Home / بەشی مێژووی كورد / هه‌موو شتێك دەربارەی پارێزگای هەڵەبجە

هه‌موو شتێك دەربارەی پارێزگای هەڵەبجە

هه‌موو شتێك دەربارەی پارێزگای هەڵەبجە

FB_IMG_1489561883685

 

دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان لەمەر پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای “ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق” ئەو شارە چەندین كەموكۆڕی و پێویستی بە ئاوەدانكردنەوەی زیاتر هەیە.

پارێزگای هەڵەبجە ٨٣ كیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە دوورە، رووبەرەكەی ١٥٩٩ كیلۆمەتری چوارگۆشەیە.

شاری هەڵەبجە دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی عێراق و شارێكی هاوسنووری ئێرانە، بەجۆرێك دەكەوێتە ١٥ كیلۆمەتری سنووری رۆژئاوای ئێران و ٧٥ كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لە گەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.

پارێزگای هەڵەبجە لە ناوەندی قەزای هەڵەبجە و سێ ناحیە (سیروان، خورماڵ، بیارە) پێكهاتووە و تائێستا بەهۆی ناڕەزایەتی بەشێك لە دانیشتووانی قەزاكانی تری (سەیدسادق و پێنجوێن و شارەزوور) سنووریان نەخراونەتە سەر ئەم پارێزگا تازەیە و بۆ بڕیاری دانیشتوانی ئەو ناوچانە خۆیان دانراوە.

بە پێی نوێترین ئاماری سەرۆكایەتی شارەوانی شارەكە ژمارەی دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە (ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەكانی سیروان و خورماڵ و بیارە) 120 هەزار كەسە، ناوەندی قەزای هەڵەبجە 14 هەزار خێزان لە خۆ دەگرێت، كە لە 66 هەزار كەس پێك هاتوون.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی مێژوویی شارەكە مێژووی دامەزراندنی هەڵەبجە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 1650 لەلایەن بەگزادەكانی جافەوە ئاوەدانكراوەتەوە.

لە بارەی ناوی هەڵەبجەوە بیروڕای جیا جیا هەیە، بەشێكیان پێیان وایە ناوی هەڵەبجە لەوەوە هاتووە كەسێك لەو شوێنەدا لەكۆنەوە بێچوە (هەڵۆ)یەكی گرتووە بەو شێوەیە ناوی لێنراوە (هەڵۆ بەچە) پاشان گۆڕاوە بە هەڵەبجە.

بەشێكی تر دەڵێن، بەهۆی باخ و بێستان و ئاو سەوزایی و جوانی ناوچەكەوە زۆر دڵگیر بووەو پێیان وتووە (عەجەب جا) كە لە زمانی فارسییەوە وەرگیراوە، پاشان گۆڕاوە بە (هەڵەبجە)، واتە جێیەكی سەڕسوڕهێنەر.

بەشێكی تر دەڵێن، یەكەم كەس هاتووەتە ناوچەكە ناوی (هەڵۆ بەگ) بووە و ئاوەدانی كردووەتەوە، دواتر ناوەكەی گۆڕاوە بۆ (هەڵۆجا) یان (هەڵەبجە).

بەشێكی تریش بۆ بۆنی باخێكی زۆری هەڵووژە لە شارەكەدا دەیگەڕێننەوە، كە دواتر بەهۆی گۆڕانكاریی زمانەوانییەوە گۆڕاوە بۆ هەڵەبجە، گێڕانەوەیەكی تریش هەیە كە بەهۆی لێكچونی ئاووهەوای شارەكە لەگەڵ شاری حەلەبی سووریا ناونراوە حەلەبچە واتە حەلەبی بچووك.

هەڵەبجە لە ساڵی ١٨٨٩ز لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا كراوەتە قەزا و عوسمان پاشای جاف بووەتە یەكەم قایمقامیهەڵەبجە.

لە شارەكەدا چەندین كەس فەرمانڕەواییان كردووە، دیارترینیان خاتوو عادیلە خانم هاوسەری عوسمان پاشای جاف و دایكی ئەحمەد موختار جاف و تاهیر بەگی جاف بووە كە لەدوای مردنی هاوسەرەكەی دەسەڵاتەكانی ئەوی وەرگرتووە.

ئەو لە ناوچەكەدا ژنێكی ناودار بووە و خزمەتی زۆری كردووە لە ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی شارەكەدا.

لە رووی سیاسی و ئەدەب و هونەرەوە هەڵەبجە یەكێك بووە لە ناوچە گرنگەكان و پێگەی تایبەتی هەبووە، چەندین شاعیری گەورە و ناوداری كورد خەڵكی ئەو شارەن لەوانەش گۆران، ئەحمەد موختار جاف، تاهیر بەگی جاف و كەسانی وەكو مەولەوی شاعیر لەوێ ژیاون.

هەڵەبجە چەندین شوێنەواری مێژوویی تێدایە، لەوانەش ماڵی پاشا كە مێژووەكەی بۆ ساڵی 1883 دەگەڕێتەوە و لەلایەن وەسمان پاشای جافەوە دروستكراوە و شوێنی لەدایكبوونی هەردوو شاعیری گەورە (تایەر بەگ و ئەحمەد موختاربەگی جاف)ە.

لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ ئێراندا، هەڵەبجە بووەتە ناوچەیەك لە شەڕەكە و لەو ماوەیەدا چەندین جار كەوتووەتە بەر شاڵاوی هێرش و پەلاماری هەردولا.

دواجار لە ساڵی 1988 لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی رژێمی ئەو كاتەی عێراقەوە بە بۆمبی كیمیاوی بۆردومان كرا، بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار كەس گیانیان لەدەست داو زیاتر لە 10 هەزار كەسی تریش برینداربوون، جگە لە وێران بوونی شارەكە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە دانیشتنی ژمارە (2)ی نائاسایی ساڵی دووەمی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لەمۆنۆمێنتی یادگاری هەڵەبجە ئەنجامدرا، پڕۆژە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق پەسەندكرا.

قائیمقامی هەڵەبجە ئەركان حەسەن لەبارەی پێداویستییەكانی شارەكەوە دوای بڕیاری بە پارێزگاكردنی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “دوای پەسەندكردنی بڕیارەكە ئەركی ئێمە و دامودەزگاكانی ناو شارەكە قورستر دەبێت، پێشتر لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بەو شێوەیە گفتوگۆمان كردووە كە پارێزگای هەڵەبجەمان قبوڵە ئەگەر لە چادرێكیشدا بێت”.

بەڵام ئەگەر قەیرانی دارایی بەكۆتا بێت و حكوومەتی هەرێم كێشەی دارایی نەمێنێت، لە دەیان رووەوە پێویستمان بە خزمەتگوزاری هەیە”.

هەڵەبجە كێشەی گەورەی بیناو باڵەخانەی هەیە و تائێستا بینای پارێزگا و كارمەندی دیوانی پارێزگای نییە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها چوار بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە شارەكەدا كراونەتەوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر نەكراونەتەوە و هیچ بینایەكیان بۆ تەرخان نەكراوە.

سەرەڕای بوونی سنوورێكی بەرفراوانی پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران دا، بەڵام تەنها یەك مەرزی نیمچە رەسمی (شۆشمێ) هەیە.

هەڵەبجە ناوچەیەكی گەشتیاریی و كشتوكاڵییە و بەهۆی دەشتی شارەزوورەوە خاكێكی بە پیت و گرنگی كشتوكاڵی هەیە، ساڵانەش هەزاران تەن بەرهەمی هەنار و گوێز و سەوزە و میوەكانی تری هەیە.

دانیشتووانی ناوچەكە جگە لەكاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، زۆربەی فەرمانبەری حكوومەتن و لە دامودەزگاكاندا كار دەكەن.

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە خدر كەریم بۆ ئانادۆڵو گوتی: “قەیرانی دارایی كاریگەریی گەورەی لەسەر كردوین، بەهۆی ئەو قەیرانەوە بەبڕی 400 ملیۆن دۆلار پڕۆژە لە شارەكەدا هەیە و راگیراون”.

ئەو لەبارەی بەرنامەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەوە وتی: “بەرنامەی دروستكردنی شەقامێكی بازنەییمان هەیە بە درێژایی 37 كیلۆمەتر و پانی 60 مەتر، لەهەمووی گرنگتر تەواوكردنی ماستەر پلانی شارەكەیە كە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕوانی پەسەندكردنی دەكەین”.

خدر كەریم كە پۆستی جێگری سەرۆكی رێكخراوی شارەوانییەكانی جیهان بۆ ئاشتی هەیە و شارەكەش ئەندامی رێكخراوەكەیە ئاماژەی كرد بەوەی رێكخراوەكەی هەڵەبجەی وەك سێهەم شاری پێشكەوتوی جیهان ناساندووە كە كار بۆ ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكات.

لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی ئەو كاتەی عێراقەوە زۆربەی ماڵەكانی شاری هەڵەبجە روخێندرا، لە ساڵی 1991 و دوای گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ شارەكە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە دەستی پێكرد، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا بەشێك لەو ماڵانە وەك خۆیان و بە رووخاوی ماونەتەوە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان عیزەت سابیر بۆ ئانادۆڵو گوتی: “لە بوودجەی 2015ی هەرێمدا هەوڵی تەرخانكردنی بوودجەیەكی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە دەدەین”.

بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە لەساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە یاسایەكی تایبەت دەركراوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبونەوەی رۆژی 31/12/2013 دا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە پەسەند كرد و ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد بۆ پەسەندكردنی، بەڵام پەرلەمان بەهۆی داواكاری چەند قەزایەكی تری عێراقی بۆ بە پارێزگاكردن پڕۆژە یاساكە نەخرایە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.

لە ١٣ی ئاداری ٢٠١٤دا لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئیمزا كرا.

رۆژی ٣١ی كانوونی یەكەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسایەكی لە بارەی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئیدارەی پارێزگەی هەڵەبجە پەسەندكرد، پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی ٢٧ی كانوونی دووەمی رابردوو پڕۆژە یاساكەی خستە بەرنامەی كارەوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد.

لە پڕۆژە یاسای بوودجەی 2015ی عێراقدا كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا، هەڵەبجە وەك پارێزگا ناسێنراوە و بەشە بوودجەی تایبەتی بۆ دیاری كراوە.

About كه‌یفی عمر

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …