دكتۆر شۆ، یەكەم شاعیری میللی فرە شیعر
ئەحمەد حسێن ئەحمەد
بەندە پتر لە 17 ساڵ تەمەنی هاوڕێیەتی ئەم دواییانەی مامۆستا ئەحمەد شوكریم بەسەر بردووە. لەنزیكەوە ناسیومە، ناوبەناو بۆ ماڵیشەوە سەردانیم كردوە، بەتایبەتی ئەو ساتە ناخۆشانەی كە گیرۆدەی نەخۆشی سەخت ببوو.لە ئەوپەڕی ناساغیشدا ئەگەر هەناسەكانی دەرفەتیان بدایە ئەڵبەتە لەقسەی خۆشو شیهر خوێندنەوەی خۆی نەدەكەوت.
مامۆستا ئەحمەد شوكری لەسەردەمی لاوێتییەوە پیشەی تاپیكردنی لەچاپخانەیەكی شاری بەغدادا پێسپێراوە هەر لەو سەردەمانەشەوە كانیاوی شیعر وتنو نووسینی تەقیوەتەوە بووە بە شاعیرێكی میللی.
پاشان كە پیرەمێردی مەزن لەبەغداد دەیبینێ بەو چالاكییە لەتیپ رێكخەریدا لەگەڵیدا رێك دەكەوێو دەیهێنێتەوە بۆ سلێمانی لە رۆژنامەی ژینو ژیان دا دادەمەزرێ، ئەحمەد شوكری وەك فەرمانبەر بە پیشەی (مچمد) یان برین پێچ لە فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی دادەمەزرێ، ئیتر پتر ناوبانگ پەیدا دەكات.لەپەنجاكانەوە تا چەند ساڵێ پێش مردنی كۆمەڵێ بەرهەمە شیعری لە چاپدەدات.كە لەم كۆكراوەیەدا خوێنەر پێیان ئاشنا دەبێت.لەلایەكی ترەوە لەبواری كوردایەتیشدا مێژوو شاهیدی بۆ دەدات.
لە كۆمەڵەو رێكخراوە كوردییەكانی پێش ساڵانی 1940 كاری كردوەو زیندانیش كراوە.ئەحمەد شوكری لەم بەهرانە بێبەش بووە،
یەكەم شاعیرێكی میللی فرە شیعر، وەك خۆی دەیوت فیردەوسی ئێرانم بەجێ هێشتووە ئێستا خاوەنی 150000 بەیتە شیعرمو پتر لە 500 چیرۆكی كورتو درێژم هی وایان هەیە خۆی دەدات لە پەنجا لاپەڕەو هەشیانە دوو سێ دێڕە.لەوانە زۆر بەیانم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی نەتەوەكەم.دەتوانم بڵێم 50%ی شیعرە كانی خۆی لەبەر بوو، لەكۆڕو دانیشتنەكانیدا بە وتنەوەیەكی گەورەوە بەرامبەرەكەی سەرسام دەكرد.هەرچی هێزی هەبوو لەو كاتانەدا دەی خستە كار
بڕوانە ئەم بەیتەی چەندە كاریگەرە
بەشەر نافەوتێ تا بهشهڕ نەبێ….تەفرەقە نابێ گەل بێفەڕ نەبێ
ئیدی خۆی بە هۆنینەوەی جۆرەكانو مەبەستەكانی شیعرەوە سەرقاڵ دەركردو بەرباخەڵی پڕ بوو لە پاندانی ئوچو كاغەزی شیعری ئامادەكراوو تازە وتراو.
نامەناردن بە شیعر بۆ دۆستانو خۆشەویستانی لە ژمارە نایەن.لەسەرێكی تریشەوە شەڕە شیعری دەكردو لەگەڵ بەرامبەرەكانی.لەراستیدا هەجووەكانی هەموو مەرجێكی بەهێزییان تێدا بوو.
خۆی دەیوت بۆ هەر شتێ دابمێنم قەیناكە، بەڵام بۆ شیعر هەرگیز دانامێنم حازر بەدەستمو چیم بوێ دەیخەمە روو.
دووەم/ خەتخۆشی..ئەوەی شیعرەكانی ئەوی پتر دەردەدەخستو جێگە سەرنج بوو نموونەی خۆشنووسییەكەی بوو.تەنانەت واژۆكەیشی بە خەتاتی دەنووسیو لەجێی خۆیدا مێژووەكەیشی لەبنەوە داوەنا.خوێنەر ئەو واژوەو ناوەكەیان بە لیرە سەیر دەكردو دادەنا.وەك وتمان چەندان قەڵەم ئوچی خەتاتی لەباخەڵدا بوو.
سێیەم/ قسەخۆشی.بێگومان لەهەر كۆرو دانیشتنێكدا بوایە قسەی خۆشی تێهەڵكێش دەكرد.لەنوكتە گێڕانەوەشدا وەستایەتی دەنواند.بۆیە بەكۆگای قسەی خۆشو چێژو قسەی نەستەق ناوبانگی دەر كردبوو.
چوارەم/ خاوێنیو خۆگونجاندن….ئەحمەد شوكری ئەگەر خۆی گوتەنیو تۆ باڵا بەرزو منیش باڵا كورت» بایەخی زۆری دەدا بەخاوێنیو سپۆرتی.هەروەها لە گونجاندنیشدا بەهرەمەند بوو.ئەوەندە بێوەی بوو حەزینەدەكرد دڵی كەس لێ بیەشێ بۆیە دەیوت بە نوكتەو قسەی خۆشو شیعرەكانم دڵی بەرامبەرو خوێنەر شادمان دەكەم.مرۆڤ نابێ ملهوڕو لەخۆباییو چاوچنۆكو رووشكێنو دەستپانكەرەوە بێت.مامۆستا ئەحمەد شوكری بە ڕێزەوە باسی شێخ مەحمودی نەمرو قازی محەمەدۆ شێخ مەلا دینی بیارەو بەرزانی دەكرد.هەروەها لەنزیكەوە ئاشنای شاعیرانی وەكو: پیرەمێرد، بێكەس،حەمدی، نەجمەدین مەلا، بیخود، میرزا مارف، مەمەند ئاغای فانی، زێوەرو قانع دەیان شاعیرو نووسەر و كەسایەتی تر بوو.گەلێ سەربوردەو نهێنی رابواردووی مێژوویی كۆمەڵایەتی لەدڵا بوو ئێمە ئەو كاتە عەقڵمان بڕی نەدەكرد تا لەو روانەوە بیهێنینە قسەو تۆماری بكەین.بە داخەوە من یەكێك بووم لەو خەمساردانە.دوای هەوراز بڕینێكی زۆری ژیانو تەنگ پێهەڵچنینی نەخۆشی ساڵی 1989 لەتەمەنی 79 ساڵیدا ماڵئاوایی لەگەلو لەشیعر كرد یادی بەخێر.ئەوەیش ماوە كە بیڵێم ئەحمەد شوكریی مرۆڤ وەجاخی روون بوو.بۆیە كاك دلێری كوڕی وەك وەفایەك بۆ باوكی كۆچكردووی هەستا بە كۆكردنەوەو رێكخستنەوەی ئەو بەرهەمانەی كاتێ باوكی لەژیاندا بووە چاپی كردوونو ئیستا لە بازاری كتێب دا نەماون هاتووە سەرلەنوێ لە دووتویی بەرگێكدا لەچاپی دانەوە، بڕیاریشی داوە لەوەدوا ئەگەر دەرفەتی هەبوو كار بۆ لە چاپدانی نووسینو شیعرە بڵاونەكراوەكانی بكات.
ئەم هەڵوێستەی نەوەی دكتور شۆ دوو نیشانی پیرۆز دەپێكێ:
یەكەم/ رۆحی پاكی باوكی پێ شاد دەكات كە تا لەژیاندا بووە خۆدزگەی بە لەچاپدانەوەی بەرهەمە بڵاوكراوو بڵاونەكراوەكانی خواستی ئەوا وردە وردە دێنەدی.
دووەم/ دڵخۆشكردنی خوێنەرانی ئەو بوارە شیعرە میللییانەی باوكی كە دەماودەم دەوترێنەوە.
ئێمەیش لای خۆمانەوە ئافەرینو سوپاسی پێشكەش دەكەین بەهیوای ئەوەین نموونەی ئەم جۆرە نەوانە لەبرەو دابن.
Check Also
شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری سەرکردەیەکی رووناکبیری
نووسینی هیواساعدیئایینی و مرۆڤایەتی بووە کە هەڵگری فەلسەفەی یەکسانی و ئازادی و سەربەخۆیی بووە بە …