Home / ناوداران / مستەفا بارزانی سەرکردەی نەتەوەیەك،نەوەك ئی حزبێك

مستەفا بارزانی سەرکردەی نەتەوەیەك،نەوەك ئی حزبێك

1459755275702

نوسینی:د.کەیوان ئازاد

 

14ی ئاداری1903 سەرەتای مێژووی لەدایكبوونی هاوڵاتییەكی كورد بوو، كە دواتر بووە یەكێك لە دیارترین كەسایەتییەكانی مێژووی هاوچەرخی كورد و جیهان. تەنانەت بووە كەسایەتییەك مێژوو شانازی پێوە بكات و ببێتە ناسنامەی كوردبوونی هەر تاكێكی كورد لە كوردستان و دەرەوەی. ئەو لە ماوەی 76 ساڵی تەمەنیدا تا ئەو كاتەی لە 1ی ئاداری1979ز) لە نەخۆشخانەی (جۆرج واشنتۆن)ی شاری (واشنتۆن)ی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆچی دوایی كرد، مێژووییەكی نەك هەر بۆ خۆی و بنەماڵەكەی و تەنانەت پارتی دیموكراتی كوردستان وەك سەرۆكی، بەڵكو بۆ نەتەوەی كورد دروست كرد.
مێژووییەك گەورەتر لە بەرخۆردان و قارەمانییەتی بێوێنە بەرامبەر دوژمنانی كورد و جوانتر لە فیداركاری بۆ دەستبەبەركردنی مافە ڕەواكانی نەتەوەیەكی ژێردەستە و دابەشكراو. ئەو سەرباری ئەوەی لە (سی) ساڵی تەمەنیدا بەشداری كارای لە ڕاپەڕینی بارزاندا كرد لە ساڵانی 1932-1933زدا، لە (چل) ساڵی تەمەنیشیدا سەركردایەتی شۆڕشی بارزانی كرد لە ساڵانی 1943-1945ز دا، كەچی زۆر بە سادەیی لە سەركردەی شۆڕشێكەوە بووە ژەنەڕاڵێكی كۆماری دیموكراتی كوردستان لەژێر سایەی (پێشەوا قازی موحەممەد)ی سەرۆك و لەژێر سایەی سەرۆك كۆمارەكەی (پێشەوا قازی موحەممەد) دا. كاتێكیش كۆمارەكە دوای 330ی ڕۆژ لە مانەوەی كۆتایی بە دەسەڵاتی هات، زۆر قارەمانانە 500 پێشمەرگەی هێزەكەی لە ڕووباری ئاراس پەڕاندەوە و چووە ناو خاكی یەكێتی سۆڤیەتی جاران. ئەوەش دوای ئەوەی لەنێوان (مەهاباد) پایتەختی كۆماری دیموكراتی كوردستان و ڕووباڕی ئاراس (پێنج) جار هێزەكانی دەوڵەتی شاهەنشاهی شكاند. ئەو ڕووداوەش (عەلی ئەسغەری ئیحسانی) ئەفسەری ئێرانی و ئەندامی ئەو هێزەی نێردرا بۆ لێدانی بارزانییەكان لە دوای ڕووخانی كۆماری دیموكراتی كوردستان، گەیاندە ئەوەی، كە (بارزانی) قارەمانێكە هەرگیز بەرامبەر دوژمنەكانی چۆك دانادات، شەڕ دەكات یان سەردەكەوێت یان لەو پێناوەدا گیان لە دەست دەدات 1.  دیارە ئەو وەك ئەفسەرێكی ئێرانی، كە خۆی بە نەیارێكی (مستەفا بارزانی) دەزانی، بەڵام بە ویژدانەوە واقیعیەتی كەسایەتی ئەوی تۆمار كردووە. گەورەیی بارزانیش لای ئەو ئەفسەر ئێرانییە لەوەوە سەرچاوە گرتبوو، كە دوای ڕووخانی كۆماری دیموكراتی كوردستان، (مستەفا بارزانی) ڕابەڕی بارزانییەكانی بۆ یەكیتی سۆڤیەتی پێشوو كرد. ئەوەش بەوەی باوەڕی بەوە نەبوو ملكەچی بۆ دەوڵەتی شاهنشاهی ئەوسای ئێران نیشان بدات، چونكە لە كۆماری كوردستانیدا. ئەمەو خاڵێكی تر كە (مستەفا بارزانی) لە تەواوی سەركردەكانی مێژووی كورد جیاكردۆتەوە، ئەوەیە، كە ئەو زۆرینەی تەمەنی لە خەبات و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی كورد بەسەر برد و شەو و ڕۆژی خستە سەر یەك بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی نەتەوەكەی. هەر ئەوەش ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی (ڕێنیە مۆریس)ی گەیاندە ئەوەی، كە ‘‘ ئەوە، زۆر بە كەمی نەبێ ناخەوێ. بێ وەستان پێشوازی لە فەرماندە پێشمەرگەكانی و سیاسییەكانی پارتەكەی و سەرۆك هۆز و سەرۆك خێڵ و كەسایەتییەكان و سادەترین پیاوانی پێشمەرگەی دەكات. جێگای دانیشتنی هەمیشەیشی یان زەوی ڕووتە یان بە ڕایەخ ڕاخراوە. تاكە دیمەنی خۆشگوزەرانی ئەویش پیاڵە چایەكە ( 2 ) خەسڵەتێكی تری دژایەتی بوو بۆ پیاهەڵدان و گەورەكردنی خۆی. ئەو خزمەتكردنی نەتەوەكەی لەسەروو هەموو شتێكەوە زانیبوو. لەم بارەوە (كیسیلیۆف) نووسیوویەتی ‘‘ئەو هەرگیزحەزی بە پیاهەڵدان نەكردووە، هەر بۆیە ڕقی لەوانە دەبووەوە، كە پێیدا هەڵدەدا. ئەو تا حەز كەیت و سادە بوو’’(3). یەكێكی تر لە خەسڵەتەكانی ئەو كەسایەتییە خەبات لەپێناو كوردستان و نەتەوەكەی، نەوەك ناوچەیەك و بنەماڵەكەی. وەك ئەوەی دوای شكستی شۆڕشی بارزان لە ساڵی 1945ز ئامادە بوو لە سەركردەی شۆڕشێكەوە ببێتە یەكێك لە فەرماندەكانی كۆمار. ئەمەو لەو پێگە سەربازیەشدا دواجار بووە ئاوارەیەك لە وڵاتی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران. كاتێكیش گەڕایەوە خاكی نیشتمان سەرۆك هۆز و سەرۆك خێڵ و كەسایەتی و هاوڵاتیانی باشووری كوردستان ئەویان وەك سەرۆك و قارەمانی نەتەوەیی و نیشتمانی ناوبرد. ئەوەش لە خۆڕا نەبوو، بەڵكو ڕۆژنامەنووسێكی ئەمریكی وەك (دانا ئادەمز شمیت)ی گەیاندبووە ئەوەی، كە ‘‘ئەگەر بارزانی لە شانۆ نەمێنی، ئەستەمە بتوانین جوڵانەوەی نیشتمانی كورد بە یەكپارچەیی و بەهێز و پتەو ببینین4 . خەسڵەتێكی تری زۆر بە ئەستەم متمانە كردنی بوو بە نەیارانی و بەوانەی متمانەی ئەویان لەدەست دەدا. وەك ئەوەی كاتێك لەساڵی 1961ز متمانەی بە دەسەڵاتدارانی عیراق نەما، تا لەژێر سایەیاندا بمێنێتەوە، تا ئەو كاتەی كۆچی دوایی كرد بۆ یەك ساتیش نەگەڕایەوە (بەغداد)، بەڵكو بەپێچەوانەوە سەرۆك و سەركردە عیراقییەكانی هێنایە ناوچە ئازادكراوەكانی باشووری كوردستان، تا بیبینن و گفتوگۆی لەگەڵدا بكەن، كەچی دوای ئەو كەسانەی وەك سەركردەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە باشووری كوردستان دەركەوتن، لەگەڵ ئەوەی لەڕووی زەوی ئازادكراو و پێشمەرگە و داهات و توانا و تەنانەت جەماوەر و پشتیوانی دەرەكییەوە لە سەردەمی شۆڕشەكانی بارزان و ئەیلول بەهێزتربوون، كەچی نەك هەر (بەغداد)یان كردە ڕێگای كانی؟ بەڵكو بێ پرس و ڕاوێژ و بۆچوونی بەرپرسانی عەرەب لە بەغداد پەنجەیان نەكرد بە ئاودا. هەموو ئەو خەسڵەتانەش كوردەكانی قەرقیزیستان و تاجیكستان و هەرێمەكان ئاسیای ناوەڕاستی گەیاندە ئەوەی، كە بۆ ناساندنی كوردبوونی خۆیان بە دەرەوە و ئەو میوانانەی دەهاتنە ماڵەكانیان، وێنەی بارزانی لەماڵەكانیان هەڵواسن، تا كوردبوونی خۆیان بسەلمێنن. واتە بارزانی نیشانەی كوردبوون بوو. ئەو ڕاستییەش لە سەردانێكی (كەنداڵ نەزان) وەك یەكێك لەو توێژەرانەی جێ پەنجەی بەسەر شیكارە مێژووییە سیاسیەكانی كوردەوە دیارە بۆ ئەو ناوچانە، پشت ڕاست كراوەتەوە(5). لێرەوە دەگەینە ئەوەی، كە ئایا سەركردەیەك ئەو پێناسە و ناسنامە و مێژووی ژیانی بێت، دەبێت وەك سەرۆكی بنەماڵە و ناوچەیەك بناسرێت، یان سەرۆكێك بێت بۆ نەتەوەیەكی قارەمان و كوڵنەدەری وەك كورد؟
سەرچاوەكانی ئەم باسە:
1- علی اصغر احسانی: بارزانی و پاشەكشەی بارزانییەكان لە بیرەوەرییەكانی ئیحسانی دا، چاپی یەكەم، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای موكریانی-هەولێر، هەرێمی كوردستانی عێراق، عێراق، 2008ز، ل64.
2-ڕێنیە مۆریس: كوردستان یان نەمان، وەڕگیڕانی لە عەرەبییەوە: ئەبوبەكر ساڵح ئیسماعیل، چاپی یەكەم، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای موكریانی- هەولێر، هەرێمی كوردستانی عێراق، عێراق، 2008ز، ل234.
3-م.س. لازاریف و ،ا.ف. كیسیلیوف و الاخرون: البارزانی شهادە و تاریخ، ترجمە: د.پاڤێ نازی و د.عبدی حاجی، الگبعە الاولی، من منشورات مركز سپیریز الگبعە و للنشر-دهوك، اقلیم كوردستان العراق- العراق، 2005م، ص124.
4-دانا ئادامز شمیدت: سەفەرێك بۆ ناو پیاوە ئازاكانی كوردستان، وەڕگێڕانی: ئەبوبەكر ساڵح ئیسماعیل، چاپی یەكەم، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای موكریانی- هەولێر، هەرێمی كوردستانی عێراق، عێراق، 2008ز، ل486.
5-كەنداڵ و ئەوانی تر: گەلێكی پەژموردە و نیشتمانێكی پەرت (كورد و كوردستان)، وەڕگیرانی لە فارسی و عەرەبییەوە: م. گۆمەیی، چاپی یەكەم، سوید، 1998ز، ل375.

 

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …