Home / ناوداران / لەیادی مامۆستای شەهیدی بیر و قەڵەم مەلا جەمیل بەندیی رۆژبەیانیدا

لەیادی مامۆستای شەهیدی بیر و قەڵەم مەلا جەمیل بەندیی رۆژبەیانیدا

محەمەد مەلا كەریم
رۆژی (28-3-2001) رۆژی شەهیدكردنی زانای گەورەی كورد، ئەدیب و مێژوونووس، تێكۆشەر لەپێناوی كورد و كوردستان و هێنانەوە سەر رێگەی راستی مێشك و بیری مرۆڤی كوردی هاوچەرخ، مامۆستا مەلا جەمیل بەندیی رۆژبەیانییە.
مەلا جەمیل یەكێكە لە دیارترین ئەو نموونانەی چەرخی وریابوونەوەی كورد بەخۆیەوەی دیون.
مامۆستا ئەگەر رچەی سەرسپییەكانی سەردەمی خۆی بگرتایە، ئەوپەڕەكەی مەلایەك دەبوو وەك ئەو سەدان مەلایەی دەرز بە چەند فەقێیەك دەڵێنەوەو نەحوو سەرف و رەوانبێژیی عەرەب و مەنتیق و شەرع و ئایەت و حەدیس بە فەقێیان فێر دەكەن و ئەگەر لەم پلەیەیش زیاتر بڕۆیشتایە چەند فەقێیەكی ئیجازە دەداو بەڵگەنامەی مەلایەتیی دەدانێ تا بڕۆن لەگوندێك ببن بەمەلا. خۆ ئەگەر لەم پلەیەیش تێبپەڕییایە، بەڵام هەر لە هێڵی مەلایەتیدا بمایەتەوە، ئەوپەڕەكەی مەلایەك دەبوو وەك خوالێخۆشبووی باوكی كە لەهەندێ بابەتی لەناو ئێمەدا تازەی لەكاتی خۆیدا سەرهەڵداو یا لەدەرەوەی كاتی خۆیدا، كەوتبوونە مێشكی و بانگەشەی بۆ دەكردن.
بەڵام مامۆستا مەلا جەمیل لە هیچ كام لەو جۆرانە نەبوو. ئەو بیری كوردایەتی، تێگەیشتنی ئەو راستییە كە ئەو رۆڵەی گەلێكی ستەمدیدەو ژێر دەستە، رۆڵەی وڵاتێكی پڕزۆڵ پڕزۆڵ كراوە و پێشێل كراوی هێزی داگیركەرانە و لەبەرئەوە ئەركی سەرەكی سەرشانی ئەوەیە لە هەر روویەكەوە دەستی بەسەردا بڕاو دەسەڵاتی بەسەردا بشكێ، بچێتە كۆڕی خەباتەوە بۆ فێرە (كوردایەتی) كردنی ئەو خەڵكە، بۆ گەردی گەردوونی چەپگەرد داتەكاندن، لەڕووی ژیان و مێژووی نەتەوە و وڵاتەكەی و شارەزاكردنی خەڵكی كوردستان لەو ژیانە تاڵ و سەختە و لەو مێژووە پڕشانازییەی خۆی، بۆ ژیاندنەوەی ئەدەبی كوردی و بڵاوكردنەوەی لەسەر لاپەڕەكانی رۆژنامەو گۆڤارە كوردییە تاك و تەراكان، بۆ توێژینەوە كردن لەرفان و ئەدەبی كورد دا، بۆ خاوێن كردنەوەی مێشكی مرۆڤی كورد لەپڕوپووچی سەدەها ساڵ كەڵەكە تێدا كردووە.
مامۆستا مەلا جەمیل لەدرێژایی ژیانیدا بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزانە تێدەكۆشا، بەڵام نەیارانی لەپاسەوانانی كۆن نەیاندەهێشت ماوەیەكی باش لەشوێنێكدا ئۆقرە بگرێ و هەر تاوێ نا تاوێ قەڵفڕیان پێ دەكرد بۆ شوێنێكی نوێ، بەم جۆرە سەرو خواری وڵاتیان هەموو پێ پشكنی تا سەرەنجام پاڵیان پێوەنا، هەرچەندە پیاوی خەباتی چەكدار نەبوو، بچێتە ریزی پێشمەرگەی كوردستانەوەو پاش بڕانەوەی قۆناغی یەكەمی شۆڕشی ئەیلول بپەڕێتەوە بۆ ئێران و پاشان لەوێوە بێتەوە بۆ عیراق و تا كاتی تیرۆر كردنی لەبەغدا نیشتەجێ ببـێ و خەریكی نووسین و وەرگێڕان ببـێ و لیژنەكانی كۆڕی زانیاری كورددا كار بكات.
یەكەم جاری ناسیاری پەیداكردنی رووبەڕووم لەگەڵ مامۆستا مەلا جەمیل لەپایزی (1954) دا بوو لەم شاری سلێمانیدا. من ئەو كاتە دوو سێ ساڵ بوو ماڵمان لە بیارە هەڵكەنرابوو و ناچاری نیشتەجێ بوونی سلێمانی بووبووین، من ئەوكاتە كوڕێكی، وەك دەڵێن بە كاڵەو پێتاوەوە، چەقیوە كۆڕی خەباتی سیاسی بووم و لەڕیزی یەكێك لەكۆمەڵە نیشتمانییە پێشەنگەكانی ئەم گەلەدا كارم دەكرد لەبارەی پیشەیشەوە، وەك فەقێیەك، لەگەڵ تاقمێك لەبرادەرە فەقێ هوشیار و نیشتمان پەروەرەكانمدا، یەكێتییەكمان بۆ فەقێیانی سلێمانی پێكەوە نابوو، بەمەبەستی كاركردن بۆ هۆشیاركردنەوەیان و پێشخستنی ئاستی جیهانبینیان و دابینكردنی دوا رۆژێكی باش بۆ ژیانیان بەناوی (یەكێتیی قوتابیانی ئایین) و گۆڤارێكی مانگانەیشمان بۆ ئەو یەكێتییەمان بە ناوی (دەنگی فەقێ) وە بەدەستنووس دەردەكرد كە تا هاتنەوە سەر حوكمی نووری سەعید لە پایزی (1954)دا پێنج ژمارەمان لێ بڵاوكرەوە دەمانگەیاندە گەلێ لای كوردستانی عیراق و چەندین مەزبەتەمان لەناو فەقێكاندا رێكخست و 115 ئیمزامان لەسەر یەكێكیان بۆ هەندێ داخوازیی پیشەیی و 65 ئیمزایشمان لەسەر یەكێكی تریان كۆدرەوە لەدژی نیازی بەستنی پەیمانی بەغداو ئەم مەزبەتانەمان لەدوو رۆژنامەی نیشتمانی پەروەری (الاهالی)ی رۆژنامەی حزبی نیشتمان پەروەری دیموكرات و رۆژنامەی (الجریدە)ی سەر بەحزبی ئیستقلالدا بڵاوكردەوە.
مامۆستا مەلا جەمیل وەك لەیادم بێ، لەو سەردەمەدا لەكەركوك دادەنیشت، كە بەم چالاكییەی ئێمەی زانی، لەوێوە بۆ پشتگیریمان وتارێكی چەند ئەڵقەیی بەكوردی لەڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاوكردەوە.
زۆری پێ نەچوو بۆ خۆیشی، بەسەفەر هات بۆ سلێمانی، من لێرە رووبەڕوو ناسیم، لێرە لەگەڵ فەقێیەكی هاوڕێم چووینە خزمەتی و لەنزیكەوە ناسیمان من بۆ خۆم و بەتێگەیشتنی ئەو سەردەمەم تاڕادەیەكی زۆر لەبوێری و بیر و بۆچوونەكانی سەرسام بوم.
پاشانیش كە پاش یەك ساڵ زیندانی، لە 1956 دا لە بەدرە دەست بەسەر بووم، مامۆستا كە وابزانم ئەو كاتە لە كوت دادەنیشت، پێی زانیم كە لەوێم. بەپۆستە نامەی بۆ دەنووسیم و منیش وەلامم بۆ دەنوسییەوە ئەو نامانەی كە بۆی دەنووسیم هاندەرێكی بەهێز بوون بۆم و ورەیان بەتوانای خۆم بەرز دەكردمەوە.
پاش شۆڕشی 14ی تەمموز هەردووكمان لەكەركوك بووین: هەموو جارێ لەوێ بەخزمەتی دەگەیشتم، دواتر من چوومە بەغدا، ئیتر تا ماوەیەك یەكترمان نەدییەوە، كە پاش ماوەیەك لەشۆڕش كۆنەپەرستی عیراقی گوڕی هاتەوە بەبەرداو كەوتەوە ئازاردان و تەنگ پێ هەڵچنینی ئازادی خواهان، مامۆستا مەلا جەمیلیش لەم بوارەدا كەمی بەرنەكەوت، ئەو پیاوە كە پیاوی چەك هەڵگرتن نەبوو، حاڵی گەیەنێرایە رادەیەك كۆڵ و باری خۆی بپێچێتەوە و  بچێتە ناو پێشمەرگەو تا پاش بڕانەوەی قۆناغی یەكەمی شۆڕشی ئەیلول لەوێ بمێنێتەوە تا پێشتر گەڕایەوە بۆ بەغدا و ئیتر هەموو جارێ لەبەغدا لەكۆڕی زانیاری كورد كە لەهەندێ لەلیژنەكانیدا بووبوو بەئەندام، یەكترمان دەدی و قسەوباسی جۆربەجۆرمان پێكەوە دەكرد، بەڵام پاش نەمانم لەكۆڕ كەمتر دەچوومە ئەوێ و كەمتریش مامۆستام دەدی.
مامۆستا مەلا جەمیل بەبۆچوونی خۆم بوو بەقوربانیی بیری ئازادی خۆی كە هەمیشە دژی خورافات و پڕوپووچی ئەوانە بوو كە لەسەر گەشەپێدانی ئەو بابەتە چەپەڵانە دەژیان.
سبەینێی ئەو شەوەی كە مامۆستای تێدا شەهید كرا برادەرێك لەبرادەرانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەبەغدا بوو، هاتە ماڵمان و ئاگاداری كردم كە مامۆستا مەلا جەمیل شەهید كراوە، هەر ئەو برادەرە بۆی گێڕامەوە وتی: ئەم بەیانییە چووم بۆ ماڵی مامۆستا، دیم دەرگاكەی دانەخراوەو تەنها پێوە دراوە. دەرگام كردەوەو چوومە ژوورەوە. مامۆستام نەدی، بەڵام كەسێك راكشابوو بەتانییەك درابوو بەسەریدا. كەبەتانییەكەم لەسەری لادا دیم مامۆستایە كوژراوەو دەڕنەفیسێك كوتراوە بەسەریدا، ماڵەكە كەسی تێدا نەبوو، هەر لەوێوە چووم بۆ ماڵی سەردار بەگی جاف و هەواڵەكەم پێ گەیاند. ئەویش تەلەفۆنی هەڵگرت و هەواڵەكەی بەكەسێك گەیاند كە دەبێ بەرپرسێكی گەورەی میری بووبێ.
وەك لە هەندێ كەسم بیستووە ئاسایش تا چەند رۆژ لە ماڵەكەی مامۆستادا ماونەتەوە و كتێبخانەكەی گەڕاون و هەرچییان ویستووە لە كتێبەكانی بردوویانە بۆ خۆیان و پاشان برازاكانی لەكەركوكەوە هاتن پاشماوەی كتێبەكانیان بردووەتەوە بۆ ئەوێ بەم جۆرە پەردە بەسەر ژیانی مامۆستای گەورە مامۆستا مەلا جەمیلدا دادرایەوە ئەسێترەیەكی گەشی ئاسمانی كوردایەتی كوژایەوە.
پیرۆز بێ یادی مامۆستای گەورەو نیشتمان پەروەری مەزنی كورد مامۆستا مەلا جەمیلی رۆژبەیانی!
سەرشۆڕی و نەفرینی مێژوو بۆ فاشستەكان و چڵكاو خۆرە كۆنە پەرستەكانیان لەهەر كوێ و لەهەر سەردەمێدا بن!
تێبینی: ئەم بابەتەی نووسەری گەورەی كورد كۆچكردوو مامۆستا محەمەدە مەلا كەریم كاتی خۆی بە تایبەت بۆ پاشكۆی ئەدگاری مەلا جەمیل رۆژبەیانی بۆ كوردستانی نوێی نووسیوە.

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …