Home / ناوداران / برایم ئەحمەد، لەنێوان شۆڕش‌و ئەدەبدا

برایم ئەحمەد، لەنێوان شۆڕش‌و ئەدەبدا

برایم ئەحمەد، لەنێوان شۆڕش‌و ئەدەبدا

1459785983965

 

برایم ئەحمەد، لەنێوان شۆڕش‌و ئەدەبدا
ئامادەكردنی مەحمود نەجمەدین


برایم ئەحمەد لە6/3/1914 لەبنەماڵەیەكی ناسراوی شاری سلێمانی لە‌دایكبووە، رەمزی فەتاح كە ئەفسەرێكی كورد بووەو ‌مامی مامۆستا برایم ئەحمەد بووە، كاریگەریی زۆری لەسەر لایەنی رۆشنبیربوونی برازاكەی هەبوو، هەربۆیە زوو رەوانەی قوتابخانەی دەكات. 

ئەم كاریگەرییەی مامی تا قۆناغەكانی دواناوەندیی خوێندنی هەر بەردەوام بوو، لەساڵی 1937 لەشاری بەغدا كۆلیژی یاسا تەواو دەكات. هەر زوو مامۆستا برایم ئە‌حمەد لەشاری سلێمانی گوێبیستی سروودو هۆنراوەی نیشتمانپەروەران‌و هەواڵی شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر بووە، هەروەها بۆردومانی شاری سلێمانی لەلایەن فڕۆكەكانی ئینگلیزەوە كاری تێكردووە، جگە لەو هەلومەرجە تایبەتییەی ئەوكاتەی سلێمانی، (مامە رەمزی)یشی رێبەرایەتی كردووە بۆ ئاشناكردنی بەخەباتی رزگاریی‌و نەتەوایەتیی. لەساڵانی سییەكانداو لەگەڵ كۆمەڵێك خوێندكاری كورد لەبەغدا گرووپێكی پێكهێناوە بەناوی (لاوانی كورد)و گۆڤارێكیشی بەناوی (دیاریی لاوان) بڵاوكردۆتەوە. مامۆستا برایم ئەحمەد بەدامەزرێنەری‌و لێپرسراوی (ژ.ك) لەكوردستانی باشوور دەناسرێت، كە سەر بەمەڵبەندی كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستانی رۆژهەڵات بووە، كە سەروەری دامەزراندنی كۆماری كوردستان (مەهاباد 1946)ی هەیە.

 لەگەڵ‌ هەڤاڵەكانیدا توانیبووی لەزۆر ناوچەی كوردستان لق بۆ (ژ.ك)و پاشان بۆ (حدك) بكاتەوە. پاش رووخانی كۆماری مەهاباد لەساڵی 1947دا مامۆستا برایم ئەحمەد بەسەرۆكی لقی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا.

ناچاربوو شاری بەغدا بەجێبهێڵێت
لەساڵی 1948 پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو كاتەی عیراق بەربوونە گیانی شۆڕشگێڕانی كوردو پارتی دیموكراتی كوردستان، برایم ئەحمەد بۆ ماوەی ساڵ‌و نیوێك بەندكرا. ئەوكاتەی ئازادكرا تا هەڵگیرسانی شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958ی عیراق رێگای خەباتی نهێنی گرتەبەر. لەشوباتی ساڵی 1951 لەمیانەی كۆنگرەی دووەمی پارتی لەشاری بەغدا بەكۆی دەنگ كۆنگرەی پارتی برایم ئەحمەدی بەسكرتیری گشتی پارتی هەڵبژارد. هەر لەمیانەی هەمان كۆنگرەدا لەسەر پێشنیازی ئەو ناوی (پدك) گۆڕا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان-عیراق. 
لەسەر كارو چالاكی رامیاری لەهاوینی ساڵی 1951 لەسلێمانییەوە بۆ كەركوك گوێزرایەوه. لەساڵی 1953 كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێبەرایەتی برایم ئەحمەد كراو لەم كۆنگرەیەدا دامەزراندنی یەكێیتی ئافرەتان‌و لاوان‌و قوتابیان پەسەندكرا. 
لەساڵی 1961 برایم ئەحمەد وەك سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات كاری دەكرد، پێش داخستنی رۆژنامەی خەبات‌و هەڵگرتنی مۆڵەتی پارتی لەكۆتایی ساڵی 1961، ناچاربوو شاری بەغدا بەجێبهێڵێت‌و خۆی بشارێتەوە. 
لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول روویكردۆتە شاخ‌و لەڕووی سیاسییەوە شۆڕشەكەی بەڕێوەبردووە. 
لەساڵی 1964 تا ساڵی 1971 سكرتێری باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، پاش هەرەسی شۆڕشەكە روودەكاتە هەندەران‌و زۆربەی ژیانی لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گوزەراندووە. 

ژیانی ئەدەبی‌و رۆژنامەنووسی
برایم ئەحمەد هەر لەسەرەتای ژیانییەوە دەستی داوەتەكاری نووسین‌و كاری رۆژنامەنووسی، هەربۆیە لەتەمەنی 18 ساڵیدا لەڕۆژنامەی (ژیان) كاریكردووەو نۆبەری نووسینەكانی لەوێ بڵاوكردۆتەوە. لەبەر شارەزایی نووسین حاجی تۆفیق (پیرەمێرد)ی شاعیرو خاوەنی رۆژنامەی ژیان لەنووسینێكدا ستایشی برایم ئەحمەد دەكات‌و دەڵێت: «ژیان چاوەڕێی ئەم كوردییە رەوانەیە، پیرەمێردیش بەهیوای نەوجەوانانە. كاتیكێش خوێندن تەواو دەكات، دیسان پیرەمێرد باسی دەكات‌و دەڵێت: «لەخوێندەوارە هەڵبژێردراوەكانمان برایم ئەحمەد كە كۆلێژی مافی تەواوكردووە.» 
لەساڵی 1939 بۆ ساڵی 1949 لەگەڵ مامۆستا عەلادین سەجادی گۆڤاری (گەلاوێژ)‌ دەردەكەن، هەربۆیە ناچار دەبێت لەساڵی 1944 دەست لەكاری حكومی هەڵبگرێت. پاش سەركەوتنی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی چەند ژمارەیەكی گۆڤاری رزگاریی پێبەخشراو هاوكات بەرپرسیارێتی رۆژنامەی (خەبات)یشی دەكرد. 
برایم ئەحمەد بێجگە لەو رۆژنامانەش خاوەنی رۆژنامەی (كوردستان)یش بوو، كە جەلال تاڵەبانی زاوای سەرنووسەری بووە. 
بەهۆی بڵاوكردنەوەی وتارێكی بەڕووی دەسەڵاتدارانی عیراقدا، خەبات‌و كوردستان لەساڵی 1961 داخران‌و فەرمانی زیندانیكردنیش بۆ برایم ئەحمەد دەرچوو. 
لەبواری ئەدەبیشدا برایم ئەحمەد چەندین كاری بەنرخی نووسیوە، ئەویش بەچەند شاكارێكی بەنرخی وەك (ژانی گەل، كوێرەوەری، دوا تیری كەوان و …هتد). نامیلكەی (الاكراد والعرب)یش كە لەساڵی 1937 بەعەرەبی نووسیوێتی، هەوڵێك بووە بۆ رێكخستنی پەیوەندیی نێوان كوردو عەرەب لەعیراقدا. 
برایم ئەحمەد لەتەمەنی 86 ساڵییدا لەئێوارەی 8/4/2000 لەلەندەن كۆچی دوایی كردو تەرمەكەی گوێزرایەوە بۆ‌ شاری سلێمانی‌و هەر لەوێش نێژرا.

پیاوی داهێنان‌و تێكۆشان بوو
86 ساڵ ژیانی ئەم پیاوە تێكۆشەرە بەرهەمەكەی كۆمەڵێك شاكاری ئەدەبی‌و رۆژنامەوانی‌و هاوكات شاكاری سیاسی‌و تێكۆشانە، برایم ئەحمەد لەماوەی ژیانی سیاسی‌و رۆشنبیریدا تا دوا هەناسە پیاوی داهێنان‌و تێكۆشان بوو، ساڵەهایەك بێ‌ ماندووبوون خزمەتی كرد، لەرۆژنامە كوردییەكانی وەك ژیان، خەبات، كوردستان كاری كردووەو چەندین بابەتی  سیاسی‌و ئەدەبیی نووسیوە. هاوزەمان بەشدارێكی چالاك‌و كاریگەری هەبووە لەتێكۆشانی شۆڕشگێڕی گەلی كورددا. 
لەگەنجێتییەوە هەنگاوی بۆ شۆڕش ناو لەنێو پارت‌و رێكخراوە سیاسی‌و شۆڕشگێڕییەكاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە. چ لەنێو كۆمەڵەی ژ.ك-و چ لەنێو پارتی دیموكراتی كوردستانی عیراق.
ژیانی ئەم پیاوەو چالاكیی سیاسی‌و شاكارە ئەدەبییەكانی بەڵگەی داهێنان‌و قودرەتی ئەم پیاوە دەردەخەن كە لەماوەی ژیانیدا چەند چالاكانەو بێ‌ ماندووبوون لەبواری ئەدەب‌و رۆژنامەگەریی‌و سیاسیدا كاری كردووەو ئەمەش وادەكات بڵێین برایم ئەحمەد پیاوی تێكۆشان بوو لەخەبات‌و شۆڕشدا، لەئەدەب‌و رۆژنامەگەریشدا داهێنەربووە. 

خەڵاتی پیاوێكی شایستە بۆ مرۆڤە شایستەكان
ئەم نووسەرو خەباتكارە ماندوونەناسەی كە ئەمڕۆ پانزە ساڵ بەسەر مردنیدا تێدەپەڕێ‌و ساڵانە خەڵاتی ئەوی شایستە دەبەخشرێتە كۆمەلێك خەڵكی شایستە، لەدوای كۆچكردنییەوە، لەساڵی 2002ەوە رێكخراوی برایم ئەحمەد فاوندەیشن ساڵانە بەهاوكاریی ناوەندی چاپەمەنی‌و راگەیاندنی خاك خەڵاتی نموونەیی دەبەخشێتە ئەو كەسانەی كە دیاریی دەكرێن لەبوارەكانی دایكی نموونەیی، خوێندكاری نموونەیی، پێشمەرگەی نمونەیی، هونەرمەندی نمونەیی، نووسەری نمونەیی‌و كارمەندی نموونەیی. لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا كۆمەڵێك خەڵكی شایستەو ماندوونەناس‌و تێكۆشەر لەبوارە جیاوازەكاندا لەپای ئەو خزمەتەی كە كردوویانە خەڵاتی بلە -یان پێ‌ بەخشراوە. لەوانە كە ئەو خەڵاتەیان پێ‌ بەخشراوە: خەڵاتی دایكی نموونەیی بەخشراوەتە كۆمەڵێك دایكی ئازاو تێكۆشەر لەوانە» گوڵەباخ نامیق عەبدوڵڵا، نەسرین فەتاح مستەفا، رەحمە ئیسماعیل مەحمود، خەیاڵ سەمەد، خاتوو سەبیحەی خێزانی شەهیدی سەركردە عەلی عەسكەری، خاتوو گەلاوێژ رەشید تۆفیقی خێزانی شەهید عەبەی ئایشێ، گەلاوێژ قادر حسێن، پەروین عەلی قادر، لیمۆ ئیبراهیم شەریف.

خەڵاتی پێشمەرگەی نمونەییش بەخشراوەتە: محەمەد عەبدولرەحمان محەمەد، عەلی شامار ئەمین، عەبدوڵڵا سەعید عەبدوڵڵا كە بەعەبدوڵڵای سەعەمیراو ناسراوە، عەلی عەبدولعەزیز، عەلی عەبدولقادر عەزیز كە بەعەلی رەشی گەرمیان ناسراوە، محەمەد عەبدوڵڵا خدر ناسراو بە(حەمە كۆشكی)، سەلامی كوێخا عەزیز، لالۆ عەبدولڕەحمان پێنجوێنی، سەعدی كەریم مەحمود (مامە سەعە)، محەمەد عەبدولڕەحمان محەمەد ناسراو بەحەمە پارێوڵەیی‌و گیانبازیی هوشیار عەبدول حەسەن ناسراو بە(هوشیاری ئەڵغام).
خەڵاتی كارمەندی نموونەییش بەخشراوەتە ئەمانە: عەزیز حسێن محەمەد، عەمید ئاراس رەئوف محەمەد، حەمەسەعید حەسەن سەعید. مامۆستا موبارەك حسێن.
خەڵاتی خوێندكاری نموونەیی بەخشراوەتە: كاروان بەختیار محەمەد، سۆران لەتیف سلێمان، رەنجدەر شێخ حسێن شێخ كەریم، مەسعود مستەفا، ئەمیر محەمەد عەبدوڵڵا، هێمن حسێن شەریف سەعید،  رەوەز ئیسماعیل قادر، سەفەر حەسەن، هەرێم عەلی ئەحمەد، رۆژان ئیبراهیم فەقێ.
خەڵاتی هونەرمەندی نموونەییش بەخشراوەبە: دلێر ئیبراهیم، عەلی جۆڵا، خالید سەركار، سەردار ئەحمەد عەبدوڵڵا، فرەنسیس داود، كەریم كابان، بێژەن كامكار، باكووری، شڤان پەروەر.
بۆ خەڵاتی نووسەری نمونەیی-ش دڵزاری شاعیر، رەووف بێگەرد، قوباد بەهرەوەر، محەمەد مەلا كەریم، (د. رەفیق سابیر، نووسەری ناوداری عەرەب شاكر خەسباك، د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ، مەسعود كەتانی، لەتیف هەڵمەت، كەلیموڵڵا تەوەحودی و خەڵاتەكەیان وەرگرتووە.
خەڵاتی وەرزشكاری نموونەییش بەخشراوەتە سوبحی كامیل، رەئوف ئاكرێیی، خەڵاتی شوێنەوارناسی نموونەیی بەخشراوەتە سمكۆ بەهرۆز محەمەد، خەڵاتی نەخۆشخانەی نموونەیی، بەخشراوەتە نەخۆشخانەی (هیوا) كە د.میران محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بەنوێنەرایەتی نەخۆشخانەكە، خەڵاتەكەی وەرگرت، هاوكات لەدواهەمین یادكردنەوەی مامۆستا برایم ئەحمەددا رێكخراوەكە میدالی خەبات وەك خەڵاتێك تایبەت بۆ كەسایەتی نموونەیی بەخشیوەتە سەركردەی باكوور عەبدوڵڵا ئۆجەلان. ئەو خەڵاتە تایبەتەش بۆ پشتیوانیكردنی خەباتی كورد بوو لەكوردستانی باكوورو میدالی زێڕینی تایبەت بەیوبیلی سەد ساڵەی لەدایكبوونی مامۆستا برایم ئەحمەدی نەمربووەو خەڵاتەكەش لەلایەن خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە بەخشرایە ئەو سەركردەیەو لەلایەن حیسامەدین زەندەلی ئۆغڵوی پەرلەمانتار‌و مەزلوم دینچ پارێزەری بەڕێز ئۆجەلانەوە وەرگیرا.

بۆچوونی رۆشنبیران لەسەر برایم ئەحمەد
سەڵاحوددینی موهتەدی: برایم ئەحمەد لەو رێبەرانەیە خەباتی خۆی وەك رووناكبیر‌ لەگەڵ خەباتی‌سیاسەتمەدار‌ لەیەكتری موتوربە كرد.
سەڵاحوددینی موهتەدی لەبابەتتێكدا بەناونیشانی (برایم ئەحمەد‌و ناسیۆنالیزمی نوێی كوردی) دەڵێت: برایم ئەحمەد؛ لەو رێبەرانەیە كە خەباتی خۆی وەك رووناكبیر‌و تیۆریسیەن لەگەڵ خەباتی وەك (سیاسەتمەدار‌و بەڕێوەبەر) لەیەكتری موتوربە كرد‌و لەئەنجامدا: دەستەملانێ‌‌و هاوپەیمانی‌و هەماهەنگێكی دیالكتیك‌و هارمۆنێك لەنێوان داخوازیی (چینایەتی‌و نەتەوایەتی)‌و دژایەتیكردنی هەر رێبازێكی راستڕە‌و‌و چەپڕە‌و كە یەكێك لەو دوو ناوەڕۆكە فەرامۆش بكات، حاشای لێبكات یان وەلای بنێ‌، بوو بەتیۆری ناسیۆنالیزمی نوێی كوردی‌و بوو بەداهێنانێكی مێژوویی لەو كاروانە دوور‌و درێژەی كوردایەتیدا، كە مۆركی برایم ئەحمەد-ی بۆ هەتاهەتا لەسەر نەخشاوە. 

حەمەدلێر ئەمین میسری: برایم ئەحمەد لەسەرەتای لاوێتییەوە ئایدیای خۆی دیاری كردبوو
مامۆستا حەمەدلێر ئەمین میسریش لەبابەتێكدا بەناونیشتانی مامۆستا برایم ئەحمەد، شا قەڵەمی بوێرو ترۆپكی هەڵوێست لەڕۆژنامەنووسیی كوردیدا دەڵێت: مامۆستا برایم هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە، ئایدیاو بیری خۆی دیاری كردبوو، یاخی بوو لەنەریتی باو‌و سەركەش بوو بەرامبەر یاسای سەپێنراو‌و رێگەچارەی جیاوازتری هەبوو بۆ خەبات‌و بەگژاچوونەوە، بەڵام ئەم سووربوونە پەیوەستە بەبیروڕای ناسیۆنالیزم‌و چەپەوە، تووشی دەمارگیرییان نەكرد، رێزی ئەویدی لابوو، باشترین بەڵگە لاپەڕەكانی گۆڤاری گەلاوێژە لە1939-1949 هەموو دەنگ‌و قەڵەم‌و بیروبۆچوونێكی لەسەر خوانی لاپەڕەكانی رازاندۆتەوە، دەرگای لەڕووی كەسدا كلۆم نەكردووە، لێگەڕاوە بابنووسن‌و سەربەست بن، هەر ئەو سنگفراوانی‌و بڕوابوون بەدایەلۆگە بوو (گەلاوێژ) یان كردە (یەكێك لەگۆڤارە بەرزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەمی خۆی).

حسەین لەتیف : برایم ئەحمەدو پیرەمێردو عەلادین سەجادی‌و گۆران زمانی ئەدەبیی كوردیان لەهەژموونی ئەو زمانە ئاینییە رزگاركرد  كە لەحوجرەكانەوە هات
حسێن لەتیف نووسەرو لێكۆڵەر لەنووسینیكدا بەناوی «برایم ئەحمەد وەك سایكۆلۆجیستی جەماوەری»كە لە سایتی میللەت بڵاوبوەتەوە دەڵێت: بۆ من برایم ئەحمەدی رۆماننوس‌و چیرۆكنووس‌و رۆژنامەنووس جیاوازە لەبرایم ئەحمەدی سیاسی. برایم ئەحمەدێك لەگۆڤاری گەلاویژو لەژین كاری كردووە لەگەڵ پیرەمێردو عەلادین سوجادی‌و گۆراندا زمانی ئەدەبیی كوردی لەهەژموونی ئەو زمانە ئاینییە رزگار دەكەن كە لەحوجرەكانەوە هات‌و زمانی باوی نووسین بوو، تەنانەت لەسەردەمی حكومەتەكەی شیخی نەمریشدا زمانی رەسمی نووسین بوو. بەڵام هەوڵەكانی ئەوان برایم ئەحمەد لەچیرۆكداو پیرەمێردو گۆران هەریەكەو بەتایبەتمەندیی خۆیانەوە لەشیعرداو عەلادین سوجادی لەڕەخنەدا تاڕادەیەكی زۆر باش هەژموونی زمانی دینییان لەسەر زمانی نووسینی كوردی كاڵكردەوە.

تەها بابان: یاساناسی هۆیەك بوو برایم ئەحمەد بەكاریهێناوە بۆ گەیشتن بەئامانجێكی دوورترو گەورەتر
تەها بابان لەنووسینێكدا سەبارەت بەبرایم ئەحمەد دەڵێ‌: من كە لەمێژووی ژیانی برایم ئەحمەد دەكۆڵمەوە نەك هەر هەست، بەڵكو بەتەواوی ئەو راستییەم بۆ دەردەكەوێت كە یاساناسی خواستی بەرودوای ئەو نەبووە، بەڵكو هۆیەك بوو كە بەكاریهێناوە بۆ گەیشتن بەئامانجێكی دوورترو گەورەتر كە ئەویش ئازادیی میللەتەكەی‌و رزگاركردنی نیشتمانەكەی بووە لەژێردەستیی. بەواتایەكی تر ئەو كاتێك خوێندنی یاسای هەڵبژاردووە بۆ ئەوە نەبووە كە ببێت بەپارێزەرو لەدواییدا بەدادوەرو بەوە پلەو پایەی كۆمەڵایەتی شیاوو ژیانێكی خۆشی رەنگاوڕەنگ وەك ئەوانی تر بۆخۆی فەراهەم بكات، نەخێر بەڵكو لەبەرئەوە بووە تابتوانێ‌ لەهەموو جۆرەكانی تر بەتوانای بكات‌و بەهرەكانی بتەقێنێتەوەو زیاتر بشێت بۆ ئەو دەورەی كە قەدەر پێی رەوابینی لەچارەنووسی میللەتەكەیدا لەوەشدا بەهەڵەنەچوو بوو، چونكە زۆربەی پیاوانی مێژوو سیاسەتمەدارانی دوێنێ‌‌و ئەمڕۆی جیهان لەیاساناسەكانن هەر وەك ئەو.

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …