پێنج شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 10 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌بی ‌و كۆمكاری عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر كیمیایبارانی هه‌ڵه‌بجه‌

هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌بی ‌و كۆمكاری عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر كیمیایبارانی هه‌ڵه‌بجه‌

10167871489600777

هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌بی ‌و كۆمكاری عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر كیمیایبارانی هه‌ڵه‌بجه‌

عادل سدیق
له‌كاتی دانوستانه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان‌ و حكومه‌تی عێراقدا، جگه‌له‌سوریا‌ و لیبیا، زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی هانده‌ری عێراق بوون بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ كورددا به ‌مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی فه‌نده‌مێنتاڵیزمی ئێرانی له‌ده‌ره‌وه‌(1). به‌ڵام هه‌ر دوابه‌دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ ‌و ئه‌و كوشتوبڕ ‌و سیاسه‌ته‌تونده‌ی كه‌ڕژێم له‌دژی گه‌لی كورد ده‌ستیدایه‌، وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ڵوێستی بێده‌ربه‌ستیان گرته‌به‌ر، هه‌ندێكیشیان ڕاستیه‌كانیان ده‌شێواند‌ و سه‌را‌وژێریان ده‌كرده‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردیش هه‌ستی به‌وه‌كردبوو هه‌ڵوێستی هه‌ندێك له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر حسابی پیاوه‌تیدانه‌وه‌ی ڕژێمه‌له‌به‌شداربوون بۆ ئه‌و پێشێلكردن ‌و كوشت ‌و بڕینه‌ی ڕژێمه‌كانی خۆیانه،‌كه‌دژ به‌هاووڵاتیانی خۆیان په‌یڕه‌وه‌ی ده‌كه‌ن(2).

پارته‌سیاسییه‌سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان (ی. ن. ك، پ. د. ك، حسك، پاسۆك، پارتی دیموكراتی گه‌لی كوردستان)، له‌یاداشتێكدا كه‌ئاڕاسته‌ی پاشا ‌و سه‌رۆكه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بییان كردبوو، سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه‌ی كه‌بۆ جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌عێراق‌ و ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان ده‌كرا، كه‌له‌گه‌ڵ ساكارترین مافه‌كانی هاووڵاتیبوونی عێراقی‌ و پڕه‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ ‌و ڕێساكانی ئایینه‌ئاسمانییه‌كاندا نه‌ده‌گونجا، له‌وانه‌ش ڕاگواستن، به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی ‌و جینۆساید‌ و كوشتنی منداڵان له‌سلێمانی، به‌ڵام هیچ كه‌س له‌سه‌رۆكه‌كانی عه‌ره‌ب جگه‌له‌سوریا ‌و لیبیا، ئاماده‌نه‌بوون گوێ‌له‌بانگه‌وازه‌كه‌ی گه‌لی كورد بگرن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌زۆربه‌ی زۆریان هاوسۆز‌ و هاوپه‌یمانی سه‌دام بوون(3).

ڕژێم هه‌وڵی ده‌دا پشتیوانی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ تایبه‌تی هێزه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لانی عه‌ره‌ب،  به‌ تایبه‌تی له‌و هه‌ڵوێستانه‌یدا كه‌ده‌ینواند به‌رامبه‌ر فه‌له‌ستین‌ و ئیسرائیل‌، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ئیمپریالیزمی جیهانیدا هه‌یبوو(4). به‌رده‌وام ڕژێم پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ئه‌و به‌رگری له‌ده‌رگای ڕۆژهه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ‌و نیشتمانی عه‌ره‌بی ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران.

هه‌روه‌ها پڕوپاگه‌نده‌ی فراوانی له‌دژی گه‌لی كورد ده‌كرد‌، به‌وه‌تۆمه‌تباری ده‌كردن كه‌هه‌وڵی خزمه‌تكردنی ئێران ده‌ده‌ن له‌دژی هێزه‌كانی عێراق‌، ده‌یانه‌وێت عێراق دابه‌شبكه‌ن، له‌وپێناوه‌شدا ملیۆنان دۆلاری به‌خه‌رج دا، ژماره‌یه‌ك له‌داموده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی وڵاتانی عه‌ره‌بیش جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌ناشیرینه‌ی ڕژێم ده‌كرده‌وه‌‌ و پشتیوانیان لێده‌كرد(5).

هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ڕژێم وایكردبوو تاوانه‌كانی له‌دژی گه‌لی كورد نه‌ك هه‌ر ویژدانی ڕژێمه‌عه‌ره‌بییه‌كان‌ و ئه‌وانه‌یان كه‌دۆستی به‌غدا بوون نه‌هه‌ژێنێت، به‌ڵكو هه‌ستی حیزب ‌و ڕێكخراوه‌ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌شی نه‌جوڵاند، ته‌نانه‌ت به‌ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌كیش ناڕه‌زاییان ده‌رنه‌بڕی ‌و بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد، بێگومان بێده‌نگیش نیشانه‌ی ڕازیبوونه‌. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌هه‌ندێك جار ڕاگه‌یاندنی عه‌ره‌بی نه‌ك هه‌ر بێده‌نگ نه‌ده‌بوو، به‌ڵكو به‌ئاشكرا پشتیوانیان له‌كاره‌كانی ڕژێم ده‌كرد له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ‌ و سه‌ركه‌وتنه‌سه‌ربازییه‌كانی عێراق‌ و پشتیوانیكردن له‌سیاسه‌ته‌كانی دژ به‌گه‌لی كورد‌ و كۆماری ئیسلامی ئێران(6).

سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتیوانییه‌كی زۆریان له‌سه‌دام حسێن ده‌كرد‌، وه‌ك پاڵه‌وانی عه‌ره‌ب‌ و پارێزه‌ری به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌بی لێیان ده‌ڕوانی، ناوبه‌ناویش مه‌لیك حسه‌ین‌، یاسر عه‌ره‌فات‌ و حوسنی موباره‌ك سه‌ریان له‌به‌غدا ده‌دا‌ و پشتیوانی خۆیان بۆ دووپاتده‌كرده‌وه(7).

هه‌ربۆیه‌شتێكی سروشتی بوو له‌كاتی ڕوودانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك كیمیایبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا (16/3/1988) كه‌تیایدا (5000) كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا‌ و نزیكه‌ی (10000) كه‌س بریندار بوون‌، زیاتر له‌(70) هه‌زار كه‌سیش ئاواره ‌‌و ده‌ربه‌ده‌ربوون وڵاتانی عه‌ره‌بی هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بێت، ئه‌وه‌له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ڵگه‌هه‌بوون كه‌ده‌یسه‌لماند عێراق چه‌كی كیمیایی له‌دژی گه‌لی كورد به‌كارهێناوه(8)‌، ڕژێم به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ڕه‌تده‌كرده‌وه‌‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ڵمه‌تێكی دیپلۆماسی ده‌ستپێكرد بۆئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی پشتیوانی لێ‌بكه‌ن(9).

كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌(تونس)ه‌وه‌ڕایانگه‌یاند هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ده‌درێنه‌پاڵ عێراق سه‌باره‌ت به‌به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌دژی گه‌لی كورد بێ‌بنه‌مایه‌، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شیان وه‌ك پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌مریكا‌ و ئیسرائیل(10)  له‌دژی عه‌ره‌ب لێكدایه‌وه(11)، هه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌دا سه‌رله‌نوێ‌وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق دووپاتكرده‌وه(12)‌.

دواتریش (كلۆفیس مه‌قسود)ی سكرتێری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتیوانی خۆی بۆ عێراق ڕاگه‌یاند‌، مه‌سه‌له‌ی په‌لاماردانی كوردی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌به‌مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆیی زانی‌، ڕایگه‌یاند ڕێكه‌وتنی جنێف (1925) به‌كارهێنانی گازی ژه‌هراوی دژی دوژمنی ده‌ره‌كی قه‌ده‌غه‌كردووه‌، نه‌ك له‌نێو وڵاته‌كه‌خۆیدا. به‌وشێوه‌یه‌ سكرتێری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی كوشتوبڕی كوردی به‌گازی كیمیایی به‌كارێكی ناوخۆیی ‌و ڕه‌وا‌ و یاسایی عێراق له‌قه‌ڵه‌مد(13).

له‌پاڵ هه‌ڵوێسته‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ‌و كۆمكاری عه‌ره‌بیدا، ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی وڵاتانی عه‌ره‌بی: ڕۆژنامه‌، ته‌له‌فزیۆن ‌و ڕادیۆ ‌و ته‌نانه‌ت هیچ یه‌كێك له‌لێپرسراوانی عه‌ره‌بی هیچ شتێكی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌نه‌دركاند‌ و لێی بێده‌نگ بوون، ته‌نانه‌ت گه‌لانی وڵاتانی عه‌ره‌بیش دوور‌ و نزیك هیچ ناڕه‌زایه‌تی ‌و كاردانه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌نه‌نواند، جگه‌له‌هه‌ندێك ده‌نگی لاواز نه‌بێت له‌لایه‌ن هه‌ندێك گرووپی بزووتنه‌وه‌ڕزگاریخوازه‌كانه‌وه‌، ئه‌وانیش ده‌نگی بێ‌ڕه‌نگی شێواوبوون(14). به‌و هه‌ڵوێستانه‌شیان سه‌لماندییان چه‌نده‌ڕقیان له‌كه‌مینه‌نا عه‌ره‌به‌كانی نێو وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌بێته‌وه‌‌، چه‌نده‌ش پشتیوانی له‌ڕژێمه‌كه‌ی به‌غدا ده‌كه‌ن(15).

سه‌رچاوه‌و په‌رازێز:

1. برایم جه‌لال: چه‌پكێك له‌مێژووی كۆمه‌ڵه‌، چاپخانه‌ی ڕوون، 2011، ل422.

2. ڕۆژنامه‌ی (رێبازی نوێ‌)، ژ(6)، حوزه‌یرانی1988.

3. د.عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌یی: سیاسه‌تی حكومه‌تی عێراق له‌كوردستان له‌سایه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌فه‌رمییه‌كاندا 1975-1991، ب2، چ1، چاپخانه‌ی زانكۆ، دهۆك، 2010، ل92.

4. كاظم حبيب (الدكتور): الاستبداد والقسوة فى العراق، محاولة لفهم الاساس المادى لظاهرتى الاستبداد والقسوة فى العراق، مؤسسة حمدى للطباعة والنشر، سليمانية ـ كردستان العراق، 2005، ص432.

5. ن.م، ص454.

6. خه‌لیل سه‌ركانی: ئه‌نفال له‌یاده‌وه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌كدا، چ1، چاپخانه‌ی گه‌نج، سلێمانی، 2009، ل218-219.

7. ه.س، ل220ـ221  ؛ جه‌مال نه‌به‌ز: كوردانی سه‌رگه‌ردان‌و برا موسڵمانه‌كانیان، چ1، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپخانه‌ی ڕۆشنبیر، هه‌ولێر، 2005، ل49.

8. عومه‌ر نوره‌دینی: سستمی نوێی جیهانی‌و دۆزی كورد، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2003، ل114-115.

9. كه‌مال مه‌عروف: كێشه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كان‌و ڕووداوه‌سیاسییه‌كانی جیهان‌و كوردستان، چاپخانه‌ی تیشك، سلێمانی، 2005، ل11.

10. ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌سه‌ر زمانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی خۆی ئیدانه‌ی ڕژێمی عێراقی كرد، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش داوایان له‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌كرد ئه‌و تاوانه‌گه‌وره‌یه‌له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا بخاته‌پێش چاوی ڕای گشتی جیهان، هه‌روه‌ها ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه‌كه‌ڕۆژنامه‌‌و به‌رنامه‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانی دنیا وێنه‌ی سه‌ربازێكی داربه‌ده‌ستی ئیسرائیل بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌كه‌له‌عه‌ره‌بێكی فه‌له‌ستینی ده‌دات، كه‌چی گوێی خۆیان له‌ئاستی گه‌وره‌ترین تاوان كه‌ڕكردووه‌كه‌ڕژێمی عێراق به‌چه‌كی كیمیایی زیاتر له‌(5) هاووڵاتی كوشتووه ‌‌و (9000)یشی بریندار كردووه ‌‌و زیاتر له‌(70000)یشی ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر كردووه‌. ڕۆژنامه‌ی (رێبازی نوێ‌)، ژ(3و4)،مارت‌و نیسانی1988، ل4.

11. جه‌مال نه‌به‌ز: ئێسته‌‌و پاشه‌ڕۆژی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌به‌ر گڕی ئاگری جه‌نگی عێراق‌و ئێراندا، چ1، ستۆكهۆڵم، 1989، ل158.

12. ِۆژنامه‌ی(هاوكاری)، ژ(904)، 27/8/1988.

13.  جه‌مال نه‌به‌ز: ئێسته‌‌و پاشه‌ڕۆژی، ل158.

14. ڕۆژنامه‌ی (رێبازی نوێ‌)، ژ(3و4) ،مارت ‌و نیسانی1988، ل4 ؛ ژ(6)، حوزه‌یرانی1988؟، ل10؛ جه‌مال نه‌به‌ز: كوردانی سه‌رگه‌ردان، ل49.

15. عومه‌ر نوره‌دینی: س.پ، ل113ـ114.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

جوگرافیای مێژووی ناوچەی «جیبال» جوگرافیای کوردستان لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا

 د. ئیسماعیل مەحموودی  روونکردنەوەی جوگرافیای مێژوویی  کوردستان ، پێویستی بە توێژینەوە لە سەر هەندێک لەو …