چوار شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 4 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / ئەنفال جینۆسایدێك لە هەناوی مێژوودا

ئەنفال جینۆسایدێك لە هەناوی مێژوودا

Untitled-1(1)

ئەنفال جینۆسایدێك لە هەناوی مێژوودا

درەومیدیا/  محەمەد رەئوف

ئەوەی لە پرۆسەی ئەنفالدا روویدا تەنها هەوڵێك نەبوو بۆ لەناوبردن و كوشتنی تاكی كوردی، بەڵكو هەوڵێك بوو بۆ سڕینەوەی تەواوی مۆركی نەتەواویەتی گەلی كورد، بەو پێیەی ئەنفال پرۆسەیەكی پلان بۆ دارێژاوی پێش وەختەبوو، بەوەی  پلانی پێشوەختەی بۆ دارشتبوو پرۆسەكەی دابەشكردبوو بەسەر ( 8)قۆناغدا و  لە (6 ) ناوچەی جوگرافیای جیاوازدا  سەرجەمی ئەو قۆناغانە لە 23ی شوباتی 1988 دەستی پێكردوو لە 6 ی ئەیلولی 1988 پاش روخاندنی هەموو گوندەكانی كوردستان كۆتایی هات.

  قۆناغەكانی ئەنفال لە 23ی شوباتی 1988 بۆ 6ی ئەیلولی 1988
( 8)قۆناغ لە (6 ) ناوچەی جوگرافیادا
1- قۆناغی یەكەم بۆسەر ناوچەی دۆڵی جافایەتی
2- قۆناغی دووەم بۆسەرناوچەی قەرەداغ
3- قۆناغی سێیەم بۆسەرناوچەی گەرمیان
4- قۆناغی چوارەم بۆ سەر ناوچەی قەڵاسێوكە و دۆڵی زێی بچوك
5- قۆناغی پێنج و شەش و حەوت بۆسەر ناوچەكانی شەقڵاوە و رەواندوز
6- قۆناغی هەشتەم و كۆتایی بۆسەر ناوچەی بادینان.
سەرجەم ئەم قۆناغانەش لە 6 ی ئەیلولی 1988 پاش روخاندنی هەموو گوندەكانی كوردستان كۆتایی هات . رژێمی بەعس بۆ ئەو پرۆسەیە هێزێكی بێشوماری بۆ ئامادەكردبوو
قەوارەی هێزەكەی رژێم لە پرۆسەی ئەنفالدا:
1- فەیلەقی یەك –  بە لێپرسراوی سوڵتان هاشم
2- فەیلەقی دوو –بەلێپرسراوی نزار خەزرەجی
3-فەیلەقی سێ‌ بەلێپرسراوی  – یونس محەمەد زەرب
4-سەرجەم تواناكانی  ئیستخبارات بە لێپرسراوی فەریق روکن وەفیق سامەڕائی
5-ئەمنی عامە و قوات الطواری و مكتب تنظیم الشمال
6-بە هاوكاری (300) فەوجی خەفیفە كە لە (250)هەزار جاش پێكهاتبوو

2(4)

قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئەنفال    لە ( 23 /2  تـــا 18 / 3 / 1988)
ئەم شاڵاوەی رژێم بۆ سەر ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی لە سنوری قەزا و ناحییەكانی ( دوكان ، بنگرد ، چوارتا ، قەڵاچوالان ، سەرچنار ، سورداش)ی سەربە پارێزگای سلێمانی دەستی پێكرد .
لە بەرەبەیانی 23 / 2 /1988 خەڵكی یاخسەمەر و سەرگەڵو بەرگەڵو بەدەنگی ناڵە و زرمەی راجیمەی كیمیایی بەئاگاهاتن ، ئەم بۆردومانە بەیەكەم تەقەی پەلاماری ئەنفال دەژمێردرێت ،   پاشان سەرلەبەیانی 23ی شوبات سوپا و هێزی ئاسمانی و گاردی كۆماری و هێزە زەمینیەكانی رژێم لە هەموو لایەكەوە پەلاماری ناوچەكەیان دا ،
1-    هێزێك لەمێرگە پانەوە بەرەو شەدەڵە<
2-    هێزێكی تر لە دۆڵە روتەوە بەرەو كەڵكی قزلەر.
3-    هێزیكی تر لەقەڵەم پاشاوە بەرەو بەرگەڵو.
4-    هێزێكی تر لەدەشتی بنگردەوە بۆ سەر گەورە قەڵا و ئاسۆس .
5-    هێزێكی تر لە گۆجاڕەوە بەرەو گەورە دێ‌.
6-    هێزێكی تر لە كارێزەوە بەرەو خەجە لەرزۆك

 سەرپەرشتیاری ئەم هێرشەی ئەنفال  لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد بوو
هێزەكانی بەشدار بوو لە قۆناغی یەكەمدا
1-    (20)لیوا
2-    ( 60) فەوج
3-    ( 10) فەوجی سوك ومەفرەزەی تایبەت
4-    جگە لە دەیان تانک ئەمانە هەموویان پاڵپشتی هێزی ئاسمانی بوون
5-     سەرەڕای ئەو هێزە زۆرو چەكە قورسانەش  كیمیاوی بەخەستی بەكارهێنرا .

زیانەكانی قۆناغی یەكەمی ئەنفال
1-    نزیكەی ( 250) كەس بونە قوربانی چەكی كیمیاوی
2-    نزیكەی ( 160) كەسیش لە رێگادا بەرەو ئێران بەهۆی سەرماو سۆڵەو بەفرەوە رەقبوونەوە

3(3)

قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئەنفال    لە  22 /3   تــا   1 / 4 / 1988
ئەم پەلامارەش بۆ سەرناوچەكانی ( قەرەداغ ، بازیان ، دەربەندیخان) بوو .
لە 22/ 3 / 1988  گوندی (سێوسێنان) بەسەختی و بە شێوازی بەعسیانە درایە بەر راكێتی كیمیایی .  بووبە هۆی شەهیدبوونی زیاد لە ( 66) كەس و بریندار بوونی دەیانی تر لە ناو شەهیدەكاندا (30)یان منداڵ بوون

لەم قۆناغەدا
1-    رووخانی 80 گوند
2-    2241  خانوو
3-      لە كۆی 12254 كەس  5637 كەس بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن

4(3)

قۆناغی سێیەمی ئەنفال   7/ 4   تــا  20 / 4 / 1988
ئەم قۆناغە لە  7ی نیسان بەبۆنەی جەژنی شومی دامەزراندنی حیزبی بەعسەوە دەستی پێكرد ئەم هێرشە بەكاریگەرترین و كوشندەترین و بەزیانترین هەڵمەت داەنرێت  بۆسەر ناوچەكانی ( چەمچەماڵ ، سەنگاو ، قادركەرەم ، دوز ، كفری ، كەلار ، پێباز ، تیلەكۆ) ، ئەم ناوچانە سەر بە هەرسێ‌ پارێزگای ( كەركوك ، سلێمانی ، دیالە)بون  ، ئەمەش فراوانترین هێرشی ئەنفال بوو كە پتر لە ( 500)گوندی گرتەوە سەرەڕای تەختكردنی  4 ناحییە.

    لەبەر فراوانی ناوچەكە رژێم بە سێ‌ پلان ئەم پرۆسەیەی ئەنجام دا :.
1- پلانی پەلاماری خورماتوو : بەرەبەیانی رۆژی  7ی نیسان هێزەكانی سوپا و فەوجەكان جاش كەوتنە جموجوڵ و لە بنكەكانیانەوە دەرچون كە لە خورماتووی باشوری رۆژئاوای گەرمیان بوو .
2- پلانی پەلاماری قادركەرەم و باكوری گەرمیان : ئەم پەلامارەیان لە 9ی نیسان دەستی پێكرد هێزەكان رژێم لە كەركوك و چەمچەماڵ و لەیلانەوە ، دەرچون و لە هەموو لایەكەوە بەرەو شارۆچكەی قادركەرەم پێشڕەویان كرد ، ئەم هێرشە بەسەر پەرشتی عەمیدی هێزی تایبەت ( بارق عبدالله حاجی حنطە)بوو كەوا دەردەكەوێت فەرماندەی گشتی پرۆسەی ئەنفالی سێ‌ بووبێت ، هێرشەكە رۆژی 10ی نیسان گەیشتە قادر كەرەم و سەرجەم گوندەكانیان خاپور كرد.
3-پلانی پەلاماری سەنگاو و باشووری گەرمیان : هێزی یەكەمی پەلامارەكە لە شارۆچكەی كفرییەوە لە 9ی نیسان كەوتە رێ‌.
4- رەتڵەكانی تر لە كەلارو بێبازو پونگەڵوە كەوتە رێ‌ . ستراتیژییەتی سەرەكیشیان بریتی بوو لە ئابڵۆقەدانێكی گەورە فراوان لە چەندین لاوەو دەستكردن بە كۆمەڵگرتنی تەواوی ئەو خەڵكەی دەوریان داون و روخاندنی گوندەكانیان و كۆكردنەوەی خەڵكەكە بۆ شوینە دیاری كراوەكانیان .
5- رەتڵەكەی كفری بەفەرماندەی لیوا سامی سەر بەفەیلەقی یەك سەرجەم گوندەكانی ئەو ناوچەیەیان روخاند و خەڵكەكەشیان دەستگیركرد . هێزی كەلاریش لە 9 ی نیسان بەفەرماندەی (  میندەر ئیبراهیم ) دەرچوو بۆ ئاوایی تیلەكۆ.
6-هەربۆیە سوپا ئابڵۆقەی سەرجەم گوندەكانی دابوو یەك لە دوای یەك وێرانی دەكردن ، خەڵكی هەموو ناوچەكە بەرەو گوندی ( ملە سورە و كوڵە جۆی حاجی حەمەجان ) دەهاتن و لەوێدا كۆببونەوە ، لە رۆژی ( 14 / 4/ 1988) لوتكەی هێرشی ئەنفال بوو ، لەم رۆژەدا بەپێی خەمڵاندنی ( كۆمیتەی بەرگریكردن لە مافی قوربانیانی ئەنفال ) نزیكەی ( 20)هەزار لە ژن وپیاو و پیرو مناڵ كۆكرانەوەو بە ئیڤای سەربازی و تراكتۆری گوندنشیەكان رەوانەی قەڵا سەربازییەكەی ( قورەتوو) كران و لە وێشەوە بەرەو چارەنوسی نادیار رۆیشتن هەر بۆیە ئەم رۆژە كرا بەرۆژی (ئەنفالەكان) .
ئەم هێرشەی قۆناغی سێیەم لە رۆژی  20 / 4 / 1988  كۆتایی هات و یەك گوند لە گەرمیاندا بە پێوە نەماو روخێنرا ،

زیانەكانی ئەنفال
1-    نزیكەی (500) گوندی گەرمیان وێران كرا
2-     پتر لە ( 30000)گەنج و ژن و مناڵ وپیری بێسەروشوێن كرد
3-    سنوری ناوچەی چەمچەماڵ ( 5645)كەسی بێ‌سەرو شوێن كراوە
4-    قادركەرەم ( 14863 )
5-    كەلار ( 4567 )
6-    سەنگاو ( 4922 )
7-    تیلەكۆ ( 3680 )
8-    پێباز ( 0 442 )

5(3)

 قۆناغی چوارەمی ئەنفال  لە  3 / 5  تـــا  15 / 5 / 1988
قۆناغی چواره‌می ئەنفال بۆسەر ناوچەكانی ( ئاغجەلەر ، ناوشوان ، چەمی رێزان ، دەشتی كۆیە ، تەقتەق ) لە سنوری هەرسێ‌ پارێزگای ( هەولێر ، سلێمانی ، كەركوك ) بوو ، ئەم هێرشەش بە كیمیابارانكردنی گوندی گۆپتەی ( 300)ماڵە دەستی پێكرد. ئەم هێرشەشە بووە هۆی كوشتنی نزیكەی ( 300 )كەسی ئەم گوندە ، وە بە دووەم هێرشی زیان بەخش دائەنرێ‌ لە دوای شاری هەڵەبجە ،
1-    سەرلەبەیانی رۆژی 4ی مایس هێزی پیادەی رژێم لە هەموو لایەكەوە دەستی پێكرد ئەم هێرشە بە فەرماندەی لیوا روكن (سوڵتان هاشم) بوو بەشێك لەم هێرشە لەچەمچەماڵ وتەكیەوە بەرەو ناحییەی ئاغجەلەر كەوتە رێ‌ ئەم ناحێ‌یە سالێك لەوەو پێش روخابوو.
2-    پاشان هێرشێكی تر لە سوسێوە بەرەو سورقاوشان كەوتە رێو هێرشێكی دیكە لەناوچەی تەقتەقەوە بۆ گوندەكانی لێواری زێی بچوك و شێخ بزێنی و گۆپتەپە, هێرشێكی دیكە بەرەو گوندەكانی نزیك قەزای كۆیە بەرێكەوت .
سوپا لە رۆژی 15/5/ سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیەی روخاند و تەنها لە ناوچەی ئاغجەلەر كە ( 67) گوندی تیدا بوو (2813)خانوی تێدا بوو ( 14864)كەسی تێدا دەژیا نزیكەی ( 7201) كەس ئەنفال كراون.

6(2)

قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی  ئەنفال    لە 15 / 5   تـــا  26 / 8 / 1988
ئەم پەلامارە بۆسەر دۆڵی نێو چیاكانی ( شەقڵاوە و رەواندوز ) بوو بەسەرپەرشتی فەرماندەی فەیلەقی ( 5)و سەرپەرشتیاری ئەم قۆناغەی ئەنفال ( یونس محمد زەرب بوو) ،   رۆژی 15 / 5 / 1988 دوا روژی رەمەزان بوو خەڵكی خۆیان بۆ جەژنی رەمەزان ئامادەكردبووچەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیابارانكردنی گوندەكانی ( وەرە ، عەلی یاوا ، سماقوڵی ، نازەنین ) لەم پەلامارەدا لە گوندی وەرە ( 36)كەس شەهید بوون  (17)پیاو و (19)ئافرەت .

لە میانی شاڵاوەكانی ئەنفالی ( پێنج و شەش و حەوت )دا زیاتر لە ( 52) گوند لە ناحێكانی خەلیفان و خۆشناوو رەواندوز وێران كران كە سەرجەم (2602) خێزان بوون وە ( 52) مزگەوت و (24) قوتابخانەی ئەم گوندانە وێران كران ، ئەمە جگە لە كوێركردنەوەی سەدان كانی و جۆگە و سوتاندنی سەدان رەز و باخی ناوچەكە كە ئەمانە ژێرخانی ئابووری ئەم ناوچانەی پێكدەهێنا.

7(2)

 قۆناغی هەشتەم و كۆتایی ئەنفال     26 / 8  تــا  6 / 9 / 1988
قۆناغی هەشتەمی شاڵاوی ئەنفال بۆسەر دەڤەری بادینانی سنوری توركیا بوو.

ئەم شاڵاوە لە رۆژئاواوە لە زاخۆوە تا ئامێدی درێژبووەوە لە باشوور و رۆژهەڵاتیشەوە شێخان و ئاكرێی گرتەوە .
بۆ ئەنجام دانی ئەم شاڵاوەش جگە لە فەیلەقی ( 5 ) چەند بەشێكیش لە فەیلەقەكانی ( سێ و شەش و حەوت) كە لە باشووری عێراقەوە گوازرابونەوە بۆ ئەوێ بەشدارییان تێداكرد , ئەم هێزانە (200)هەزار سەرباز دەبوون ، كەلە ( 14 ـ 16) فیرقەی سوپای نیزامی پێكدەهاتن هەریەكەی ( 12) هەزار سەرباز دەبوون ، ئەمانە و چەندین هەزار فەوجی جاش بەشداری هێرشەكەیان كرد .
ژمارەی ئەو گوندانەی لەم شاڵاوەدا وێران كران ( 450 )گوندە , بەم شێوەیە قەزای شێخان (  19 ) گوند  ئاكرێ‌  (35 )گوند   زاخۆ (  100 )گوند سەنتەری دهۆك (  63 )گوند , ئامێدی (  233 )
ئەو تێكدەرانەی خۆیان بەدەستەوە داوە ( 803) پێشمەرگەبوون ، ئەو تێكدەرانەی كەوا گیراون ( 771)كەس بوون ، پیاوی مەدەنی ( 1489)كەس ، ژن ( 3368) ، مناڵ ( 6964) ، سەرجەمیش ( 13395)كەس بوون .

زیانی شاڵاوەكانی ئەنفال
شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال زیانی مادی و مەعنەوی بە گەلی كورد گەیاندوو زیانێك كە تا سەر ئێسقان بەزامی كوردیا رۆچووە ، ئەم پرۆسەیە لە مانگی شوباتەوە تاسەرەتای مانگی ئەیلولی خایاند و گەورەترین زیانی گیانی بە گەلی كورد گەیاند ، هەروەك ( میدڵ ئیست ووچ) دەنوسێت ( پرۆسەی ئەنفال لە 23 ی شوبات تا 6 ی ئەیلولی ساڵی 1988 ی خایاند لەو ماوەیەدا فراوانترین ناوچەی كوردستان بەر شاڵاوی تێكدان و راپێچان كەوت ، لە هەڵمەتێكی وادا پتر لە (200)هەزار مرۆڤی كورد لەناو بران ، وەلای كورد و بزوتنەوەی سیاسی كوردیش (182) هەزار كەس رۆیوە ، لەناوبردنی ئەو خەڵكە زۆرەش كێشە و گرفتێكی لە چارەنەهاتووی بۆ پاش ماوەكەخۆی و گەلی كورد بەجێ‌ هێشت ).
زیانەكان
1-    182 هەزار مرۆڤ
2-    (4)هەزار گوندو
3-    ( 30)ناحییەو
4-    ( 3100)مزگەوت
5-    (100)كڵێسا
6-    بەتاڵان بردنی (2)ملیۆن سەر مەڕو ماڵات و ئاژەڵ
7-    كارەساتێكی ژینگەیی ئایكۆلۆژی گەورەبوو
8-    لەناوبردنی روبەرێكی فراوان لە باخ و رەزو چەم و چنار
9-    نزیكەی (  7729  )كم2 لەروبەری هەرێمی كوردستانی عێراق رەەبەڕووی شاڵاوەكانی ئەنفال بووەوە.
چارەنوسی شوێن بزركراوەكان
لەگەڵ بەردەوام بونی هێرشەكانی ئەنفال و وێرانكردنی هەر ناوچە و گوندێكدا ئەو خەڵكەی كە دەستگیریان دەبوو لەلایەن جاش وسەربازەكانەوە سەرەتا هەموویان لە شوێنێكی نزیكدا كۆدەكرانەوە تاكو ناوچەكە بەتەواوی وێران دەكرا پاشان هەموو ئەو خەڵكەی كە دەگیرا دەست دەكرا بە گوێزانەوەیان بۆ شوێنیكی تایبەت و چارەنوس نادیار.
ئەمیش بەتایبەتی لە ناوەڕاستی  3ی 1988 دا گیراوەكان گوێزرانەوە بۆ ئەو زیندانانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی ئیستخباراتی عەسكەریدا بوو , گوێزانەوەی گیراوەكان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە گەیشتە لوتكە ،  لەم قۆناغەدا زۆربەی گیراوەكان گوێزرانەوە بۆ ( تۆپزاوا ) كە بریتیە لە سەربازگەیەكی گاردی میللی لە نزیك كەركوك لەسەر رێگای (تكریت)

پاش چەند رۆژێك یەكسەر زیندانیەكانیان لێك جیاكرانەوە و پۆلێنكران بەم شێوەیە :.
1- لە تەمەنی  12 ساڵ تا 45 ساڵ .
2- تەمەنی  50 ساڵ و سەرو تر .
3- ژن و مناڵ .
4- كچ بەجیا .

ئەو بەشەش كە تەمەنیان لە نێوان ( 50 ـ 90)ساڵیدابوو واتە پیرو پەك كەوتەكان بەرەو قەڵای بەجێماوی ( نوگرە سەلمان ) لە باشووری عێراق نێردران ، پاش ئەوەی ئەم پیرانەیان بە ئۆتۆمبێل گواستەوە بۆ نوگرە سەلمان كە نزیكەی ( 15)كاتژمێر لە تۆپزاواوە دوورە ، لەم بەندیخانە چۆڵەدا نزیكەی (8)هەزار بەندی تێدابوو كە لەژیانی دۆزەخی دا دەژیان هەروەك ئەفسەرێك لە تۆپزاوا پیچی وتبون : ( كورد هەموو خائین و ناپاكن و خۆمان دەزانین بۆ كوێتان دەنێرین ، ئەتان نێرین بۆو دۆزەخەی كەبەتایبەت بۆ كورد دروست كراوە ).

بەپێی زۆرێك لە بەڵگەكان و بەپێی قسەی دەسەڵاتدارانی رژێم خۆشیان ئیعترافیان لەسەر (100)هەزار كەس كردووە كە لەناویان بردون ئەوەتا ( عەلی حەسەن مەجید) زۆر بەراشكاوانە لە دانوسانی  1991دا كاتێك وەفدی كوردستان بە عەلی حەسەنیان وتبو سەبارەت بە چارەنوسی ئەنفالەكان ، ئەو ژمارەیەی وەفدەكە دایان نابوو (182)هەزاركەس بوو ( عەلی حەسەن) هەڵچوو تەقییەوە و وای دانا كەتێكڕا ئەو ژمارەیە كەلە ئەنفالدا كوژران بەهیچ جۆرێك لە (100)هەزار تێ‌نەپەڕیوە .

سەرچاوە
ئەنفال و رەهەندە سۆسیۆلۆجیەكانی، محەمەد رەئوف، چاپی یەكەم، 2005

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

نووسینەوەی مێژوو بەپێی حەز و ئارەزوو!

چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی سۆران حەمەڕەشە …