شتێكی جیاوازتر. وێڕای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ و هه‌ندێك پارتی تریش دانی پێدا نانێن. به‌ڵكو له‌ ئاستی كوردبوونداو له‌ ئاستی مێژوو، ناكرێت به‌راورد بكرێت له‌ نێوان ئه‌م ئاڵایه‌و ئاڵای سوری عوسمانیی كه‌ ئێستا هی توركیایه‌، به‌ڵام وه‌ك ڕاستییه‌كی مێژووی هی كوردیشه‌ گه‌ر زیاتر له‌ تورك نا كه‌متر نا. ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌ته‌و نابێت بیشارینه‌وه‌ له‌ به‌ر شه‌رم و ترس و…هتد. ڕاستیه‌كه‌ی وه‌كو كوردێك، ئه‌م ئاڵایه‌ی ئێران به‌ هی خۆمی نازانم. ئه‌و ئاڵایه‌ی شێخ مه‌حمودی حه‌فید و شێخ سه‌عیدی پیران ئاڵای منه‌. ئه‌و ئاڵایه‌ی باوك و باپیرانمان بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌ خوێنییان له‌ ژێری ڕشتووه‌ ئه‌مه‌ ئاڵای منه‌. گه‌ر ئاره‌زووی سێ چوار گه‌نجیش بكرێت به‌ پێوه‌ر بۆ كوردایه‌تیی، له‌وه‌ ئاسانتر نیه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك چه‌ند گه‌نجێك كۆ ببنه‌وه‌و ئاڵایه‌ك بۆ خۆیان بكه‌ن به‌ ئاڵای كورد. به‌ڵام كاتێك گه‌لێك ئاڵایه‌ك بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌وا له‌ سه‌ر بنه‌مای مێژوو و شوناس و دین و مانا قووڵه‌كانی بوونی خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێت. وه‌ك گه‌لیش، بنه‌مای مێژوو و شوناس و دین و مانا قووڵه‌كانی ئێمه‌ی كورد دیارن چین!

وێنه‌كان:

یه‌كه‌م: ئاڵای خیلافه‌ی عوسمانیی (واته‌ ئاڵای كورد و تورك و میلله‌تانی مسوڵمان).

دووه‌م: ئاڵای مه‌مله‌كه‌تی شێخ مه‌حمودی حه‌فید.

سێیه‌م: ئاڵای ئێران و فه‌رخه‌كه‌ی به‌ ته‌نیشتیه‌وه‌و به‌ وه‌رگه‌ڕاویی كه‌ به‌ شێوازێكی هه‌ڕه‌مه‌كیی كراوه‌ به‌ ئاڵای كوردستان.

14031150_1753631738208735_1407479254_n 14012060_1753631751542067_181439626_n

14018158_1753631781542064_1319149034_n

About دیدار عثمان

Check Also

جوگرافیای مێژووی ناوچەی «جیبال» جوگرافیای کوردستان لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا

 د. ئیسماعیل مەحموودی  روونکردنەوەی جوگرافیای مێژوویی  کوردستان ، پێویستی بە توێژینەوە لە سەر هەندێک لەو …