Home / ناوداران / حەپسەخانی نەقیب (١٨٩١ – ١٩٥٣/٤/١٢)

حەپسەخانی نەقیب (١٨٩١ – ١٩٥٣/٤/١٢)

حەپسەخانی نەقیب (١٨٩١ – ١٩٥٣/٤/١٢)

FB_IMG_1458588110392

ژنە ناوداری کوردپەروەرو خێرخوازو خەمخۆری ژنانی کوردستان، حەپسەخانی نەقیب، کچی مەعروف بەرزنجی نەوەی کاک ئەحمەدی شێخ‌و ئامۆزای شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان‌و ھاوسەری شێخ قادری حەفید؛ لە ساڵی ١٨٩١دا لە شاری سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە.

بۆیە پێیدەڵێن حەپسە خانی نەقیب، چونکە مەعرووف بەرزنجی باوکی (نەقیب) بووە. ئەم پلەی (نەقیب)ییەشی لەلایەن حکومەتی عوسمانیەوە پێبەخشراوە بەو ھۆیەوە کە نوێنەری (سادات-شێخان) بووە.

حەپسەخان لەو بنەماڵە گەورە ئایین‌و زانستپەروەرە خزمەتگوزارەی کورد پەروەردەبووەو بووەتە یەکێک لە ژنە ھەرە بەناوبانگەکانی کوردستان، چونکە ژنێکی بەخشندەی چاوتێرو خێرخواز بووەو گەلێک زمان شیرین‌و دەروونپاک بووە، دیوەخانەکەی ھەردەم پڕ لە ژنانی شاری سلێمانی‌و دەورو بەری بووەو ھەر ژنێێک تووشی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یا دارایی بووبێ‌و زۆریی لێکرابێ، پەنای بردۆتە بەر حەپسەخان‌و ئەویش بەدڵێکی فراوانەوە لە کێشەکەی کۆڵیوەتەوە بۆی چارەسەر کردووە، زۆر جار یارمەتییەکی باشی دارایی ئەو ژنانەشی داوە، تا وای لێھاتوە نەک ھەر لە ناو ژناندا ڕۆڵ‌و نرخی کۆمەڵایەتی خۆی ھەبێت، بەڵکو لە ناو ھەموو خەڵکی کوردستان دا ڕێزو پایەیەکی تایبەتی بووەو لەو کاتەی کە ماڵ‌و دیوەخانەکەی حەپسەخان بببووە قوتابخانەیەکی کۆمەڵایەتی کوردو ژنان لێیەوە فێری ڕەوشتی بەرزی کۆمەڵایەتی دەبوون، لە ھەمان کاتیش دا مەڵبەندێکی بەرزی نیشتمانپەروەریش بوو، ژنان لەو مەڵبەندە کۆمەڵایەتییەی ئەو شێرەژنە کوردە، ھەستی کوردایەتییان دەوروژاو بیری ڕامیارییان لەلا پەروەردە دەبوو.

لەکاتێکدا کە لە کۆڕو کۆبوونەوەی ژناندا باسی جلوبەرگی ئاڵوواڵای ژنان‌و باسی ئەم‌و ئەو دەکرا، لە کۆڕو دیوەخانی حەپسەخان-دا ھەرباسی ڕەوشت پاکی‌و کورد پەروەریی‌و مافی نەتەوایەتی کوردو ئازادیی خاکی کوردستان دەکرا.

ساڵی ١٩٢٣ کە سمکۆی شکاک ھاتە سلێمانی‌و پێشوازییەکی شاھانەی لێکراو ژنانی سلێمانی بەکاریگەریی حەپسەخان رۆڵی بەرچاویان ھەبووەو رژاونەتە سەر شەقامەکان.

لە ٢٨/٦/١٩٣٠ یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بەناوی (کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد) بە ‌سەرۆکایەتی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە، حەپسەخانی عیرفانە فەنی، خێزانی جەمیل سائیب سکرتێری بووەو بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە. بێگومان دروستکردنی کۆمەڵەیەک لەلایەن ژنێکەوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف‌و داواکانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی رابردوودا، نموونەیەکی کەم وێنەیە، تھنانەت لەو رۆژگارەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست-یشدا.

ئەم ژنە وریا‌و تێکۆشەرەی کورد، ساڵی ١٩٣٠، نامەیەکی ڕامیاریی مێژوویی بۆ ڕێکخراوی (کۆمەڵەی نەتەوەکان – عصبە الامم) لە “جنێف” نووسی و بە ڕاشکاوی داوای مافی چارەنووسی کوردی کرد، لەسەر خاکی کوردستان، کە ئەو داواکارییەی ئەو ژنە کوردە، دەنگێکی باشی دایەوە، بە تایبەتی لەو سەردەمە تاریکەی کورد پێیدا تێدەپەڕی.

کاتێکیش کە کۆماری دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازیی محەمەد لە ١٩٤٦.٠١.٢٢دا لە مەھاباد دامەزرا، حەپسەخان بەھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارە ئازیزە ساوایەی کوردی کرد بەرامبەر بەو ھەڵوێستەی پێشەوا سوپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ ناردو ڕێزێکی زۆری لێنا.

حەپسەخان لە بواری زانستپەروەریی‌و بڵاوکردنەوەی خوێندەواری لەناو ژنانی کورددا، ڕۆڵێکی باڵای بووە، بۆیە نەک ھەر مایەی شانازیی پێوەکردنی ژنانی کورد بووە، بەڵکو جێگەی شانازی سەرجەم میللەتی کوردبووە، چونکە جگە لە ھەڵوێستی چاکە خوازیی کۆمەڵایەتی‌و خزمەتگوزاریی خەڵک‌و یارمەتیدانی ھەژارو نیشتمانپەروەریی پڕ لە دڵسۆزیی‌و ڕاستگۆیی، ھەڵوێستێکی بەرزیشی ھەبووە بەرامبەر بەکردنەوەی قوتابخانەی ژنان بۆ لەناوبردنی نەخوێندەواریی، ھەوڵێکی بێ پایانی دا بۆ کردنەوەی خوێندنگەیەکی ژنان کە بە ئێواران ژنانی کورد لەو قوتابخانەیە دەیانخوێند، تەنانەت حەپسەخان خۆشی بوو بە قوتابی ئەو قوتابخانەیە کە یەکەم قوتابخانەی ژنان بوو لە مێژووی کورداو خانویەکی خۆی بەخشی کە بکرێت بە قوتابخانە، پاشانیش ئەو قوتابخانەیە کە ماڵی خۆی بوو لەسەر پەروەردەی تاپۆ کرد.

ئەم ژنە چاکەخوازەی کورد لە تەمەنی شەست‌و دوو ساڵیدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرپەنجە، کۆچیدوایی کردو لە لەگردی (سەیوان)ی شاری سلێمانی بەخاکسپێردرا، بە کۆچیدوایی حەپسەخان، لەو رۆژگارەدا کەلێنێکی گەورە لە بواری تێکۆشان بۆ ئازادی‌و یەکسانی ژنانی کوردستاندا دروست بوو.

 

وێنه که

شێخ قادری حەفید و حەپسەخانی نەقیبه

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …