دیداری دوو دۆست لەسەر دەستپێكی خەباتی مام و ئەندێشەی لەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان
*ئەی مەسەلەی ئەو پێكهاتە دەروونییەی كە لەلای كوردە لەئەنجامی ئەو خەباتە؟
-بەڵێ مەسەلەی ئەو پێكهاتە دەروونییەی خۆم وەكو زانینی كوردەواریو كوردایەتی شتێكی زۆر بنەڕەتینو رەگیان داكوتاوە لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا، بەبڕوای من هەڵەی هەندێك لەماركسییە رووكەشییەكان یان ستالین ئەوە بوو كە ماوەی زەمەنی بۆپێشكەوتن حساب نەدەكرد، وای دەزانی بەپەلەپەل شت دەكرێت، بۆنموونە زاڵبوون بەسەر نەریتی كۆمەڵایەتیدا، ئەوە بەوە ناكرێ هەر كۆمەڵگەكە بگۆڕی، یەكسەر بنەمای ئابووریو سیاسییەكەی دەگۆڕدرێتو ئیتر ئەو نەریتو تەقالیدە دەیان ساڵ دەمێنێتەوە پاش ئەو گۆڕانەش، بۆنموونە دین بەوە ناكرێو نابێت هەر خورافاتو یان دەوڵەتێكی بێ دین سەدان ساڵ دەمێنێتەوە، لەكۆمەڵگەدا كاریگەریی هەیە، هەستی نەتەوەیی هەر بەوە نابێ زوڵمی نەتەوەیی لابەریتو ئیتر كارلێكی ئابووری چارەسەر بكەیت، بەڵكو دەیان ساڵ دەمێنێتەوە، پەیوەستبوون بەوڵاتو بەمیللەت شتی زۆر قووڵە، چۆتە خوارێ بۆ ناو كرۆكی كۆمەڵگەو لەكرۆكی دۆخی ئابووریو كەلتووری كۆمەڵگەدا رەگی داكوتاوە.
*ئێستا زۆر لە زانایانی سوسیال ئەنتۆفی لوبیو لەهەندێك نووسینی دەرەوەی وڵات بەتایبەتی ئەوروپییەكان ئەوە دەهێننەوە پێش كە كورد میللەت نییە، نەتەوە نییە، تۆ رات لەسەر ئەوە چییە، بەبڕوای تۆ كورد میللەتە یان نا؟
-من پێموایە كورد میللەتەو میللەتێكی كۆنیشەو پێشكەوتنی یان پەیدابوونی كورد وەك میللەتێك لەزەمانێكی كۆنەوەیە، بەڵام میللەت بەواتای نەتەوە، رووداوێكی مێژووییە وەك رووداوەكانی تری مێژوو، سەرەتای هەیە لەڕووی كۆرپەلەیی، ئینجا گەڵاڵەبوونی، ئینجا لەدایكبوونی، ئینجا كامڵبوونی لەقۆناغێكی مێژوویی دیاریكراودا، من پێموایە نەتەوەی كورد بەشكڵی كۆرپەلەیی دروستبووە. لەمێژووی كۆمەڵگەی كورددا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 18و19، كە دۆخی ئابووریو كۆمەڵایەتی ئەوە پڕۆسە نییە، بەڵام چونكە بەشكڵێكی كۆرپەلەیی بوو، داگیركردنیو دابەشكردنی كوردستان نەیهێشت ئەو پڕۆسە مێژووییە مەوداكانی خۆی وەربگرێو لەڕووی ئابووریی هاوبەشو كەلتووری هاوبەشو زمانی هاوبەش، بەڵكو كۆسپی تێخست، بۆیە نەیهێشت بەشكڵی نەتەوەیەكی پێگەیشتووی موتەكامل كورد بێتە كایەوە، بەڵام لەناحیەی رەگو ریشەی مێژووییەوەو لەلایەنی پێكهاتەی دەروونییەوە كە هەموو كەس خۆی بەكورد دەزانێ، لەڕووی بنەمای زمانەوە كە كۆمەڵەیەكی هاوبەشی هەیە، هەرچەندە لەهجەی جیاجیای هەیە، لەهجەی جیاجیا خۆت دەزانی لەهەموو زمانێكی پێشكەوتوودا هەیە، لەئەڵمانیدا، لەئینگلیزیدا، لەتوركیدا، لەعەرەبیدا هەیە. بێجگە لەوە زەوی هاوبەشی هەیە، كورد ماوەیەكی دیاریكراو ژیانی ئابووری هاوبەشی هەبوو، دوایی داگیركردن تێكیدا، دابەشكردنی ئەڵمانیا جیایە، چونكە ئەوە دوای پەیدابوونی پڕۆسەی نەتەوەبوو، لەبەرئەوە نەیتوانی بگاتە نەتەوە، لەبەرئەوە كورد نەتەوەیەو پێداویستی ئەوەشی هەیە. من پێموایە ئەو پێناسە تەسكەی لەمەڕ ستالین راست نییە، واتە جار هەیە كۆمەڵێك وابووە، هەموو مەرجەكانی تەواوە نەخێر، من دەڵێم نەخێر بەبێ ئەو مەرجانە مومكینە تەواو بێت، بەتایبەتی عەرەب بەنموونە بهێنینەوە، هەموو وڵاتەكانی خۆیان بەعەرەب دەزانن، (امە عربیە واحدە) ئەگەر بێتو پێناسەكەی ستالینیان لەسەر جێبەجێ بكەین، هیچ ژیانی هاوبەش نییە لە نێوان سوریاو مەغریب، لیبیاو سعودیە، عیراقو میسر لوبنانو سودان، بەڵام نەتەوەشن، بەرەئی من بۆنموونە پڕۆسەیەك لەمێژوودا بووە، دوایی كۆسپ هاتۆتە رێی، هەندێ شتی پێشكەوتنی پڕۆسەكە راناگیرێ، واتە پێكهاتنی پڕۆسەكەی پێ راناگیرێ، پێشكەوتنی پێ رادەگیرێ، واتە پێشكەوتنی پڕۆسەكە رادەگیرێ، نەك پێكهاتنی پڕۆسەكە. كورد وەكو لەمناڵدانی مێژوودا لەدایكبوو و هاتەكایەوە، ئینجا ئەو نەتەوەیە قانونی هەیە، قانونی لەدایكبوونی نەتەوە، گەشەكردنی نەتەوە، پێگەیشتوو، لەكۆتاییدا پیربوونی لەدونیاو لەدایكبوونەكەی بوو، بەڵام گەشەكردنو پەرەسەندنەكەی نەبوو، ئەوە دەبێتەوە هۆی شتێكی بنەڕەتی پاڵنەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان ئەوەیە كە دەبێت ئەو قانونە مەودای خۆی وەربگرێتو جێبەجێ بكرێ، لەبەرئەوە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان هەمیشە هێزی یاسا لەوەوە وەردەگرێ.
*باشە قەناعەتت وایە كە كورد نەتەوەیە، دەبێت چی بەدەست بهێنێت وەك میللەتان؟
-هەموو شتێك، بەكورتی رزگاربوون، یەكبوونەوەو دەوڵەتی سەربەخۆ، جا نازانم ئەو دەوڵەتە فیدراڵ دەبێ یان كۆنفیدراڵ دەبێ، كورد دەبێ سێ شت بەدەست بهێنێت، رزگاری، یەكبوونەوە، دەوڵەت، ئەو سێ شتە بنەڕەتییە، ئەوە قانونی پێشكەوتنە، بەرەئی من ئەوە حەتمییە، قانونی نەتەوە ئەوە دەخوازێ، قانونی نەتەوە كەگەشەی كرد ئەوەیە كە ئەو میللەتە دەبێ رزگاربێتو لەبن دەستی نەتەوەی تر بێتە دەرێ، ئینجا ئەگەر پارچەكراوبێت یەك بگرێتەوە ئینجا دەوڵەتی خۆی هەبێت، ئەوە قانونەكەیەتی. ئەو قانونە حەتمەن دەبێ جێبەجێ ببێت، ئەوە حەتمیەتی مێژووییەو بەرەئی من جگە لەوە هیچ شتێك گرفتی نەتەوەیی چارەسەر ناكات، بۆنموونە گرفتی چارەسەری ریشەییو لەبنەڕەتەوە چارەسەركردنی مەسەلەی نەتەوە بەوە دەبێت كە رزگاری بكەیتو یەكی بخەیتو سەربەخۆیی خۆی بدەیتێ، مافی چارەنووسی خۆی بدەیتێ، ئینجا دوای چارەسەریی خۆی لەگەڵ چ كۆمەڵەیەك تێكەڵاو دەبێ، سنووری گومرگیو سیاسیی خۆی چی لێدەكات ئەوە شتێكی ترە.
دیارە ئەوە بەو مانایە نییە میللەتان لەپێشدا بەقۆناغی تردا ناڕۆن، میللەتان بەقۆناغی موستەعمەرەدا رۆیشتوون، بەقۆناغی نیمچە حوكمی زاتیدا رۆیشتوون، بەئینتیدابدا رۆیشتوون دوایی سەربەخۆییان وەرگرتووە، كوردیش مومكینە لەدۆخی دیاریكراودا ئەوانە قبوڵ بكەن، بەرەئی من كوردستانی توركیا، تورك ئیعتراف بكات بەبوونی نەتەوەی كورد یا مافی دیموكراتی بداتێ، مافی حزبایەتی بدات، شتێكی زۆر گەورەیەو پێویستە كورد لەم قۆناغەوە بەدەنگییەوە بچنو كەڵكی لێوەربگرن بۆ خۆسازدانو خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی دوای ئەوە.
*واتە بەقەناعەتی جەنابت ئەوەیە پڕۆسەیەكی زۆر سروشتییە بۆ هەر میللەتێك كە دەبێت لەئەنجامی كۆتاییدا دەوڵەتی خۆی دروست بكات؟
-بەرەئی من ئەزموون دەریخست ئەوە نەبێ مەسەلەی نەتەوایەتی چارەسەر نابێ، هەتا یەكگرتنی كۆماریی هاوبەش هەیە، تائێستا زۆر سەركەوتوو نییە، دوو نموونە هەیە، لەئەوروپای شەرقیو غەربیشدا، تەماشاكەن هیچیان ئاشتەوایی نەتەوایەتی دروست نەكردووە، نە لە بەلجیكا، نە لە ئیسپانیا دروست نەبووە، نە لە یۆگسلاڤیاو نە لە سۆڤێت دروست نەبووە، ئێستاش گرفتیان هەیە لەسەر زەویو سنوورو ئاشتیی هەمیشەیی لەنێوان گەلاندا دروست نەبووە.
*باشە بەقەناعەتی ئێوە دامەزراندنی دەوڵەتێكی میللی ئاوا بۆ كورد دەتوانێ چی بەدەست بهێنێت كە لەدۆخی ئێستادا ناتوانرێ بەدەست بهێنرێت لەو رەوشەی كە ئێستا هەیە؟
-زۆر شت، یەكەم دەوڵەتی نەتەوایەتی دەكاتە پێكهاتنی نەتەوە، كامڵبوونی نەتەوە، دەكاتە كەلتوورو پێشكەوتنی كەلتوور، دەكاتە پێشكەوتنی ئابوورییو گەشەكردنو چارەسەركردنی گرفتی كشتوكاڵو پیشەسازی، دەكاتە مەسەلەی پاراستنی شارستانییەتی كوردو پاراستنی شوێنەوار كە ئێستا دەدزرێ، سامانی كوردستان لەمیللەتەكەدا سەرف بكرێت، پێشكەوتنی ژیانی كۆمەڵایەتی، پێشكەوتنی پیشەسازیو كشتوكاڵو ئاوەدانی، كوردستان هەر لەدارو درەختەوە دەیگرێتەوە تا سەر شوێنەواری مێژووییو مەتحەفو سەربەخۆییو دابینكردنی هەستی نەتەوەییو دیموكراسیو ئازادیو ئینجا گەشەكردنی ئابوورییو كۆمەڵایەتیو كەلتوورو شارستانیو هەمووشت دەگرێتەوە.
*ئەگەر بیری لێبكەیتەوە، ئەو هۆیانە چین كە پاڵ بەمیللەتی كوردەوە دەنێ كە زۆرجار شۆڕشو راپەڕین بكات، ئایا لەغەریزەوە كورد میللەتێكی شەڕكەرە؟ ئایا بەسەریدا سەپێنراوە یان هۆكاری بێگانەیە، یان هۆكاری زاتیی خۆیەتی یان هەندێك دۆخی دیكەیە؟
-من پێموانییە كورد میللەتێكی شەڕخواز بێ، یان هەر حەزی لەشەڕو شۆڕبێت، بەپێچەوانەوە، پێموایە حەزی لەئاشتیو پێشكەوتنە، بەڵام ئەو شەڕانەی كە دەبێت، هۆی یەكەمی دەگەڕێتەوە بۆ داگیركردنی كوردستان لەلایەن دەوڵەتەكانەوەو دابەشكردنی كوردستانە لەلایەن دەوڵەتانی داگیركەرەوەو بێ بەشكردنی میللەتی كوردە لەمافەكانی خۆی، مافی سیاسیو چارەنووس. هۆی دووەمی دەگەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگەی كوردستان كە پێداویستی كۆمەڵگەی كوردستان كە بەرەئی من پێشكەوتن شتێكی حەتمییە، هەمیشە كۆمەڵگە لەگەشەكردنو پێشكەوتندایە، ئەوە پێداویستی گەشەكردنو پێشكەوتنی جووڵانی كۆمەڵگەی كوردستانە، ئەوەی دەوێ كە كۆسپی بنەڕەتی لەڕێگاكەیدا داگیركردنی بێگانەیەو زوڵمو زۆری بێگانەیەو دەبێ زوڵمی نەتەوایەتی لابچێ، لەبەرئەوە لەگەڵ ئەو زوڵمو زۆرەدا پێكدا دەداتو ئەو شۆڕشە پەیدا دەبێت.
هۆیەكی تری ئەوەیە كە ئەو ناكۆكیو رێگەگرتنە لەگەشەكردنی كۆمەڵایەتی لەلایەن داگیركەرانەوە بۆتە هۆكاری رێگەگرتن لەگەشەكردنی جوتیارو دەبێتە هۆی جووڵاندنی ناكۆكی چینایەتی ناو كۆمەڵگەی كوردی، ئەوە هەمووی كۆبووتەوە ئەو هەموو فاكتەرانە پێكەوە كاریگەریی فیكریو سیاسیو هەستی نەتەوایەتی، سەرباری ئەوە كە هەستی شۆڤێنی لای دەوڵەتەكانی میللەتەكانی كاربەدەست، بۆنموونە پەیدابوونی بیروباوەڕی تۆرانیزم وایكرد كە كورد لەتوركیا هەست بكات كە كوردەو توركمان نییە، خەباتی نەتەوایەتی دەست پێبكاتو پەیدابوونی بیری تەسكی نەتەوایەتی عەرەب لەعیراقو سوریا وایكرد كوردیش خۆی بناسێت كە كوردەو حسابی پاراستنی خۆی بكات، هۆكارێكی تری ئەو شەڕانە هەوڵی تواندنەوەی كوردە لەلایەن دەوڵەتانی عیراقو توركیاو پێكەوەكردنی ئەو شەڕانەی كە لەكوردستان روویدا.
بەرەئی من ئەگەر عەبدولكەریم قاسم بەدیموكراتی بمابایەوە، هەندێك مافی دیموكراتیو نەتەوایەتی زیاتری بدایە بەكورد، شەڕ نەدەبوو لە كوردستانی عیراق، ئێستاش بەرەئی من حەقێكی مرۆییو دیموكراتی بەكورد بداتو بیناسێ، ئەوا شەڕ نابێ، كورد هەر شەڕی ناوێو گوتەی “كورد حەزی لەیاخی بوونە”، تۆمەتی دوژمنانە بۆ كورد.
*باشە ئەگەر تەماشای گەلانی تر بكەین، ئەمە چەند كاریگەریی لەكورد كردووە، وەك ئاوێنەیەك وەك نموونەیەك تەماشا بكات كە ئەویش وەك گەلانی تر بەمافی خۆی بزانێ؟
-من پێموایە ئەوەی كاریگەریی لەكورد كردووە، جیرانەكانمانە، بێگومان دیارە، بەڵام ئەوە بنەمای نییە، جووڵانەوەی ئەرمەن كاریگەریی كردووە لەكوردو بۆنموونە لەدوو رووەوە سەلبیو ئیجابی. پەیدابوونی هەستی نەتەوایەتیو جووڵانەوەی ئەرمەن كاریگەریی كردووە، رووناكبیرانی نەتەوەی كوردو بەڵێ بۆ ئەرمەن بكا بۆ ئەوان نەیكەن؟ لەلایەكی ترەوە بۆرژوازیەتی ئەرمەن ویستویەتی نەخشەی نیشتمانی واتە وەك ئەوەی چەند كوردێك بێت نەخشەی ئیمپراتۆرییەتی ئەیوبی بێنێو بڵێ ئەوە هەمووی خاكی كوردستانە، وەختێ رۆژێ لەڕۆژان ئیمپراتۆریەتی ئەرمەن هەبووە، خاكی كوردیش هەبوو، خاكی توركیش هەبووە، خاكی عەرەب هەبووە، ئەو دەیەوێت ئەوە بكاتە نەخشەی ئەرمینیا، ئەوەی كورد وەختی خۆی كردوێتی، خەڵكی كورد جووڵاندنەوەی، تەبعەن سەیری شیعرەكانی حاجی قادر بكە، شیعری حاجی قادر ناوی هاتووە بۆنموونە، لەبەرئەوە خۆی لەخۆیدا دەجوڵێ، بۆنموونە تورك كوردی جووڵاندووە، هەم ترساندوێتی، هەمیش جووڵاندووێتی، مەسەلەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی عەرەب كاریگەریی كردووە لەبیروبۆچوونی رزگاریو دیموكراتی، لەبەرئەوە میللەتانی دەوروبەر كاریگەرییان كردووە، رزگاریی گەلانی جیهان هەر وابووەو كاریگەریی كردووە، خەباتیان كردووە، شۆڕشیان كردووە، كورد چی لەوان كەمترە؟ لەئەفریقا هەندێ عەشایەر هەیە بوونەتە دەوڵەت، دەوڵەت پەیدا بووە ژمارەی نفوسەكەی هێندەی ژمارەی شەهیدەكانی كوردستان نییە كە لەڕێگەی ئازادیدا خۆیان بە كوشت داوە.
*باشە بوونی عوسبەتولئومەم یان نەتەوە یەكگرتووەكان یان هەندێ بنەمای جیهان لەسەر مافی گەلان بۆ مافی چارەنووس هەتا چ رادەیەك كاریگەریی كردووە؟
-ئەوە بەڕەئی من كاریگەریی كردووە لەخوێندەوارو سیاسییەكانی كورد، بەڵام ئەوە نەچۆتە ناو ناخی جەماهیری كوردەوە، بەتایبەتی عوسبەتولئومەم وەختی خۆی كاریگەریی كردووە لەخوێندەوارو سەرۆكەكانو واتە ئەوانەش داوای هەق دەكەن، چونكە ئەوانە هیچیان بۆ كورد نەكرد، لەبەرئەوە لەسەرەتادا ئەوانە هاندەربوون، دوایی بۆیان دەركەوت نەتەوەیەكگرتووەكان راستە بیرو باوەڕەكەی كاریگەریی كردووە، بەڵام دیسانەوە بێ هیوایی داوە بەكورد، كە هەرگیز لەسەر كورد هەڵی نەداوەتی، ئەمانە دەبێت دوو حسابیان بۆ بكەیت، حسابێك یەكەم جار هاندەر بووە، دووەم جار بێئومێدیی داوە بەكورد.
*باشە ئەگەر هاتوو دەوڵەتی میللیی لەكوردستان دامەزرا، دەبێت چ رەنگێك بەخۆیەوە بگرێت، چ جۆرە حكومەتێكو چ سیستمێكی سیاسی؟
-لەسەر ئەو سیستمەی كە من دەمەوێت بۆ میللەتی كورد، سیستمێكی دیموكراسییە، باوەڕم بەدیموكراسیی هەیە كە دەبێت لەكوردستان ئەوپەڕی دیموكراسی سیاسی لەكوردستان هەبێتو خەڵكی كورد خۆی رژێمی خۆی هەڵبژێرێتو ئازادییەكی تەواوی هەبێتو خەون بەوەوە دەبینم كۆمەڵگەێكی فرە حزبیو فرە بیروباوەڕمان هەبێت، بەشێوەیەكی مەدەنی ململانێ لەنێوان ئەو حزبانەدا بەڕێوەبچێت. من پێموایە كوردستان دەبێت لەسەر دوو قاچ بڕوات، لەسەر كشتوكاڵو لەسەر پیشەسازیو نابێت هەر بەتەنها گرنگیی بەكشتوكاڵ یان بەپیشەسازی بدات. لەبنەڕەتدا دەبێت ئیهتمكامێكی زۆر بەكشتوكاڵو جەنگەڵو ئاژەڵ بدرێت، پیشەسازیەكانیش گرنگییان پێ بدرێ كە بۆ ئێمە پێویستن كە ماددەی خاو و ئیمكانییەتی بوونی هەیە لەكوردستان، نەك وەك نەریتەكانی جاران 10 ساڵ بتگوتبا كە دەبێت پیشەسازیی قورس دروست بكەین، ئێستا واناڵێم، پیشەسازیی قورس ئەو مەوادانەی كە لەكوردستاندا هەیە پێویستە دروستی بكەین، نەوتە، پترۆكیمیاویاتە، ئەگەر ئاسنو كانزاو ئەوانەمان هەیە بەمۆدێرنترین جۆریش بیكەین، بەڵام نەچین دوای ئەوە بكەوین ئەو بیرۆكەیەی كە لەسەرەتای دەوڵەتی سوڤێتییەوە هەبوو كە هەموو شتێك لەوڵاتی خۆی بێت، هەموو وڵاتێ وابكات كە هەموو شتێك لەوڵاتی خۆی بێت، بەبڕوای من ئەوە شتێكی هەڵەیە، ئابووریت تووشی هەڵدێر دەكات، ئابووری وڵات ئەوە ئاژەڵ لەلایەكو ئینجا پیشەسازییش ئەو پیشەسازییانەی كە لەكوردستان مومكینە بكرێت، ئەمەی كە دەڵێم دوو قاچە لەسەر قاچێكی كشتوكاڵی بڕۆین، یان لەسەر قاچێكی پیشەسازیی بڕۆین، بەهەمان شێوە لەموڵكییەتدا لەسەر دوو قاچ دەڕۆی لەسەر قاچێك كە موڵكی دەوڵەتە لەسەر قاچێك كە موڵكی كۆمەڵێك لەكەرتەكانەو كە موڵكی تاكەكەسییە، ناكرێ هەردووكی فەرامۆش بكەین، ئەزموونیش دەریخست هەتا لەوڵاتە سۆشیالیستەكانیش كە شكستیان خوارد، ئەوە دەبێت هەم بواری ئەوە بدەین نابێت تەواو وەك ئەمریكاو ناشبێت تەواو هەر دەوڵەتێ بێت وەك هەندێك وڵاتی تر هاوسەنگییەكی لۆژیكی ماقوڵ بكرێت بەپێی پێداویستییەكی ئابووریی كۆمەڵایەتیو بەپێی گەشەسەندنی زانستیو تەكنەلۆجیو هەروەها بەڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی خوێن نەمژینی گرووپی زۆرینە لەلایەن كەمینەوەو نەبوونی خوێنمژین واتە ئیستیغلالو دەبێت بەڕاستی حساب بۆ ئەوە بكرێت.
بەڵام ئەوەی كە زۆر پێویستە گرنگیی پێبدەین ئەزموون دەریخست ئەگەر گرنگیی پێنەدەین كۆمەڵگە دوادەخات كە شتی پێشوەخت نەكەین، بۆنموونە ئەو خۆماڵیكردنانەی كە لەكۆمەڵگەی عەرەبیدا كرا، هەمووی هەڵەیە، ئەگەر من ئێستا دەنگ بدەم لەپەرلەمانی عەرەبی، دەنگ نادەم بەوەی كارگەی جیبسو ئەوانە خۆماڵی بكرێت، خۆماڵیكردن ئەگەر من بەدەستم بێت لەكۆمەڵگەی كوردستان نەخشەی ئابووریی بكێشم، دەڵیم نەوتو پترۆكیمیاویاتو كانزاكان هەمووی دەبێت موڵكی میللەت بێت، نابێت بدرێت بەكەسەكان، بەڵام خەڵك بۆخۆی كارگەی كۆكا كۆلا دانێ، كوتاڵ دانێ، ئەوە مەسەلەیەكی زۆر پاش گەشەسەندنە كە بزانین هەموو شتەكان خۆماڵی بكەین، ئەو گەشەسەندنە بەرەئی من رێگەی گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی دەگرێت، بۆنموونە ئەو خۆماڵیكردنانەی كە لەوڵاتانی وەك سوریاو عیراقو لیبیا كرا، رێگەی لەگەشەسەندنی كۆمەڵایەتی گرتو دوایخست، گەشەسەندنی ئابووری دواخست، جگە لەوە خاڵێكی تر كە دەبێت حسابی بۆ بكرێت لەئابووری كوردستاندا، داهاتی تاكەكەسو هەوڵی تاكەكەسە كە گرنگییەكی زۆری هەیەو ناتوانین نادیدەی بگرین، واتە بۆنموونە ئێستا پڕۆژەیەك دانێین، چێشتخانەیەك دانێین، چوار كەس بۆ خۆیان دایبنێن، دەستكەوتەكەی بۆخۆیان بێت، زۆر گرنگیی زیاترە لەوەی كە چواریان بۆ بەكرێ بگرین، ئیتر باكی نییە نەوعیەتی باش دەبێت یان نا، خەڵك دێت یان نایەت، بەڕەئی من ئەوە كاریگەریی زۆری هەیە، ئەو شتانەش دەبێت حسابی بۆ بكرێت، من لایەنگری ئەوەم سیستمی كۆمەڵایەتی دەبێت سیستمێكی دیموكراتی بێت، دەبێت خەڵك هەقی هەبێت لەهەلبژاردندا، باوەڕم بەوەیە دەبێت ژنو پیاو یەكسان بن، نابێت جیاوازی هەبێت لەوەدا، باوەڕم بەوەیە جیاوازی هەبێت لەدینداری لەكۆمەڵگەی كوردستاندا، دەبێت ئەو كەمینە نەتەوەییانەی كە لەكوردستان هەن نەك هەر نازیان هەبێت، دەبێت یەكسان بن، واتا من بەدەستم بێت لەكوردستانی عیراق ئەرمەنو ئاشوورو توركمان لەكوردستان ئەوەندە حورمەتیان هەبێت، بیكەین بەنموونە بۆ ئەو میللەتانەی كە كوردیان عەزێت داوە، ئەوەشم پێ زەروورییە جیاوازی ئایین، دەبێت حوریەتی ئایین هەبێت، موسڵمانە، گاورە، جولەكەیە، مزگەوتو شوێنی خۆی هەبێت موحتەرەمانە، بەڵام بەزۆر هیچ شتێك بەسەر كەسدا نەسەپێنرێت .
*باشە بەدیدی خۆت دەوڵەتێكی میللیی كوردستانی ئاوا كە باسی دەكەیت، لەڕووی ئابوورییەوە دەتوانێ ژیانی خۆی بەڕێوەببات؟
-بەرەئی من زۆر چاك دەتوانێو بنەمای ئابووری دەوڵەت لەكوردستان لەزۆر دەوڵەتی تر زیاترە، كوردستان نەوتی هەیەو كانزای هەیە، كشتوكاڵی هەیە، ئاوی هەیە كە ئەوە زۆر سامانێكی گەورەیە، سەرچاوە ئاوییەكانی دیجلەو فورات لەكوردستان ئەو سامانە لەسامانی نەوت باشترە، چونكە هەمیشەییە، هەتا هەتاییە. ئەوە بەرەئی من ئەوەندەی كوردستان بنەمای دامەزراندنی دەوڵەتی هەیە، كەم دەوڵەت هەیەتی، بەڵام لەوانەی خۆرهەڵات هیچیان لەئێمە زیاتریان نییە، وڵاتانی عەرەبی عەرەبستانی سعودی نەوتی هەیە ئاوی نییە، نەوت تاسەر نابێ، ئێرانو توركیا هیچیان بنەمای ئابوورییان لەئێمە زیاتر نییە، گەشەكردنی ئابوورییان لەئێمە زیاترە، بەڵام بنەمای ئابوورییان لەئێمە زیاتر نییە.
*بەشێكی تری پرسیارەكەم ئەوەیە ئایا كادری ئیداریو رووناكبیری تەواو هەیە لەكوردستان بتوانێ ئەو دەوڵەتە بەڕێوەببات؟
-بەڵێ پێموایە هەیەو ئێستا پەیدابووە، بێگومان كەموكورتیان دەبێ لەهەندێ مەسەلەی تەكنەلۆجیو پزیشكی، بەڵام ئەوەی بنەڕەتییەكەیمان هەیەو كەڵك وەردەگرین لەبەشەكانی ترو هەموو كورد بكەینە سەریەك، نەشمان بوو، ئەوا تۆ تەماشای ئەمریكا بكە، ئێمەش دەتوانین ئەوە بكەین.
*لەڕووی سەربازییەوە ئەو دەوڵەتە دەتوانێ خۆی بپارێزێ؟
-بەتەئكید ئەو دەوڵەتە وڵاتی كوردستانی بەدەستەوە بێت، دەتوانێ خۆی بپارێزێ، دەتوانێ نەشهێڵێت كەس بیر لەپەلاماردانی بكاتەوە.
*باشە بابگەڕێینەوە سەر بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی كوردی، ئەگەر بتەوێت دەستپێكردنی، ئەگەر بتەوێت بگەڕێیتەوە بزووتنەوەی میللی كورد لەفڵان شتەوە دەستیپێكردووە، ئایا لەشیعرەكانی ئەحمەدی خانی بووە بەڕابەر، حەزدەكەم بۆخۆت ئەگەر خۆت بتەوێت دەستنیشانی بكەیتو بتەوێت لەسەر مێژووی بزووتنەوەی میللیی كورد قسەبكەیت؟
-من لەسەری نووسیوومەو لەكتێبدا باسم كردووە، بۆنموونە بزووتنەوەی نەتەوایەتی لەهەموو دونیادا یەكەمجار بەفیكر دەستپێدەكات، یەكەمجار بەشكڵی ئەفكار دەگرێ، ئەگەر ئەفكاری نەتەوایەتی بوو، خۆی نیشانەی بوونی نەتەوایەتییە، چونكە فیكر لەكۆمەڵگەوە دەردەچێت، شتێك ئەگەر نەبێت فیكرەكەی نابێ، بۆنموونە ئەگەر فڕۆكە نەبێ، مومكینە خەیاڵی فڕۆكە هەبێ، بەڵام وەسفی فڕۆكە ناكرێ، ئەگەر نەتەوەی كورد نەبوایە، كوردایەتی نەدەبوو، لەبەرئەوە لەو رۆژەوە كە كردەوەو بیركردنەوە هەیە، بۆنموونە ئەحمەدی خانی دوای ئەوە یەكێكی ترە كە باسی كورد كراوە، دیارە كورد هەبووە بۆیە باسی كورد كراوە، ئەگینا با كورد نەبێ كەس باسی ناكا، شتێك كە نەبێ خەڵك باسی ناكا، شتەكە خۆی نەبوو باسی رەنگو رەنگدانەوەكەی ناكا، لەبەرئەوە بەڕەئی من هۆكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانە، بەڵام ئەوە نەبوو بەهۆی راپێچكردنو راماڵینی لەگەڵ خۆیدا، ئەوە لەسەرەتای پەیدابوونی نەتەوەی كوردەو ئەو ئەفكارانە پەیدابووەو هەبووە.
سەدەی 19 بەرەئی من كە تێیدا بزووتنەوەی كوردایەتی دەستیپێكردووە، یەكەمجار بەشێوەی موعارزەی نفوزی بێگانەو پاراستنی نفوزی كوردی بووە، ئەو ئەمارەتانەی كە ویستویانە بەرگری لەخۆیان بكەن هەر ئەوە نەبووە، تموحی زاتیی میرەكان، بەڵكو لەهەمان كاتدا تموحی میللەتەكەشی تێدابووە كە حاكمی بێگانەی نەبێ، حاكمەكەی لەخۆی بێ، سەرباز نەدات، باج نەدات، ئەوەیە مەسەلەی حوكمڕانیی میللی، لەوەوە ئەو بزووتنەوانەی سەدەی 19 من هەمووی بەدرێژكراوەی بزووتنەوەی كوردایەتی دەزانم تا بزووتنەوەكەی شێخ عوبەیدوڵڵا، پێموایە بزووتنەوەی بەدرخان زۆر دیعاییەی بۆ كراوە لەمێژووی كورددا.
من رەئێكم هەیە لەسەر مێژووی كورد، دوو غەدر لەمێژووی كورد كراوە، یەكێكیان ئەوەیە كە بێگانەكان كردوویانەو هاتوون هەموو بزووتنەوەكانی ئێمەیان خاپووركردووەو جنێویان پێداوین، بەیاخیو دژی شارستانییەت وەسفیان كردووینو هەمووی ناڕاستە، دووەمیش ئەوەیە كە هی خۆمان موبالەغەو پیاهەڵدانە شتێكی كورد هەبووبێ كردوومانە بەبزووتنەوەیەكی نەتەوەییو هەندێكجار درۆمان بۆ هەڵبەستووە. پێموایە مێژووی كورد بەشێوەیەكی زانستیو بابەتی وەك ئەوەی كە هەیەو وەكو روویداوە بەواقیع تەماشای بكەین، لەبەرئەوە بەرەئی من بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری یەكەم بزووتنەوەی كورد بووە، بەڵام من هەمووی بەكراوەیی دەزانم، لەوەوە یەكەم دەستپێك روویداوە، دوای ئەوە مەسەلەی كوردو بزووتنەوە كوردستانییەكانی توركیا كە دەیزانی. حزبەكانو بزووتنەوەی مەشرورتییەتو ئەوانە لەكوردستانی توركیا بزووتنەوەی كورد دەستیپێكردووە، چونكە یەكەم پێشكەوتنی ئابووری لەوێ بووە، لەپێش بەشەكانی ترەوە بووە، نزیكبووە لەخەلافەتی عوسمانیو نزیكبووە لەشارستانییەتی عوسمانیو نزیكبووە لەئەوروپاو روسیاو هەروەها نزیكتریش بووە لەناوەندی شارستانییەتو پێشكەوتنو رۆشنبیرییو خوێندنەوەو خەڵكی كوردیش لەئەستەمبوڵو ئەوانە كە ناوەندی دەوڵەتو خوێندەواری ئەوروپاو ئەو شتانە بووە، یەكەمجار جووڵەی كردووە، لەوێشەوە پەلی هاویشتووە بۆ سەر بەشەكانی تری كوردستان، ئیتر ئەو بزووتنەوەكانی توركیی عوسمانی لەوێوە دەست پێدەكات.
*هەندێ نووسەری بێگانە كە دێن باسی بزووتنەوەی كورد دەكەن زیاتر بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە كە هێزی بێگانەو دەوڵەتی بێگانە لەبەر قازانجی خۆیان پاڵیان پێوەناوەو دواتر وازیان لێهێناوە، بۆیە بزووتنەوەكە لەناو چووە؟
-من دژی ئەوەم، من پێموایە بزووتنەوەی دیموكراتی كورد بزووتنەوەیەكە لەدەروونی كۆمەڵگەی كوردەوە بووەو بەری پێویستییەكانی گەشەكردنی خەڵكی كوردستانە بۆ پێویستیەكانی گەشەكردنی ئابووری رۆشنبیریو شارستانی دروست بووە، ئەم بزووتنەوەیەی هێرشی بێگانەیەش بۆ سەر كوردستان هەر لەوەوە كە رێگری گەشەكردنی كۆمەڵگەی كوردی بووە، ئەسڵی بزووتنەوەكە سەرچاوەكەی لەدڵو دەروونی خەڵكی كوردستانەوە بووە، بۆنموونە داگیركردنی بێگانە ئەوەبووە كە رێی گرتووە لەو پێشكەوتنە سروشتییە، بۆیە كورد چۆتەوە بەگژیدا، هەمیشە هەموو دەوڵەتەكانی دەوروبەر ویستویانە یاری بەمەسەلەی كورد بكەن، یاخود بەهەموو مەسەلەكانی تریش بكەن، دەوڵەتەكان ویستویانە یاری بەمەسەلەی ئەرمەن بكەن، بەهی كورد، عەرەب، تورك بكەنو ویستویانە یاری بەموستەفا كەمال خۆی بكەن، یاری بەدەوڵەتی عوسمانی بكەن، بەعیراق بكەن هەر ئەوە نەبووە كە یاری بەمەسەلەی كورد بكەن، بەڵام شتەكە چییە، چونكە بۆنموونە ئەوان بۆیان چووەسەرو بوون بەدەوڵەت، بۆیان پینەكرا، ئەی لۆرەنس نەهات سەروەری عەرەبی دروستكردو عەرەبی هاندا؟ بەڵام چونكە دەوڵەتیان بۆ دروستكردن ئەوە پینەكرا، ئەی باشە بزووتنەوەكەی موستەفا كەمال یەكەمجار نەچوو بۆ لای رووسو هاوكاریكردنو دوایی بای نەداوە بۆ لای غەربو كەس پێیان ناڵێ سەروچاوت برۆیە؟، بەڵام ئەگەر كورد ئەمڕۆ لەگەڵ سۆڤێتەو سبەی لەگەڵ ئەمریكا بێت، دەڵێن ئەها هەر رۆژەی لەگەڵ یەكێكن، چونكە ئەنجامی نەبووە، تەنانەت هەموو گرنگییەكی پێ دەدرێت، بۆنموونە رەزا شای ئێران خۆی دروستكرد وتیان پیاوی ئینگلیزو رووس بووە، ئینگلیزو ئەمریكاو فەرەنساو دەوڵەتە گەورەكان ویستوویانە لەهەر جێیەك لەدونیا بۆیان بكرێت، دەیانەوێت دەستێكیان تێیدا هەبێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە نۆكەری ئەو دەوڵەتانە بكات؟ بەڵام كە پەیدابوو بەشێكی روسیا دەیەوێت كەڵكی لێ وەرگرێ، ئەمریكاش دەیەوێت دوژمنایەتی بكات، دەستی تێوەردەدات.
كۆنترا ئەمریكا دروستی نەكرد؟، كۆنترا هەبوو، بەشێك بوو لەبزووتنەوەكە، خۆی دوایی كە جیابۆوە، ئەمریكا ویستی ئیستیغلالی بكات، بزووتنەوەكەی بۆنموونە لەیونوتا لەئەنگۆلا هەبوو ئێ بزووتنەوەیەكی نیشتمانیی رەسەن بوو لەسەرەتادا، خۆی خستە باوەشی ئەوانی ترو لەوێوە ناچاركرا، ئەگینا دەستكردی ئەمریكا نییە، كۆمەڵگە خۆی زاوزێ دەكات، وەك مرۆڤ خۆی زاوزێ دەكات، بزووتنەوەكانی كۆمەڵایەتیو پێشكەوتنی رۆشنبیری جا دیموكراتییە یان سۆشیالیستییە ئەوە لەكۆمەڵگەكاندا دەردەكەوێ، دواتر خەڵكی دیكە دێن ئیستسماری دەكەن، لەناو كوردیشدا بێگومان چەندین خەڵك لەبزووتنەوەی كورددا بووە، لەداهاتووشدا كوردستان ببێتە دەوڵەت، دەوڵەتەكانی تر دەیانەوێ ئیستغلالی بكەن، بێگانە، جیرانی خۆی، دەیانەوێ دۆستی بنو بیكەنە هاوپەیمانی خۆیان، بەڵام گرنگ ئەوەیە كورد خۆی رێگە نەدا ببێتە ئامرازی دەستی ئەمو ئەو، كوردیش ناتوانێ ئەوە بكات.
ئێستا بۆنموونە كوردی توركیا، كوردی عیراق، ئەزموونە تاڵەكانی كوردی توركیا، واتە دژی تورك ، مەجبورن لەسوریاو ئێرانو بولگاریا چەك وەرگرن، ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان هەیە، ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان نەما نایكەن، ئەوە سروشتی ژیانە.
*كە باسی هۆیەكانی گەشەكردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردت كردو پێشكەوتنی ئابووری، دەتوانی بۆم روون بكەیتەوە مەبەستت كام پێشكەوتنە؟
-كۆمەڵگەی كوردستان لەقۆناغێكی دیاریكراودا بەرهەمی لێ پەیدابوو، هەروەها بازرگانی تێكەوتو هەروەها بەرهەمی ئاژەڵی هەبوو دەبوایە بنێردرێتە دەرەوە، ئەوە پارەو پولی هێنایەوە، سەرمایەدارێك پەیدابوو لەكۆمەڵگەی كوردستان، ئەگەر دەستێوەردانی بێگانە یا داگیركردنی بێگانە نەبایە، بەرەو ئەوە دەچوو گەشە بكات، كۆمەڵگە بەرەو كۆمەڵگەیەكی سەرمایەداری، ئینجا پێداویستیی پێشكەوتن بۆ گەشەكردنی كۆمەڵگە. مەبەستم لەوەیە پێداویستیی سەرمایەداری لەكوردستان كە بەرەو ئەوە دەچوو لەچییەوە هات لەداگیركردنی بێگانەوە هات، رێگرتن لەگەشەكردنی پیشەسازی لەكوردستان، سەروەرتو سامانی كوردستانیش وەك ئاوەكانی دەڕژێتە دەوڵەتانی ترەوە، تەماشا بكە خاكی كوردستان رووبارەكانی لەچیاكانەوە دێتو دەڕژێتە دیجلەو فورات، دیجلەو فورات لەدەشتەكاندا ئاوی پێ دەدرێتو لەكوردستان سوودی لێ نابینرێ، سامانی كوردستانیش لەبازاڕەكانی ئەنقەرەو ئەستەنبوڵو دیمەشقو بەغداو تاران لەوێ ئیشی پێدەكرێ نەك لەكوردستان، بازرگانیو بانكی لێ دروست بكرێ، ئەوە دەستێوەردانی بێگانەیەو مەبەستم ئەوەیە.
*هەندێ نووسەر وادەنوێنن بزووتنەوەی كورد هەتا ئێستا بزووتنەوەیەكی عەشایەرییەو بەگشتی وەلائێكی میللییە؟
-ئەو قسەیە راستیشەو ناڕاستیشە لەكوردستاندا، لەكۆمەڵگەی كوردستاندا جووڵانەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی كورد واتای نەفیكردنی خێڵەكیی كوردەو بزووتنەوەی كورد هەموو كۆمەڵگە دەگرێتەوە نەك یەك چینو یەك عەشیرەت، هەموو وڵات دەگرێتەوە نەك یەك هەرێم، ئەوە راستیەكەیەتی.
بەڵام راستییەكەی كاریگەری عەشایەری هەبووە لەكورددا، چونكە هەندێك لەئەنجامی دۆخی مێژوویی كۆمەڵگەی كوردیدا بۆنموونە هەندێ بنەماڵەی ئاینی كاریگەرییان هەبووە لەسەر بزووتنەوەی كورد یان هەندێكجار عەشایەر هەڵساوە بەشێوەیەك ئەوەی بەخۆوە گرتووە كە نەتەوەیی بێت. هەندێكی زۆر قسە لەكوردستانی عیراق لەكوردستانی ئێران راستبووە، بەڵام بەڕەئی من مەزهەبی بنەماڵەییەكەی بزووتنەوەی كورد هی خوێندەوارو خەڵكی شارو شارەكانە، خۆت دەزانی شتی خێڵەكی كەمتر بووە، ئەوە مانای ئەوە نییە هێشتا نەماوە بەبڕوای من بەڕاستی دوو هەڵەی مێژوویی كورد نەیهێشت كورد لەمە رزگاری ببێ، بەڕەئی من راپەڕینی بەردەركی سەرا لە (6)ی ئەیلول لەكوردستانی عیراق یەكەم بزووتنەوەیە كە روودەدات، ئەوە خاڵی زاڵ بوو كە ئیشی بزووتنەوەی كوردی لەدەستی لادێو عەشایەرو ئاغاواتو شێخ دەرهێناو دایە دەست خوێندەوار، لەدوای ئەوە بزووتنەوەی خوێندەواران دەستپێدەكاتو من لەكتێبیكمدا باسم كردووە، دیارە لەسەردەمی مامۆستا ئیبراهیمو ئەو گروپە خوێندەوارانەی ئەو زەمانە دەستپێدەكات، دوای ئەوە هیوا دێو حزبێك دروست دەكات بێ ئاغاو شێخ خۆیان سەرۆكایەتیی ناكەن. دوابەدوای حزبی هیواش ژ.ك بوو، ئەویش لەسەرەتاوە وابوو.
مەلا مستەفا بووە هۆی ئەوەی عەشایر بمێنێتەوە لەبزووتنەوەی كوردداو بژێتەوە، لەزەمانی مەلا مستەفادا لایەنی عەشایەری لەسۆرانو بادینان ژیایەوە، جاران ئەوە نەبوو، من لەبیرمە وەختێ كە هەمزە عەبدوڵڵا لێپرسراوی پارتی بوو كەس نەیدەگوت ئەوە بادینییە، من خۆم یەكێك بووم لەوانەی هەمزەم دەپەرست. نەماندەزانی هەمزە سۆرانییە یان بادینییە، مامۆستا ئیبراهیم بوو بەسكرتێری پارتی، كەس نەیدەوت ئەوە سۆرانییە یان بادینییە، شتی وانەبوو لە بزووتنەوەی كوردیدا ئەوە پاش مەلا مستەفا دروست بوو، ئێستاش لەبزووتنەوەی كوردیدا ماوە، بەڕەئی من ئێستاش لەبزووتنەوەی كوردیدا شتی عەشایەری ماوە، باڵی عەشایەری تەسلیم نەبووە، من پێموایە ئەوا دیاردەیەكە لە خۆرهەڵاتدا هەیە، واتە بنەماڵەو عەشایەر دەیانەوێ، بۆنموونە تۆ لوبنان وەربگرە كۆمەڵگەیەك بوو بەحساب وەكو ئەوروپا بوو، پێشكەوتوو بوو، شارستانیو رۆشنبیری بوو، كەچی ئێستا حزبی ئالی جومبولات هەیە، حزبی ئالی شەمعون هەیە، حزبی ئالی جومەیل هەیە، ئەوە لەكوردیشدا ماڵی بارزانی ماونەتەوە، بەڵام من پێموایە لەبەشەكانی تری كوردستان ئەوە نەماوە، لەكوردستانی ئێران بۆ نموونە ئەوە نەماوە. لەكوردستانی توركیا هەر نەماوە، واتە هەرچی هەیە بەدەست خوێندەوارانەوەیە، نازانم كە پەرەی سەند دوایی چی لێدێتەوە، لەسوریاش ئەوە خۆت لەمن باشتر دەزانی عەشایەر نییە.
* وەك سەركردەیەكی گەلی كورد، تۆ بێگومان هەندێ ئامانجو سیاسەتێكی دیاریكراوت لەبەرچاوە كە كاری بۆ دەكەیتو خەباتی بۆ دەكەی، چۆنو چ ئینسترۆمێنتیك بەكاردەهێنێ بۆئەوەی ئەو ئامانجە بەدی بهێنێت؟
-بەرەئی من رێكخستنی كۆمەڵانی خەڵك چاكترین هۆكارە، واتە وردتر بیڵێم هۆشیاركردنەوەو راپەڕاندنو رێكخستنو رێبەرایەتیكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان چاكترین هۆكارو … بۆ ئەوەی كە كوردستانی پێ رزگار بكەین، ئەوە بنەماكەی بێتو ئەوە سەرچاوەكەی بێتو ئەوە بناغەكەی بێت، كە بەشێوەیەكی سەربەخۆیی سەربەخۆ بەفیكرو عەقڵی سەربەخۆبێت، دووەم سەربەخۆبێ لەكلكایەتیی بزووتنەوەی تر، دوای ئەوە هەموو شتێك جائیزە بۆی دەوای ئەم دوو شتە هۆشیاركردنو راپەراندنو رێكخستنو رێبەرایەتی ئەو جووڵانەوەیە، هەروەها دابینكردنی سەربەخۆیی فیكری سیاسیو رێكخراوەیی بۆی، ئینجا هەموو جۆرە پەیوەندیو هاوكارییەك جائیزو حەڵاڵە بۆئەوەی جێبەجێی بكەیت.
*لەپرسیارەكانی ترو پێشتر لەناو قسەكانی خوتدا وەڵامت دایەوە، بەڵام یەكێك لەموشكیلەكان كە لەناو بزوتنەوەی كورددا هەیە، ئێمە گریمان ئێستا دەوڵەتی میللی كوردستان دامەزرا بەلای تۆوە دەبێت كام لەهجە ببێ بەزمانی رەسمیی كوردستان؟
-بەرەئی من ئەوە عاتیفەی ناوێت ئەوە شتێكی لۆژیكی دەوێت، لەهەر زەمانێكدا ئەو لەهجەییەی كە زۆرتر گەشەی كردووە ئەوە ئەو لەهجەیەیە دەبێت ببێت بەزمانی رەسمی، كە ئێستا ئەو لەهجەیە كە پێی دەڵێن زمانی سلێمانی، لەبەرئەوە هەر كوردێك لەو قەرارە دەرچێ خۆت دەزانی من بەعەشیرەت زەنگەنەم، بەكەركوكیش قسان دەكەم، بەكۆییش قسان دەكەم، ئێستاش لەهجەی سلێمانی نازانم، ئێستاش لامو مام نازانم بەكاربهێنم لەناوی دا یان لێیدا، بەڵام ئەوە زەمانی گەشەی رۆشنبیریی كوردە، چۆن لەهجەی قوڕەیش پێشكەوتووترە لەلەهجەی زمانی سودان، ئەم لەهجەیەی زمانی كوردی پێشكەوتووترەو قابیلیەتی نووسینو هەموو شتێكی زۆر باشترە، لەبەرئەوە كوردێك بیەوێ كوردایەتی بكاتو ناوچەگەریی نەكات، ئەوە دەبێ زمانی رەسمی بێ، بەو مەعنایە نییە زمانەكانی تریش نەمێنن، لەهجەكانی تریش محەلین، رادیۆیان هەبێ، هەتا رۆژنامەیان هەبێ، بەڵام ئەم زمانە زمانی رەسمییە، زمانی نەتەوەی كوردە، چونكە گەشەی كردووە، ئەگەر بۆنموونە حكومەتی شێخ عوبەیدوڵڵا دروست ببوایە، یان حكومەتی شێخ سەعیدی بوایە، بەتەئكید زمانی رەسمی كرمانجی دەبوو، زیاتر گەشەی دەكرد، بەڵام ئێستاش نامەیەكم خوێندەوە هی ئەو برادەرانەی هین، زۆر وشەی عەرەبی تێدایە، بەو دەرەجەیە گەشەی نەكردووە كە قابیلیەتی تەعبیرو بەهێزی هەبێت، وەك ئەو لەهجەیەی ئێستا پێی دەڵێین سلێمانی، كە ئەوە هەڵەیە، لەبنەڕەتدا لەهجەی موكریانەو لەسەر دەستی سلێمانی گەشەی كردووەو بۆتە ئەمەی ئێستا، بەڵام ئەوە سۆرانیش نییە، زمانی سۆرانی زمانی هەولێریو رواندوزیو ئەو ناوچانەیە، بەڵام پێموایە پیتی لاتینی باشترە تا پیتی عەرەبی، بەڵام زمان ئەوەیەو ئەوانی تر بەڕاستی نەزعەی ناوچەگەرییە، چەند كەسێكی وەك عیسمەت شەریف وانلی و ئەوانە بەڕاستی دایانهێنا، بەڕاستی ئەوە دەمارگیریی نەتەوەییە، بڵێن كام شار پایتەخت بوو، كام شار زیاتر بەكەڵكی پایتەختی دێ لەڕووی پێشكەوتنی ئابووریو شارستانیو ئەمنیەتی وڵاتەوە، مومكینە شارێكمان هەبێ كە ئێستا لەخەیاڵماندا نییە لە 10 ساڵی داهاتوودا شارێك دروست بكرێت ئەوە بەكەڵكی پایتەخت بێت، ناتوانی بڵێی هەردەبێ سلێمانی بێت، یان كەركوك بێت، یان هەولێر بێت.
هەروەها مەسەلەی كوردستان لەكوێوە رزگار دەبێ، نازانم (…..) بەرەئی من دیسانەوە فەرزكەین كوردستانی توركیا رزگاربوو، كوردستانی توركیا زمانەكەی خۆی دەكاتە زمانی رەسمیو بەشەكانی تری كوردستان كە هاتن چوونە سەر ئەو، دەبێتە زمانی رەسمی، ئەوەش كاریگەری هەیە. مادام تۆ ئێستا لەمن دەپرسی، پێش ئەوەی هەلومەرجی مێژوویی زمان فەرز بكا، پێموایە زمانی ئەو لەهجەیە لەئەدەبیاتی سلێمانیدا لەهجەی سلێمانی نەك هی هەولێرو بادینانو دهۆك لەعیراقدا، چونكە هەمووی یەك نییە لەزەمانێكدا لەمێژووی كورد ئەوەی پێیدەوترێت گۆرانو نازانم چی، ئەوە زمانی شیعرو ئەدەب بووە، زمانێك ئەمڕۆ ئەوەیە بەڵام ئەوە مومكینە بەواقیع بگۆڕدرێ، مومكینە سبەینێ كوردستانی توركیا رزگاربێتو كوردستانی توركیا لەهجەی خۆی دادەنێ، قابیلە بێت مامۆستا لەكوردستانی عیراقەوە بەرێت زمانیان فێر بكات؟ لەبەرئەوە ئەو كاتە ئەوە دەبێتە زمانی رەسمی، حكومەتی قازی محەمەد بمابایە لەهجەی مهابادو دەوروبەری دەبوو بەزمانی رەسمی.
*باشە ئەگەر دەوڵەتی كوردستان دامەزرا بەقەناعەتی تۆ سنوورەكان دەبێ هەتا كوێ بڕۆن؟
-وەڵا من كوردستانی عیراق باشتر دەزانم، لەكوردستانی عیراق من پێموایە جەبەل حەمرین سنووری ئێمەیەو نابێ لەوە كەمتر قبوڵ بكەین، لەكوردستانەكانی تر بەڕاستی من پێموایە تەماعكار نەبین، چاومان لەزەوی ئەرمەن نەبێ، من یەكێكم لەو كوردانەی كە پێموایە هەندێك لەزەوی ئەرمەن كورد تێیدا دانیشتووە، واتە زەوی مێژوویی ئەرمەنە، خاسە، ئەردەهانە، ئەرزڕۆم، ئازەربایجانو لای ئاراراتو ئەوانەیە بەڕاستی زەوی سروشتیی ئەرمەنە لەڕووی مێژووییەوە، ئێستا ئەرمەن دەركراوەو چوینەتە جێگاكەیان، بەرەئی من ئەوە نەبۆتە كوردستان، لەگەڵ قانونی ئەوێ لەفیكری مندایە، لەگەڵ میللەتە بچكۆلەكانو مەزڵومترەكان لەخۆمان پێویستە بزانین ئێمە لێمان خواردوون، لەگەڵ میللەتە گەورەكان ئەوانن لەئێمەیان خواردووە، واتە عەرەب، تورك، فارس لەئێمەیان خواردووە، چەندیشیان لێوەرگرینەوە وەرگرتنەوەیە، واتە ئێستا موسڵ راستە عەرەبە، بەڵام موسڵ لەبنەڕەتدا كورد بووە، واتە عەرەب هاتووە لێی خواردووین، لەئێران هەمەدان كوردبووە فارس هاتووە لێی خواردووین، فارس نەبووە توركە ئێستاش، میللەتە گەورەكان لە ئێمەیان خواردووە لەبەرئەوە چەندیان لێ وەربگرینەوە، وەرگرتنەوەیە، چۆن رۆژی لەڕۆژان پۆڵەندا دەستی بوو ئۆدەری كردەوە بە سنوور، بەڵام دوای ئەوە لەراستیدا روسیا چەند سەد ساڵ بوو جێرمان لێی دانیشتبوون، خۆرهەڵاتی ئودەر چەندین ملیۆن ئەڵمان لێی نیشتەجێ بوون، بەڵام شایەتین كە ئەوە زەوی پۆڵەندایە، ئەوان هاتوون، لەبەرئەوە چەندی ئەڵمان بەرینەوە دواوە زوڵمی مێژوویی ناكەین بەڵكو تەعدیلی زوڵمی مێژوویی دەكەین، واتە لەگەڵ میللەتە گەورەكان عەرەب و توركو فارس لەئێمەیان خواردووە، چەندیان لێ بكشێنینە دواوە، ئێمە مەزڵومین، بەڵام لەگەڵ ئەرمەنو ئەوانە وانییە ئەرمەن ئەرزی هەیە لەكوردستان، ئێستا لەكوردستانی توركیا برادەران كە نەخشە دەكەن، دەڵێن بەشێكی زەوی ئەرمەنە نابێ ئێمە تەماحمان لەزەوی ئەرمەن هەبێ، نە تەماعكاریی ئەرمەن وەك وتم خاكی جزیرو بۆتان كە كوردستانە بڵێت ئەرمەنستانە، ئەوە بكەنە ئەرمەنستان، نە ئەوەش كە هەرچی كوردستانی توركیایەو كوردی لەسەر دەژی بڵێن خاكی كوردە، وانییە مەسەلەی سنوور مەسەلەیەكی ئاڵۆزە، واتە نێوانی دەوڵەتانیش زوو چارەسەر ناكرێت، بنەماكەی ئەوەیە میللەتە گەورەكان لەئێمەیان خواردووەو ئێمەش لەمیللەتە بچوكەكانمان خواردووە.