چوار شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 4 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / بۆچى حه‌سه‌ن زیره‌ك لە سرودی نه‌ورۆزدا، شیعره‌كه‌ى پیره‌مێردى شێواندووه‌؟

بۆچى حه‌سه‌ن زیره‌ك لە سرودی نه‌ورۆزدا، شیعره‌كه‌ى پیره‌مێردى شێواندووه‌؟

per

بۆچى حه‌سه‌ن زیره‌ك لە سرودی نه‌ورۆزدا، شیعره‌كه‌ى پیره‌مێردى شێواندووه‌؟

“حه‌سه‌ن زیره‌ك ( خوێنى لاوان) گۆڕیووه‌ به‌ (لوتفى شاهه‌نشا)، كه‌ مەبەستی ڕەزا شای ئێرانە”

سالار مەحمود

هێنده‌ به‌جۆش‌و خرۆش‌و ده‌نگێكى سیحر ئامێزه‌وه‌ گۆرانییه‌كه‌ ده‌چڕێت، كه‌س خه‌یاڵى بۆ ئه‌وه‌ ناچێت، كه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ سرودی نه‌ورۆزدا به‌شێك له‌ شیعره‌كه‌ى پیره‌مێردى شێواندووه‌، شێواندن‌و گۆڕینى به‌شێك له‌ شیعره‌كه‌ى پیره‌مێرد، له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه‌، جێگه‌ى پرسیارى قوڵ‌و تێڕامانه‌، كه‌ ئاخۆ هۆكارى ئه‌و شێواندنه‌ چییه‌ ؟

پیره‌مێرد شیعره‌كه‌ى كه‌ى‌و چۆن نوسیووه‌؟
ده‌قى ئه‌م شیعره‌ى پیره‌مێرد، به‌ناوى” گۆرانى نه‌ورۆزه‌كه‌مان”، له‌ مانگى نیسانى ساڵى 1948داو له‌ ژماره‌ چوارى ساڵى نۆیه‌مى گۆڤارى گه‌لاوێژدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.
به‌روارى بڵاوبوونه‌وه‌ى شیعره‌كه‌ له‌ ژماره‌ چوارى گۆڤارى گه‌لاوێژدا به‌ره‌و ئه‌و ڕاستییه‌مان ده‌بات كه‌ شیعره‌كه‌ له‌ مانگى ئازارى ساڵى 1948دا نوسراوه‌.
هونه‌رمه‌ند قادر دیلان، له‌ دوا دیداریدا ئه‌وه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ كه‌ پیره‌مێرد له‌به‌هارى 1948دا ئه‌و شیعره‌ى نووسیوه‌، له‌و دیداره‌دا كه‌ له‌ 15- 3- 1997دا، له‌ شارى ستۆكهۆڵم ى پایته‌ختى سوید له‌ ڕادیۆى ” ده‌نگى كورد” له‌ لایه‌ن ” فه‌خره‌دین تاهیر”ه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا سازكراوه‌، ده‌رباره‌ى شیعره‌كه‌ى پیره‌مێرد وتوویه‌تى :” له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاداری ساڵی1948دا بوو، ڕۆژێك من‌و كاك حه‌مه‌ ساڵحی برام، مه‌به‌ست ” حه‌مه‌ ساڵح دیلانه‌” له‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی، له‌گه‌ڵ شاعیری مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان له‌یه‌ك راست هاتین‌و دوای سڵاو و چاك و چۆنی حاجی تۆفیقی پیره‌مێرد ڕووی تێكردم‌و گوتی كاك قادر هه‌ڵبه‌ستێكی تازه‌م له‌م ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر جه‌ژنی نه‌ورۆز نووسیوه‌، ئه‌گه‌ر بتوانیت ئاوازێكی له‌ شێوه‌ی سرود بۆ دابنێیت‌و كاك حه‌مه‌ ساڵحی برات به‌ ده‌نگه‌خۆشه‌كه‌ی بیچڕێت‌و خۆشت ده‌زانیت جه‌ژنی نه‌ورۆزیش نزیك بووەته‌وه‌”.

به‌وته‌ى هونه‌رمه‌ند قادر دیلان، كاتێك پرسیارى له‌ پیره‌مێرد كردوه‌ كه‌ ئایا ئێستا شیعره‌كه‌ى لایه‌، هه‌ر له‌وێدا پیره‌مێرد له‌سه‌ر به‌رگى پاكه‌ته‌ جگه‌ره‌یه‌ك هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ى نووسیوه‌ته‌وه‌و داویه‌تییه‌ قادر دیلان، ” هه‌ڵبه‌ت پیره‌مێرد پێشتر شیعره‌كه‌ى نووسیووه‌، نه‌ك له‌وێدا ڕاسته‌وخۆ ئیلهامى بۆهاتبێت‌و نووسیبێتییه‌وه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ فاكته‌رى ئیلهامى شیعره‌كه‌ى پیره‌مێرد، بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و بۆچوونانه‌ پێیوایه‌ شیعره‌كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نووسراوه‌و پیره‌مێرد ویستوویه‌تى برایم ئه‌حمه‌د به‌و شیعره‌ ئاشتبكاته‌وه‌ چونكه‌ پێشتر زویرى كردووه‌، خاوه‌نى ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ پیره‌مێرد له‌ جێگایه‌كدا وتوویه‌تى ڕه‌بى ڕووى ئه‌وكه‌سه‌ ڕه‌شبێت كه‌ كۆمۆنیستى هێناوه‌ته‌ ئه‌مشاره‌وه‌ ” مه‌به‌ست شارى سلێمانییه‌”‌و برایم ئه‌حمه‌دیش ئه‌وده‌مه‌ وه‌كو كه‌سێكى دیارى چه‌پ ده‌ركه‌وتووه‌.
مام جه‌لال له‌ نوسینێكدا له‌ یه‌كێك له‌ ژماره‌كانى گۆڤارى ” خاك”دا كه‌ ساڵى 2002 بڵاوبووه‌ته‌وه‌ باسله‌وه‌ ده‌كات كه‌ پیره‌مێرد ئه‌و شیعره‌ى بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ى برایم ئه‌حمه‌د نووسیوه‌.
لاوازى ئه‌م بۆچوونه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ناو شیعره‌كه‌دا به‌ ڕاسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ، هیچ هێمایه‌ك بۆ خودى برایم ئه‌حمه‌دو ته‌نانه‌ت دونیابینى ئه‌ویش وه‌كو كه‌سێكى خاوه‌ن هزرى چه‌پ نه‌كراوه‌.
بۆچوونێكى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ پیره‌مێرد به‌هۆى ڕاپه‌ڕین‌و خۆپیشاندانه‌كان له‌ دژی حكوومه‌ت له‌ 23/1/1948، ئه‌م شیعره‌ى نووسیوه‌و بۆخۆى له‌وكاته‌دا خۆپیشاندانه‌ میللییه‌كانى به‌ر ده‌ركى سه‌راى بینیوه‌و ئه‌و ‏رووداوانه‌ كاریان تێكردووه‌و بوونه‌ته‌ هه‌وێن بۆ نووسینى شیعرى ” سرودی نه‌ورۆز”.
بۆچوونێكى دیكه‌ش پێیوایه‌ كه‌ پیره‌مێرد شیعرى نه‌ورۆزى بۆ یادى نه‌ورۆزو له‌ سێداره‌دانى ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ نوسیووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن جكومه‌ته‌كه‌ى “ساڵح جه‌بر”ه‌وه‌ له‌ سێداره‌ دران، “عیززه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، محه‌مه‌د قودسى، مسته‌فا خۆشناو، خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم”.

hqdefault-2

هونەرمەندی گۆرانیبێژ و موزیکژەن قادر دیلان   ١٩٢٨ ــ  ١٩٩٩.٣.١٨ 

جیا له‌و بۆچوونانه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆكارو ئیلهامى شیعره‌كه‌ بۆچوونێكى دیكه‌ش پێیوایه‌، له‌سه‌ر خواستى هه‌ردوو حه‌مه‌ساڵح دیلان‌و قادر دیلان پیره‌مێرد شیعرى نه‌ورۆزى نوسیووه‌.

ئاوازى سرودەکە هى حه‌مه‌ ساڵح دیلانه‌ یان  قادر دیلان ؟

ڕوونه‌ كه‌ سرودی نەورۆز بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ لایه‌ن شاعیرو هونه‌رمه‌ند “حه‌مه‌ ساڵح دیلان”ه‌وه‌ وتراوه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ئاوازەکەی دوو بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌.
له‌دوا دیداریدا كه‌ ساڵى 1997 له‌ ڕادیۆیه‌كى كوردی له‌ سوید له‌گه‌ڵیدا سازیداوه‌، قادر دیلان باسیله‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پیره‌مێرد به‌وى وتووه‌ كه‌ شیعرێكى بۆ نه‌ورۆز نووسیوه‌و داواى له‌و كردووه‌ له‌شێوه‌ى سرووددا ئاوازێكى بۆ دابنێت.
ئه‌وانه‌ى پشتگیرى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئاوازى سرودەکە هى قادر دیلانه‌، به‌ڵگه‌ به‌وه‌ دێننه‌وه‌ كه‌ قادر دیلان هه‌م مۆزیكزان‌و هه‌م ئاوازدانه‌رو هه‌م گۆرانیبێژیژ بووه‌، به‌ڵام حه‌مه‌ ساڵح دیلانى براى زیاتر له‌ بوارى ده‌نگبێژی‌و مه‌قاماتدا شاره‌زایی هه‌بووه‌.

Dylan

شاعیر و هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەمە ساڵح دیلان  ١٩٢٧ ــ ١٩٩٠ 

له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ ژماره‌كانى گۆڤارى ” ڕامان”دا، دكتۆر عێزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ، ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئاوازى گۆرانییه‌كه‌ هى حه‌مه‌ ساڵح دیلانه‌، نه‌ك قادر دیلان، چونكه‌ به‌ وته‌ى ئه‌و، قادر دیلان حه‌زى له‌ موباله‌غه‌ هه‌بووه‌و ئاوازى گۆرانى نه‌ورۆزى كردووه‌ به‌هى خۆى.
هه‌ر چه‌نده‌ حەسەن زیرەک هه‌شت ساڵ له‌ پاش حه‌مه‌ ساڵح دیلان وتوویه‌تییه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیش وا تێگه‌شتوون كه‌ ئاوازى سرودەکە هى حه‌سه‌ن زیره‌كه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌پاڵ وتنى پڕ له‌ جۆش‌و خرۆشیدا، وه‌ستایانه‌و به‌ته‌كنیكێكى جیاوازه‌وه‌ به‌رگێكى نوێیى كردووه‌ به‌ به‌ر ئاواز و سرودەکەدا.
بۆچى حه‌سه‌ن زیره‌ك، شیعرى نه‌ورۆزى پیره‌مێردى شێواندووه‌؟

تێكستى شیعرى ” نه‌ورۆزى” پیره‌ مێرد به‌مجۆره‌یه‌و” حه‌مه‌ساڵح دیلان”یش كه‌ یه‌كه‌مین جار كردوویه‌تییه‌ سرود و وتویەتی، کتومت ئه‌م تێكسته‌ى وتووه‌.
ئه‌مڕۆژی ساڵی تازه‌یه‌ نه‌ورۆزه‌ هاته‌وه‌peer
جه‌ژنێكی كۆنی كورده‌ به‌خۆشی‌و به‌هاته‌وه‌
چه‌ند ساڵ، گوڵی هیوای ئێمه‌ پێ په‌ست بوو، تاكو پار
هه‌رخوێنی لاوه‌كان بوو به‌ گوڵی ئاڵی نه‌وبه‌هار
ئه‌و ڕه‌نگه‌ سوره‌بوو كه‌ له‌ئاسۆی بڵندی كورد
مژده‌ی به‌یانی بۆ گه‌لی دورو نزیك ئه‌برد
نه‌ورۆز بوو ئاگرێكی وه‌های خسته‌ جه‌رگه‌وه‌
لاوان به‌عه‌شق ده‌چوون به‌ به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌وه‌
وا ڕۆژ هه‌ڵهات له‌ به‌نده‌نی به‌رزی وڵاته‌وه‌
خوێنی شه‌هیده‌ ڕه‌نگی شه‌به‌ق شه‌وقه‌داته‌وه‌
تائێستا ڕوی نه‌داوه‌ له‌تاریخی میله‌تا
قه‌ڵغانی گولله‌ سنگی كچان بێ له‌هه‌ڵمه‌تا
پێیناوێ بۆشه‌هیدی وه‌ته‌ن شیوه‌ن‌و گرین
نامرن ئه‌وانه‌، وان له‌دڵی میلله‌تا ئه‌ژین

Hassan Zirak (1)

هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەسەن زیرەک  ١٩٢١  ـ  ١٩٧٢

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ سرودەکەی حه‌سه‌ن زیره‌ك بووه‌ته‌، كه‌لتورێكى تایبه‌ت به‌ نه‌ورۆزو له‌م یاده‌دا له‌سه‌ر زارى هه‌زاران كورده‌و له‌ هه‌موو میدیاكانیشه‌وه‌ په‌خش ده‌كرێت، به‌ڵام زیره‌ك له‌وتنى سرودەکەدا شیعره‌كه‌ى پیره‌مێردى شێواندووه‌و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌شى كه‌ له‌ شیعره‌كه‌دا كردوونى گۆڕانكارى گه‌وره‌و جێگه‌ى پرسیارن.
شه‌ماڵ ڕه‌شید: له‌سه‌ر ده‌نگ‌و سه‌داو ئه‌داى مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك قسه‌ ناكه‌ین‌و قسه‌شمان له‌سه‌ر میوزیك‌و ئاوازى ئه‌و شاكاره‌ نییه‌، به‌ڵكو سه‌رنجمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك سه‌رله‌به‌رى شیعره‌كه‌ى پیره‌مێردى شێواندووه‌و له‌ شیعرێكى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ كردوویه‌تى به‌شیعرێكى سروشتى.
شاعیرو هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ ڕه‌شید، سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانكارییانه‌ى كه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ شیعره‌كه‌ى پیره‌مێرددا كردوویه‌تى به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینى وت:” له‌سه‌ر ده‌نگ‌و سه‌داو ئه‌داى مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك قسه‌ ناكه‌ین‌و قسه‌شمان له‌سه‌ر میوزیك‌و ئاوازى ئه‌و شاكاره‌ نییه‌، به‌ڵكو سه‌رنجمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك سه‌رله‌به‌رى شیعره‌كه‌ى پیره‌مێردى شێواندووه‌و له‌ شیعرێكى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ كردوویه‌تى به‌شیعرێكى سروشتى”.
حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ سرودەکەدا ده‌ڵێت:
وا ڕۆژ هه‌ڵهات له‌ به‌نده‌ری به‌رزی وڵاته‌وه‌
ڕه‌نگی گوڵاڵه‌و گه‌زیزه‌، شه‌به‌ق شه‌وق ده‌داته‌وه‌
له‌كاتێكدا ڕاستى ئه‌م دوو دێڕه‌ به‌مجۆره‌یه‌:
واڕۆژ هه‌ڵهات له‌ به‌نده‌ری به‌رزی وڵاته‌وه‌
خوێنی شه‌هیده‌ ڕه‌نگی شه‌به‌ق شه‌وقه‌ داته‌وه‌
حه‌مه‌ساڵح دیلانیش هه‌مان دوو دێڕى شیعره‌كه‌ی پیره‌مێردی به‌مجۆره‌ وتووه‌ته‌وه‌.
به‌ڵام حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌شیعره‌كه‌دا هه‌ردوو وشه‌ى”خوێن‌و شه‌هیده‌كه‌ی” لابردووه‌و كردویه‌تی به‌ “ڕه‌نگی گوڵاڵه‌و گه‌زیزه‌”.
له‌ دوو دێڕى دیكه‌ى شیعره‌كه‌دا، پیره‌مێرد به‌مجۆره‌ ده‌ڵێت:

چه‌ند ساڵ گوڵی هیوای ئێمه‌ پێ په‌ست بوو تاكوپار
هه‌رخوێنی لاوه‌كان بوو به‌ گوڵی ئاڵی نێو به‌هار
دیسان حه‌مه‌ساڵح دیلانیش هه‌ر به‌م شێوه‌ وتویه‌تی، به‌ڵام حه‌سه‌ن زیره‌ك، ئه‌م دوو دێڕه‌ش ده‌شێوێنێ‌ و ده‌ڵێت:
چه‌ند ساڵ گوڵی هیوای ئێمه‌ بێبه‌ربوو تاكوپار
تا شاهه‌نشا لوتفی فه‌رموو، هه‌ق له‌گه‌ڵ جوتیارو كرێكار
هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ ڕه‌شید ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ شێواندنى ئه‌و دوو دێڕه‌ ئاماژه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌ ئازادى ئه‌م سرودەی نه‌وتووه‌، جێگه‌ى پرسیارو ڕامانێكى گه‌وره‌یه‌ كه‌ وشه‌ى ” خوێنى لاوان”ى گۆڕیوه‌ به‌ لوتفى شاهه‌نشا، كه‌ ” مه‌به‌ست لێى ڕازا شاى ئێرانبووه‌”.
ئاشكراشه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕه‌زا شا زوڵمى گه‌وره‌ى له‌ كورد كردووه‌.

29468919_1717870738278946_2181878441891069952_n

بەرێوەچوونی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز بە ئامادەبوونی پیرەمێرد لە سلێمانی ـ کۆتایی ساڵانی چلەکان

گۆڕینى وشه‌ى خوێنى شه‌هیدان، به‌ ” شاهه‌نشا لوتفى فه‌رموو”، كێش‌و سه‌رواى شیعره‌كه‌شى له‌نگكردووه‌و له‌ كاتى وتنی ئه‌م دێڕه‌شدا له‌ لایه‌ن حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه‌، به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌م له‌نگییه‌ ده‌كرێت‌و به‌ ئاسانى له‌ته‌ك ئاوازى سرودەکەدا بۆى ڕێك ناخرێت.
جیا له‌و گۆڕانكارى‌و شێواندنه‌ له‌ شیعره‌كه‌ى پیره‌مێرددا، حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ گۆرانییه‌كه‌دا هیچكام له‌و دێڕانه‌ى شیعره‌كه‌ى نه‌وتووه‌ كه‌ وشه‌ى ” قه‌ڵغان‌و گولله‌و سنگی كچان‌و شه‌هیدو میلله‌ت”ی تێدایه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆچى ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ى له‌ شیعره‌كه‌ى پیره‌مێرددا كردووه‌و به‌وجۆره‌ شێواندوویه‌تى، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك ویستوویه‌تى ئه‌و گۆرانییه‌ى له‌ ڕادیۆى تارانه‌وه‌ بۆ په‌خش‌و بڵاو بكرێته‌وه‌، له‌به‌رانبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌یدا، مه‌رجى گۆڕینى ئه‌و وشانه‌یان له‌ناو تێكستى گۆرانییه‌كه‌دا بۆ داناوه‌و ئه‌ویش به‌ناچارى به‌ گۆڕینیان ڕازیبووه‌.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

نووسینەوەی مێژوو بەپێی حەز و ئارەزوو!

چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی سۆران حەمەڕەشە …