
ئامادەکردنی: دیاری خالید
دەسەڵاتی بنەماڵەی ئال سعود، وەك مۆدێلێكی سیاسی لەناوچەكەدا، كاریگەری لەسەر وڵاتانی دەوروبەر هەیە وەك ئەوەی دەیانەوێت هەمان شێوازی سیاسەتكردنی سعودیە پەیڕەو بكەن، ئەوەش بەهۆی ئابوری نەوتو پشتیوانی هەندێك لە كەسایەتییە ئاینیەكانو دەسەڵاتە گەورەكانی جیهان.
ئەوەی ئەو وڵاتەی بەم ئاستەی ئێستاو پێگەو هێزە گەیاند كە بێدەنگبونی هەندێك لە وڵاتە گەورەكانی جیهانو نالەباری ژیانی خەڵكی بە دۆخێكی خراپدا دەڕوات، پێشینەیەكی مێژویو ئاینیو ئابوریو كۆمەڵایەتی هەیە. كە نزیكەی سێ سەدەیە كاری لەسەر دەكەن، تاكو لەم رۆژگارەدا هەندێك لەوڵاتو بنەماڵەكانی ناوچەكە خەون بەوجۆرە دەسەڵاتەوە ببینن.
پێگەو جیۆپۆلەتیكی سعودیە
سعودیە، دەكەوێتە باشوری رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا، بەشی زۆری نیمچە دورگەی عەرەبی پێكدەهێنێت. سنوری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی یەمەن، عومان، سوریاو عێراق هەیە، ژمارەی دانیشتوانی نزیەكەی (30 ملیۆن) كەسە، لەو ریژەیە نزیكەی (10ملیۆن) كەسی بیانین. زۆرینەی سونەو كەمینەیەكی شیعە مەزهەب پێكدەهێنن.
هەرچەندە لە كۆندا پێگەیەكی بازرگانی گرنگی هەبو، لەهەمان كات كەعبەی پیرۆز شوێنی سەردانكەرانو حاجیانی بنەماڵەكانی ناوچەكە بو، لەدوی سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام، ناوچەكە زیاتر گرنگی پەیداكردو ژمارەی حاجیان زیادی كرد، لەئیستادا ساڵانە ملیۆنان كەس سەردانی ئەو وڵاتەدەكەنو ئەمە بایەخێكی زۆری پێداوە.
هەروەها بەهۆی زۆری رێژەی نەوتو هاوپەیمانیكردنی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، پیگەیەكی بەهێزی هەیەو بوەتە جێی بایەخی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان. بۆ گەیشتن بەم دۆخەی ئێستای، بنەماڵەكانی نیمچە درورگەی عەرەبی ساڵانێكی زۆر ململانێو كیشمەكێشماین كردوە، بەڵام بنەماڵەی ئال سعود، توانیان دەسەڵات بگرنەدەست.
بنەماڵەی ئال سعود، یەكێكە لە بنەماڵە دیارەكانی نیمچە دورگەی عەرەبی لە كۆنو ئێستادا. رەسەنو بنەچەی ئەم بنەماڵەیە دەگەڕێنەوە بۆ “بەنو بەكری كوڕی وەیل” رەچەڵەكی ئەمانیش بۆ تیرەی دیاری عەدنانییەكان دەگەڕێتەوە. لە (500) ساڵی رابردو كاریان بۆ بەهێزكردنی پیگەی خۆیان كردوە، بەڵام لەسەرەتاكانی سەدەی هەژدە زیاتر دەردەكەون، هەرچەندە وەك هەندێك لە بنەماڵەكانی دیكەی ناوچەكە، پیرۆزییە ئاینیەكانیان پێنابڕێتو خاوەنی نین. بەڵام توانیان پیگەی خۆیان بەهێز بكەن.
بەهێزی بنەماڵەی ئال سعود بۆ ساڵی (1744) دەگەرێتەوە، ئەویش كاتیك موحەمەد بن سعود دەسەڵاتی بنەماڵەكەی دامەزراندو لەرێگەی رێكەوتن لەگەڵ محەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب، بۆ دابەشكردنی هەردو دەسەڵاتی دینیو دونیای پێكهاتن. بەجۆرێك كوڕی سعود دەسەڵاتی دونیای هەبێتو محەمەدی كوڕی عەبدولوەهابیش دەسەڵاتی ئاینی بۆ دەمێنێتەوەو پشتیوانی دەسەڵاتە دونیاییەكە دەكات. دیارە ئەمەش دژی دەسەڵاتی عوسمانییەكان بو، كە ماوەیەك بو خورافاتو شتی بێ بنەما تیایدا گەشەی سەندبو، دەوڵەتەكە بەرەو لاوازی دەڕۆشتو بەهۆی كاریگەریەكانی ئەوروپاو پەیتا پەیتا سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیی، دەسەڵاتی ناوچەیو بنەمەڵەكان بەهێز دەبو.
ئەو دەرفەتەی بۆ موحەمەدی كوڕی سعود هاتەپێشەوە، بنەماڵەكەیان بوە خاوەن پێگەیەكی بەهێز، لەوكاتەوە بە سێ قۆناغ تائیستا دەسەڵاتیان هەیە، بەمجۆرە، لە ساڵی (1744 بۆ ساڵی 1818) قۆناغی یەكەم بو لە حومكڕانیو، میرنشینێك لەناوچەی “دەرعە” دادەمەزرێنن. بەڵام لەو ساڵەدا واتە لە ساڵی (1818) لەناودەچێت.
لە ساڵی (1824 بۆ ساڵی 1891) قۆناغی دوەم دەبێت، لە “نەجد” دادەمەزرێتو پایتەختەكەی شاری ریاز دەبێت، كە ئێستا یەكێكە لە شارە گەورەو بە بایەخەكانی جیهان. قۆناغی سێیەمیش لە ساڵی (1932) كە دەوڵەتی سعودیە دادەمەزرێت دەستپێدەكاتو تائێستا بەردەوامە.
ناوی دەوڵەتی سعود، لە نازناوی بنەماڵەكەیانەوە هاتوە، كە لە وشەی “سعود”ەوە وەرگیراوەو بە واتای “خێزان” دێت، ئەمەش ئاماژەدان بە باپیرە گەورەیانە، بۆ یەكەمجاریش ناوەكە لە ساڵی (1902)، بۆ بنەماڵەكە لەلایەن شا عەبدول عەبدولئەزیزەوە هەڵدەبژێردرێت، بنەمەڵەی ئال سعود، واتە خێزانی سعود. كە لەئێستادا بە (25) هەزار ئەندام خەمڵێنراون، بەڵام دەسەڵاتە سەرەكییەكان تەنیا لەدەستی (200) كەسی بنەماڵەكەیاندایە.
لەساڵی (1891) دەسەڵاتی دوەمیان لەناودەچێت، ئەمەش بەهۆی ململانێو كێشەكانیان، لەگەڵ بنەماڵە دیارەكانی ناوچەكە بەتایبەت بنەماڵەی ئال رەشید، كە پیشبڕكێی بەدەستهێنانی دەسەڵاتیان بو، ئال رەشید بەهاوكاری عوسمانییەكان، توانیان ئال سعود، لەناوچەكە دەربكەن، دەركردنو پەراوێزخستنیان بۆ ماوەی (11) ساڵ بەردەوام بو، كە لە ناوچەكانی كوەیتو بەحرەینو قەتەر، بەئاوارەیو دەربەدەری مانەوە، دواتریش بەهاوكاری بنەماڵەی ئال سەباحی حاكمی كوەیتو بەریتانییەكان گەڕانەوە ناوچەی نەجدو لەساڵی 1902 بەدواوە دەسەڵاتیان فراوان بو.
گەڕانەوەی ئال سعود دوای مردنی عەبدولرەحمانی كوری فەیسەڵ، دەسەڵاتداری بنەماڵە بو، دواتر عەبدولعەزیزی كوڕی شوینی گرتەوە، ئەو وەك گەنجێكی بەتواناو زرتو زیرەك لەگەڵ دەستەیەكی كەم لە شوێنكەوتوانی لە قەڵای ماسماكەوە، دەرگای سەركەوتنەكانی دەكاتەوەو دەگەڕێتەوە وڵات. لەوكاتەوە بەچەند قۆناغو قۆستنەوەی چەند دەرفەتیك بنەماڵەكەیان بەتەواوی بەهێز دەكاتو وەك سیمبولو باوكی وڵاتو كاریزمای گەورە تەماشادەكرێت. لەرێگەی سەركەوتن بەسەر بنەماڵەكانی نیمچە دورگەی عەرەبیو هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەریتانیو ئەمەریكییەكانو دروستكردنی پشتیوانی ئاینیو هیزو ئابوری نەوت دەسەڵات وەرگرێت، ئەویش بەمجۆرە:
سەركەوتن بەسەر بنەماڵەكانی ناوچەكە
سەركەوتنی شا عەبدولعەزیز بەسەر بنەماڵەكانی دیكە لەرێگەی سیاسەتی پەرتكەو زاڵبەوە بو، واتە بنەماڵەكانی لەیەكتر بڕیو پەرتیكردنو بەسەریاندا سەركەوت، ئەم كارەشی بەریگەی جیاواز كرد، هەندێكیان لەڕێگەی شەڕو ململانێی سەربازییەوە بو، هەندێكی دیكەیان لەڕێگەی ژنو ژنخوازیو پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە بو. بۆ ئەمە لەساڵی (1910)، بە دانانی بەرنامەو پلانێكی ورد، بەناوی”جوڵانەوەی برایانی وەهابی” خێڵو بنەماڵە عەرەبییەكان دەخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. ئەویش لەگەڵ چەند بنەماڵەیەكی وەك بەنی خالیدو شەمەرو ئەجمان، ژنو ژنخوازییان كردوەو بونەتە هاوكاریی، كە ژمارەیەكی زۆر ژنی لەو خیڵو هۆزە عەرەبیانە هێناوەو (52) منداڵی بوە، لەو ژمارەیەش (37) كوڕ بونو تائیستا حوكمی وڵات دەكەن.
لەگەڵ هەندێك بنەماڵە، شەڕی كردوە تاكو بەسەریان زاڵبوە، بۆئەمە لە بەریتانییەكان نزیكبوتەوەو روبەڕوبونەوەی بنەماڵەكانی ئال رەشیدو شەریف حسێن، بە قۆستنەوەی دەرفەتەكان پەرتەوازەیان دەكات. لەساڵی( 1913)، ئەوكاتەی عوسمانییەكان لەشەڕی بەلقان بون، ناوچەی ئەحسای كۆنتڕۆڵ كرد، بەمەش هێزو دەسەڵاتی فراواتر بو.
لەساڵی 1915، بەریتانییەكان، لەوە ئاگادارن بنەماڵەی ئال سعود پەرەدەسێنێت، پەیمانێك بەناوی (ئەل عەقیر)، دەبەستن، بەریتانیا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بەڵێنی پاراستنیان دەداتو دان دەنێت بەبنەماڵەكەدا كە میری نەجدو ئەحساو قەتیف بن، لەبەرامبەردا ئال سعود، داواكارییەكانی بەریتانیا جێبەجێ دەكاتو دژی عوسمانییەكانو نەیارەكانی دیكە دەیان پارێزنو بەرپرس دەبێت لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی سعودیە.
یەكێك لەو دەرفەتە گەورانەی عەبدولعەزیز قۆستیەوە، لەو كاتەدا بو شەریف حسێن لەگەڵ بەریتانییەكان كێشەی لەسەر فەلەستین هەبو. ئال سعود ناكۆكییەكانی بەكارهیناو لە ساڵی (1924) مەككەیان كۆنترۆڵ كرد، دواتریش چونە مەدینەو حیجازو ناوچەكانی دیكە، لەساڵی (1927) نازناویان لە سوڵتانەوە بۆ پاشا گۆڕی.
شەرعیەتی ئاینیو سەركەوتنەكانی بنەماڵە
یەكێكە لەو هۆكارە سەرەكیانەی كە درێژەی بە دەسەڵاتی بنەماڵە داوە، پشتبەستن بە ئاینو شەرعیەت پێدانیان بوە، ئەمەش وەك پێشتر باسكرا ریشەیەكی مێژوی هەیەو پێكەوە هاوكاری مانەوەی یەكتربونو لەپێناو یەكتر چاویان لە زۆرشت داخستوە.
پێكەوەبەستنی دەسەڵاتی دینو دونیایی بۆ ساڵی (1744)و سەردەمی موحەمەدی كوڕی سعودو موحەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب دەگەرێتەوە. سعود دەسەڵاتی دونیای دەبێتو عەبدولوەهابش دەسەڵاتی ئاینی. لەپاش مردنی محەمەد كوری سعود، رێبەری دەوڵەتی سعودیەی یەكەم، لەساڵی (1765) سەلەفییەتی كردە ئاینزای فەرمی دەوڵەتەكەی، بەپێی سیستمی پشتاوپشت كوڕە گەورەكەی جێگای بەناوی میر عەبدولعەزیز، زاوای محەمەدی كوڕی عەبدولوەهابی گرتەوە.
عەبدولعەزیز، زیاتر گرنگی بەم رەوتەی ئیسلامداو كەوتەژێر كاریگەریانەوە، هەربۆیە لەساڵی (1802) لەگەڵ هەزاران كەسی شوێنكەوتوی موحەمەد عەبدولوەهاب، هێرش دەكاتەسەر شیعەكانی شاری “كەربەلا”. بۆیە لەو سەردەمەوە تائێستا هەندێك لە مەلاكانی هاوبەشی دەسەڵات كاریگەری سەرەكییان هەیە. هەر بۆیە ئال سعود چاوپۆشی زۆر شتیان لەو دەسەڵاتە سەلەفییە كردوە كە نزیكەی سێ سەدەیە لە وڵاتدا گەشەی سەندوەو دژی هەمو ئەو شتانە دەوەستنەوە لایان پەسەند نیەو تەنیا ئەو كەسانەیان قبوڵە وەك خۆیان بیردەكەنەوەو دەجوڵێن، دەرچون لە بیركردنەوەو بۆچونی ئەوان بە هەڵگەڕاوە ناویان دەبەن وەك ئەو چەمكو زاراوانەی بەرامبەر شیعەكان بەكاریدەهێنن.
لەبەرامبەردا، ئال سعود، شەرعیەت بەمانەوەیان دەدرێتو فتوا بۆ پاراستنی شاو دژایەتیكردنیشی قەدەغە دەكەن، بەمەش رێگەی دروستبونی پارتو بزوتنەوەی ئیسلامی لە وڵاتدا نادرێت، لەلایەكی ترەوە كاری زۆر لە دەرەوەی شەرعو ئاینی ئیسلام دەكرێت، كە لە بەرژەوەندی خەڵكی نیە، بەڵام هەندێك لە رەوتی سەلەفییەكان بیدەنگن.
پەیوەندیە دەرەكییەكانو بەرژەوەندی نەوت
پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی دەرەوە، بەتایبەتی بەریتانیاو ئەمەریكا، تێكەڵ بە ئابوری نەوت بوەو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هەردولا زیاتر لە سەدەیەكە بەرگری لەیەكتر دەكەن.
لەساڵی 1915 بۆ 1927 بەریتانیا، دەسەڵاتی سعودیە دەناسێنێتو بەرگری لێدەكات. لە ساڵی 1939 نەوتی سعودیە لەرێگەی كۆمپانیای ستاندارد كالیفۆرنیای ئەمەریكیەوە دەڕواتە دەرەوە. پادشای سعودییە لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكادا رێكدەكەوێتو نەوتەكەی پێدەفرۆشێت، ئەمەریكاش شانشینی سعودیە لەهەمو هەڕەشەیەكی ناوەكییو دەرەكیی بپارێزێت، نەوت تەنیا نەبوە سەرچاوەیەكی ئابوری ولات بەڵكو بنەماڵەی ئال سعودی بەتەواوی بەهێزكردو لەو رێگەیەوە بەسەر بنەماڵەو هۆزەكانی دیكەدا زاڵی كرد، لەهەمان كات لەرێگەی شوێنكەوتەكانی محەمدە عەبدولوەهابەوە شەرعیەتی ئاینیان بەخۆیاندا. بەمەش هۆكارەكانی نەوتو ئاینو كاركردن لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە بۆ سودی بنەماڵەكەیان هۆكاربون لەساڵی 1932 عەبدولعەزیز دەوڵەتی سعودیەی دامەزراند، هەرچەندە لەسەرەتاوە وڵات توشی قەیرانی دارایی بو، چونكە تاكە سەرچاوەی داهاتیان لەرێگەی داهاتی ئاژەڵداریو كشتوكاڵو بازرگانیكردن بە كۆنترین شێوازەكانیو حەجو سەردانكەرانی ماڵی خوا بون. بەڵام نەوت وڵاتی لە بازارگانی بیانانەوە كردە خاوەن هێزو تاكە وڵاتی عەرەبی بەشداربوی گروپی (G20)، كە رێكخراوێكی ئابوری جیهانییە.
سیستەمی پاشایەتی سعودیە
پێش ئەوەی دەوڵەتی سعودیە دابمەزرێت، عەبدولعەزیز، نازناوی سوڵتانی هەڵگرتبو، بەڵام لە ساڵی 1927 نازناوەكە بۆ شا دەگۆڕێتو خۆی وەك شا ناساند، وەسیەتیش دەكات لەدوای خۆی كوڕەكانی پشتاوشت شوێنی بگرنەوەو دەسەڵات لە (برا بۆ برا) بێت، تا دواین كوڕی لەدوای ئەویش كوڕەزاكانی. بەمەش پێوستی بە پەرلەمانو هەڵبژاردنی پاشا نابێت، كە تائیستا ماوەی 84 ساڵە حەوت پاشا، حوكمی وڵات دەكەنو نەوەكانیان بە میرو ئەمیرە ناسێنراون. بەمشێوە پاشاكان حوكمیان كردوە.
عەبدولعەزیز كوڕی عەبدولڕەحمان، دامەزرێنەری دەوڵەت، لەساڵی 1932 بۆ 1953 لە دەسەڵاتدا بوە .
سعود كوڕی عەبدولعەزیز ساڵی 1953 بۆ 1964
فەیسەل كوڕی عەبدولعەزیز ساڵی 1964 بۆ 1975
خالید كوڕی عەبدولعەزیز ساڵی 1975 بۆ 1982
فەهد كوڕی عەبدولعەزیز ساڵی 1982 بۆ 2005
عەبدوڵا كوڕی عەبدولعەزیز ساڵی 2005 بۆ 2015
سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز ساڵی 2015 دەسەڵاتی وەرگرتوەو تائێستا بەردەوامە.
ژیانی سعودیە لەنێوان ئال سعودو خەڵكی وڵات
لەو ماوەی بنەماڵەی ئال سعود، لەدەسەڵاتدان، پێگەی خۆیان بەتەواوی بەهێزكردوەو پشتیوانی ئاینیو نێودەوڵەتیان بەدەستهێناوە. بوە كۆڵەكە سەرەكییەكانی پاراستنی سیستمی بنەماڵەیی. لەبەرامبەردا بەشێكی زۆر لەو رەوتەی ئیسلام كە پەیڕەودەكرێت سەربەخۆیانە كاریانكردوەو ئەوەی بەلایانەوە باش بوبێت كردویانە. دیارە ئەو كارانەشی دەیكەن بە هاوكاری مادیو هاندانی دەوڵەت بوە.
بەپێی راپۆرتێكی پەرلەمانی ئەوروپا كە لەساڵی 2013 ئامادە كراوە، دەوڵەتی سعودیە (10 بلیۆن دۆلار)ی بۆ هاوكاری رەوتێكی ئیسلامی خەرجكراوە، تا رێگربن لە موعارەزەكانو پشتگیری دەوڵەت بن. هاوكات بەهاوكاریكردنی كۆمەڵێك گروپی توندڕەو تۆمەتبار دەبێت، كە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو جیهان بڵاوبونەتەوەو لە ئەنجامدانی كردەوە تیرۆرستییە گەورەكان بەشداردەبن، وەك ئەوەی 11ی سێپتەمبەری 2001ی ئەمەریكا كە لە كۆی 19 كەسی هێرشبەر 15 كەسیان خەڵكی سعودیە بون.
بۆیە لەسەرەتای ساڵانی شەستەوە سعودییە دەگۆڕێت بەیەكێك لەگەمەكەرە سەرەكییەكانی ناوچەكە. لەزۆر ئاستیشدا ئەوەی سعودییە كردویەتی یان ویستویەتی بیكات پاراستنی قازانجی خێزانە دەسەڵاتدارەكەی ناو وڵاتەكە بوە. لەهەمان كات بەرژەوەندی وڵاتە گەورەكانی وەك ئەمەریكاو بەریتانیا پارێزراوە، ئەوانیش چاوپۆشیان لەو كەموكورتیو نایەكسانیانە كردوە كە لە وڵاتدا هەیە.
بەهۆی ئەو دۆخەی بۆ بنەماڵەی ئال سعود فەراهەم بوە، خۆیان دەوڵەمەندبونو تادێت كۆشكو تەلاری بنەماڵە زیاد دەكاتو ئاهەنگو گەشوگوزاریان گەرمتر دەبێت.
ئەمەش دەبێتە دۆخێكی مەترسیدار بۆ وڵات، چونكە لە بنەماڵەیەكی سەرقاڵ بە كشتوكاڵەوە بونە خاوەنی داهاتێكی زۆری نەوت، لەهەموی ترسناكتر داهاتەكان بۆ سودی بنەماڵەو پەیوەندی تاكەكەس بەكاردەهینرا، لەپاڵ وەبەرهێنانی گەورە پێشكەوتنی وڵات لەڕوی پیشەسازیو ئاوەدانكردنەوە، لەماوەی تەنیا چەند ساڵێك داهاتی ئەم بنەماڵەیە لە (210) هەزار دۆلار لە ساڵی (1923)، بو بە (13) ملیۆن دۆلار لە ساڵی (1946)دا، دواتریش بوە (113) ملیۆن دۆلار لە ساڵی (1952)، كە تەنیا 5% ی ئەم داهاتەی تەرخانكردبو بۆ كەرتەكانی خوێندنو تەندروستیو باقی كەرتەكانی تری كۆمەڵگا.
پاشان لەسایەی ئەم داهاتە زۆرەوە كە هیچ چاودێریو لێپرسینەوەو بەدواداچونێكی لەسەر نەبو، بوە دۆڵەمەندترین كەس لە جیهاندا، لەماوەیەكی كەمدا زیاتر لە (42) كۆشكی گەورەی بۆخۆیو بنەماڵەكەی دروستكرد، لەماوەی شەش ساڵدا، واتە لە نێوان (1934) بۆ (1940) ژمارەی ئۆتۆمبیلە كادیلاكەكانی لە (250)وە بەرزبوەوە بۆ (1000) ئۆتۆمبیل، كەهەر هەمویان دەرگاكانیان بە ئاڵتون نەخشێنرابون. ئەم شێوازە لە دەستبڵاویو بەهەدەردانەی پارە، لەسایەی لافاوی داهاتی نەوتەوە گەیشت بەوەی كە شاو میرەكان ژمارەیەكی زۆر ژن بهێننو هەر شوێنێكی خۆشو جوان لەم جیهانە هەبێت سەردانی بكەن، هەروەها كوڕو كوڕەزاو كەسە نزیكەكانیان، سەرقاڵی بازرگانیو كاری هێنانو بردنی مادە هۆشبەرەكان بون، هەندێكیان بەهۆی دەستدرێژیكردنەسەر ژنانو كچان لە ئەوروپا دەستگیر دەكران. میرزادەكان لەساڵانی هەشتاكانەوە بونەهۆی گەرمكردنو قەرەباڵخی شوێنی شەوانەو لەسەر مێزی قومارخانەكانی ئەوروپا ساڵانە ملیۆنان دۆلاریان دەدۆڕاند، یەكێك لەو نمونانەی دەنگدانەوەی زۆری هەبو، ساڵی 1982 شازادەیەكی سعودی تەنیا لە شەوێكدا، زیاتر لە22 ملیۆن فرانكی فەرەنسی دۆڕاند، لەكاتێكدا هەزاران خێزانی سعودی لەخوار رێژەی هەژاریەوە ژیانیان بەسەردەبرد. مەلیكەكانیش خاوەنی سەروەتێكی خەیاڵین، وەك مەلیك فەهد تامرد خاوەنی سێ یەخت بو، كە نرخی هەرسێكیان 430 ملیۆن دۆلار بو.
هەروەها گۆڤاری فۆڕبیسی ئەمەریكی، كە گرنگی بەداتاو ژمارە ئابورییەكانو سەروەتی دەوڵەمەندو سیاسییەكانی جیهان دەدات، بۆ ساڵی 2015، “وەلید بن تەلال”ی میری سعودی بە 34 هەمین پیاوی دەوڵەمەندی جیهان دانا كە خاوەنی 28 بلیۆن دۆلارە. هەروەها كۆی داهاتی بنەماڵەكەیان زیاتر لە (100ملیار) دۆلارە.
سەرباری ئەو ملیار دۆلارەی ساڵانە بێ هیچ خەرجییەك بەدەست دێت، لەكاتێكدا لەهەمان ساڵ كۆی داهاتەكەی (429) ملیار دۆلار بوەو ژمارەی دانیشتوانیشی كەمتر لە 30 ملیۆن كەسە، لەو رێژەیەش نزیكەی 10 ملیۆن كەسی بیانیو بێگانە. كە ئەمە بەراورد بەژمارەی دانیشتوان رێژەی هەژاری زۆرە، چونكە بەپێی راپرسییەكانی ساڵی (2009)، رێژەی بێكاری 22%ی كۆی كۆمەڵگای سعودی پێكدێنێ.
ئازادی رادەربڕینو مافەكانی مرۆڤ لە سعودیە
كۆكردنەوەی داتاو زانیاری ورد لەسەر سعودیە، كارێكی قورسو ئەستەمە، بەوپێیەی رێگە بە رێكخراو و گروپی چالاك نەدراوە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەو وڵاتە بخەنەڕو و فشار لەسەر دەسەڵات دروستبكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، لەهەمان كات نەبونی پارتی بەرهەڵستكارو موعارەزە هۆكارێكی دیكەیە زۆرینەی روداوەكان بە تونیلێكی تاریكدا بڕواتو پەردەپۆش بكرێت. هۆكاریكی دیكەی سەرەكی وەك پیشتر ئاماژەمان پێدا، وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكا، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان چاوپۆشی لەو وڵاتە دەكەنو رێكخراوەكانی رۆژئاوا، وەك پێویست زانیارییەكان بڵاوناكەنەوە. بۆیە زۆرێك لەو راستیانەی دەخرینەڕو، دڵۆپێكن لەو دەریای ژیانی خەڵكی لەو وڵاتە .
لەسایەی ئەو گۆڕانكارییە ئابوریەی بەسەر كۆمەڵگای سعودیەدا هات، زیانی زۆری بە پێگەو رۆڵی ژنان گەیاندوەو رێگەیان نەداوە بە مافەكانیان بگەن، لەسایەی دەڵەمەندبونی پیاوان، فرەژنی، كەنیزەكی هەمەجۆر، گەشتی پیاوان بۆ رابواردن بۆ وڵاتانی بیانی، زۆربونی خزمەتگوزارو دایەنگاو چەندین دیاردەی تر لەو وڵات زیاد بوە، كە بەهۆیەوە پیاوان بێمنەتن بەرامبەر ژنەكانیانو رێگای دیكەی خۆشگوزەرانی دەگرنەبەر.
لەبەرامبەر ئەو رەوشەی ژنانی روبەڕوبوەتەوە هۆشیاری تەندروستیان پشتگوێخراوەو رێژەی توشبون بەقەڵەویو نەخۆشییەكانی وەكو شەكرەو شێرپەنجەو چەندین گرفتی دەرونی بەرۆكی گرتون. لەگەڵ ئەمەشدا زیادبونی رێژەی تەڵاقو زۆربونی قەیرەیی لێكەوتوەتەوە. بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2011 رێژەی تەڵاق 40%ی تێپەڕاندوە، لەبەرامبەر ئەمجۆرەی ژیانی ژنان، هەندێكی دیكەیان كە نزیكن لە دەسەڵاتەوە یاخۆد سەربە بنەماڵەی حوكمڕانن، لە ژیانی پڕ كەیفو سەفاو خۆشیدا دەژینو زۆركات سەقاڵی بازاڕكردنو كڕینی زێر بەكیلۆ و نەشتەرگەری جوانكاری گرانبەهاو سەفەری زۆرن.
ئەوەی كە پەیوەندی بە حكومەتو دەسەڵاتەوە هەیە زیاتر ژیانی ژنانی خستوەتە زەحمەتەوە، هەرچەندە یاساو پەیڕەوەكانی سعودیە بەپێی شەریعەتی ئیسلامن، بەڵام تەنیا بەسەر خەڵكی بێدەسەڵات جێبەجێی دەكەن، ئەویش بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی خۆیان بێتو وەك ئەوەی دەیانەوێت، لەهەمان كات شەریعەتو یاساكانی ئیسلام بەسەرخۆیان جێبەجێ ناكەن. لە كورترین نمونەدا چەندین شازادەو كەسی نزیكیان لە ئەنجامی كاری دەستدرێژی سێكسیو پەلاماردانی ئافرەتان لە ئەوروپا دەستگیركران. بەڵام ئەگەر ژنو پیاوێك كاری ناشەرعی بكەن، ئەوا داری جەڵدی لێدەدرێت، كە بەلانی كەمەوە لەنێوان 1000 بۆ 2500 دار دەبێت، یان راستەوخۆ دەیكوژن، بەشێوەی لەسێداردان بێت یان سەربڕینی بە شمشێرو رێگای دیكە.
ژنان بەبێ مەحرەمو هاوسەر بۆیان نیە بڕۆنە هۆتێل یان سەفەر بكەن. یاخود دەبو خاوەنی هۆتێل پۆلیس ئاگادار بكاتەوە. سەرەڕای ئەوەی قەدەغەیە ژنان شۆفێری بكەن بەبیانوی پاراستنی نەریت. هەرچەندە چەندینجار دژی ئەم كارە ناڕەزایەتی دەربڕاوە، وەك ئەوەی لە ساڵی 1990 دا، وەك خۆپیشاندانو نیگەرانی، (47) ژن شۆفیریان كرد، بەڵام هەمو ژنەكانو هاوسەرەكانیان، سزادرانو ریگەیان نەدرا بۆ ماوەی ساڵێك سەفەری دەرەوە بكەن.
هەروەها ئەو ژنانەشی ئیشو كاریان لە فەرمانگەو شوێنی حكومیان هەیە بە بێڕەوشت ناودەبرێنو هەندێك لە مەلاو پیاوانی نزیك لە دەسەڵات لە بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە دژیان دەوەستنەوەو وێنایەكی ناشیرینیان لە كۆمەڵگەدا دەخەنەڕو. ئەمانە چەند نمونەیەكی كەمو سادەن لە بارەی رەوشی ژنانی ئەو وڵاتە.
ئەوەی بۆ ژنانی وڵات راستە بەجۆرێكی دیكە بەسەر پیاوانی دەسەپێنن، بۆ نمونە هەر پیاوێك دزی لە سوپا بكات یا خود لەشوێنێكی دیكەی كەرتەكانی حكومەتو تۆمەتی رابواردنی لەگەڵ ئافرەتان هەبێت راستەوخۆ رەجم دەكرێت، هەندیكی زۆریان لەسەر دزیكردن قاچو دەستیان دەبڕێتەوە، كەچی بۆ بەفیڕۆدانی سەدان ملیۆن دلار لەلایەن نەوەكانی بنەماڵەوە هیچ ناوترێتو لێپێچینەوەیان لێ ناكرێت.
لەبارەی ئازادی رادەربرینو میدیاوە شتێكی ئەوتۆ بەدی ناكرێت، چونكە هەبونی هەر میدیایەكی ئازاد زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندیو دەسەڵاتی بنەماڵە، بۆیە ئەگەر لێرەو لەوێ كەسێك یان گروپێك دەنگی هەڵبڕی بێت، كوشتویانە یان بەچەند ساڵێك زیندانی دەكەن یاخود رێگری لەكارەكانی دەكرێت. یەكێك لە نمونە دیارەكان لە ساڵی (2014)دا گەنجێكی تەمەن (17) ساڵ بەناوی عەلی موحەمەد نەمیر، داوای ئازادی رادەربڕینو دیموكراسی كرد، لەسەر ئەمە لەسێدرە درا، هەر چەندە تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوە بو.
هەرچی دەربارەی مافی كەمینەو ئاینو مەزهەبەكانی سعودیە، لە بارودۆخو رەوشێكی خراپدایە. لێرەدا چەند نمونەیەك لەسەر چەوساندنەوەی شیعەكانی وڵات دەخەینەڕو كە بەشێوەیەكە وەك ئەوەی لەئاینیكی دیكەبن، هەندیكجار خراپتریش مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. بەوپێیەی لەساڵی (1988) عەبدولعەزیز بن باز فتوایەكی دەركرد، كە تیایدا شیعەكانی بە هەڵگەڕاوەو دەرچو لە ئیسلام ناوبرد، بەمەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیداهێناو خەڵكی سونەمەزهەب بەچاوێكی دیكە تەماشای شیعەكانیان دەكرد.
هەروەها راپۆرتی مافەكانی مرۆڤ لەساڵی (2009) بڵاوكراوەتەوە، باس لەوەدەكات شیعەكان كەنارگیرخراونو توشی جیاوازی ئاینیو پەروەردەیو نادەدپەروەری بون. زۆر زەحمەتە ئیشیان دەسكەوێت. لەهەمان كات هیچ وەزیرو پۆستیكی گرنگی حكومیان نیەو بێبەشكراون لە بەشداریكردنی سیاسی وڵات.
لە مانگی 11ساڵی 2014 هێرشكرایەسەر مزگەوتێكی شیعەكان لە پارێزگای ئەحسا، بەهۆیەوە هەشت كەس كوژراونو چەندین كەس بریندار بون، تەنانەت لە راگەیاندنەكانی سەربە سەلەفییەكان داوا لە موسڵمانانی سونە كراوە، هاوسەرگیری لەگەڵ شیعەكان نەكەنو خواردنیان نەخۆن.
ئەوەی بەرامبەر شیعەكان دەكرێتو دەوترێت، بەشێوازێكی دیكە بەرامبەر بە ئاینەكانی وەك مەسیحیو جولەكە دەكرێت كە سەردانی ئەو وڵاتە دەكەنو بەشێوەی جیاواز دەچەوسێنرێنەوە.
بۆیە ئەوەی لە سعودیە، دەگوزەرێت، وڵاتی لەنێوان دو جۆر ژیانی جیاواز دابەشكردوە، كە هەندێكی ژیانێكی خۆشیان هەیەو زۆرینەی خەڵكی لەمافە سەرەتاییەكانیان بێ بەشن. بەڵام ئەمەش پەیتاپەیتا بەرەو لاوازی دەسەڵاتی ئال سعود دەڕوات، ئەمەش بەهۆی چالاكی شیعەكانی وڵات بەهاوكاری ئێرانو هاوسنوری سعودیە لەگەڵ یەمەن كە حوسییەكان دەسەڵاتیان هەیەو دەتوانن كێشە بۆ ئەو وڵاتە دروستبكەن. هەروەها نزیكبونەوەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكا لەئێران بەتایبەت دوای رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوانیانو رێكخراوە جیهانییەكان بەرەو ئەوە هەنگاودەنێن زانیاری لەسەر ئەو وڵاتە بڵاوبكەنەوە.
لەناو بنەماڵەدا لەسەر دەسەڵات بەرەو ناكۆكی دەچن، بەوپێیەی هێشتا (10) كوڕی شا عەبدولعەزیز ماوە دەسەڵات وەرگرن، كەچی شا سەلمان دەسەڵاتی كوڕەكەی بەناوی (موحەمەد) بەتەواوی زیادكردوە، دورنیە لە داهاتودا وەك شوێنگرەوەی خۆی دیاری بكات.
لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك لە وڵاتو دەسەڵاتی ناوچەكە خەون بەسیستەمو شێوازی حوكمڕانی سعودیەوە دەبیننو دەیانەوێت وەك ئەوان دەسەڵاتیان پارێزراوبێتو حوكمی دەسەڵاتی پشتاوپشتو بۆماوەیی دروست بێت. بەڵام ئەمە زەحمەتە لە هیچ وڵاتانی دیكە دروست بێت، بەوپێیەی لە سعودیەدا. موعارەزەو رێكخراو و دەزگای ناحوكمی بونی نیە، كۆمەڵگە تەنیا لەسەریەك رەنگو یەك بۆچون بە پشتیوانی دەسەڵاتی ئاینی بونیادنراوە. رەوشی جیهانو هەلومەرجەكان بەرەو ئەوە ناڕوات دەسەڵاتێكی دیكەی هاوشێوە دروست بێت.