Home / ناوداران / مسعود بارزانی ژیانێکی ئاڵۆز

مسعود بارزانی ژیانێکی ئاڵۆز

مسعود بارزانی ژیانێکی ئاڵۆز

304593_250536974990581_144823622_n

وردەکاری ژیانی تایبەتی بارزانی
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

رووداو – ھەولێر

مەسعود مستەفا شێخ محەمەد شێخ عەبدولسەلام شێخ عەبدوڵڵا شێخ تاجەدین 16-8-1946 لە مەھاباد لە سەروبەندی کۆماری کوردستان لە دایک بووە، لە تەمەنی 10 ساڵی بۆ یەکەمجار باوکی خۆی بینیوە و لەگەڵ ئامۆزای خۆی هاوژینە و، خاوەنی 8 منداڵە، ئێستا بارزانی یەکێکە لە ناسراوترین کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان”.
“دایکم ژنێکی زۆر میھرەبان بوو، ھەم دایک بوو ھەم باوک”

دایکی مەسعود بارزانی ناوی حەمائیل خانە کچی مەحموود ئاغای زێبارییە و، رۆڵی گەورەی لە ژیانی کوڕەکەی گێڕاوە، لە ھەڤپەیڤنێکدا کە لە ساڵی 2009 ئەنجامیداوە بارزانی دەڵێ: ” دایکم ژنێکی زۆر میھرەبان بوو، نەیھێشت بۆشایی باوکم بۆ دروست بێت”.

بارزانی قۆناخی سەرەتایی لە موسڵ خوێندووە، پاشان لە بەغدا دەستی بە خوێندنی ناوەندی کردووە.

دوای 10 ساڵ و  لە 6-10-1958 بارزانی بۆ یەکەمجار باوکی خۆی بنیوە، ئەمەش دوای ئەوەی مستەفا بارزانی لە موسکۆەوە گەڕایەوە بەغدا، لەمبارەیەوە بارزانی دەڵێ ” بە بیرم دێت بۆ یەکەمجار باوکمم بینی، خەڵکی زۆر کۆبوونەوە و وەکو قارەمانێک لە بەغدا پێشوازی لێکرا، بۆ ئێمە مایەی سەربەرزی بوو”.

“باوکت چووە بۆ مۆسکۆ بۆ ئەوەی شیرینیت بۆ بھێنێت”

مەسعود بارزانی چیرۆکێکی خۆشی خۆی و دایکی دەگێڕیتەوە و، دەڵێ:” من حەزم لە جۆرێک شیرینی بوو، ھەموو جارێک دەمگوت دایە باوکم لە کوێیە و ئەویش دەیگوت: کوڕم چووە لە مۆسکۆ شیرینیت بۆ بھێنی، پاشان کە کەمێک گەورەبووم، زانیم باوکم ئاوارە بووە”.

بە موعجیزە لە ھێرشی فڕۆکە رزگاری بوو

مەسعود بارزانی و براکانی لە گەڕەکێکی شاری بەغدا لە نزیک قوتابخانە دەژیان، بارزانی باوکیشیان لە گەڕەکی ساڵحییە دەژیا، بارزانی دەڵێ:” ھەموو رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی دەچووینەوە لای باوکمان، بەڵام باوکم لە ئاداری 1961 بەغدای جێھیشت ئێمەش لە مانگی 6 ھەمان ساڵ دوای کۆتایی تاقیکردنەوەکان گەڕاینەوە بارزان”.

بارزانی لەبارەی گەڕانەوەیان دەڵێ ” ئێمە گەڕاینەوە بارزان و پرسیارمان دەکرد ئایا دەگەڕینەوە قوتابخانە لە بەغدا، کەچی کەس وەڵامی پێ نەدەداین، تاوەکو لە بەرەبانێک 4 فڕۆکەی جۆری مێگی عێراقی بۆردوومانیان کردین، ئێمە بە موعجیزە لە ژێر ئەو چادرە رزگارمان بوو، ئیدی شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکرد”.

باوکم گوتی: تۆ نە لەو پێشمەرگانە گرنگتری نە گەورەتری

مەسعود بارزانی لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە گوندی بێداروون، ئەو لەمبارەیەوە دەڵێ:” باوکم لەگەڵ ھاوڕێیەکانی چوونە دەڤەری بەرواری باڵا، لەوێ خۆیان گرتەوە ئیدی رۆژ لە دوای رۆژ شۆڕشگێرانی ئەم گەلە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە دەکرد، ئێمەش لەگەڵ مام شێخ بابۆ لەو گوندە ماینەوە، ئەو ماوەیە وەکو مام و باوکێکی میھرەبان بوو”.

بارزانی لە تەمەنی 16 ساڵیدا و لە 20-5-1962  بووەتە پێشمەرگە، وەکو خۆی باسی دەکات ” یەکەمجار چوومە لای کاک ئیدریس و، پرسم پێکرد کە دەبمە پێشمەرگە، چونگە ئەو گەورەی ماڵ بوو، ئەویش ھەوڵیدا قەناعەتم پێبکات کە نەڕۆم لەبەرئەوەی حەزی نەدەکرد لێی دووربکەومەوە، پاشان چووم پرسم بە شێخ بابۆی مام کرد، ئەویش گوتی دەبێت پرس بە شێخ ئەحمەد بکەم، دواتر جەنابی شێخ ئەحمەد رازی بوو کاتێک زانیم جەنابی شێخ رازی بوو وامزانی ھەموو دونیا بووتە ھی من”.

بارزانی لە ناوچەی بێخەمە دەگاتە لای باوکی و پێشمەرگەکان، بەڵام لە یەکەم دیداردا باوکی کۆمەڵێک مەرجی بۆ دادەنێت، مەسعود بارزانی دەڵێ:” باوکم پێی گوتم پێشمەرگایەتی ئاسان نییە، ھەندێک ئامۆژگاریت دەکەم ئەگەر بەرگە ناگری بگەڕیەوە، ئەو پێشمەرگانەی تۆ دەیانبینی تۆ نە لەوان گرنگتری نە گەورەتری، ئەرک و جل و بەرگ و خواردنت وەکو ئەو پێشمەرگانە دەبێت، بەرپرسی تۆش حاجکە کە بەرپرسی پاسەوانی باوکم بوو، منیش گوتم ھەموو ئەو مەرجانەم قبووڵە پەیامن بێت جێبەجێیان بکەم”.

مانگی ھەنگوینیمان لە ئەشکەوت بوو

مەسعود بارزانی ئاماژە بە خۆشەویستیی خۆی بۆ کچێکی بارزانی دەکات، کە ئامۆزی خۆیەتی و دەڵێ:” ژیانی ھاوسەریم لە ئەنجامی خۆشەویستی  بوو، من تەمەنم 19 ساڵ بوو و زۆر گەنج بووم، ئێمە ماڵمان لە رانیە بوو ئەویش ماڵی لە بارزان بوو، دایک و باوکم و خۆشم پێمان خۆش بوو ھاوسەرگیرییەکە بکەین، چونکە ساڵی 1965 لە نێوان حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولرەحمان عارف و شۆڕش ئاگربەست ھەبوو، رۆژ لە دوای رۆژ دۆخەکە ناخۆشتر دەبوو ئەوکاتە ئەو رێگایە نوێییانە نەبوون، کولتووری خێزانی ئێمە وابوو، ھەر کوڕێک ژن بھێنێت دەبووایە مۆڵەت لە جەنابی شێخ ئەحمەد وەربگرێت، بۆیە باوکم نامەیەکی بۆ شێخ ئەحمەد و شێخ بابۆ نووسی و، ئیدی ھاوسەرگیریمان کرد”.

بارزانی بە پێکەنیینەوە باسی مانگی ھەنگوینی خۆی دەکات و دەڵێ:” دوای 10 رۆژ لە ھاوسەرگیرییەکەمان شەڕ دەستی پێکردووە، ئیدی مانگی هەنگوینی ئێمە کەوتە ئەشکەوت و، ئەو گوند و ئەو گوند و ژێر چادر”.

بۆ یەکجاریش گوێم لە خێزانەکەم نەبووە گللەیی بکات

بارزانی لەگەڵ هاوژینەکەی خاوەنی 5 کوڕ و 3 کچە  زۆر ستایشی هاوژینەکەی دەکات و دەڵێ” لە ژیانی ھاوسەریم زۆر بەختەوەرم، خێزانەکەم زۆر ئەرک و ئەزییەتی کێشاوە لەگەڵمدا، ئەو کاتەی سێ ساڵ بەجێمھێشت، ئەو کاتە لە خزمەتی باوکمدا بوو، کە نەخۆش بوو، جار بە جار بە ساڵ و 6 مانگ و 7 مانگ جێمھێشتووە ، ئەو ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی لەئەستۆ بوو و رەنج و زەحمەتی زۆری لەگەڵ کێشاوە، بەڵام بۆ یەک رۆژیش گوێم لێنەبووە گللەییەک یان گازاندەیەک بکات”.

” مەلە دەکەم”

بارزانی حەزی لە وەرزشە و لەمبارەیەوە دەڵێ “تاوەکو ئەم دواییەش یاری تۆپی پێم دەکرد و زۆرم حەز لێییە، بەڵام ئێستا بە پێی دەرفەت مەلە دەکەم و رۆژانە وەرزش دەکەم، ئەگەر نەیکەم ھەست دەکەم تەندروستیم باش نییە”.

لە پرۆفایلی بارزانی ئاماژە بەوە کراوە، شارەزایی تەواوی لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیدا ھەیە، ھەروەھا شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی ھەیە و قسەی پێدەکات. لە بارەی خوێندنەوەوە بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، حەزی لە کتێبی مێژوویی و ئینسکلۆپیدیایە، ھەروەھا لە سەر پرسی ئاو، نەوت، جەنگی عێراق و کوێت دەخوێنێتەوە یاخود ژیاننامەی کەسایەتییەک یاخود کتێب لە سەر کولتوور و دابوونەریتی گەلان دەخوێنێتەوە ” لە ناخی دەروونمەوە حەزیش دەکەم کتێبی ئەدەبی بخوێنمەوە”.

ئەمە جگە لەوەی مەسعود بارزانی خۆی کتێبی  (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە لە سێ بەرگ پێکھاتووە نووسیوە.

حەزم لە شعری جزیری و مەولانا خالیدە

بارزانی حەزی لە شیعرەکانی مەلای جزیری و مەولانا خالیدە،  موکسی فەقێ‌ تەیران چونکە شێخ ئەحمەدی مامی حەزی لە شعرەکانی ئەو کەسایەتییە بوو دەڵێ:” لە بەر خۆشەویستی ئەو منیش حەزم لەو شاعیرانە بوو، زۆرجاران لە خزمەتی بووم  و ئەو شعرانەی دەخوێندنەوە، زۆر کاریگەربووم بە کەسایەتی شێخ. لە نێو خانەوادەی ئێمە و خودی عەشیرەتی بارزان ھەتاوەکو شێخ کۆچی دوایی نەکرد نەمانزانی چەندە گەورە و پیرۆزە، ئەو فێری کردین دین رەوشتە، خواش پێویستی بە بەندە نییە، بەڵکو بەندە پێویستی بە خوایە، پێوەریش ئەوەیە رەفتاری تۆ لەگەڵ بەندە چۆنە. رەنگە زۆر کەس نەزانن شێخ ئەحمەد تاوەکو کۆچی دوایی کرد، دەستی لە پارە نەدا”. بارزانی رقی لە شیعری پێداھەڵگوتنە پێی.

بارزانی دوای 5 ساڵ لە پێشمەرگایەتی، بووە پارتی

بارزانی دوای پێنج  ساڵ لە پەیوەندیکردن بە شۆڕشی ئەیلوول ئینجا دەبێتە پارتی. لە ساڵی ١٩٦٧دەبێتە ئەندامی پارتی، دواتر لە دانوستاندنەکانی نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەتی عێراق لە ساڵی 1970 بەشداری دەکات، لە کاتی خوێندنەوەی بەیاننامەی 11ـی ئاداری 1970 مەسعود بارزانی لە پاڵ سەرکردەکانی پارتی لە بەغدا وەستا.

سەرۆکی پارتی

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ئەنجامی رێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان شای ئێران و حکومەتی عێراق لە ساڵی 1975،  لەسەر رێنمایی مەلا مستەفای باوکی، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای سەرکردایەتییەکی کاتیان دامەزراند، شۆڕشی نوێیان لە 27ـی گوڵانی 1976 دەستپێکرد، کە لە ئەدەبیاتی پارتی بە شۆڕشی گوڵان ناسراوە.

مەسعود بارزانی لە 1-8-1979 لە ھەوڵێکی کوشتن لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا رزگاری بوو، دواتر ئاشکرا بوو لە لایەن دەزگای سیخوڕی عێراقەوە پیلانی تیرۆرکردنی داڕێژرابوو.

لە ساڵی 1976 تاوەکو 1979 مەسعود بارزانی لەگەڵ باوکی لە ئەمریکا ژیا، پاش رووخانی شای ئێران، گەڕایەوە ئێران، تاوەکو ئامادەکاری بۆ ھاتنەوەی  باوکی لە ئێرانەوە بکات، بەڵام ئەو رۆژەی کە مەسعود بارزانی گەیشتەوە ئێران، لە 1-3-1979 باوکی لە واشتن کۆچی دواییکرد.

کۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە زێوەی دەڤەری (مەرگەوەڕ) لە 4-10-1979 بەسترا، تێیدا بە تێکڕای دەنگ مەسعود بارزانی بە سەرۆکی ئەو حیزبە ھەڵبژێردرا ھەروەھا لە ھەر چوار کۆنگرەی 1989، 1993، 1999 و 2010  بارزانی بەبێ رکابەر بە سەرۆکی ئەو پارتە ھەڵبژێردراوەتەوە.

“کاک ئیدریسم لە خۆم زیاتر خۆشدەویست”

ئیدریس بارزانی برای مەسعود بارزانی، کە ھاوکار و پاڵپشتی بووە لە وەرگرتنی سەرۆکایەتی حیزب و، ھەستانەوەی پارتی دوای دروستبوونی ھێزی دیکەی سیاسی و چەکدرای لە باشووری کوردستان، سەرەرای ئەوە لە ئیدریس بچوکتر بوو و لە دایکیشیان جیابوو، بەڵام یەکدیان زۆر خۆشویستووە، وەکو بارزانی باسی دەکات ” زۆر بە کەساییەتی کاک ئیدریس کاریگەر بووم، چونکە ئەو برا گەورەمان بوو، ھەروەها شوێنی باوکی بۆ گرتیینەوە، کاک ئیدریس تاکە کەسە لە خۆم زیاتر خۆشمویستووە”

سەدام حوسێن چایەکی بەردەمی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاڵوگۆر کرد

مەسعود بارزانی لە دوای پێکهێنانی بەرەی کوردستان لە ساڵی 1988 بە سەرۆکی ئەو بەرەیە لە نێوخۆی کوردستان ھەڵبژێردرا، جەلال تاڵەبانیش بە سەرۆکی بەرەی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ کورد ھەڵبژێردرا، مەسعود بارزانی بە ھاوکاریی نەوشیروان مستەفا پلانی راپەرینی خەڵکی کوردستانیان لە دژی بەعس جێبەجێ کرد.

دوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان بەرەی کوردستانی و رژێمی بەعس، سەدام حوسێن، سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق سوور بوو لەسەر ئەوەی بارزانی بێتە بەغدا، لە مانگی نیسانی 1991 بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی بەرەی کوردستانی و ئەندامێتی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک سەرکردەی حیزبەکان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ سەدام حوسێن کۆدەبنەوە.

بارزانی بۆ یەکێک لە رۆژنامەڤانە عەرەبەکان باسی یەکەم دیداری خۆی و سەدام حوسێن دەکات، دوای کوژرانی 8 ھەزار بارزانی و  32 ئەندامی خێزانەکەی دەڵێ:” کاتێک سەدامم بینی پێم گوت دەزانی من لە دەریایەک خوێن مەلەم کردووە تاوەکو گەیشتوومەتە ئێرە، ئەگەر چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد ھەبێت من ئامادەم، سەدامیش گوتی دەزانم بڕیارێکی قورستداوە”.

بۆیە کاتێک خزمەتگوزارەکە چایەکی بۆ سەدام حوسێن و مەسعود بارزانی دانا، راستەوخۆ سەدام بۆ دڵنیایی کردنەوەی بارزانی کە چایەکە ژەھری تێدا نییە چاکەی خۆی و ئەوی ئاڵوگۆر کرد.

یەکەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق بارزانی وەکو یەکێک لەو 25 کاراکتەرە سیاسییەی عێراق دادەندرێت کە لەگەڵ 4 کوڕدی دیکە نوێنەرایەتی کوردیان لە ئەنجوومەنی حوکم بە سەرۆکایەتی پۆڵ برێمەر، حاکمی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق کرد، بارزانی بۆ ماوەی یەک مانگ خولێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکەی کرد.

دوای دەرکردنی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، مەسعود بارزانی لە 12-5-2005  وەکو یەکەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ھەڵبژێردرا و سوێندی یاسایی خوارد.

لە ھەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە 25-7-2009 مەسعود بارزانی توانی یەک ملیۆن و 266  ھەزار و 397 دەنگ (رێژەی  69.60%ـی  دەنگەکان) بەدەستبهێنێت و جارێکی دیکە بە سەرۆک ھەڵبژێردرایەوە، لە 20-8-2009 سوێندی یاسایی خوارد.

دوای رێککەوتنی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە 30 حوزەیرانی 2013  ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەیاسا درێژکرایەوە، دواتر شاندێکی ھاوبەشی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی داوایان کرد یاساکە واژۆ بکات، بەڵام بارزانی یاساکەی نە رەتکردەوە، نە واژۆی لەسەر کرد.

بارزانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی پەشیمانە

بارزانی 7 جار وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکراوە، یەکەمجار لە 25-10-2005 لەکاتێکدا جۆرج بووشی کوڕ، سەرۆکی ئەمریکا بوو بارزانی بەجلوبەرگی کوردییەوە چووە کۆشکی سپی و پێشوازی لێکرا.

دوای نەگەیشتنە ئەنجامی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە سەر ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و، نزیکبوونەوەی کۆتایی وادەی ویلایەتی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە 20-8-2015، ئەنجوومەنی شوورا لە رۆژی 17-8-2015  بڕیارێکی دەرکرد بەوەی بارزانی بە ھەموو دەسەڵاتەکانییەوە تاوەکو ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، لە کارەکانی بەردەوام بێت.

ئەم بڕیارە کاردانەوە جۆراوجۆری بە پشتگری و رەتکردنەوەی لایەنەکانی باشووری کوردستانی لێکەوتەوە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی زلھێز، بەغدا، تاران، ئەنقەرە، ریاز و چەندین وڵاتی دیکە، وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ بارزانی دەکەن.

لە ھەڤپەیڤنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی سکای نیوزی عەرەبی کە لە رۆژی 16-3-2016 ئەنجامیدا بارزانی گوتی ” لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پەشیمانم، نەدەبوو قبووڵ بکەم ئەو ئەرکە وەربگرم”.

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …