کوردستان و ئەو ئوستانانەی دیکەی ئێران کە کوردیان تێدا نیشتەجێییە پێویستە بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵک لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕەچاوبکرێت، ئامانجی حیزب بڵاوکردنەوەی دیموکراسیە و بە پێی ئەوەش پێیویستە خەبات بکرێت بۆ باشترکردنی ژیانی هەموو مرۆڤێک” . لەبڕگەی پێنجەمی هەمان پەیڕەودا هاتووە کە ” یەکسانی نێوان ژن و پیاو ئاماجێکی بەردەوامی حیزبە کە کاری بۆ دەکات، سەرەڕای ئەمەش پێویستە ژنان لەهەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا مافی بەرامبەری پیاوانیان هەبێت”. ئەم بڕگانە لە پەیڕەوی حیزب گرنگی و بایەخی ژنمان بۆ دەردەخەن لەڕوانگەی ئەو حیزبەوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە تەواوی ئەو بڕگە و مافانەی کە باسکران زۆر نامۆبوون بە کۆمەڵگەی ئێرانی، ئەمە یەکەم هەڵوێستی ڕون و ئاشکرایە کە پێداگری لەسەر مافەکانی ژنان و داوای یەکسانی و نەهێشتنی مافە ڕەگەزییەکان بکات، هەموو ئەمانەش دەسکەوتی مەزنن و مایەی شانازی حیزبی دیموکراتن. لە پاش دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەسەرەتای ساڵی1946 دا، بۆ یەکەمین جار ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان دامەزرا و دەستی کرد بە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی ژنان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەی کوردیدا، ئەو ڕێکخراوەسەرەتا بە ناوی ( یەکێتی یایان ) دەستی بە کارەکانی کرد، پاشان ناوەکەی گۆڕا بۆ ( یەکێتی ژنانی دیموکراتی ئێران ). ڕێبەر و سەرکردەی ئەم ڕێکخراوە ( مینا قازی ) بوو، کە هاوسەری قازی محمد بوو، ئەم ڕێکخراوە لەهەلومەرجێکدا پێکهات کە کۆمەڵگەی کوردستان لە دەورانی دەرەبەگایەتیدا بوو، کە تێیدا ژنان لەسەرجەم مافەکانیان بێ بەش کرابوون، بۆیە لە فەزایەکی دیموکراسیدا کە کۆماری کوردستان پێکی هێنابوو، ژنانی کور توانیان لەدەوری ڕێکخراوی خۆیان کۆببنەوە و ڕێگا چارەی گونجاو بۆ گیر و گرفتەکانیان بدۆزنەوە. ڕێکخراوی یەکێتی ژنان کاری دەکرد بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کچان و ڕزگارکردنیان لە دەری نەخوێندەواری، هەروەها هاندانیان بۆ ئەوەی تێکڕای ژنان بەشداربن لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتیەکان کە دژی دەسەڵات ڕێکدەخران، لەهەمان کاتدا ئەم ڕێکخراوە هاندەربوو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بنوسن لە ڕۆژنامەکاندا، سەرەڕای کۆکردنەوەی هاوکاری مادی بۆسوپای کۆمار، ژنانی ڕێکخراو بەپێی توانی خۆیان ئەو شارەزایەی کە هەیانبوو خزمەتی سوپای کۆماریان دەکرد، هەر لە دروستکردنی خواردن و ئامادەکردنی جل و بەرگ و هەتا دەگاتە پێداویستی تەندروستی. پاش ئەوەی بەپیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی کۆتای بە دەسەڵاتی کۆماری کوردستان هات و ڕوخا، هەر لەو ماوەشدا تێکۆشانی ڕێکخراوی یەکێتی ژنان هاوشێوەی ڕێکخراوە چالاکەکانی تری کۆمار ڕوی لە کزبوون کرد و وەستا، خەباتی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافە سروشتی و نەتەوایەتیەکانیان وەک خەباتی حیزبی دیموکرات ڕوی لەخەباتی نهێنی کرد، ئەوەش لە پێناو مانەوە و ڕەخساندنی دەرفەتێکی گونجاوتر بۆ هاتنەوە ناو مەیدانی خەباتی مەدەنی.
*سەرچاوەکان 1_ئەیوب ئەیوب زادە: لە ژێکافەوە بۆ کۆمار.
2_هیمداد حوسێن: ڕۆژنامەوانی کوردی سەردەمی کۆماری کوردستان.
3_حەمید ڕەزا جەلائی پور: قازی محمد ( کوردستان لەساڵەکانی 1941_1946 )
4_ڕەحیم سابیر حوکمەتی میللی کوردستان.
5_میرزا محمد امین مەنگوڕی: بەسەرهاتی سیاسی کورد( 1941_1958 ).
6_نەوشیروان مستەفا ئەمین: کورد لەگەمەی سۆڤێتدا
7_ئەحمەد مەحمود علی( مەلا ئەحمەد پێنجوێنی ): مێژوی کورد لە سەد و دوانزە ساڵدا.
8_موژگان فەرەجی: ژنان و بازاڕی کار، گۆڤاری ژنان، ژمارە15
9_نەسرین حەسەن زادە: ژنان و ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گۆڤاری ژنان،
ژمارە14l 10_ڕازیە ڕەشیدی: ڕۆڵی ژنان لەپەرەسەندنی سیاسی، گۆڤاری ژنان، ژمارە44
11_چنور قادری: لە سیستمی نا دیموکراتیدا ژن و پیاو خاوەن بەشداری یەکسان نین، گۆڤاری ژنان، ژمارە28
12_پەیامی یەکێتی ژنانی کوردستان بەبۆنەی ( 61 )مین ساڵیادی دامەزراندنی ( حدکا ) وە.