Home / مێژووى جیهان / سەیروسەمەرەکانى مێژوو / ئەنگێزەی مێژوو هەمیشە ئامادەیە ‌

ئەنگێزەی مێژوو هەمیشە ئامادەیە ‌

ئەنگێزەی مێژوو هەمیشە ئامادەیە ‌

wena43

سێر جۆن جینكیز*
و: كوردەوان محەمەد سەعید
چەند ساڵێك لەمەوبەر لەچێشتخانەیەكی یەكێك لەشارەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دانیشتم، تا درەنگانێكی شەو لەگەڵ وەزیرێكی كاروباری دەرەوەی وڵاتێكی عەرەبی لەبارەی رێگەچارەیەكەوە بۆ چارەسەری كێشەی فەلەستین قسەمان دەكرد. لەكۆتایی دانیشتنەكەدا وەزیرە بەریتانییەكە رووی تێكردم‌و وتی: حەزدەكەم لەگەڵت دانیشم، چونكە مێژوو دەناسیت.
ئەوكاتە وامدەزانی موجامەلەیەكی روكەشە، بەڵام دوای ساڵێك یان دووان كاتێك لەعیراق بووم زۆر بیرم لێ كردەوە، بەتایبەتی ئەوكاتەی راهاتبوون لەگەڵ هاوڕێ عیراقییەكانم لەبارەی مێژووی وڵاتەكەیانەوە قسە بكەین، زۆربەیان لەماڵەكانی خۆیاندا وێنەی باب‌و باپیرانیان لەگەڵ هەردوو مەلیك فەیسەڵی یەكەم‌و دووەم‌و (عەبدولئیلاهی)ی جێنشین هەڵواسیبوو، هەندێك جاریش وێنەیان لەگەڵ (نوری پاشا ئەلسەعید) سەرۆك وەزیر‌و كەسایەتی ناسراوی شۆڕشی عەرەبی لەنێوان ساڵەكانی 1917 بۆ 1918-دا گرتبوو.
هەمیشە دەیانوت، سەردەمی پاشایەتی خۆشترین رۆژانێك بوو كە عیراق بەخۆیەوە دیبێتی‌و شۆڕشی 1958 هەڵەیەكی كوشندە بوو. پێش 2003 ئەوە وتاری گشتی نەبوو، ئێستاش رای جیاواز هەیە كە پێیوایە دامەزراندنی حكومەتێكی شیعە بۆ یەكەمجار لەماوەی هەزار ساڵدا دەستكەوتێكی گەورەیە. هەندێكی تریش پێیانوایە پێكەوەژیانی دانیشتوانی وڵاتێك كە  لەساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوودا زۆرینەی دانیشتووانی سوننی بوون تەنها شت بوو كە بووبووە یەكێتی عیراق، یاداشتێكی مەلیك فەیسەڵیش وەك بەڵگە دەهێننەوە كە پێش مردنی لەبارەی ئەو بیرۆكەیەوە نووسیبووی.
لەباكووریش كوردەكان گلەیی لە دەستكاریكردنی پەیماننامەی سێڤر دەكەن، كە ساڵی 1921 لەشاری لۆزان ئیمزاكرا‌و پێیانوایە ئەو پەیماننامەیە لەدامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێبەشی كردوون، ئێستاش هەوڵ بۆ راستكردنەوەی دەدەن. لە قودسیش رۆژ نەبوو باسی پەیمانی بلفۆری 1917 نەكەن.
زۆربەی ئەم قسانە دەتوانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارەیان بكەیتەوە، چونكە لەم ناوچەیەدا مێژوو هەمیشە ئامادەیە‌و هەمیشە گرنگیشە‌و هەمیشە رەخنەشی لێ دەگیرێت. كەسێكی بیانیش بەشێك لەم مێژووە بزانێت تاڕادەیەك جێگەی شانازی دەبێت، كەمیشن ئەو بیانیانەی سەردانی ناوچەكە دەكەن‌و لەو شانازییەیان بەردەكەوێ. هەموو ئەوانەم بیركەوتەوە كاتێك لەم دواییانەدا داوام لێكرا قسە لەسەر سعودیە بكەم كە لەسێدارەدانی بۆ (شێخ نەمر ئەلنەمر)‌و سیان لە هاوەڵە شیعەكانی‌و 43 سوننە دەركردبوو، ئەوكات زۆربەی قسە‌و كۆمێنتەكانیش تەنها دەربڕینی سۆز بوون جا بۆ سعودیە یان دژی ئەو وڵاتە، زۆربەشیان دژی بوون، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك كە پەیوەندی بە خودی بابەتەكەوە نەبوو، بەڵكو پەیوەندی بەو وێنەیەوە هەبوو كە سعودیەی تیادا دەركەوتووە.
بەڵكو راستكردنەوە‌و دانانی بابەتەكان لەجێگەی خۆی كلیلی بەدەستهێنانی زانیاری راستە بۆ گەیشتن‌و داهێنانی سیاسەتێكی راست‌و دروست. ئەمەش گرنگییەكی زیاتر بەدەستدەهێنێت كاتێك رێكخراوێكی وەك دەوڵەتی ئیسلامی كە بە داعش ناسراوە یان هەر رێكخراوێكی سەلەفی جیهادی هاوشێوەی هەوڵدەدات ئەندامەكانی بگۆڕێت بۆ جۆرێكی تر لەمرۆڤ، مرۆڤێك كە بیر‌و هۆش‌و رۆشنبیری‌و مێژووی نییە.
ئێستا بیری ئەوەی ئێمە چین، پێشتر چی بووین‌و چۆن هاتووینەتە كاتێكی مێژوویی دیاریكراوەوە، ئەوانی تر چۆن هاتنە پاڵمان، هەموو ئەمانە بابەتی بنەڕەتین بۆ داهاتوومان. گەیشتن بە تێگەیشتنێكی هاوبەشیش لەنێوانماندا لەبارەی ئاراستەی دڵخوازی سەفەرمان پشت بەوە دەبەستێ كە راستگۆیانە مانای بیری هاوبەشی گشتیمان‌و بیری تاك بدۆزینەوە.
بیرەوەرییەكان لە كوێت بەم شێوەیەن، (شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەلسەباح)ی میری ئێستای كوێت وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بوو لەساڵی 1963وە تا ساڵی 2003‌و پاشان بووە سەرۆك وەزیر، لەبەرئەوە سەركردەیەكە لەدوای سەربەخۆیی كوێتەوە درێژترین خزمەتی هەیە. لەساڵی 1963-دا یەكێك بوو لەوانەی سەروكاریان لەگەڵ بارودۆخە سیاسییەكەی ئەوكاتەدا هەبوو، كاتێك عیراق لەسەردەمی عەبدولكەریم قاسمدا هەوڵدەدات كوێت بخاتەوە سەر عیراق، هەر ئەویش بوو كە نوقڵانەی لێدابوو رووداوەكانی ساڵی 1990 روو دەدەن. ئەو رووداوانەش رەنگدانەوەی هەوڵەكانی عیراقن بۆ پوچەڵكردنەوەی رێكەوتنەكانی دەستنیشانكردنی سنوورەكان. لە سعودیەش (سعود ئەلفەیسەڵ)ی میری سعودی لەساڵی 1975وە تاساڵی 2015 وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بوو، واتە لەسەردەمی گەمارۆی نەوتەوە تا دەوڵەتی ئیسلامی‌و لەشاوە تا پلانی كاری گشتیی هاوبەش.
لەئیماراتی عەرەبیش خێزانە دەسەڵاتدارەكان تائێستاش بەڕوونی بارودۆخی كاتی كشانەوەی بەریتانییەكانیان لەبیرە، لەكەنداو لەساڵی 1970دا، ئەوەبوو بەدوایدا ئێران دەستی بەسەر سێ دوورگەی ئیماراتدا گرت. لە (رامەڵڵا) (نەبیل ئەبوڕدێنە)ی هاوڕێم سەرجەم مێژووی لەبیرەوەرییەكانیدا نووسیوەتەوە. لەمیسریش بیرەوەری سیاسی ئەو وڵاتە لە شۆڕشەكەی ئەحمەد عەڕابی-یەوە (1879 – 1882) دەستپێدەكات‌و بزوتنەوەی ئەفسەرانی ئازادیخوازی 1952‌و جەنگی سوێسی 1956‌و جەنگی ئۆكتۆبەری ساڵی 1973 لەخۆدەگرێ. بەڵام لەئێران شۆڕشی توتن لەنەوەدەكانی سەدەی نۆزدەدا‌و شۆڕشی دەستووریی (1905 – 1907)‌و رووخاندنی قاجارەكان لەبیستەكانی سەدەی بیستەمدا‌و رووخاندنی حكومەتەكەی (موسەدەق) لەساڵی 1953-دا‌و دواتر رووداوەكانی شۆڕشی ئیسلامی ساڵانی (1978 – 1979) بەشێكن لەبیرەوەری سیاسی ئەو وڵاتە.
بەڵام هەموو ئەم شتانە جیاوازییان هەبوو، تەنانەت لەناو خودی وڵاتەكانیشیاندا، بۆ نموونە بابەتی دەستوور لەئێران راستەوخۆ كێشەی دەستوور نەبوو، بەڵكو ململانێ‌و ناكۆكی نێوان نوێخوازەكان‌و كەسایەتییە ئایینییەكان‌و تەنانەت ناكۆكی نێوان خودی كەسایەتییە ئایینییەكانیش بوو بووەهۆی رووخانی موسەدەق. لەعیراقیش میراتی بەعسییەكان لەدڵی ململانێكانی ئەمڕۆدا بەجێ ماوە، دەبێ ئاماژە بەوەش بكرێ كە بیرۆكەی بەعس بەتەنها تایبەت نەبوو بە سەدام، بەڵكو پەیوەندی بەشێوازی دامەزراندنی دەوڵەت‌و بارودۆخی دوای نەمانی پاشایەتی‌و شۆڕشی 1958‌و پێویستی دامەزراندنی نەتەوەیەكی سیكۆلاری بوو بۆ هەمووان.
بەڵام هەموو ئەمانە لە هۆشیاری‌و ئاگایی سیاسی گشتییدا هەیە‌و بەشێوەیەكیش ئامادەیە كە لەمكاتەدا زۆر بەدەگمەن لەخۆرئاوا شتی وادەبینرێ. ئێمە زۆرجار وا بیردەكەینەوە كە توڕەبوونەكانی مێژوو بەربەستێكن لەبەردەم تێگەیشتندا، هەربۆیە وتارنووسە خۆرئاواییەكان سەرەتا بیریان بۆ ئەوە چوو كە لەبەهاری عەرەبیدا‌و لەهەندێك لەوڵاتە عەرەبییەكاندا حزبە ئیسلامییەكان پشتیوانی زیاتریان لێ بكرێ، ئەویش بەهۆی بیری زاڵی ئایینی‌و محافزكاریی عەرەبەكانەوە، بەڵام لەڕاستیدا رووداوەكان دەرەنجامی كۆمەڵێك بابەتی كۆمەڵایەتی سیاسی دیاریكراو بوو، ئەوەبوو پێمان سەیر بوو كاتێك بینیمان كوتوپڕ ئەو پشتیوانییە نەما، بۆ نموونە لەمیسر دەسەڵاتی توندڕەوانە گەڕایەوە، ئەویش بەپشتیوانییەكی جەماوەریی زۆرەوە.
بەهەمان شێوە هەندێكجار سەركەوتوو نابین لە لێكدانەوەمان بۆ نیگەرانییەكانی سعودیە لە دەستێوەردانەكانی ئێران لە یەمەن‌و جموجۆڵی حوسییەكان لەو وڵاتەدا‌و هەڵوێستی خودی یەمەنیش لەچوارچێوەی ئەمارەتی (ئەلئیدریسی لە عەسیر)‌و هێرشەكانی ئەو مەملەكەتە لەباشوور لەساڵانی سییەكانی سەدەی رابردوودا، هەروەها ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە بەدرێژایی چلەكان‌و پەنجاكان‌و كودەتاكەی یەمەنی ساڵی 1962 كە هاوكاری میسری لەپشتەوە بوو، كشانەوەی بەریتانیا لە عەدەن لەكۆتایی شەستەكاندا. بەڵام عوممان جیاواز سەیری هەموو ئەمانە دەكات ئەویش لەبەرئەوەی مێژوویەكی جیاوازی هەیە.
زۆرجار خەڵكی باس لە هەڵوەشانەوەی سنووری سایكس پیكۆ دەكەن لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەویش لەئەنجامی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت لەعیراق‌و شام، بەڵام ئەم سنوورانە لەساڵی 1921-دا‌و لەشاری لۆزان كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەژێر فشاری زۆری توركیادا رێكەوتوون لەسەری، توركیا ئەوكات تازە خەریك بوو هێزی تێ دەگەڕایەوە، ئێستاش دەوڵەتێك لەناوچەكەدا بەدی ناكرێ كە حەز بە هەڵدانەوەی ئەو بابەتە بكات، بەڵام كوردەكان بەڕاستی پێیان باشترە بابەتەكە هەڵدرێتەوە‌و بگەڕێنەوە بۆ پەیمانی سێڤر كە دەوڵەتی پێ رەوابینیبوون‌و دواتر پەیمانی لۆزان شكستی پێهێنا.
هەموو ئەمانە لەكاتێكدا روویان دا كە ئێمە نەمانتوانی ئاراستەی مێژوو لەبەرچاو بگرین‌و كەسانی وەك ئەبوبەكر بەغدادیش شانۆی مێژوویان خراپ بەكارهێنا، كە وتەكانی ئەبوبەكری یەكەم بەكاردێنێتەوە ئەو ئەبوبەكرەی یەكەم خەلیفەی ئیسلام بوو، هەروەها لاسایی عەباسییەكان دەكاتەوە كە ئومەویەكانیان رووخاند‌و لاسایی سەركردە گەورەكانی وەك (نورەدین زەنكی)‌و سەڵاحەدینی ئەیوبی دەكاتەوە، هەموو ئەو شتانەی بەدرێژایی هەزار‌و 400 ساڵ روویان داوە لاسایی دەكاتەوە‌و تەنها لەیەك وتاردا دەریان دەبڕێ لە مزگەوتی گەورەی موسڵەوە.
كرۆكی بابەتەكەش ئەوەیە كە مێژوو گرنگە بۆ هەر تێگەیشتنێك لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، كورتكردنەوەی مێژووش لەوتەیەكی كورتدا یان وانە‌و ئامۆژگاری لەبارەی چاكەكارییەوە هیچ سوودی نییە. راستە قوڵبوونەوە بەڕەگ‌و ریشەی مێژوودا‌و تێگەیشتن لەململانێكانی ئەمڕۆ هەروا ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر خۆمان بمانەوێ ئەوا مێژوو دۆستمانە.
*باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە سعودیە
سەرچاوە: صحیفة العرب اللندنیة

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …