Home / مێژووى جیهان / مێژووى گشتى / شەڕی چاڵدێران

شەڕی چاڵدێران

شەڕی چاڵدێران:

٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٥١٤/٨/٢٣ز لە پێدەشتی چاڵدێران لە باکووری خۆرئاوای دەریاچەی ورمێ دا، شەڕی چاڵدێران لە نێوان هەردوو سووپای سوونە مەزهەبی ئیمپڕتۆریەتی عوسمانی بەسەرکردایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم(١٥١٢-١٥٢٠)ز، و سووپای ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی شیعە مەزهەب بەسەرکردایەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی(١٥٠١-١٥٢٤)ز ڕوویدا.
سەرچاوەکان زۆر لەسەر هۆکاری بەرپابوونی جەنگەکە و ئاکامەکانی دواون، لەو هۆکارانە:
١- دەرکەوتنی دەوڵەتی سەفەوی شیعە مەزهەب لە ڕۆژهەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا، کە جێگای مەترسی بوو بۆ عوسمانێکان لە ڕووی فراوانخوازی و جیاوازی مەزهەبەوە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵگرانی مەزهەبی شیعە لە ناوچەی ئەنادۆڵی ئیمپڕاتۆریەکەیاندا هەبوو.
٢- ڕەتکردنەوەی نامەی شا ئیسماعیلی سەفەوی لە لایەن سوڵتان سەلیمەوە، دەربارەی ڕێگەپێدانی هەڵگرانی مەزهەبی شیعە لە ئەنادۆڵ بۆ سەردانی تەورێز، بە مەبەستی بەیعەتدان بە دەسەڵاتەکەی، کە ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕق لێبوونی کەسی نێوان هەردوو سەرکردەکە بوو.
٣- ململانێی مەزهەبی نێوان هەردوو مەزهەبی سونە و شیعە، کە لە لایەن هەریەکە لە دوو ئیمپڕاتۆریەتەکەوە نوێنەرایەتی مەزهەبێک دەکران.
٤- کێشەی پەیوەندی دەوڵەتی تازە دامەزراوی سەفەوی بە هەندێک هێزەکانی ئەو سەردەمەی ئەوروپاوە(هۆڵەندا)بە مەبەستی دژایەتیکردنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی.
٥- چاوتێبڕینی دەوڵەتی تازە دامەزراوی سەفەوی لە ناوچە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا لە وڵاتی دووڕووبار و هەروەها کوردستانیش.
کاتێک لە ١٥١٤/٨/٢٣ز دا سوڵتان سەلیم یاوز بە خۆی و سووپاکەیەوە لە ئەنادۆڵەوە و بە کوردستاندا گەیشتە چاڵدێران، هەردوو سووپا پێکیاندادا و لە ئەنجامدا سووپای عوسمانییەکان سەرکەوتن بەسەر سووپای سەفەوییەکاندا و تەنانەت تەبرێزی پایتەختی دەوڵەتەکەشیان داگیرکرا و خودی شا ئیسماعیلی سەفەویش بریندارکرا.
هۆکارەکانی سەرکەوتنی دەوڵەتی عوسمانی:
١- ژمارەی زۆری سووپای عوسمانی کە بە ٢٠٠ هەزار سەرباز دادەنێت، لە بەرامبەر ٤٠ هەزار سەربازی سەفەویدا بوو.
٢- بوونی چەکی تۆپی ئاگردار لای سەربازانی عوسمانی.
٣- هاوکاریکردنی گەلی کورد بۆ دەوڵەتی عوسمانی، کە لە ئاڕاستەی لای دەستە چەپی سووپای عوسمانێکاندا شەڕیان دەکرد.
٤- هەڵەی شا ئیسماعیلی سەفەوی، بەوەی سووپاکەی لە چاوەڕوانی گەیشتنی سووپای عوسمانێکاندا نەجوڵاند تا سووپای عوسمانی گەیشتە ناو قوڵای مەملەکەتەکەی، کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بوو و پێشتر لە لایەن سەفەوییەکانەوە داگیر کرابوو.
٥- بەهێزی دەوڵەتی عوسمانی، چونکە نزیکەی دوو سەدە پێش سەفەوییەکان دامەزرابوو و ئەزمونی جەنگی باشی هەبوو بە تایبەتی لە بەشی ئەوروپا.
ئەنجامی جەنگەکە بۆ سەر کوردستان:
یەکەم: خراپ/
١- خاکی کوردستان دابەشکرا لە نێوان هەردوو دەوڵەتەکەدا و بە شە گەورەکەی خۆرئاوای کوردستان بەر دەوڵەتی عوسمانی کەوت.
٢- کوردستان کەوتە نێوان جەنگێکی درێژخایەمی نێوان هەردوو ئیمپڕاتۆریەتەکەوە بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵ.
٣- تێکشکاندنی کەسایەتی کورد لە ڕووی دەروونی و کەسێتییەوە، بەوەی ئیتر نەتەوەی کورد بووە وابەستەی هەر یەکێک لەم دوو دەوڵەتە و چارەنووسی بەسترا بە بەهێزی و لاوازی ئەم دەوڵەتانەوە.
٤- زیانی زۆری مرۆی و ئابووری بە کوردستان گەیشت بە هۆی زۆری و درێژخایەنی شەڕەکانیانەوە و تێوەگلانی نەتەوەی کورد لە شەڕەکانیانەوە، بەبێ ئەوەی کورد هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە هەبێت.
دووەم: باش/
١- ئازادبوونی هەندێک لە میرە کوردەکانی زیدانیکراو لای شا ئیسماعیل، کە پێشتر بۆ مەبەستی ملکەچبوونیان بۆ دەسەڵاتی شا چوون بۆ تەبرێز.
٢- ئازادکردنی باکووری کوردستان لە ژێر دەستی سەفەوییەکان و گەڕاندنەوەی میرەکانی کورد بۆ سەر دەسەڵاتی پێشوویان.
٣- کورد بوو بە هاوپەیمانی لایەنی براوە، لە شەڕەکەدا، واتە بوونە هاوپەیمانی عوسمانێکان، کە لە چاو سەفەوییەکاندا سیاسەتێکی نەرمیان بەرامبەر بە گەلی کورد پەیڕەو دەکرد لەسەرەتادا و بۆ دەیان ساڵ دەسەڵاتی ناوخۆیی میرە کوردەکانیان لە ناوچە جیاڤیاکانی کوردستاندا هێشتەوە، بە پێی ڕێکەوتننامەی عوسمانی- کوردی ساڵی ١٥١٥ز.
٤- بوونی ڕێکەوتنی نووسراو لە نێوان کورد و عوسمانێکاندا بەسەرپەرشتی مەلا ئیدریسی بەدلیسی.
شایانی باسە لە دیاریکردنی قۆناغە مێژووییەکانی گەلی کورد دا، شەڕی چاڵدێران بە خاڵی دەستپێکردنی قۆناغی مێژووی نوێ دادەنرێت، کە بۆ ماوەی چوار سەدە و تا دەستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤ز دا بەردەوام دەبێت.
هەروەها شەڕی چاڵدێران بارودۆخێکی لە ناوچەکەدا بە گشتی و بۆ گەلی کورد بەتایبەتی ڕەخساند، کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش گەلی کورد باجەکەی دەدات، هەر لە ڕووی پەرتەوازەبوونی نەتەوەی کورد لە ڕووی کەلتووری و ڕامیاری و ئابوورییەوە تا بەردەوامبوونی سیاسەتی دووبەرەی و ململانێی هێزەکانی ناوچەکە لە سەر کوردستان و کارتێکردن لە پێکهاتە سیاسی و ئاینی و نەتەوەییەکانی کوردستان، نمونەی ململانێی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیای دادوگەشەپێدانی ئەمڕۆ لەسەر کوردستان وەکو عوسمانی و سەفەوییەکەی جاران.
سوپاس بۆ رەنجدەر بەکر

10501848_604008113053786_7699818986926038773_n

About كه‌یفی عمر

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …