سەروەر پێنجوێنی
دەقە یەهودیەكان، لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست كاریگەریی زۆریان لەسەر بیری ئایینی و (هیستۆریۆگرافیا) و ئەدەبیاتی مێژویی دوای خۆیان بەجێ هێشتوە، بە شێوەیەك ئەو مێژوە كولتوریەی كە ئەو دەقە یەهودیانە تۆماریان كردوە لە بیری ئایینی و ئەدەبیاتی مێژویی كولتوری ناوچەكەدا بوەتە بنەڕەت و بنچینەی زۆربەی تێڕوانین و لێكدانەوە و تۆمار و خشتە مێژوییەكان. بڕگەكانی ئەو مێژوە كولتوری و ئەدەبیەی كە نوسەرانی جولەكە لە دەقە عیبریەكانی (پەیمانی كۆن) دا دایانڕشتوە بونەتە گرنگترین بڕگەكانی مێژوی جیهان لە كولتوری ناوچەكەدا. ئایینی ئیسلام و، كولتوری عەرەبییش بەگشتی، نمونەیەكی ئەو كولتور/ئایینانەی ناوچەكەن كە لە لایەنی بیری ئایینی و ئەدەبیاتی مێژوییەوە كاریگەریی دەقە یەهودیەكانیان بەڕونی پێوە دیارە، بە شێوەیەك دەقە ئیسلامیەكان بەتەواوی كەشی دەقە یەهودیەكان وەردەگرن. دەبینین لە گێڕانەوە ئیسلامیەكەی مێژوی ڕابردودا بڕگە سەرەكیەكان و كەسێتیە كاریگەرەكان و وەرچەرخان و قۆناغە مێژوییەكان بەزۆری هەر هەمان كەسێتی و كاراكتەرەكانی (تەوڕات) و (تاناخ) ـن، واتە پێنج كتێبی یەكەم كە دەدرێنە پاڵ موسا و پاشماوەی كتێبەكانی پەیمانی كۆن. بۆیە لە خەیاڵی ئیسلامی و ئەدەبیاتی مێژویی ئیسلامیدا، بڕگە و قۆناغ و كەسێتی مێژوییە گرنگەكان هەر هەمان باووباپیرانی كولتوری و ئەدەبیی گەلەهۆزی (ئیسڕائیل) ی ناو دەقە یەهودیەكانن، بەم شێوەیە مێژوخوانی (هیستۆریۆگرافیا) ی ئیسلامییش بە (ئادەم) دەست پێ دەكات وەكو سەرەتای مرۆڤایەتی، و بە (نوح) و تۆفانەكەیدا تێدەپەڕێت وەكو قۆناغی دوەمی ژیانەوە و بڵاوبونەوەی مرۆڤ، و بە (ئیبراهیم) و بتشكێنیەكەی و دروستكردنی پەرستگا بۆ خواوەندە تاقانەكەی و قوربانیكردنی بە كوڕە گەورەكەی، دەچێتە پێشەوە، تا دەگاتە (ئیسحاق) و (یەعقوب) و (كوڕەكانی یەعقوب) بەتایبەتی (یوسوف) واتە (یوسیف)، ئینجا دوای ئەوان (موسا) و (هاڕون) وەكو بناغەدانەری ئایین و پەرستشی ئیسڕائیلیەكان، دوای ئەوانیش دەقە ئیسلامیەكان زیاتر هەردو كەسێتیی (داوود) و (سولەیمان) زەق دەكەنەوە وەكو دو پێغەمبەر/پاشای خاوەن دەسەڵاتی بێسنور و سەرسوڕهێنەر و پاڵشپتكراو بە توانای خوایی. ئینجا دەقە ئیسلامیەكان هەندێك ئاماژەی ناڕۆشن و نادیاریش دەكەن بۆ هەندێك لە پێغەمبەرە ئیسڕائیلی و یەهوداییەكانی دوای موسا و هاڕون، وەكو (ذو الكفل)، تا لە دواییدا دەقە ئیسلامیەكان ئاماژە بۆ (عیسا) دەكەن كە مەبەستیان (یەشوعی نازەرێتی) ـە كە هەر پێغەمبەرێك یان مامۆستایەكی یەهودی یان بیرمەندێكی یەهودی ـ گنۆستیكی بوە، ئاماژە ئیسلامیەكەش وەكو دوایین پێغەمبەری پێش ئیسلام دەیخاتە ڕو. ئیتر بەم شێوەیە مێژوی جیهان و ئایینەكان و نەتەوەكان لە خەیاڵی ئیسلامی و مێژوخوانیی ئیسلامیدا تەنها دەستەبژێرێكە لە كۆمەڵە چیرۆكی باووباپیرانی گەلەهۆزی ئیسڕائیل و پێغەمبەر و پاشاكانیان، كە لە كۆتاییدا ئەمانیش كۆمەڵێك كەسێتیی كولتوری و ئەدەبین كە هەندێكیان كەسێتیی ئەفسانەیی یان مێژوەفسانەیی كۆنن و دەقە یەهودیەكان خۆماڵییان كردون یان جواندویانن و كردویانن بە بەشێك لە مێژو و كەسێتیە ئیسڕائیلی ـ یەهوداییەكان، هەندێكیشیان كەسێتی واقیعی بون بەڵام چیرۆكی سەیروسەمەرە و ئەفسانەیی و میللی دراوەتە پاڵیان و بونەتە كەسێتیی كولتوری و ئەدەبی، و هەندێكیشیان تەنها خولقێنراوی دەقە یەهودیەكان خۆیانن (یان خولقێنراوی ئەو دابونەریتە ئایینی و میللیەن كە دەقەكانی بەرهەم هێناوە یان لەژێر ڕۆشنایی و كاریگەرییاندا دەقەكان داڕێژراون).
سەرباری ئەوەی گێڕانەوە ئیسلامیەكەی مێژوی ڕابردو ڕەنگدانەوەی گێڕانەوە تەوڕاتی و تاناخیەكەیە، گێڕانەوە تەوڕاتی و تاناخیەكەش تەنها مێژویەكی كولتوری و مێژوخوانییەكی ئەدەبیی بەرهەم هێناوە و واقیعێكی مێژویی دیاریكراو پێشان نادات، بەڵام سەرباری ئەوانەش گێڕانەوە ئیسلامیەكە زیاتریش بەر كاریگەریی دەقە یەهودیە لاوەكیەكان كەوتوە، واتە دەقە (ئەپۆكریفایی) و (سیودیپیگرافایی) ەكان كە لەسەر شێوەی كتێبە كانۆنیەكانی پەیمانی كۆن نوسراون، هەروەها وەكو (تەرگوم) ـەكان كە وەرگێڕانی ئاڕامیی تەوڕات و پەیمانی كۆنن، هەروەها وەكو (میدراش) ـەكان كە لێكدانەوە (تفسیر) ی تەوڕات و پەیمانی كۆنن، بە ئاڕامی و بە عیبری، هەروەها وەكو (تەلمود) ەكان: تەلمودی بابلی (عێراقی) و ئورشەلیمی (فەلەستینی) كە ڕاڤە و درێژەی یاسا و چیرۆكەكانی تەوڕات و پەیمانی كۆنن، هەروەها وەكو دەقە زۆروزەبەندەكانی (هەگگاداهـ) كە داڕشتنەوەی میللیی چیرۆكە یەهودیەكانن و لە كەلەپوری ئیسلامیدا بە (ئیسڕائیلییات) ئاماژەیان بۆ دەكرێت (چیرۆكەكانی هەگگاداهـ بەپەرتوبڵاوی لە دەقەكانی تەرگوم و میدراش و تەلموددا هەن و بە شێوەی دەقی سەربەخۆ و كۆكراوەش هەن، بە دەماودەمییش لە نیمچەدورگەی عەرەبی و دەوروبەریدا باو بون كە بڕێكی زۆریان گواستراونەتەوە بۆ كەلەپوری ئیسلامی، جا ئیتر لە دەقەكانی قورئان و فەرمودەدا بێت یان لەو چیرۆكانەدا بێت كە بە “إسرائیلیات” دەناسرێن). قورئان و دەقە ئیسلامیەكان زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەم دەقە لاوەكیانەن، ئەگەر چیرۆكێكی تەوڕاتی ڕەنگدانەوەی لە دەقە ئیسلامیەكاندا هەبێت ئەوە بێ گومان بە كەناڵە هەگگاداییەكەدا تێپەر دەبێت و بە شێوە تەوڕاتیە ڕەسەنەكەی دەرناكەوێت بەڵكو بەو شێوە میللیە دەردەكەوێت كە لەو دەقە لاوەكیانەدا چیرۆكەكە وەریدەگرێت.
سەرباری ئەوەش، كاتێك دەقە ئیسلامیەكان كەسێتیە تەوڕاتی و تاناخیەكان وەسف دەكەن و چیرۆكەكانیان دەگێڕنەوە، زۆر جار ئەو دەقە ئیسلامیانە هەندێك لەو كەسێتیە تەوڕاتی و تاناخیانە و ئەو دابونەریتانەی پێیانەوە پەیوەستن لەگەڵ كولتوری عەرەبی و جیۆگرافیای ئەو كولتورەدا دەگونجێنن، واتە كەسێتیەكان و چیرۆكەكان خۆماڵی دەكەن و لەگەڵ كولتور و جیۆگرافیای كۆمەڵگای عەرەبیدا دەیانسازێنن. من لێرەدا لەسەر نمونەیەكی ئەم حاڵەتە هەڵوێستە دەكەم، لەبەر ئەوەی نمونەیەكی دیارە، و لەبەرئەوەش كە بابەتەكە بوەتە دەروازەیەكی باسی ئیسلام و لە كوتوری ئیسلامیدا بوەتە بنچینەیەكی مێژویی ئیسلام. ئەم نمونەیەش بریتیە لە هەردو كەسێتیی (ئیبراهیم) و (ئیسماعیل) و پەیوەندییان بە حیجاز و مەككە و كەعبەوە.
(ئیبراهیم) و (ئیسماعیل)، لە بنەڕەتدا دو كەسێتیی تەوڕاتین، واتە لەو دەقە عیبرانیەدا باسیان هاتوە كە پێی دەوترێت كتێبی (خولقاندن) (برێشیت) و كتێبی یەكەمی پێنج كتێبەكەی (تەوڕات) ـن كە دەدرێنە پاڵ موسا. ئیتر لە دەرەوەی كتێبی خولقاندن و لە تۆمارە مێژوییەكاندا هیچ دەنگوباسێكیان نیە، هیچ مێژونوسێكی بێلایەن نیە بتوانێت باس لە (ئیبراهیم) و (ئیسماعیل) بكات وەكو دو كەسێتیی مێژویی. شتێكی بەڵگەنەویستە كە لە هیچ دەق و تۆمارێكی مێژویدا ناویان نەهاتوە. لێرەولەوێ ناوی وەكو (ئەبڕام) (ئەبڕاهام) و (یەشماعئیل) دەدۆزرێنەوە، بەڵام هیچ نیشانەیەك نیە لەسەر ئەوەی مەبەست ئەو دو كەسێتیە تەوڕاتیە بن، بەڵكو بەپێچەوانەوە نیشانە هەیە لەسەر ئەوەی ئەوانەی ئەو دو ناوەیان هەڵگرتوە كەسی ئاسایی بون و لەو شوێنانەش نین كە دو كەسێتیە تەوڕاتیەكە هەبون.
كەسێتیی (ئەبڕاهام) لە تەوڕاتدا، كەسێتیی پیرخێڵێكی ئاڕامی و باپیرەیەكی ڕەچەڵەكی و كولتوریی بەشێك لە ئاڕامیەكانە. جێگەی یەكەمی پێگەیشتن و دەركەوتنی ئەم كەسێتیە ئەو شوێنەیە كە لە دەقە تەوڕاتیەكەدا بە (ئوری كەلدانیەكان) (ئور كەشدیم) ناوبراوە، ئەمەش واتە شاری (ئور) كە لە كۆندا لەو نزیكە گەلەهۆزی ئاڕامیی (كەلدە) (كە بە هەندێك لە زمانە سامیەكان ناوەكەیان بە “كەشدە” دەوترێت) هەبون، بۆیە دەقەكە دەڵێت (ئوری كەلدانیەكان)، كەواتە لێرەدا مەبەست لە كەلدانیەكان بنەماڵەی فەرمانڕەوایانی بابیل نیە بەڵكو مەبەست هەندێك هۆزی كەلدانیەكانە. بەم پێیە ئەبراهام ئاڕامی بوە و سەرەتا لە (ئور) هاتوەتە ژیان و پێگەیشتوە. ئینجا دواتر هەر بەڕێگەی كاروانی خێڵە ئاڕامیەكاندا هەڵكشاوە تا گەیشتوەتە شاری (حاڕان) (ئورفە ـ ی ئێستە) كە مەڵبەندێكی كۆنی ئاڕامیەكانە. دواتر هەروەكو نەریتی گەلێك لە خێڵ و بنەماڵە ئاڕامیەكان، بەخۆی و بنەماڵە و كوڵفەت و مەڕوماڵاتەكەیەوە داكشاوە بەرەو باشور، تا گەیشتوەتە فەلەستین، لەوێ لە گەلێك شوێنی وەكو شارۆچكەی (حەبرون) (الخلیل ـ ی ئێستە) و بیرەكانی ناوچەی (بئر سبع) و هەرێمی (النقب) نیشتەجێ بوە، وەكو ئاڕامیەكی ئاوارە، تا لە كۆتاییدا لە نزیك (حەبرون) كێڵگە و ئەشكەوتێك ـ بەناوی مەكفیلاهـ ـ دەكڕێت بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕی خۆی و خێزانەكەی. كەواتە مەڵبەندی بنەڕەتیی ئەبڕاهام لە كۆتاییدا هەر وڵاتی كەنعان (واتە فەلەستین) بوە، هەرچەند بەپێی چیرۆكە تەوڕاتیەكان هەندێك جار وەكو سەرۆكخێڵێكی خاوەن مەڕوماڵات و بەرژەوەندی بەرەو خۆرهەڵات و خۆرئاوای فەلەستین ڕۆشتوە، بەپێی هەندێك لەو چیرۆكانە ئەبڕاهام گەیشتوەتە میسریش بە بۆنەی قاتوقڕییەكەوە كە وڵاتی كەنعانی گرتوەتەوە. ئیتر بەپێی ئەو دەقە یەهودیانە هیچ كاتێك ئەبڕاهام بەرەو نیمچەدورگەی عەرەبی نەڕۆشتوە.
ئەوەی لەچاوی منەوە دیارە هەر ئەوەیە كە ئەبڕاهام باپیرەیەكی كولتوری و هێمایی بەشێك لە ئاڕامیەكانە، كە ڕەنگە كەسێتییەكی میللی بوبێت لە كولتوری سوریایی كۆندا، ئیتر دەقە عیبریەكە لەخۆی گرتوە و كردویەتیە باپیرەی خێڵەكانی ئیسڕائیل و یەهودا. ئیتر پێناچێت بنچینەیەكی مێژویی لەپشت ئەم كەسێتیە و چیرۆكەكانیەوە هەبێت، ئەگەریش بنچینەیەكی وا هەبێت هیچ ڕێگەیەك نیە بۆ زانینی ئەوەی بەڕاستی ڕوی داوە. ئێمە دەزانین كە خێڵەكانی ئیسڕائیل و یەهودا هەر بەشێك بون لە كەنعانیەكان و بە زمانی عیبری دواون كە هەر لقێكە لە زمانی كەنعانی و جیاوازە لە زمانی ئاڕامی و لقەكانی، ئیتر چۆن دەكرێت بگەڕێنەوە بۆ (ئەبڕاهام) ی ئاڕامی؟ چۆن بزانین ئەم خێَڵە جیاوازانەی كە هەردو شانشینیی ئیسڕائیل و یەهودایان لـێ پێك هاتوە هەمویان دەگەڕێنەوە بۆ باپیرەیەكی تەنها واتە ئیبراهیم؟
(ئەبراهام) وەكو ناوەكەیشی هەر لە كەسێتییەكی هێمایی دەچێت، چونكە (ئەبڕاهام) (لە عەرەبیدا دەبێتە “أبو رُهام”) واتە (باوكی كۆمەڵێكی زۆر)، ئەم ناوەش دیارە ناوێكی هێماییە و لەوەوە هاتوە كە ئەبڕاهام لەو دابونەریتە یەهودیەدا بە باپیرەیەك و باوكی گەلەهۆزێكی زۆر دەناسرێت. ئەو گەشتەش كە ئەبڕاهام كردویەتی و نەخشەی ڕێگەی ئەو گەشتە، لە ئورەوە بۆ حاڕان و لەوێوە بۆ فەلەستین، هەمان ڕێگەی كاروانی خێڵ و هۆزە ئاڕامیەكانە، بۆیە ژیان و چالاكیەكانی ئەبراهام وەكو هێمایەكی شێوازی ژیانی خێڵە ئاڕامیەكان دەردەكەوێت.
ئینجا لە كولتوری ئایینیی ئیسلامیدا و بە شوێنكەوتەیی دەقە یەهودیە لاوەكیەكان هەندێك لایەنی تر زیاد كراوە بۆ كەسێتیی ئیبراهیم، كە زیاتر ئەو كەسێتیەیان كردوەتە كەسێتییەكی خەیاڵی و دور لە واقیع. لەمانە: چیرۆكی شكاندنی بتەكان لە بابیل، كە گوایە ئیبراهیم ڕۆژێك دەچێتە پەستگای گەورەی شار و هەمو بتەكان دەشكێنێت و تەنها بتە هەرەگەورەكەیان دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی دوایی بتوانێت بڵێت گەورەكەیان ئەوانی تری شكاندوە ـ بۆ ئەوەی توشی شۆك و ناچاری گومان و بیركردنەوەیان بكات. ئەم چیرۆكە ئیسلامیە كە لە تەوڕاتدا نەهاتوە، چیرۆكێكی میللی جوانە كە لە هەندێك دەقی (میدراش) دا پێش ئیسلام گەشەی كردوە. ئینجا بەپێی دەقە ئیسلامیەكان ئیبراهیم لەگەڵ (نیمرود) ی پاشای بابیل مشتومڕی كردوە، سەرەنجامیش لەسەر بتشكێنیەكەی نیمرود ئاگرێكی گەورەی بۆ دەكاتەوە و بە مەنجەنیق فڕێ دەدرێتە ئەو ئاگرەوە، بەڵام گوایە ئیبراهیم سەلامەت دەبێت و ئاگر نایسوتێنێت! ئەم چیرۆكە فانتازیاییانە كە خەیاڵێكی جوانیان تێدایە، لە دەقەكەی تەوڕاتدا نین و دوای تەوڕات لە ئەدەبیاتی یەهودیی میللیدا و لە دەقەكانی تەرگوم و میدراش و تەلموددا پەیدا بون.. پێش هەمو شتێك كەسێتیی (نیمرۆد) ئەفسانەییە و ڕەنگە لە كەسێتیی خواوەند (نینورتا) ی ئایینی عێراقیی كۆنەوە هاتبێت كە ئەمیش ـ وەكو نیمرۆد ـ جەنگاوەر و زۆردار بوە. ئینجا ئەم كەسێتیە كە تەنها تەوڕات باسی كردوە، هەر خودی تەوڕات وا باسی دەكات كە لە نەوە كۆنەكاندا بوە و زۆر پێش ئیبراهیم بوە (بەپێی دەقەكەی تەوڕات گوایە “نیمرۆد” كوڕی “كوش” ی كوڕی “حام” ی كوڕی “نۆح” بوە)، بەڵام لە كەلەپوری ئیسلامیدا نیمرۆد و ئیبراهیم كراون بە هاوچەرخی یەكتر، واتە دابونەریتە ئیسلامیەكە چیرۆكەكەی زیاتر خەیاڵی كردوە و زیاتر لە واقیع دوری خستوەتەوە. ئینجا چیرۆكی ئاگرەكەی ئیبراهیم و نەسوتانی بەو ئاگرە، لە بنەڕەتدا هەر چیرۆكێكی یەهودیی میللیە، و ـ بەبڕوای هەندێك لە توێژەران ـ ناوكی یەكەمی چیرۆكەكە دەگەڕێتەوە بۆ وەرگێڕانێكی هەڵەی دەستەواژەیەكی تەوڕات: تەرگومێك هەیە، كە پێی دەوترێت تەرگومی یۆناتانی ساختە Targum pseudo-Jonathan، واتە تەرگومێكە (وەرگێڕانێكی ئاڕامیە) كە دەدرێتە پاڵ (یۆناتان كوڕی عوززێل) كە وەرگێڕێكی ئاڕامیی تەوڕات و تاناخ بوە بەڵام لەڕاستیدا وەگێڕانی ئەو نیە. لەم تەرگومەدا دەستەواژەی (ئوری كەلدانیەكان) بە (ئاگری كەلدانیەكان) وەرگێڕدراوە، واتە ئەو وەرگێڕە مانای وشەی (ئور) ی نەزانیوە و لەگەڵ وشەیەكی سامیی تر بەراوردی كردوە كە بە واتای ئاگرە، بەم پێیە كاتێك دەقە تەوڕاتیەكە دەڵێت ـ لەسەر زمانی خواوەند یهواهەوە بۆ ئیبراهیم ـ: (لە ئوری كەلدانیەكانەوە تۆم دەركرد) (خوقاندن: ١٥: ٧)، ئەو وەرگێڕە نەزانە دەقەكەی بەم شێوەیە دەقەكەی وەرگێڕاوە: (لە ئاگری كەلدانیەكان ڕزگارم كردیت).. ئیتر ئەم وەرگێڕانە هەڵەیە بوەتە بنچینەی ئەو چیرۆكەی میللیەی كە باس لە ئاگرە گەورەكەی نیمرۆد و هەوڵی سوتاندنی ئیبراهیم بەو ئاگرە دەكات.
ئینجا لە دەقە ئیسلامیەكاندا، هەر لە قورئانەوە، ئیبراهیم كراوە بە دامەزرێنەری كەعبە و یەكتاپەرستی لە حیجاز/مەككەدا. بەپێی دەقە ئیسلامیەكان، گوایە كاتێك بە پەستانی سارەی ژنی، ئیبراهیم هاجەر و كوڕەكەی (ئیسماعیل) دوردەخاتەوە، گوایە بردونی بۆ مەككە كە ئەو كاتە هێشتا هیچ ئاوەدانییەكی تێدا نەبوە. ئەم چیرۆكە ئیسلامیە كە بنچینەیەكی خەیاڵدانی مێژویی ئیسلام و دەروازەی مێژوی ئیسلام و یەكتاپەرستیە لە نیمچەدورگەی عەرەبیدا، لە ڕاستیدا تەنها شێواندنێكی چیرۆكە تەوڕاتیەكەیە كە كردویەتی بە چیرۆكێكی نامەعقول نەك هەر نامێژویی. چیرۆكە بنەڕەتیەكە لە تەوڕاتدا، ئەوەیە كە گوایە ئەبڕاهام ـ بەپەستانی سارە ـ هاجەر و ئیسماعیل دەردەكات، هاجەریش لەگەڵ ئیسماعیلدا سەری خۆی هەڵدەگرێت تا دەگاتە بیابانی (بئر سبع)، لەوێ لە كاتێكدا كوڕەكەی خەریك دەبێت دەمرێت بەڵام لەو ناوەدا بیرەئاوێك دەبینێتەوە، ئیتر لە مردن ڕزگاریان دەبێت. ئینجا ئیسماعیل لە بیابانی (فاران) كە دەكەوێتە خۆرئاوای بیابانی (بئر سبع) ی ناوبراو، گەورە دەبێت و پێ دەگات، و دایكی ژنێكی میسریی بۆ دەهێنێت (خولقاندن: ٢١: ٩-٢١). ئەمە چیرۆكە تەوڕاتیەكەیە، كە ئەگەر واقیعییش نەبێت، لە واقیع دەچێت. بەڵام لە كولتوری عەرەبی ـ ئیسلامیدا چیرۆكەكە بەتەواوی خۆماڵی كراوە و لەگەڵ جیۆگرافیای تازەدا (حیجاز/مەككە) گونجێنراوە، بۆیە بەپێی چیرۆكە ئیسلامیەكە گوایە ئیبراهیم هاجەر و ئیسماعیلی هێناوە بۆ جێگەی مەككەی ئێستە و لەوێ بەجێی هێشتون، ئیتر بیری (زەمزەم) بۆ ژیانی ئیسماعیل و دایكی بەكارێكی خوایی هەڵدەقوڵێت و ئیسماعیل لەوێ گەورە دەبێت و ژنێكی جورهومی (واتە لە گەلەهۆزی “جورهوم” ی یەمەنی) دەهێنێت. ئینجا گوایە دواتریش ئیبراهیم چەند جارێك سەردانی ماڵی كوڕەكەی كردوە! وەكو تەواوكەری ئەم چیرۆكەش، لە كەلەپوری ئیسلامیدا وتراوە كە (فاران) بریتیە لە (شاخەكانی مەككە)!! ئەمەش واتە هەمان چیرۆكە تەوڕاتیەكە و بەسەر جیۆگرافیایەكی جیاواز و تازەدا سەپێنراوە و لەگەڵیدا گونجێنراوە. لە كاتێكدا هەمو مێژونوس و تەوڕاتناسەكان دەزانن كە (فاران) هەر ئەو بیابانەیە كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی نیمچەدورگەی سیناء، هاجەر و ئیسماعیلیش زۆر لە جێگەی خۆیان دورنەكەوتونەتەوە، بەڵكو تەنها گەیشتونەتە (بئر سبع) كە هەر لە فەلەستینە. بەڵام بەپێی چیرۆكە قورئانیەكە گوایە ئیبراهیم سەدان كیلۆمەتری بڕیوە تا هاجەر و ئیسماعیلی گەیاندوەتە جێگەی مەككە! بەم پێیە دواتریش ئەو چەند سەد كیلۆمەترەی بڕیوە بۆ سەردانی ماڵی كوڕەكەی! لە هەموی مسیبەتتر ئەوەیە ئەو چیرۆكە تەوڕاتیەی كە باس لە قوربانیكردنی ئەبڕاهام دەكات بە (ئیسحاق) ی كوڕی، ئەمەش لە كەلەپوری ئیسلامیدا گۆڕراوە و لەجێی ئیسحاق ئیسماعیل دانراوە! ئەمەش واتە دیسان جارێكی تر ئیبراهیم سەدان كیلۆمەتری بڕیوە تا گەیشتوەتە مەككە! ئەمە جگەلەوەی لە چیرۆكە قورئانیەكەوە دیارە كە ئیبراهیم و كوڕە بەقوربانیكراوەكە بە یەكەوە ژیاون، چونكە دەڵێت ئیبراهیم لە خەوندا پێی وتراوە كە دەبێت كوڕەكەی بكاتە قوربانی، ئیتر دوای خەوەكەی ئەوە بە كوڕەكەی دەڵێت! ئەمەش واتە بە یەكەوە ژیاون! لە كاتێكدا دەزانین كە ئەبراهام هەر لە فەلەستین ژیاوە نەك لە مەككە نیشتەجێ ببێت! بەم شێوەیە چیرۆكە قورئانیەكە ـ چونكە گۆڕین و شێواندنی چیرۆكێكی جیاوازە كە چوارچێوەیەكی جێگەیی و كاتیی جیاوازی هەیە ـ لە هەمو لایەكەوە بوەتە چیرۆكێكی موستەحیل و نامەعقول نەك هەر نامێژویی.
چیرۆكە ئیسلامیەكە هەوڵێك بوە بۆ پچڕاندنی بەشێك لە میراتی هێمایی ئیبراهیم و ئایینی یەكتاپەرستی، ئەگەرنا ئێمە دڵنیاین كە كەعبە هیچ پەیوەندییەكی بە ئیبراهیم و یەكتاپەرستیەوە نیە، بەڵكو ڕەنگە پەرستگایەكی كۆنی پەرستشی وێنەیەكی خواوەندی مانگ بوبێت، جگەلەوەی بەردەشەكە هێمای خواوەندێكی كۆنی ناوچەكە بوە. بەڵام مێژوخوانیی ئیسلامی توانیویەتی كەعبە و بەردەڕەشەكە ببەستێتەوە بە میراتی ئیبراهیمەوە، هەرچەند نەیتوانیوە بابەتەكە بەجوانی پینە بكات و شوێنەوار و نەسازی بەجێ نەهێڵێت.