جان ده‌مۆ.. جیاواز له شاعیرانی دنیا
ستار جه‌باری
شاعیر جان ده‌مۆ، ناوی ته‌واوی (یوخه‌نا ده‌مۆ یوسف) و له‌ناو كریستیانه‌كان به “دنخا” ناسرابوو، له ساڵی 1943 له خێزانێكی هه‌ژاری شاری كه‌ركووك چاوی به دنیا هه‌ڵهێناوه، دواتر به “جان ده‌مۆ” ناسراو و بووه نازناوی شیعریی.
زمناكۆ بورهان قانع له‌باره‌ی نازناوهكهیهوه ده‌ڵێ، جان ده‌مۆ جگه له‌وه‌ی ناوی راسته‌قینه‌ی (یوخه‌نا)یه، به‌ڵام رۆژێك به سه‌رخۆشی بڕیار ده‌دات خۆی بكات به (جان)، دواتر له ناو كۆڕی ئه‌دیباندا به‌هۆی هۆگربوونی به كحوولهوه، ناوی لێ ده‌نێن (ئیمپراتۆری بیر و چاڵه كحوولییه‌كان) وه‌ك هێمایه‌ك بۆ بیره نه‌وته‌كانی كه‌ركووك، چونكه دهمۆش به چه‌شنی ئه‌و بیرانه له‌شه لاوازه‌كه‌ی پڕ بوو له كحوول.
ده‌مۆ شاعیرێكی كه‌ركووكییه و یه‌كێكه له دیارده ده‌گمه‌نه‌كانی رۆشنبیری عه‌ره‌بی. زیاتر دیارده‌یه‌كی ژیارییه وه‌ك له شیعریی. ده‌مۆ له‌سه‌ر نه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی شه‌سته‌كان ماڵه. قاوه‌خانه‌ی (حه‌سه‌ن عه‌جمی) و (یه‌كێتی نووسه‌ران) به‌بێ ده‌مۆ، هیچ بوونێكی نییه له ئه‌ده‌بیاتی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی عێراقدا. كه‌سێكی بێ وه‌زیفه و ژن و ماڵ و خێزان و عه‌به‌سی و سووریالییهكى تێكه‌ڵ به چه‌پگه‌رایى ترۆتسكى بووه و به‌رده‌وام له مه‌یخانه و سهرشۆستهكاندا خه‌وتووه. شاعیر و نووسه‌ر “ئازاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د” كه هاوڕێی جان بووه و له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ئه‌و پیاوێكی ئهلكههوولیكى بوو، ئێواران تا نیوه‌شه‌و كاتی له باڕه‌كاندا به‌سه‌ر ده‌برد، ته‌نانه‌ت به‌یانیان زوو، پێش بهرچاییكردن، عاره‌قی ده‌خوارده‌وه، له سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا، پاش ئه‌وه‌ی زۆر له هاوڕێكانی “گرووپی كه‌ركووك”، روویان له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا كردبوو، ئه‌ویش رووی له به‌یرووت كرد. به‌ڵام جانێك كه به درێژایی ژیانی كاری نه‌كردبوو، له به‌یرووتیش بێكار، بێ پاره ده‌سووڕایه‌وه. لبنانییهكی ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌ناسراو، له‌گه‌ڵ جان رێككه‌وتبوو ژه‌مه خواردنی بۆ دابین بكات به‌رامبه‌ر به شیعر؛ هه‌ر جارێك هاوڕێ لبنانییهكهی داوه‌تی ده‌كرد بۆ چێشتخانه، جان شیعرێكی بۆ ده‌نووسییه‌وه. به‌م جۆره كابرای لبنانی شیعرێكی زۆری جانی كۆ كرده‌وه، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی جان ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێ و ڕه‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێته‌وه، پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هاوڕێ لبنانییهكهدا نامێنێ و ئه‌و شیعرانه‌ش كه‌س نازانێ چی‌یان به‌سه‌ر دێ.
له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكاندا جان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌ركووك، به‌ڵام تێیدا هه‌ڵناكات و ڕوو له به‌غدا ده‌كات. ماوه‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كی حه‌یده‌رخانه له‌سه‌ر شه‌قامی ڕه‌شید نزیك چایخانه‌ی په‌رله‌مان كه هه‌میشه جمه‌ی ده‌هات له ئه‌دیبه ناسراوه‌كانی عێراق، وه‌ك خۆی ده‌یگوت “ژوورێكی پهرپووتى له خانوویه‌كی كۆن به كرێ گرتبوو كه چه‌ند خێزانێكی تێدا ده‌ژیان، هاوڕێ ئه‌دیبه‌كانی به‌غدا و هه‌ندێ ئه‌فسه‌ری ئه‌ده‌بدۆست، كرێی ژووره‌كه‌یان بۆ ده‌دا و جلوبه‌رگیان بۆ ده‌كڕی، كه جاری وا هه‌بوو پێنج شه‌ش جووت پێڵاوی هه‌بووه و جان به‌سه‌ر هاوڕێكانی خۆیدا دابه‌شی ده‌كردن.
جان ساڵانی هه‌شتاكانی به‌و جۆره به‌سه‌ر برد، له سه‌ربازی هه‌ڵده‌هات و ده‌گیرا، دیسان ههڵدههاتهوه. به‌م جۆره ته‌نانه‌ت ڕۆژێكیشی سه‌ربازی نه‌كرد. ساڵی 1992یش كاتێ خوشكه‌كانی هێنایانه‌وه كه‌ركووك، پۆشته و په‌رداخ بووبوو، پاش دووركه‌وتنه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ، گه‌ڕایه‌وه كه‌ركووك. جان به ویست و ئاره‌زووی خۆی نه‌گه‌ڕایه‌وه كه‌ركووك، به‌ڵكو كه‌سوكاره‌كه‌ی به تۆبزی هێنایانه‌وه. ئه‌و له‌وانه نه‌بوو سۆزی بۆ زێد و نیشتمان بجووڵێت، هه‌ستی نۆستاڵجی لای ئه‌و ونه. ئه‌و له شاری شیعردا ده‌ژیا و سۆزیشی ته‌نیا بۆ شاری شیعره. كۆمه‌ڵه شیعری شیتاڵ “ئهسمال” تازه چاپ كرابوو.
له سه‌ده‌ی رابردوودا شاری كه‌ركووك ده‌بێته پایته‌ختی رۆشنبیری عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه، یه‌كێك ده‌بێت له‌و شارانه‌ی كه زۆرترین جموجووڵ و داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی تێیدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی (كۆمه‌ڵه‌ی كه‌ركووك) كه به (جه‌ماعه‌تی كه‌ركووك) ناو ده‌بران، ئه‌و گرووپه پێكهاتبوون له‌م ئه‌دیب و نووسه‌ر و شاعیرانی وه‌ك یوسف حه‌یده‌ری، قه‌حتان هورمزی، فازڵ عه‌زاوی، سه‌رگۆن پۆڵس، موئه‌یه‌د راوی، سه‌ڵاح فایه‌ق، ئه‌نوه‌ر غه‌سانی، جه‌لیل قه‌یسی، دواتریش محێدین زه‌نگه‌نه، زوهدی داودی و سه‌ڵاح نه‌وڕه‌س و .. هتد. جان دهمۆش یه‌كێك ده‌بێت له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م گرووپه.
جان ده‌مۆ جیاواز له شاعیرانی دنیا، شاعیرێكی بێده‌نگ و دوور له چاوی كامێرا و فێستیڤاڵه رۆشنبیرییه‌كان بوو. له قووڵایی شه‌قامه‌كان به‌وپه‌ڕی نیگه‌رانیی و ئازاره وجوودییه‌كانی مرۆڤایه‌تی ده‌نووسییه‌وه. له رێكه‌وتی 8ی 5ی ساڵی 2003 دوور له زێدی خۆی، له ئوسترالیا كۆچی دوایی ده‌كات.
ئه‌مه‌ش هه‌ندێ له‌و شیعرانه‌ی جان ده‌مۆن كه له نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان شاعیر و نووسه‌ر “ئازاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د” وه‌ری گێڕاون بۆ كوردی و له هه‌فته‌نامه‌ی “پاشكۆی عێراق”دا بڵاو بوونه‌ته‌وه؛
1
چیدی پێویستیمان به هیرۆگڵیفیات نییه
ئه‌وه كاری ئه‌و تزارانهیه؛
كه له ده‌وروبه‌رماندا، وه‌كو په‌تا، ته‌شه‌نه‌یان كردووه
به‌ڵام ئه‌و شوێنه دوورانه‌ی فهیلهقییه گه‌مژه‌كان ماگنێتیان كردووه
باشتر وایه پشتگوێ بخرێن، یان پێشكه‌شی شاعیرێكی ئاسایی بكرێن
كه‌لوه‌كان هی ئێمه‌یه، ئه‌وه گرنگه
هه‌رچی به‌هه‌شته ده‌ستكرده‌كانه، با جه‌رده و چه‌په‌ڵه‌كان پێی شاد بن
په‌ڕینه‌وه‌ی عه‌ده‌م یا بوون ڕووداویكی ئه‌وتۆ نییه
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ترسناكه، گه‌یشتنه به من
گه‌یشتنه به‌و كانیاوانه‌ی شه‌یتان جێی هێشتوون.
له‌بری پیری، به‌ره‌و خوار تاكو سه‌ره‌تا
دووچاری سه‌ره‌تای بێ كۆتایی بووین
بێ كۆتاییه، میكرۆبی ئازار
بی كۆتاییه، سرووتی سپێتی
بێ كۆتاییه، ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ی شێتگیریی كوێرانهتان دایهێناون.
ته‌نیا ئه‌وه‌ی ئێمه دایئههێنین، بێ كۆتایی نییه
ئه‌وه‌شی ئێمه دایئههێنین، بێهووده‌یه
ئاوا له دێرزه‌مانه‌وه ڕازمان بۆ دێ
ئێستا من له‌گه‌ڵ سێوێكدام
هێنده‌م به‌سه.
كه‌ركووك 1992/13/1
2
بڵێی ڕۆژێ
گه‌مه‌كاره نهێنییه‌كه‌ی
ئه‌و گه‌مه گه‌نده‌ڵه‌ی؛
مردن – ژیانمان بۆ ده‌ركه‌وێ؟
كه‌ركووك 1992/13/11
* العدد6 مجله الاقلام •1/8/1991
ئایا مه‌رگ ونبوونی زاكیره‌یه؟
یاخود ڕیزێ په‌له‌وه‌ری بهتڕیقه
له ژێر خۆرێكی وه‌نه‌وشه‌ییدا
چاوه‌ڕوانی ڕزگاركه‌رێكه؟
سه‌ركێشیی به وه‌ڵام ناكه‌ین
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ڵام نییه