کۆچ نامە

کۆچ نامە

 

14102015217721_255

نووسینی: پاسه‌وان قه‌بلان
كۆچكردنی پێغه‌مبه‌ر له‌ مه‌ككه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌ ڕه‌نگه‌ گه‌وره‌ترین و ناوازه‌ترین كۆچ بێ بووبێته‌ هۆی دروستبوونی وه‌رچه‌رخانێكی به‌ په‌له‌ و له‌ هه‌مان كاتدا گه‌وره‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. هه‌ر بۆیه‌ كۆچێكی سه‌رنجراكێش و جێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ندێكن له‌ په‌ند و په‌یامه‌كانی گه‌شتی كۆچی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام:

یه‌كه‌م: زه‌مینه‌سازی

پێشتر به‌بێ هیچ زه‌مینه‌سازیيه‌ك پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر) ڕووی كرده‌ شاری تائیف، به‌داخه‌وه‌! به‌ ده‌ركردن و سووكایه‌تیپێكردن و به‌ردبارانكردن وه‌لامیان دایه‌وه‌ .

ئه‌مجاره‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) زه‌مینه‌سازیی كرد بۆ كۆچی داهاتووی :

1. له‌ وه‌رزه‌كانی حه‌جدا ده‌چووه‌ ده‌وری كه‌عبه‌، شه‌وانه‌ به‌ ناو پۆل پۆلی حه‌جكه‌راندا ده‌گه‌را و، ئه‌وانه‌ی لێیراده‌دیتن باسی ئیسلام (په‌یامه‌ نوێكه‌)ی بۆ ده‌كردن .

2. خه‌ڵكی شاری (یه‌سریب) زیاتر له‌ خه‌ڵكی هه‌موو ناوچه‌كانی تر به‌ ده‌میه‌وه‌ هاتن، پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) ئه‌وانی هه‌ڵبژارد بۆ نیشتیمانی ئیسلام .

3. پشوودرێژی و ڕه‌چاوكردنی قۆناغبه‌ندی له‌و زه‌مینه‌سازیيه‌دا، كه‌ زیاتر له‌ 3 ساڵی له‌دوای یه‌كی وه‌رزی حه‌جی خایاند .

4. له‌ ساڵی سێهه‌مدا كۆی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی له‌ خه‌ڵكی یه‌سریب موسلمانبوون گه‌یشته‌ (75) كه‌س و په‌یماننامه‌ی عه‌قه‌به‌ی دووه‌میان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌ست و په‌یمانی گوێڕایه‌ڵی و پشتگیریيان پێدا له‌ حاڵی كۆچكردنیدا بۆ لای ئه‌وان.

5. له‌ نێوان په‌یماننامه‌ی عه‌قه‌به‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مدا پێغه‌مبه‌ر (د.خ) لاوێكی موسلمانی دره‌وشاوه‌ی نارده‌ یه‌سریب كه‌ (موسعه‌بی كوری عومه‌یر) بوو؛ تاوه‌كو له‌ ناو خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ بانگه‌وازی ئیسلام بڵاوبكاته‌وه‌ و، زه‌مینه‌سازی بۆ هاتنی پێشه‌وا بكات .

6. پێغه‌مبه‌ر (د.خ) هه‌موو ئه‌م چالاكیيانه‌ی به‌ نهێنی و هێمنی و بێ ده‌نگه‌ده‌نگ ئه‌نجام ده‌دا .

پرۆژه‌ و هزره‌ نوێكان ده‌بێ زه‌مینه‌سازیيان بۆ بكرێت، زه‌مینه‌سازی له‌ مێشكی مرۆڤه‌كاندا؛ بۆ ئه‌وه‌ی قبووڵ بكرێن و هه‌لی سه‌ركه‌وتنیان زیاتر بێت .

دووه‌م: پلانڕێژی

چوونی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌ ده‌مامكه‌وه‌ بۆ ماڵی ئه‌بوبه‌كر له‌ تاره‌ی نیوه‌رۆ بۆ ته‌واوكردنی ئاماده‌كاریيه‌كانی كۆچكردن له‌و شه‌وه‌دا (ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕێنیشانده‌ری بیابان، ئاماده‌كردنی وڵاغ، دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌كان…) كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوون .

 عه‌لیی ئامۆزای بۆ: 1-نووستن له‌ جێگه‌ی ئه‌ودا به‌ شه‌و 2- گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ته‌كانی خه‌ڵك.

 عه‌بدوڵڵای كوڕی ئه‌بوبه‌كر بۆ هه‌والگری، كه‌ شه‌و به‌رپا ده‌بوو ده‌چووه‌ ئه‌شكه‌وته‌كه‌ هه‌واڵ و جموجۆڵی مه‌ككه‌ی بۆ ده‌گواستنه‌وه‌ و‌، به‌ره‌به‌یانیش ده‌گه‌رایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌لكیڕۆژی ده‌كرده‌وه‌ .

شوانی ئه‌بوبه‌كر (عامری كوڕی فوهه‌یره‌) مه‌ڕه‌كه‌ی له‌ ده‌وروپشتی ئه‌شكه‌وته‌كه‌ ده‌له‌وه‌ڕاند بۆ دوو فرمان: 1- بزركردنی شوێنپێكانی عه‌بدوڵڵای ئه‌بوبه‌كر. 2- دابینكردنی خواردنی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و ئه‌بوبه‌كر له‌ شيری مه‌ڕه‌كه‌ .

– پاشان ده‌ر‌چوون له‌ مه‌ككه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌ به‌ ڕێگای نائاساییدا، كه‌ ده‌بوو له‌ باكووری مه‌ككه‌وه‌ ده‌رچن، به‌ڵام ئه‌وان له‌ باشووره‌وه‌ به‌ره‌و‌ یه‌مه‌ن ده‌رچوون. دواتر سوورانه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌ .

     ئه‌م پلانه‌ ورد و مه‌حكه‌مه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بوو موسڵمانان فێربن كه‌ پلاندانان هۆیه‌كی پێویسته‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی یارمه‌تی و سه‌رخستن له‌ لایه‌ن خواوه‌، ده‌نا خوا ده‌یتوانی به‌بێ پلان و زه‌حمه‌ت كاره‌كه‌ ته‌واو بكات، هه‌روه‌ك له‌ زه‌ویيه‌وه‌ بردیه‌ ئاسمانه‌كان له‌ چاوتروكانێكدا له‌سه‌ر پشتی بوراق .

سێیه‌م: پێغه‌مبه‌ری لووتكه

 – له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوژمنه‌كانی گه‌یشتنه‌ لووتكه‌ی دڕنده‌یی و بێویژدانی له‌ ئازاردانی، پێغه‌مبه‌ر (د.خ) له لووتكه‌ی ئه‌خلاق و وه‌فاداری بوو و، عه‌لیی كوڕی ئه‌بو تالبی ئامۆزای له‌ پاش خۆ به‌جێهێشت تا ئه‌مانه‌ته‌كانیان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ .

– له‌ لووتكه‌ی ترس و ته‌نگانه‌دا لووتكه‌ی ئومێدی هه‌بوو، كاتێك سوراقه‌ی كوڕی مالیك به‌ دوایانه‌وه‌ بوو بۆ گرتنیان، به‌ سوراقه‌ی گوت: له‌ دومان به‌وه‌ و به‌ كه‌س مه‌ڵێ؛ بازنه‌كانی ده‌ستی كیسرا (پاشای فارسه‌كان) بۆ تۆ! دوایی له‌ سه‌رده‌می ئیمامی عومه‌ر كه‌ فارس فه‌تح كرا بازنه‌كانی كیسرا درانه‌ سوراقه!

– له‌ دوای پلانێكی لووتكه‌ له‌ تۆكمه‌یی، پێغه‌مبه‌ر (د.خ) پشتبه‌ستنێكی لووتكه‌ی به‌ خوا هه‌بوو، كاتێك خوا ویستی دوژمنه‌كانیان بگه‌نه‌ به‌ر ده‌رگای ئه‌شكه‌وته‌كه‌ و ئه‌بوبه‌كر دڵته‌نگ بوو (نه‌ك ترسا) و پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌وپه‌ڕی متمانه‌وه‌ پێی وت: (لا تحزن إن الله معنا) مه‌ترسه‌ خوامان له‌گه‌ڵدایه‌.

ئه‌م خواییبوون و گه‌وره‌یی و جوانیيه‌ هه‌ر له‌ پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ ده‌وه‌شێنه‌وه‌.

چواره‌م: پێغه‌مبه‌ر و په‌یامه‌كه‌ی له‌ ویژدانی ئه‌بووبه‌كردا
– عائیشه‌ی دایكی ئیمانداران ده‌ڵێ: قه‌ت هه‌ستم نه‌كردووه‌ كه‌ كه‌سێك له‌ خۆشیيان بگریت، تا ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به‌ باوكمی گوت: هاوڕێم به‌ له‌ سه‌فه‌ری كۆچ، باوكم له‌ كه‌یفان گریا !

– ئه‌بووبه‌كر خۆی به‌ ته‌واوی تواناكانیيه‌وه‌، عه‌بدوڵڵای كوڕی، ئه‌سما و عائیشه‌ی كچی، له‌گه‌ل شوانه‌كه‌ی (عامر)، هه‌موویان له‌ خزمه‌ت ئه‌م گه‌شته‌ پیرۆزه‌دا بوون .

– سوراقه‌ ده‌ڵێ: كه‌ له‌ ڕێگه‌دا لێیان نزیك بوومه‌وه‌، ئه‌بووبه‌كر به‌رده‌وام ئاوری به‌ هه‌موو لایه‌كدا ده‌داوه‌، تاوه‌كو ئاگاداری هه‌ر مه‌ترسیيه‌ك بێ .

– كه‌ گه‌یشتنه‌ به‌ر ده‌رگای ئه‌شكه‌وتی (ثه‌ور) ئه‌بووبه‌كر گوتیه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ): سوێند به‌ خوا، ناچیته‌ ژووره‌وه‌ تا من نه‌چم، به‌ جله‌كانی كونه‌كانی ئه‌وشكه‌وته‌كه‌ی گرت، كونێك ماوه‌ به‌ پێی ئه‌وه‌شی گرت ئینجا فه‌رمووی له‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) كرد و, له‌سه‌ر ڕانی خۆی نواندی تا له‌ تاو ئازاری ئه‌بووبه‌كر هه‌ستاوه‌ كه‌ شتێك به‌ پێیه‌وه‌ ‌دا .

– كه‌ دوژمن گه‌یشته‌ به‌ر ده‌رگای ئه‌شكه‌وت، ئه‌بووبه‌كر گوتی: ئه‌گه‌ر سه‌یری پێیه‌كانی خۆیان بكه‌ن ده‌مانبینن، پێغه‌مبه‌ر(د.خ) فه‌رمووی: دڵته‌نگ مه‌به‌. ئه‌بووبه‌كر گوتی: ئه‌گه‌ر من بشكوژرێم ته‌نها منم به‌ڵام تۆ شتێكت لێ به‌سه‌ر بێت ئوممه‌تێك له‌ناو ده‌چێ .

– له‌ ڕێگادا بۆ حه‌سانه‌وه‌ چوونه‌ بن سێبه‌ری به‌رده‌ حه‌لانێك، ئه‌بووبه‌كر به‌ ده‌سته‌كانی شوێنی بۆ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ڕاست و خاوێن كرده‌وه‌ و عه‌باكه‌ی بۆ ڕاخست، تا پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ئیسراحه‌تی كرد ئه‌و چوو له‌و ناوه‌ هه‌ندێ شیری بۆ په‌یا كرد.

– له‌ هه‌موو گه‌شته‌كه‌دا ئه‌بووبه‌كر هیچ حه‌سانه‌وه‌یه‌كی نه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ماندوو نه‌بێت و خۆی و په‌یامه‌كه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی ده‌رباز ببن.

   یه‌كێك له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی گرنگیی كۆچی پێغه‌مبه‌ر ئه‌وه‌یه‌؛ كه‌ ئه‌م گه‌شته‌ی به‌ ڕێكاری مرۆیی ئه‌نجامدا –هه‌رچه‌ند خاڵی نییه‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی خوداییش- وه‌كو مرۆڤێكی په‌یامدار، خۆ خودا ده‌یتوانی بێ هه‌موو ئه‌م ڕێكارانه‌ گه‌شته‌كه‌ی پێ بكات هه‌روه‌ك له‌ گه‌شته‌كه‌ی ئیسرادا كه‌ له‌ شه‌وێكدا پێغه‌مبه‌ر له‌ مه‌ككه‌وه‌ برایه‌ شاری قودس له‌ فه‌له‌ستین، به‌ڵام ئه‌م گه‌شته‌ی ئیسرا خواكرد بوو هه‌روه‌ك خوا خۆی ده‌ڵێ (أسری بعبده) واته‌: خوا به‌نده‌كه‌ی شه‌وڕه‌وی پێكرد.

   بۆیه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ له‌ گه‌شتی كۆچدا –كه‌ گه‌شتێكی سه‌ركه‌وتوو بوو- بزانین هۆیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی په‌یام و پرۆژه‌كان چین؟ ئه‌و نامانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی كۆچی پێغه‌مبه‌ر گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌ی مه‌زن پێكدێنن، كه‌ بریتین له‌: (زه‌مینه‌سازی، پلانڕێژی، سه‌ركرده‌ی دانا و پرئومێد ودووربین، شوێنكه‌وتووی دڵسۆز). 

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …