Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / مێژووی ڕۆژی عاشوڕا

مێژووی ڕۆژی عاشوڕا

 

مێژووی ڕۆژی عاشوڕا

fb_img_1476114179201

نوسینی:زیرەك زاهیدی

 

لە عەبدوڵڵای کوڕی عەبباسەوە (ڕەزای خودایان لێ بێ): کە پێغەمبەری خودا (ﷺ) هاتە مەدینە بینی جوولەکە ڕۆژی عاشوڕا بەڕۆژوون، گوتی: ئەمە چیە؟ گوتیان: ڕۆژێكی پیرۆزە، تێیدا خودا موسا و گەلی ئیسڕائیلی لە دوژمنەکەیان دەربازکرد ئیتر بەڕۆژوو بوو، فەرمووی: “من لە مووسا نزیکترم لە ئێوە، ئیتر بەڕۆژووبوو فەرمانیدا بەڕۆژوو بن” لە ڕیوایەتەكێ تر “وەك سوپاسگوزاریەك مووسا بەڕۆژووبوو، ئێمەش بەڕۆژوودەبین”.. لە ڕیوایەتێکی تر “ئێمەش بەڕۆژوودەبین وەك بەرزڕاگرتنی”بوخاری (4/244) تەخریجکردووە، هەروەها  موسلیم (1130)یش.

بەو پێیە دەكا پێشتر پێغەمبەر (ﷺ) پێشتر بەڕۆژوو نەبووە تا دوای کۆچ جوولەکەی بینی عاشوڕا بەڕۆژوون.. پرسیار: کە ئەو ڕۆژە ئەوانی بینی بەڕۆژوون، چۆن هەمان ڕۆژ بەڕۆژوو بووە، ئەی پارشێو؟! بە هەر حاڵ هێشتا شتی تر ماوە..!!!

*گێڕانەوەیەکی تر هەیە تەواو دژەوانەی ئەمەی پێشووە! چۆن؟؟

لە عائیشەوە (ڕەزای خودای لێ بێت): “بەر دابەزینی ڕۆژووی ڕەمەزان، ڕۆژوو لە عاشوڕادا دەگیرا، کە ڕەمەزان دابەزی ئیتر ئەوەی دەیویست بەڕۆژوو دەبوو هەشبوو بەڕۆژوو نەدەبوو” لە گێڕانەوەیەکی تردا: “ڕۆژووی عاشوڕا لە سەردەمی نەفامیدا قوڕەیش دەیگرت، پێغەمبەری خوداش (ﷺ) لەو سەردەم دەیگرت، کاتێك هاتە مەدینە فەرمانیدا بەڕۆژووبن، کە ڕەمەزانیش فەڕزبوو وازی لە ڕۆژووی عاشوڕا هێنا، ئیتر ئەوەی دەیویست بەڕۆژوو دەبوو هەشبوو بەڕۆژوو نەدەبوو”. بوخاری (4/244) تەخریجیکردووە ، و مسلم (1125)یش.

بەپێی ئەو گێڕانەوەیان ڕۆژووی عاشوڕا لەسەردەمی نەفامیش هەر گرتووتیان نەوەك دوای کۆچ دەستیان پێکردبێ.. تێبینی: بەم پێیە جیاوازیی نێوان ئەم دوو گێڕانەوە زیاتر لە (١٣) پێغەمبەرایەتیە جگە لە سەردەمی نەفامیش؟؟!!! ساڵی دابەزینی ئایەتی فەڕزبوونی ڕۆژوو دوومی کۆچیە بڕوانە (زاد المعاد (30/2) بتحقيق شعيب وعبد القادر الأرناؤوط).. کەواتە بووە ئەوەیان لەلایەك دوو ساڵی جیاوازە لەگەڵ ڕیوایەتی یەکەم.. لەگەڵ ئەوەی دووەمیش ١١ ساڵ؟؟!!!!

* ڕیوایەتێکی دیکەش هەیە هەر سێ ئەگەری پێشوو دژەوانەی هەرسێ کاتەکەی پێشووە؟!

لە ئیبن عەبباسەوە (ڕەزای خودای لەسەر بێت) گوتوویەتی: پێغەمبەری خودا (ﷺ) فەرمووی: “گەر ساڵی داهاتوو بمێنم ئەوا نۆیەمینیش بەڕۆژوودەبم”. لە گێڕانەوەیەکی تردا: “کە پێغەمبەری خودا (ﷺ) ڕۆژی عاشوڕا بەڕۆژووبوو و فەرمانی بەڕۆژووبوونی دا، گوتیان: ئەی پێغەمبەری خودا ئەم ڕۆژە جوولەکە و فەڵە (نصاری) بەرزیڕادەگرن؟ فەرمووی(ﷺ): “گەر خوا بکا ساڵی داهاتوو ڕۆژی نۆیەمیش بەڕۆژوودەبین”، دەڵێ(واتە: ئیبن عەبباس وا دەڵێ): ساڵی داهاتوو نەهات تا پێغەمبەر (ﷺ) وەفاتیکرد. موسلیم (1134) ڕیوایەتیکردووە.

ئەمەش واتە بۆی دەرکەوتووە ئەو ڕۆژە جوولەکە و گاور بەرزیڕادەگرن و ئینجا بەڕۆژووبووە و فەرمانی بەڕۆژووبوونی داوە واشی داناوە کە ساڵی داهاتوو نۆ و دەی موحەڕەم بەڕۆژووبێت بەڵام تەمەنی نەگەیشتە ئەو ساتە.. ئەمەش واتە بەڕۆژووبوونی عاشوڕا و ئەم گێڕانەوەیە بەر لە وەفاتی بووە بە ساڵێك.. بەمەش لەگەڵ ساڵانی گێڕانەوەکانی پێشوو گەیشتە ٧ ساڵ تا ٢٣ ساڵ بە لایەنی کەمەوە!! پاشان مەگەر دەکرێ تەواوی نۆ ساڵ پێغەمبەری خودا (ﷺ) لە مەدینە بژی و نەزانی جوولەکە بەڕۆژوون تا ساڵی وەفاتی؟ خۆ جوولەکەکانی بەنی قەینوقاع و قوڕەیزە ونەزیڕ بە هۆی خیانەتیان دەکرابوون کێ بوون تا وەفاتی خۆشەویست لە مەدینە مابوونەوە؟؟!!

* تێكڕای ئەمانەی پێشوو دژەوانەیە لەگەڵ ئەم گێڕانەوەی ئیبن مەسعود: لە عەلقەمەی کوڕی قەیسی نەخەعیەوە، کە ئەشعەثی کوڕی قەیس لە عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود چووە ژوور، ئەویش ڕۆژی عاشوڕا خەریکی خواردن بوو، جا گوتی: ئەی باوکی عەبدوڕڕەحمان خۆ ئەمڕۆ ڕۆژی عاشوڕایە، ئەویش گوتی: “بەڵێ ڕۆژووی عاشوڕا بەر لە دابەزینی ڕۆژووی ڕەمەزان دەگیرا، بەڵام کە ڕەمەزان دابەزی ئیتر عاشوڕا فەرامۆشكرا، جا گەر نەتگرتووە بخۆ!”. لە گێڕانەوەی موسلیمیش: “ئەمە ڕۆژێك بوو پێغەمبەری خودا دەیگرت بەر لە دابەزینی ڕەمەزان، بەڵام کە ڕەمەزان دابەزی ئیتر وازیهێنا لێی”. بوخاری (8/178)  و موسلیم (1127) تەخریجیانکردووە.

ئەمەش واتە بەر دابەزینی ڕەمزان گرتوویانە و ئیتر بایەخی نەماوە و پێویست ناکا ئەم هەموو بینە و بەردە و هەڵڵایەی بۆ بکرێ بەردەوام لێرە و لەوێ دەبیستین. سەیر ئەوە گێڕانەوەیەکی تر دەبینین: لە ئەبو قەتادەی ئەنساڕیەوە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “وایدادەنێم کە ڕۆژووی عاشوڕا لەسەر خودایە کەوا کەفارەتی ئەو ساڵەی پێشیەتی” موسلیم (1162) تەخریجیکردووە، سا کەوا گرنگە و مایەی کەفارەت و لێخۆشبوونی ساڵێكی تەواوە، چۆن دەکرێ لەلای ئیبن مەسعوود ئاوا بێبایەخ بووبێت.

ئەوەی جێی تێڕامانە جگە لەوەی باسمانکرد جوولەکەش عاشوڕایان هەیە و بەرزی دەنرخێنن.!! بە گوێرەی ساڵنامەی یەهوودی! ساڵنامەی عیبری جۆرێك ئاڵۆز و وردە کە مانگەکانی قەمەڕیە (بەگوێرەی دەرکەوتنی مانگ) و ساڵەکانیشی شەمسی (بە گوێرەی خولانەوە دەوری خۆر) بەم پێیە ڕۆژەكان کۆدەکەنەوە و مانگێکیش زیادەکەن تا ساڵەکە ببێتە پڕ (کبیسة)ی سێزدە مانگ!! جوولەکە لە دەیەمین ڕۆژی یەکەم مانگی هەموو سەرەساڵێکی نوێ بەڕۆژوودەبن واتە عاشوڕا کە دەیەمین ڕۆژی مانگی (تشری)ـە لایان. ناویشیان ناوە ڕۆژی “کیپور” واتە ڕۆژی لێخۆشبوون کە تێیدا بەڕۆژوودەبن و بڕوایانوایە کە ئەم ڕۆژووە کەفارەتی ساڵی ڕابردووە!!! ڕێك وەك بڕوای ئەهلی حەدیس بە ڕۆژووی عاشوڕا!! ئەڵبەت ئەمە جیاوازە لە جەژنی دەربازبوون کە یادی دەربازبوونی مووسایە لە فیرعەون ئەمیش حەفتەیەکی تەواو خواردن و خواردنەوە و دڵخۆشی و یاری و بازییە نەوەك ڕۆژووگرتن بڕوانە (سفر اللاویین، اصحاح١٦، ٢٩-٣٤)

پرسیار:

1. ئایا لەم سێ ڕایە کامیان پەسندن کەی پێغەمبەر عاشوڕای گرتووە:

– لە سەردەمی نەفامی هەبووە بە ڕۆژووی ڕەمەزان نەسخبووە.

– لە ساڵی یەکەمی کۆچی لە جوولەکەوە زانیویەتی.

– لە سەردەمی نەفامیەوە هەبووە و بەردەوام بووە لەسەری وەك سوننەتێك لە ساڵی دووەمی کۆچەوە.

– بەر لەوەفاتکردنی بە چەند مانگێك؟؟

2. لە کام سەرچاوە هاتووە جوولەکە بە ساڵنامەی کۆچی قەمەڕی کاربکەن و ساڵانە لە ١٠ی موحەڕەم بەڕۆژوو بووبن.. هەر لەو ساتەی دەربازبوونی مووسا تا قۆناغی مەدینەی پێغەمبەرایەتی محەمەد (ﷺ)؟

3. هەریەکە  لە ڕۆژووی عاشوڕا و ڕۆژووی کیپور دەکەونە دەیەمین ڕۆژی یەکەم مانگی ساڵی نوێ.. هەردووکیشیان کەفاڕەتی گوناهی ساڵێك و لێخۆشبوونن، ئەمە هەر تەنها ڕێكەوتێکی سادەیە؟؟؟!!!

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

!!

جوولەکە ڕۆژی ١٠ی تیشری کە ڕۆژی دەیەمی مانگی یەکەمی ساڵی عیبرییە، وەك دەربڕینی خۆشی بە ڕزگاربوونی بەنی ئیسڕائیل لە فیرعەون، ئەمەش ئاسایی و ڕوونە

لە لایەنی زانستی ژمێرەییەوە، بانگەشەکردنی ئەوەی پەیامبەر لە ڕۆژی عاشوڕادا جوولەکەی بینیوە بە بۆنەی ڕزگاربوونی بەنی ئیسڕائیل و فەرمانیداوە موسڵمانان بەڕۆژووبن ئەمە نە ڕاستەڕێ دەبێ نە خۆی دەگرێ گەر بەراوردێکی سادەی ساڵنامەکان بکەین؛ ئەمەش بە مێژووی کۆچی بەراوردی زاینی بکرێ پاشان زاینی بەراوردی عیبری بکرێ، دەبینین کە ڕۆژی ١٠ی تیشری (Tishrei) عیبری هەرگیز ڕێکەوتی ١٠ موحەڕەمی کۆچی هەر لە یەکەم ساڵی کۆچەوە تا وەفاتی خۆشەوەیست (دروودی خوای لەسەر بێ) لە ساڵی ١١کۆچی.

١٠/موحەڕەم/٢کۆچی = ١٣/یۆلیۆی٦٢٣زاینی = ٦/تەمووز/٤٣٨٤عیبری

١٠/موحەڕەم/٣کۆچی = ٢١/یونیۆ/٦٢٥زاینی = ٦/ تەمووز/ ٤٣٨٥عیبری

١٠/موحەڕەم/٤کۆچی = ١٠/یونیۆ/٦٢٦زاینی = ٦/ تەمووز/٤٣٨٦عیبری

١٠/موحەڕەم/٥کۆچی = ٣١/مایو/٦٢٧زاینی = ٧/سیڤان/٤٣٨٧عیبری

١٠/موحەڕەم/٦کۆچی = ٢٠/مایو/٦٢٨زاینی = ٨/سیڤان/٤٣٨٨عیبری

١٠/موحەڕەم/٧کۆچی = ٩/مایو/٦٢٩زاینی = ٨ /ئیار/٤٣٨٩عیبری

١٠/موحەڕەم/٨کۆچی = ٩/ئێپریل/٦٣٠زاینی = ٨/ئیار/٤٣٩٠عیبری

١٠/موحەڕەم/٩کۆچی = ١٨/ئێپریل/٦٣١زاینی = ٨/ئیار/٤٣٩١عیبری

١٠/موحەڕەم/١٠کۆچی = ٨/ئێپریل/٦٣١زاینی = ٢٨/نییسان/٤٣٩٢عیبری

ىـ

بەڵام چی دەکەوێتە ڕێکەوتی ١٠ی تیشری لە ساڵی دووەمی کۆچی؟؟؟

ئەڵبەت ١٣/تیشری٤٣٨٤عیبری ڕێکەوتی ڕۆژی ١٣/ ڕەبیعی یەکەمی ساڵی ٢ی کۆچییە؛ واتە گەر ئەو ڕیوایەتە سەحیح بێ [ئەوەی ڕزگاربوونی بەنی ئیسڕائیل لەگەڵ مووسا] ئەوا دەبوو پەیامبەر فەرمانیدابایە لە ١٣ـی ڕەبیعی یەکەم بەڕۆژووبن، چونکە ئەم مێژووە ڕێکەوتی بەڕۆژووبوونی جوولەکە وەك خۆشی دەربڕین بە بۆنەی ڕزگاربوونی بەنی ئیسڕائیل لەو ساکەی پەیامبەر هاتە مەدینە، نەك مانگی موحەڕەم بە هیچ شێوەیەك، کەواتە زانستیانە ناشێ بڵێین پەیامبەر جوولەکەی دیت ڕۆژی عاشووڕا بەڕۆژووبوون و ئەویش فەرمانی بەڕۆژووبوونی لەو ساڵە دا، وەك ڕوونمان کردەوە کە دەکەوێتە ١٣ی ڕەبیعی یەکەم.

بەڵام بۆچی دەیانەوێ دەیەمین ڕۆژی یەکەم مانگی ساڵی کۆچیمان بکەنە جەژن و ئاهەنگ بە ڕزگاربوونی مووسا ڕێك وەك ئەوەی جوولەکە ئاهەنگ دەگێڕن بە ڕۆژی لێخۆشبوون لە ١ی تیشری (مانگی یەکەمی) هەموو ساڵێكی عیبری؛ ئەمە جێگەی سەرنجە!!؟

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …