Home / مێژووی ئیسلام / كورتەیەك لە مێژوی ئیسلامی لە ئەندەلوس

كورتەیەك لە مێژوی ئیسلامی لە ئەندەلوس

كورتەیەك لە مێژوی ئیسلامی لە ئەندەلوس

 Andalos
 دەوڵەتی ئیسلامی لەئەندەلوس

دوای فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلامی درێژەدان بە بڵاوكردنەوەی ئایینی ئیسلام بۆ ڕێنموونی خەڵك ‌وگەیاندنی پەیامەكەی‌و ڕزگار كردنی خەڵك لەستەم‌و چەوساندنەوە ئەركی سەرەكی بوو، فەتحكردنی ئیسپانیاو پورتوگال ببونە بەشێكی ئاسایی‌و لەگەڵ ئەوپلانەدا دەگونجا كە فتوحاتی ئیسلامی دەیگرتەبەر كە پاراستنی سنورەكان‌و بڵاوكردنەوەی پەیامەكەیان بوو، ئەمەش بە بەردەوامی جیهادكردنیان تابتوانن.

ئیسپانیا دەیناڵاند بەداڕمانێكی گشتگیر لەسەر ئاستی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و هزری‌و ئابووری، هەندێك لەهاولاتیانی پەنایان بردە بەر مسوڵمانان لەكاتێكدا والی موسای كوڕی نەسیر لە بەشەكانی مەغریبدا بنەماكانی ئیسلامی دەچەسپاندن‌و زانست‌و مەعریفەی تێدا بڵاوكردەوە بۆیە نامەی نووسی بۆ خەلیفە وەلید‌و داوای لێكرد مۆڵەتی پێبدات تا لە گەروو بپەڕێتەوە بۆڕزگار كردنی دانیشتوانی نیمچەدوورگەی ئیبریەو بڵاوكردنەوەی ئیسلام لەوێدا، بەڵام خەلیفە سەرەتا ڕاڕا بوو تاگیانی جەنگاوەران لەناو نەچێت‌و لەمەترسی بەدووربن، بەڵام موسای كوڕی نەسیر ڕاڤەی نیازەكەی‌و دڵنیا كردنی لە ئەنجامەكانی خەلیفەی ڕازی كرد.

*سەردەمی فەتحكردن(92-95كۆچی):

موسای كوڕی نەسیر لەساڵی (91كۆچیدا) دەستەیەكی هەواڵگری نارد بۆ باشووری ئیسپانیا كەلە پێنج سەد جەنگاوەر پێكدەهات بەڕێبەری تەریفی كوڕی مالیك كە بە ئەبو زەرعە ناسرابوو، ئەم سوپایە لە سەبتەوە پەڕیەوە‌و لەبەرەی ئیسپانی لەنزیك دوورگەیەك دابەزی كە دواتر بە دوورگەی تەریف ناسرا، ئەم دەستەیە هەواڵی دڵخۆشكەری هێنایەوە، بۆیە موسای كوڕی نەسیر سوپایەكی حەوت هەزار كەسی ئامادە كرد بە ڕێبەری تاریقی كوڕی زیاد، خاڵی كۆبونەوەی سوپاش لەبەرەی ئیسپانیدا لەسەر شاخێكی بەردین بوو كە دواتر بەشاخی تاریق ناسرا، هەروەك گەروەكەش بە گەروی تاریق ناسرا، تاریق چەند جەنگێكی دژ بە هێزە قوتیەكان گرتەبەرو تیایدا سەركەوت‌و نامەی نووسی بۆ لزریقی پاشای ئیسپانیا‌وهەواڵی پێدا (خەڵكێ‌ كەنازانن ئایا خەڵكی سەرزەوین یان خەڵكی ئاسمانن هاتونەتە وڵاتەكەی) لزریق بەردەوام شۆڕشەكانی سەركوت دەكرد، خۆی ئامادە كرد دژ بەتاریق، كاتێك تاریق بەوەی زانی نامەی نووسی بۆ مووساو داوای لێكرد سەربازی بۆ بنێرَیت، ئەویش سوپایەكی پێنج هەزاری نارد بە ڕێبەری ئەبو زەرعە، بەمە ژمارەی جەنگاوەران لە سوپای تاریقدا بوونە دوانزە هەزار جەنگاوەر، سوپای قووتی كە لزریق سەركردایەتی دەكرد چەند بەرامبەری سوپای مسوڵمانان بوو لە ڕووی ژمارەو ڕێكخستن‌و شمەكیەوە، لەخاكێكیشدا دەجەنگا كە شارەزای بوو‌و لەسەرچاوەی یارمەتیشەوە نزیك بوو بەڵام سوپای ئیسلامی لەڕووی ڕۆحی جەنگیەوە بەهێزتر بوو‌و ئامادەی شەهیدی بوو، هەردوو سوپا لە جەنگی دۆڵی بربات بەیەكگەیشتن‌و هەشت ڕۆژ جەنگان تا دواجار سوپای مسوڵمانان سەركەوت‌و كەوتە شوێن پاشماوەی سوپای قووتی كە ڕایدەكرد، بەوە چوویە ناوچەكانی نیمچە دوورگەی ئیبریا، بەدوای ئەمەدا مووسای كوڕی نەسیر بە سوپایەكی هەژدە هەزاریەوە هات‌و چوویە دوورگەی سەوز‌و دواتر بەرەو شزونەو قرمونە‌و ئیشبیلیە چوو‌و گرتی‌و بۆ ئازادكردنی شارەكانی دیكەش درێژەی دا بە چالاكیەكانی.

مووسا لەساڵی (94كۆچیدا) گەیشت بە تاریقی كوڕی زیاد‌و جیهاد لە باكووری نیمچە دوورگەی ئیبریادا دەستیپێكرد‌و بەرەو شاخەكانی برت چوو‌و فەرمانی خەلیفەیان پێ گەیشت تابەرەو دیمەشق بگەڕێنەوە، هەردوو سەركردەش گەڕانەوە دوای ئەوەی مووسا عەبدولعەزیزی كوڕی لەسەر ئەندەلوس دانا لەساڵی (95كۆچیدا).

 

*سەردەمی والیەكان (95-138كۆچی):

ئەمەش لەساڵی (95كۆچیەوە) بەردەوام بووو تا عەبدول رەحمانی كوڕی موعاویەی كوڕی هیشام لەساڵ (138كۆچی) گەیشتە ئەندەلوس واتە ماوەی چل‌ودوو ساڵ، لەوماوەدا دوای موسای كوڕی نەسیر‌و تاریقی كوڕی زیاد نزیكەی بیست والی لەوێ دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئەندەلوس لەڕووی كارگێڕیەوە یان ڕاستەوخۆ پەیوەستی خیلافەت بوو یان پەیوەستی والی باكووری ئەفریقا بوو كە ئەویش خەلیفە دایدەنا، ئەوسەردەمە ڕێكخستنی كارگێڕی‌و چاككردنی باری دارایی‌و لێدانی دراوی ئیسلامی بەخۆیەوە دی‌و وڵاتی بەرەو ژیانێكی نوێ برد كە سەقامگیری چەسپا‌و ئیسلام بڵاوبوویەوە‌و دادپەروەری‌و لێبوردن‌و بەها نوێ ژیاریەكان لەوڵاتدا دەركەوتن‌و چەندین دەستكەوتی گرنگ هاتنەدی‌و مزگەوت‌و خوێندنگە دروست كراو ڕۆشنبیری بڵاوبوویەوەو والی سەمعی كوڕی مالیك پردی گەورەی قورتوبەی دروستكرد كە لەسەر ڕووباری دۆڵی گەورە دروستی كردو پێوانێكی ئەنجامدا بۆ زانینی سروشتی زەوی‌و بەرهەمەكانی، كشتوكاڵ گەشەی سەند، ئەمەش ئاماژەیە بەو پێشكەوتنە ژیاریەی كە لەماوەی دیاری كراودا بەدەسهات.

 

*سەردەمی میرایەتی(138-316كۆچی):

بەهاتنی عەبدول رەحمانی كوڕی موعاویە دەست پێ دەكات كە بەعەبدول رەحمانی داخل ناودەبرا عەبدول رەحمان لەدەست عەباسیەكان ڕایكردو‌و گەیشتە توونس‌و لەوێ خۆی شاردەوە، دواتر لای خاڵوانی لە هۆزی نەغزە دانیشت‌و لە گەرووەوە بەرەو ئەندەلوس پەڕیەوە‌و توانی لەوێ دەسەڵاتێك پێكەوە بنێت‌و نازناوی داڵی قورەیشی لێ بنرێت، ئەوكەسێكی نەرم‌و نیان‌و چاك‌و دڵیر بوو‌و ئەندەلوسی یەكخست‌و گرنگیدا بە قورتوبەی پایتەخت.

لەوسەردەمەدا چەند ڕووداوێك ڕوویاندا، شارلەمانی ئیمپراتۆری فرەنجەكان هێرشی بردەسەر ئەندەلوس‌و شاخەكانی ئەلبرتی بڕی‌و گەیشت بەسوپای ئەندەلوس بە ڕێبەری حوسەینی كوڕی یەحیای ئەنساری ئەمەش لەناوچەی سەرەقوستە، ئەوەبوو لەبەردەم سوپای گەمارۆدەری شارلەماندا وەستا، كاتێك گەمارۆكە درێژی كێشا شۆڕشی سەكسۆنیەكان دژ بە شارلەمان دەركەوت‌و شارلەمان ناچاربوو بەبێ هیوایی بەشوێن پێی خۆیدا بگەڕێتەوە.

هەروەها لەساڵی (228كۆچیدا) نورمانەكان هێرشیان بردە سەر كەناراوەكانی ڕۆژئاوای ئەندەلوس ئەمەش لە سەردەمی عەبدول رەحمانی دووەمدا، ئەمە یەكەم هێرش بوو بۆ سەر شارەكانی لشبۆنەو قورتوبەو ئیشبیلیە، دواتر ئاگربەستێك بەستراو تیایدا شورەكانی ئیشبیلیە قایموقۆڵ كران‌و گرنگی زۆر درا بە بنیادنانی دەریاوانی ئەندەلوسی، لەگەڵ ئەمەشدا نۆرمانەكان چەند هێرشێكی دیكەیان بردنە سەر ناوچەكانی ئەندەلوس، بەڵام ئەندەلوسیەكان توانییان بەریان پێ بگرن.

لەبواری ناوخۆیشەوە بانگەواز بۆ پاڵپشتی عەبباسیەكان چالاك بوو‌و چەند بارگرژیەك لە بەشی باشووری قورتوبە لەسەر بەرەی ئەوبەری دۆڵی گەورە لەساڵانی (180-206كۆچیدا) ڕوویاندا، بەڵام دەسەڵاتی رەبزی لەناوی بردن، لەوماوەدا جەزائیری ڕۆژهەڵاتی(میورفەو منورفەو یابسە) فەتحكراو مزگەوتی گەورەی قورتوبە دروستكرا كە گەورەترین دامەزراوەی بنیادی بوون لەڕووی هونەرو جوانی‌و دەربڕینەوە، هاوكات ئەندەلوس بوو بە وڵاتێكی ئیسلامی جیا لە خیلافەتی عەبباسی دوای ئەوەی پێشتر لەڕووی ئیداریەوە پەیوەستی بوو، ئاسایش‌و خۆشگوزەرانی ئەندەلوسی گرتەوە‌و پایەی وەزارەت‌و پەردەداری دەركەوتەوەو هێزی دەریاوانی جەنگی بەهێز بوو‌و ڕێكخستنە سەربازیەكان پێشكەوتن‌و سەرسنورەكان قایموقۆڵ كران‌و شوێنی دروستكردنی كەشتیگەل دانرا‌و زانستەكان گەشەیان سەندو ژیانی هزری پێشكەوت‌و چوارچێوەی فێركاری فراوان بوو‌و گرنگیدان بە كتێب‌و كتێبخانەكان زیادی كردو ئەندەلوس بوو بە مەڵبەندێكی گرنگی ڕۆشنبیری لە جیهانی ئیسلامیدا، بیناسازی لەسەر بنەمای ئەندازیاری‌و هونەری گەیشتە لووتكەی وردەكاری لەپاڵ ئەمەدا ڕێگە‌و كۆشك‌و بینا گرنگیان پێدرا، مزگەوت‌و كتێبخانە‌و باخچە لەشارەكاندا دروستكران‌و شوێنی دراو دەركردن بنیاد نرا، پردی قورتوبە نۆژەن كرایەوە‌و پەیوەندی دبلۆماسی ئەندەلوس لەگەڵ چەند دەوڵەتێكی ئەوروپاو دەوڵەتانێكی دیكەشدا گەشەی سەند.

 

*سەردەمی خیلافەت (316-422كۆچی):

لێرەدا عەبدول رەحمانی ناسر (سێیەم) خیلافەتی ڕاگەیاندو بەهۆی بەهێزی ئەندەلوس‌و لاوازی مەڵبەندی خیلافەنی عەبباسیەوە، لەباكووری ئەفریقا خیلافەت دەركەوتبوو، خەلیفە عەبدول رەحمانی ناسر بەهێز‌و دلێر بوو‌وحەزی بەچاكسازی دەكردو خۆی ڕێبەری سوپاكانی دەكردو ڕێی دەگرت لە هەڵگەڕاوەكانی باكووری ئیسپانیا‌و ملكەچی كردن، باریش لەسەردەمی حەكەمی دووەمی كوڕیدا (350-366كۆچیدا) سەقامگیر بوو‌و بیناسازیش پێشكەوت، بەمە پایەی ئەندەلوس‌و قورتوبەی پایتەختی پێشكەوت‌و زانستیش تەواو پێشكەوت‌و لەهەموو ناوچەكانی جیهانی ئیسلامیەوە كتێبی بۆ هێنرا، دوای مردنی حەكەمی دووەم بارەكە ئاڵۆز بوو‌و پەردەدار موحەمەدی كوڕی ئەبوعامر دەسەڵاتی گرتەدەست، موحەمەد بەپەردەدار مەنسور ناسرابوو، شاری (الزاهرە)ی بنیاد نا، پەردەدار لە ئەندەلووس وەك وەزیری ڕۆژهەڵات بوو، یەك دوای یەك كوڕەكانی موحەمەد دوای خۆی دەسەڵاتی ئەندەلوسیان گرتە دەست.

 

 

*سەردەمی دەستەوخێڵەكان (422-484كۆچی):

دوای كۆتایی هاتنی سەردەمی خیلافەت ئەندەلوس كەوتە بارێكە سەختی ڕكەبەری نێوان والی‌و سەركردەكان‌و دواتر دابەش بوو بۆ چەند دەوڵەتۆكەیەكی بچووكی ڕكەبەر، سەرەڕای هەوڵی دڵسۆزان بۆ پاراستنی یەكێتی ئەندەلوس دەوڵەتانی پاشایانی خێلایەتی دامەزران‌و هەر سەركردەیەك ناوچەی خۆی كرد بە دەسەڵاتێكی سەربەخۆ‌و هەر ناوچەیەك وەزیرو نووسەرودادوەرو كارمەندی كارگێڕی تایبەت بەخۆی هەبوو، دەسەڵاتیش تیایاندا بوو بەمیرات‌و پایتەختیان هەبوو كەچەند شارێكی پەیوەست بەخۆی هەبوون‌و دەسەڵات‌و ناوچەكەی بەپێی هێزو لاوازیەكەی كەم‌و زیادی دەكرد، ئەمەش بەهۆی ململانێی ناوخۆی میرنشینەكەیان ململانێی لەگەڵ دەوڵەتۆكەكانی ئیسپانیای باكووردا، جێی باسە ئەودەوڵەتۆكانی لەیەك كاتدا دانەمەزران‌و ڕووخانیشیان لەیەك كاتدا نەبوو، لەدیارترینی ئەو دەوڵەتۆكانە بریتی بوون لە:

1-ئیشبیلیە: لەڕۆژئاوای ئەندەلوس كەبەنی عەببار فەرمانڕەواییان دەكرد.

2- غەرناتە: لەباشووری ئەندەلوس كە بەنی زیری فەرمانڕەواییان دەكرد.

3-سەرەقوستە: لەسەرسنووری سەرەوە كە بەنی هوود فەرمانڕەواییان دەكرد.

4-قورتوبە: لەناوەڕاستی ئەندەلوس كەبەنی جەهوور فەرمانڕەواییان دەكرد.

5-تولەیتلە: لەسەر سنووری ناوەڕاست كە بەنی زینون فەرمانڕەواییان دەكرد.

6-بەتلیوس: لەسەر سنووری خواروو كەبەنی ئەفتەس فەرمانڕەوییان دەكرد.

بەمە دابەشبوونی سیاسی وڵاتی گرتەوە، ئەمە دەوڵەتۆكە ئیسپانیاكانی هاندا تاچەند شارێكی ئەندەلوس بگرن وەك تولەیتلەو بلنسیە، ئەمە وایكرد مورابیتەكان كە لە مەغریب دەوڵەتیان دامەزراندبوو بدەنە پاڵ براكانیان لەپێناو گێڕانەوەی یەكبوونی وڵاتدا، بەوجۆرە تاساڵی (484كۆچی) بارەكە بەوجۆرە بوو تا لەوساڵەدا سەردەمی خێڵەكان كۆتایی پێهات‌وئەندەلوس لەسەر داخوازی خەڵكی وڵاتەكە چوویە ژێر دەسەڵاتی مورابیتەكانەوە، سەرەڕای دووبەرەكی سیاسی سەردەمی خێڵەكان بەڵام خەڵكی ئەندەلوس هەستی كرد بە بەهای یەكبوون‌و بانگەوازی دڵسۆزانە بۆ یەكدەنگی دەركەوت‌و چەندین دڵسۆز ئەوهەوڵەیان دا لەوانە ئەبو وەلیدی باجی كە هەرچی هەوڵی بوو لەوبوارەدا خستیە گەڕ.

كۆمەڵگەی ئەندەلوس لەوسەردەمەدا پێشكەوتنێكی زانستی‌و ژیانی هزری بەخۆیەوە دی، ئیدی ئەندەلوس بوو بە بازاڕێكی كتێب‌و سەركردەكان ڕكەبەریان بوو لەسەر بەدەستهێنانی كتێب‌و زانایانیان هاندەدا بۆ نووسین، بەرهەمی زانایانیش لەبوار جیاجیاكاندا زۆربوون‌و چەندین نووسینی گەورەو بەنرخیان لەخۆ دەگرت‌و زۆربەی كۆشكەكان بوون بەپێگەی ئەدەبی‌و زانستی، هەندێك پاشاوسەركردە‌و پیاو‌و ڕاوێژكارو وەزیر زاناو ئەدیب بوون یان كەسانی دیاری مەیدانی نووسین بوون، لەدیارترین زانایانی ئەوسەردەمە ئیبن حەزم‌و ئیبن حەیان بوون‌و ئەبوعوبەیدی بەكری‌و چەندێكی دیكەبوون.

 

*سەردەمی مورابیتەكان لە ئەندەلوس (484-522كۆچی):

ئەم ماوە بەماوەی بوژاندنەوەی یەكەم ناودەبرێت، چونكە مورابیتەكان بەڕێبەری یووسفی كوڕی تاشفین توانییان دەوڵەتی مورابیتەكان دابمەزرێنن كە ئەغماتی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مەراكیشی كردە پایتەختی خۆی‌و دواتر شاری مەراكیشی دروستكرد‌و شوێنی ئەوێی گرتەوە، پێشتر ئاماژەمان كرد بەوەی خەڵكی ئەندەلوس پەنایان بردەبەر مورابیتەكان، ئەوانیش پەڕینەوە بۆ ئەندەلوس‌و لەساڵی (479كۆچیدا) جەنگی زەلاقە ڕوویدا كە سوپای قشتاڵەیان تووشی شكست كردو گەڕانەوە، جارێكی دی خەڵكی ئەندەلوس پەنایان بردنە بەر، باری سیاسیش تەواو شێواوبوو، بۆیە مورابیتەكان تولەیتلەو قورتوبەو ئیشبیلیەو بلنسیەو سەرەقوستەو سەر سنووری سەروو‌و چەندێكی دیكەیان دانە پاڵ دەسەڵاتی خۆیان، لەم سەردەمەدا یەكبوونی ئەندەلوسی مەغریب لەسایەی دەسەڵاتی مورابیتەكاندا دەبینرێت، مورابیتەكان دژ بە دەوڵەتە ئیسپانیەكان درێژەیان دا بە جیهاد‌و چەند دەوڵەتۆكەیان گرتنەوە، لەجەزائیری ڕۆژهەڵاتیش هەوڵێكی زۆریان خستە گەڕ بۆ ڕێگری شاڵاوی قشتالەییەكان لەماوەی نیوسەدەدا بەڵام دواتر لاواز بوون‌و دەوڵەتەكەیان ڕووخا، دوای ئەوە لەساڵی (515كۆچیدا) موەحیدەكان دەوڵەتێكیان دامەزراند. دەوڵەتی مورابیتەكان چەند پاڵەوانێتی‌و هەڵوێستێكی گەورەی نیشاندا هەرلەجەنگی زەلاقەوە تا كۆتا ڕۆژانی دەسەڵاتیان، دادپەروەری‌و ئاسایش‌و دڵنیایی وڵاتی گرتەوە‌و كارگێڕییان ڕێكخست‌و ئەندەلوس بۆ شەش ویلایەت دابەش بوو كە كوڕانی ئەمیرە مورابیتەكان فەرمانڕەواییان دەكردن. پایتەختیان لە ئەندەلوس قورتوبە بوو، دواتر گوازرایەوە بۆ غەرناتە، لەسەردەمی ئەواندا دادوەری سەربەخۆ‌و دوور لە كاریگەری بوو، گرنگییان دا بەبنیادنانی كەشتیگەل‌و بەهێزكردنی شارو سەرسنوورەكان، پیشەسازیە جەنگی‌و مەدەنیە جۆربەجۆرەكانی وەك ئاوریشم‌و كاڵا‌و دیباج‌و جۆرەكانی جل گەشەیان سەند، زانست پێشكەوت‌و خوێندنە جۆر بە جۆرەكان دەركەوتن‌و مزگەوتی ئەبویوسف لەمەراكیش بوو بە زانكۆیەكی گەورە، لەدیارترین زاناكانی ئەوسەردەمە بریتی بوون لە ئیبن بەسام خاوەنی كتێبی (الذخیرة فی محاسن اهل الجزیرة)‌وحیجازی نووسەری كتێبی (المسهب فی فضائل العرب) ئەبو وەلید بن روشدی فەیلەسوف‌و ئیبن باج‌و چەندێكی دیكەش.

*موەحیدەكان لەئەندەلوس(540-620كۆچی):

بەم سەردەمە دەوترێت سەردەمی دووەمی بوژاندنەوە، یەكەم سەركردەی موەحیدەكان ئەبو عەبدوڵای مەهدی كوڕی موحەمەدی كوڕی تۆمەرت بوو كە لە مەغریب بانگەوازەكەی خۆی بڵاوكردەوە بۆ پەیوەست بوون بە ئایینی ئیسلام‌و جێبەجێكردنی‌و فڕێدانی هەر هۆشێك كە لەگەڵ ئیسلامدا نەدەگونجا، دوای مردنی عەبدولموئمینی كوڕی عەلی كووفی ڕاسپارد لەناوچەی تلمسان لەجەزائیر كە ڕكەبەری مورابیتەكانی دەكرد تا لەساڵی (540كۆچیدا) توانی بچێتە شاری فارس‌و بۆ ساڵی دواتریش شاری مەراكیشی كردە پایتەختی دەوڵەتی موەحیدەكان، بەوجۆرەی مێژووی مورابیتەكان تەواو بوو‌و سەدەمی نوێی موەحیدەكان هات‌و توانییان دەسەڵاتیان بەسەر مەغریب‌و دواتر ئەندەلوسیشدا بڵاوبكەنەوە‌و دەوڵەتێكی بەهێز دابمەزرێنن كەخەڵكی ئەندەلوس پاش شێوانی باری وڵاتیان لەكۆتا ڕۆژانی مورابیتەكاندا ڕوویان تێكرد.

موەحیدەكان لەپێناو یەكخستنی ئەندەلوس‌و ڕزگار كردنی لەدەست قەڵەمڕەوی دەوڵەتۆكە ئیسپانیەكانی باشوور چەندین جەنگیان ئەنجام دان، بەڵام چەندین مەترسی نوێ ڕوویانكردە ئەوانەی كەبەرەو ڕۆژهەڵات دەچوون لەوجەنگانەدا كە بە جەنگە خاچپەرستیەكان ناسرابوون، ئەوبارە موەحیدەكانی ناچاركرد لەگەڵ هەندێك فەرمانڕوای ئیسپانیی باكووردا ئاگربەست ببەستێت، بەڵام ئەوان زوو بەزوو ئاگربەستەكانیان شكاندن‌و هێرشیان بردەسەر شارە ئەندەلوسیەكان، هەرجارە ویلایەتێكیان سەردەكەوتن تا دواجار ناچاربوون بۆ كۆكردنەوەی هێزیان پەیماننامەی دیكە بنوسن، لەگەڵ ئەمەشدا باری گشتی شێواو بوو‌و دەرفەتی دا بە پاشایانی ئیسپانیای باكوور تا دەوڵەتەكەیان بەش بەش بكەن‌ودەوڵەتی بەنی مرین دەربكەوێت كەڕۆڵێكی دلێرانەی بینی لە مەغریبی دووردا‌و یارمەتی شانشینی غەرناتەیان دا دژ بە شاڵاوی پاشایانی ئیسپانیای باكوورتا لەرویاندا بوەستن.

موەحیدەكان لەساڵی (609كۆچیدا) لەجەنگی (العقاب) لەبەردەم قشتاڵەییەكاندا شكان سەركردەی قشتاڵەییەكان فۆنسی هەشتەم بوو، ئەمە هۆكاری ڕاستەوخۆ بوو كە ڕێخۆشكەری كرد بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی موەحیدیەكان‌و شارە ئەندەلوسیە گرنگەكانی وەك قورتوبەو بلنسیەو مرسیەو ئیشبیلیە‌و چەندین شاری دی كەوتنە د ەست سوپا ئیسپانیەكان، بەڵام مسوڵمانەكان توانییان چەند ناوچەیەكی باشووری دوورگەی ئەندەلوس بپارێزن، ئیدی شانشینی غەرناتە دامەزرا.

دەسەڵاتی موەحیدەكان بەرز كردنەوەی ئاڵای جیهادی ڕێی خواو بەرگریكردن لەدەسەڵاتی ئیسلامی لەمەغریب‌و ئەندەلوسدا بەخۆوە دی، موەحیدەكان گرنگیان دابە ڕێكخستنی سوپا‌و دادپەروەەری‌و ئاسایش‌و یاسا سالارییان تێدا بڵاو كردەوە، ژیاریش لەهەموو بوارەكاندا بەردەوام پێشدەكەوت، لەسەردەمی موەحیدەكاندا ئەندەلوس لەڕووی كارگێڕشیەوە ویلایەتێكی ناوبازنەی دەوڵەتی گەورەی موەحیدەكان بوو‌و ئەمیری موەحیدیەكان سەرپەرشتی دەكردو لێپێچینەوەی كاربەدەستانی دەكردو دەیگۆڕین ئەگەر پێویست بوایە، لایەنە داراییەكانی لەخۆ دەگرت‌و دامەزراوەی جەنگی‌و قەڵا‌و بیناو كۆشك‌و مزگەوت بنیادنران، لەژیانی هزریشدا پێشدەكەوت‌و چەندین زانا دەركەوتن وەك ئیبن جوبەیر(614كۆچی) نووسەری گەشتەكەی ئیبن جوبەیر، عەبدولواحیدی مەراكیشی (647كۆچی)نووسەری (المعجب فی تلخیص اخبار المغرب) ‌وفەیلەسوف‌و پزیشكی وەك ئیبن توفەیل (581كۆچی)‌وئیبن روشد (595كۆچی) ئیبن عەوامی نووسەری كتێبی (الفلاحة فی العلوم الزراعیة)وچەندێكی دی دەركەوتن.

 

 

*شانشینی غەرناتە (635-897كۆچی):

بەهۆی لاوازی موەحیدیەكان‌و نەتوانینیان بۆ پاراستنی ئەندەلوس‌ویەكبوونی، خەڵكی ئەندەلوس خۆیان كەوتنە بەرگری تاچییان لەدەست ماوە بمێنێتەوە، ئیبن هوود هەوڵیدا كۆتایی بهێنێت بەدەسەڵاتی موەحیدەكان لە ئەندەلوس‌و خۆی بەرامبەر مەترسی‌و شاڵاوەكانی ئیسپانیای مەسیحی بوەستێ، ئیبن هوود بەتەنها ئەم هەنگاوەی نەنا بەڵكو موحەمەدی كوڕی یوسفی ناسراو بە ئیبن ئەحمەریش ئەم هەوڵەی داو هەندێك ناوچەی لە باشووری ئەندەلوس پاراست‌و شانشینی غەرناتەی دامەزراند یان پێی دەوترا(ئەندەلوسی بچووك) كوڕەكانی یەك دوای یەك دەسەڵاتیان گرتە دەست تا لەسەر دەستی پاشا ئەرگۆن‌و شاژنی قشتالەو لیۆن دوای گەمارۆیەكی درێژخایەن ڕووخا، لەوماوەدا كشتوكاڵ‌و بەرهەمەكانیان لەناوبردن‌و خەڵكی گیرۆدەی برسێتی بوون، ناچار ڕێككەوتن لەسەرچەند مەرجێك بۆ لابردنی گەمارۆكە.

 

 

ماوەی دەسەڵاتی شانشینی غەرناتە زیاتر لەدووسەدەونیو بوو، تیایدا زیاتر لە بیست فەرمانڕەوا هاتن، زۆربەیان سیفەتی بەرزی وەك دڵێری‌و دڵسۆزی‌و هەستی بەرپرسیارێتیان هەبوو، لەپاڵ غەرناتەدا دوورگەی سەوزو شاخی تاریق‌و چەند بەشێكی ویلایەتی مرسیە‌و ویلایەتی قادسیە هەبوون، ئەمە سەرەڕای ویلایەتی مریە لەڕۆژهەلات‌و ویلایەتی مەلقات لەباشوور.

چەند هۆكارێك بوونە هۆی بەردەوامی دووسەدە‌ونیوی دەسەڵاتی غەرناتە، لەوانە پێگە جوگرافیەی كە لە دەریای ناوەڕاست بوو، بەستنی پەیمان‌و ڕێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسپانیدا، ململانێ‌و ناكۆكیەكانی نێوان دەوڵەتی ئیسپانیەكان، دەوڵەتی مورینیش بەردەوام یارمەتی غەرناتەی دەدا بە هەموو پێناوێك، مسوڵمانان دەستە بەدەستە كۆچیان دەكرد بۆ ئەوێ‌و تاوێ لاوازی‌و تاوێ بەهێزی ڕوویدەكردە غەرناتە، لەگەڵ ئەمەشدا غەرناتە باری سەقامگیر نەبووو لایەنی سەربازی لاوازبوو‌و بارودۆخەكەش سەخت بوو‌و دوژمنان زۆربوون، فشاری دەوڵەتی ئیسپانی زۆربوو، ئەمە دوای ئەوەی بەهۆی هاوسەرگیری فردیناندو ئیزابیلای شاژنی قشتالەوە ئیسپانیا یەكیگرت‌و ئەودوانە توانییان لەساڵی (897كۆچیدا) بچنە ناو غەرناتە‌و كۆشكەكەی كەناسرابوو بە كۆشكی(الحمراء) ئەمیر ئەبوعەبدوڵای بچووكیش چوو بۆ فارس‌و دەستەیەكی زۆری مسوڵمانانیش بەرەو مەغریب لەگەڵی چوون، بەوجۆرە ڕۆڵی پرشنگداری مسوڵمانان لەئەندەلوس كۆتایی پێهات، مسوڵمانان ئەندەلوسیان كردە ناوچەیەكی شارستانی‌و دامەزراوەی ڕۆشنبیریان تێدا دامەزراند ‌وچرای زانست‌ومەعریفەیان تێدا داگیرسان، ئەمە لەكاتێكدا ئەوروپا لەگێژانەوی سەردەمە تاریكەكاندا دەژیا.

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …