مێژووی ئیسلامی پیرۆز نیه
د. موحسين عه‌بدولحه‌مید
و.ڕێدار ئه‌حمه‌د
مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌رهه‌می ئه‌و مرۆڤانه‌یه که تێیدا ژیاون و ڕووداوه‌کانیان دروستکردووه و، به‌خه‌سڵه‌ته تاکی و کۆمه‌ڵییه ئه‌رێنی و نه‌رێنیيه‌کانی خۆیان ڕه‌نگیان کردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌م مێژووه درێژه‌ی کێشابێت له‌گه‌ڵ ئه‌و مرۆڤانه‌ی له سایه‌یدا ژیاون ئه‌وا به تێپه‌ڕبوونی کات لۆژیکێکی ناوخۆیی دروستکردووه که جوڵه‌ی به‌شه بچووک و گه‌وره‌کانی پێکه‌وه به‌ستۆته‌وه تا دواتر پهیوهستيیهکی پابه‌ندکاری دروستکردووه که ئه‌و گه‌له‌ی پێ ناسراوه له‌گه‌ڵ ئه‌و مێژووه‌دا، لێره‌وه مێژووه‌کان دوورده‌که‌ونه‌وه، هه‌ربۆیه مێژووی عه‌ره‌بی یاخود تورکی یان کوردی یان فارسی یاخود هیندی هه‌یه، هه‌ریه‌ک له‌م گه‌لانه له گه‌لێکی تریان جیاوازه، بگره بۆی هه‌یه شانازی بکات به‌وه‌ی له‌و مێژووه‌دا هه‌یه که ئه‌و و باوباپیرانی پێشتر دروستیان کردووه.
ئه‌گه‌ر مێژوو به چاک و خراپیه‌وه، به ئه‌رێنی و نهرێنیيهوه به‌رهه‌می مرۆڤ بێت، ئه‌وا مێژووی ئیسلامیش بریتیيه له به‌رهه‌می موسڵمانان، نه‌ک به‌رهه‌می ته‌نها ئیسلام، لێره‌وه مێژووی ئیسلام پیرۆز نیه، که پێویست بکات بگۆڕێت بۆ ئایين و خه‌ڵکی له‌سه‌ر ڕاده‌ی پابه‌ندییان پێیه‌وه و ده‌مارگیریان بۆی لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت، لێپرسینه‌وه له ده‌ستپێوه‌گرتن پێویسته له‌سه‌ر ئاینی حه‌ق بێت به ده‌قه بنبڕهکانیيهوه، وه‌ک قورئان و سووننهت، نه‌ک ڕووداوه‌کانی مێژوو که چاک و خراپ، که‌وتن و هه‌ستانه‌وه، سه‌رکه‌وتن و شکستی تێدایه.
گومانی تێدا نیه که بنه‌ماکانی ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌که‌ی کاریگه‌ری زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر پێکهێنانی ئه‌و مێژووه له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، چونکه باوه‌ڕی پێی هێناوه، له‌پێناو بڵاوکردنه‌وه‌یدا کۆششی کردووه، دامه‌زراوه شارستانیيهکانی دروستکردووه، ژیانی گشتی و تایبه‌تى و هه‌ڵسوکه‌وت و ئاکاری له پێگه‌یشتن و چه‌سپاویدا له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌فتارانه‌ی گه‌لانی دیکه جیاواز بووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو جیاییه، به نزیکی و دووريیهوه له ڕاستیيهکانی ئیسلام و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کرنی ململانێ خودییه تاکی و کۆمه‌ڵی و تائیفیيهکانهوه، ئه‌وه‌ی ئیسلامى ڕاسته‌قینه له پهيڕهوکارانی ویستووه له سایه‌ی ئه‌و ململانێیانه‌دا هه‌مووی نه‌هاتۆته‌دی، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ توندبوونی ململانێ و ناکۆکیيهکاندا که به‌رژه‌وه‌ندییه جۆراوجۆره‌کان هه‌ڵی ده‌سوڕاند تووشی لادان و شێواندن بووه.
له جیهانی سیاسه‌تدا، شورا که خوای گه‌وره ده‌یویست له ژیانی موسڵماناندا بچه‌سپێت تا به‌ڵێنه‌که‌ی له‌م فه‌رمایشته‌یدا داویه‌تی بێته‌دی گۆڕا: (وَنُرِيدُ أَن نَّمُنَّ عَلَى ٱلَّذِينَ ٱسۡتُضۡعِفُواْ
فِي ٱلۡأَرۡضِ وَنَجۡعَلَهُمۡ أَئِمَّةٗ وَنَجۡعَلَهُمُ ٱلۡوَٰرِثِينَ ٥ وَنُمَكِّنَ لَهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ وَنُرِيَ فِرۡعَوۡنَ وَهَٰمَٰنَ وَجُنُودَهُمَا مِنۡهُم مَّا كَانُواْ يَحۡذَرُونَ ٦) سُورَةُ القَصَصِ.
به‌ڵام ئهمهوييهكان ئه‌و سستمه دادپهروهرهييهيان گۆڕی بۆ سستمی میراتگری، له مێژوودا سستمی چه‌وساندنه‌وه و تاغوتی و دوورکه‌وتنه‌وه له به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری گشتی هاتۆته ئارا. هه‌رئه‌وه‌ش له گرنگترین هۆکاره‌کانی که‌وتنی کۆمه‌ڵگای ئیسلامی بووه له دواتردا له به‌رده‌م هێرشه‌کانی ته‌ته‌ر له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه و خاچپه‌رستان له ڕۆژئاواوه.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئیسلام ویستوویه‌تی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بێنێته‌دی وه‌ک جێبه‌جێکردنی فه‌رمایشتی خوای گه‌وره که ده‌فه‌رمووێت: (مَا أَفَاءَ اللَّهُ عَلَى رَسُولِهِ مِنْ أَهْلِ الْقُرَى فَلِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ وَلِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَابْنِ السَّبِيلِ كَيْ لَا يَكُونَ دُولَةً بَيْنَ الْأَغْنِيَاءِ مِنْكُمْ) – سورة الحشر.
له‌به‌رئه‌وه‌ی کاری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری بووه له نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا له ڕێی ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی وه‌ک یه‌ک و دابینکاری کۆمه‌ڵایه‌تی و بژێوی پێویست و کۆکردنه‌وه‌ی زه‌کات که مافی هه‌ژارانه له سامانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ململانێکانی بژێوی و سروشتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن لای مرۆڤی یاخی له ئایين له به‌رده‌م دادپه‌روه‌ری ئیسلامی بۆ هاتنه‌دی کۆمه‌ڵگایه‌ی هاوسه‌نگ ڕاوه‌ستا، به‌درێژایی مێژووی کۆمهڵگاكان هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک له ده‌سته‌یه‌کی تر هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه خراپی دابه‌شکردنی سه‌رمایه‌ی له نێوان خه‌ڵکیدا لێ که‌وتۆته‌وه. ئه‌م لادانانه بووه هۆی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئیسلامی بههێزیيهکهی نه‌مێنێت و سه‌قامگیريی و یهکبوونهوهکهی بترازێنێت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌ی باسمانکرد کاریگه‌ری ئیسلام به‌هێز بووه له هاندانی کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کانی بۆ بنیاتنان و گۆڕان و دامه‌زراندنی شارستانیه‌تێکی هاوسه‌نگی دادپه‌ره‌وه‌ر به‌نیازێکی پاکه‌وه که مه‌به‌ست لێی جێبه‌جێکردنی بنه‌ماکانی قورئان و فه‌رمووده و به‌ها باڵاکانی بووه و، به‌رهه‌می شارستانیشی له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا مه‌زن بووه، به‌جۆرێک کاریگهريیهکهی جیهانی ئیسلامی تێپه‌ڕاندووه و کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاکانی تری مرۆڤایه‌تی دروستکردووه، ئه‌وانه‌شی ناموسڵمان بوون و سه‌باره‌ت به شارستانیه‌تی ئیسلامی نوسیوویانه ئاماژه‌یان به‌ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌م شارستانیه‌ته کردووه، وه‌ک مێژوونووسی ڕووسی (بارتولد) له کتێبه‌که‌یدا (شارستانیه‌تی ئیسلامی)، مێژوونووسی ئه‌مریکی (ویل دیورانت) له کتێبه‌که‌یدا (مێژووی شارستانیه‌ت)، مێژوونووسی ئینگلیزی (ئه چ ویلز) له کتێبه‌که‌یدا (پوخته‌یه‌ک له مێژوو)، (تۆینبی) له کۆتا کتێبیدا (شارستانیه‌ت له ته‌رازوودا).
پوخته‌ی قسه ئه‌وه‌یه که مێژووی ئیسلامیش وه‌ک هه‌موو مێژووه‌کانی تر مێژووی مرۆڤه و چاک و خراپ، پێشکه‌وتن و دواکه‌وتن، ده‌ستکه‌وت و شکستی تێدایه، ئالێره‌وه سته‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و مێژووه به گشتگیریيهوه بدرێته پاڵ ئاینه ڕاسته‌که، چونکه ئایين مه‌عصومه و مرۆڤ مه‌عصوم نیه له جوڵه و ڕه‌فتار و ویسته‌کانیدا.
ده‌توانین بڵێین هه‌موو ئه‌و چاکه و گه‌شه و پێشکه‌وتنه‌ى که مسوڵمانان به‌ده‌ستیانهێناوه، له‌وكاتانه‌دا بووه که ڕێنمونیيهکانی ئاینه‌که‌یان وه‌ك خۆى په‌یڕه‌و کردووه و شوێن پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان که‌وتوون و له‌سه‌ر ڕێگای خه‌لیفه‌کانی ڕاشیدین و پادشا دادپه‌روه‌ره‌کان و بزاڤ و ئیجتیهادی زانایانی تێگه‌یشتوو ڕۆيشتوون.
هه‌ر دواکه‌وتن و خراپبوون و لادانێك له فه‌رمانه‌کانی خوای گه‌وره و، به‌دینه‌هێنانی دادپهروهرييهك كه تووشی بووبن هۆکاره‌که‌ی دووریان له ئایين و ئیجتیهادی هه‌ڵه و، که‌وتنه ژێر کاریگه‌ری ئه‌و بنه‌ما به‌لاڕێداچووانه بووه که غه‌زووی کۆمهڵگاکانیانی کردووه و، له گه‌شه‌سه‌ندنی سروشتی ئیسلامی دووريخستوونهتهوه و به‌ره‌و ڕووخان بردوونى، به‌وه‌ش له کاروانی پێشكه‌وتنى مرۆڤایه‌تی دواكه‌توون به‌تایبه‌ت له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا.
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی به شوێن حه‌قیقه‌ته‌کانی ئیسلام و چۆنێتی جێبه‌جێکرانی له سه‌رده‌مه‌که‌یدا بگه‌ڕێت پێویست ده‌کات له وه‌حیه‌وه بۆ سه‌رده‌مه‌که‌ی ده‌ستپێبکات نه‌ک له مێژووه‌وه بۆ سه‌رده‌مه‌که‌ی هه‌روه‌ک چۆن له چه‌ندین نووسینی پێشترمدا ڕوونم کردۆته‌وه، به‌تایبه‌ت کتێبی (تجدید الفکر الاسلامی)و (المشروع الاسلامی امام التحدیات).
له‌به‌رئه‌وه شوێنکه‌وتنی په‌یڕه‌وی یه‌که‌م ده‌تگه‌یه‌نێت به ده‌رئه‌نجامی به‌رهه‌مدار و به‌ره‌وپێشچوون، په‌یڕه‌وکردنی دووه‌میش، ده‌تگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ڕابردوو، ئێستا و ئاینده‌ت ده‌کوژێت، هه‌رئه‌مه‌یه نهێنی دواکه‌وتنی ئه‌مڕۆی مسوڵمانان له کاروانی شارستانێتی گه‌لانی پێشکه‌وتوو، نهێنی ململانێ ناوخۆییه خوێناوی و تائیفی و دهمارگیريیهکان که په‌رته‌وازه‌ی کردوون و ده‌سته و پارتی جیای لێ پێکهێناون که سه‌رپێچی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و به‌ها باڵاکانی ده‌که‌ن.