Home / مێژووی ئیسلام / جه‌عدی كوڕی ديرهه‌م

جه‌عدی كوڕی ديرهه‌م

جه‌عدی كوڕی ديرهه‌م

٤٧-٠٧-١٧-٠٤-٠٤-٢٠١٧--1313620557

( ١٠٥كۆ _ ٧٢٣ز)

قوربانیی جەژنی قوربان

 

جه‌عدی كوڕی ديرهه‌م، له‌ ڕیزی شوێنكه‌وتووان (التابعين) نه‌وه‌ی دوای هاوه‌ڵان، هه‌ژمار كراوه‌. له‌ هێندێ سه‌رچاوه‌ هاتووه‌: جه‌عد چووه‌ دوورگه‌ی فوڕاتێ له‌ باكووری عێراقدا. له‌م سه‌رده‌مه‌دا (مه‌ڕوانی كوری مه‌حه‌مه‌د) له‌ ڕۆژگاری هيشامی كوڕی عه‌بدولمه‌ليك (٧١ _١٢٤ك ، ٦٩٠ _٧٤٣ز) بوو به‌ والی ئه‌وێندەرێ، مه‌ڕوان بوو به‌ قوتابیی ئه‌و و جه‌عد په‌روه‌رده‌كاری بوو، هه‌ر بۆيه‌ ناوی مه‌ڕوان به‌ جه‌عديی ڕۆيشتبوو.

جه‌عد له‌ بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی وڵاتی (خۆڕاسان) بوو، باوكی بوو به‌ موسڵمان، دواتر ڕوويان له‌ (ديمه‌شق) كرد، بوون به‌ مه‌والی به‌نی مه‌ڕوان، له‌ شامێ نيشته‌جێ بوون.

 

جه‌عد له‌ مێژووی موسڵماناندا، له‌ ڕيزى ئه‌و كه‌سه‌ به‌راييانه‌ دێت كه‌ باسوخواسی (خه‌لقی قورئان)يان هێنایە ئاراوه‌، هەڵبەت له‌پێناو ديبه‌يت و ده‌نگه‌شه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سيحييه‌كان، تێزی داهێنراو (حادث)ی قورئانيان هێنايه‌ ئاراوه‌‌، به‌وه‌ی قورئان كۆن (قديم) نييه‌ و هيچ شتێك جگه‌ له‌ زاتی (خودا) ئه‌زه‌ليی نييه‌.

جه‌عد هه‌ر له‌ يه‌كه‌مينی ئه‌و بيرمه‌نده‌ ئيسلامييانه‌ بوو كه‌ (الصفات)يان له‌ زاتی خودا داده‌ماڵی، له ‌پێناو پاكژڕاگرتنی خودا، نه‌فی سيفاتيان ده‌كرد.

ئه‌وان له‌ پێناو (ته‌وحيد) ئه‌م تێزه‌يان ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئيسلامی كرد، تا ببێت به‌ به‌ربه‌ستێك له‌ به‌رده‌م تێزی فره‌كۆنيی (تعدد القدماء)ى زانا و بيرمه‌نده‌ مه‌سيحييه‌كان، به‌ڵام زۆرينه‌ی ئه‌هلی سووننه‌ له‌م سه‌رده‌مدا، ئه‌م تێزانه‌يان به‌ په‌كخستن (تعطيل)ی سيفات و ئاماژه‌كانی خودايی داده‌نا و ئه‌م گرۆيه‌شيان به‌ (المعلطة) ناودێردەکرد.

 

بيروبۆچوونه‌كانی جه‌عدی كوڕی ديرهه‌م، له‌ ديمه‌شق، ساڵی (١٠٤ك _ ٧٢٣ز) زياتر بڵاوبووه‌وه‌، به‌ ئه‌رگيۆمێنتی عه‌قڵی و نه‌قڵی به‌رگری له‌ بۆچوونه‌كانی خۆى ده‌كرد، ماڵی ئه‌و له‌ ديمه‌شق له‌ “کەنیسە”‌ نێزيك بوو، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ (قه‌شه‌)كان ده‌مه‌ته‌قێی بوو، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ ئيسلامييه‌كان ئه‌مه‌ وه‌ك تانه‌دان ده‌گێڕنه‌وه‌، به‌وه‌ی جه‌عد بۆچوونه‌ بيدعه‌ييه‌كانی له‌ مه‌سيحيی و يه‌هوودييه‌كان وه‌رگرتووه‌، تێكه‌ڵاويان بووه‌.

ئيبن عه‌ساكر و و ئيبن كه‌سير ده‌ڵێن: جه‌عد ئه‌م بيدعه‌يه‌ی خۆی، باسی خه‌لقی قورئان و نه‌فی سيفات، له‌ (بيان بن سمعان) وه‌رگرتووه‌، به‌يانيش له‌ (تالووت)ی خوشكه‌زای (لبيد بن اعصم) وه‌ريگرتووه‌، (لبيد)يش له‌م جادووبازه‌ يه‌هوودييه‌ وه‌ریگرتووه‌ كه‌ سيحری له‌ پێغه‌مبه‌ری ئيسلام كرد.

 

كاتێ بۆچوونه‌كانی جه‌عد بڵاو بوونه‌وه‌، هيشامی كوڕی عه‌بدولمه‌ليك داوای كرد، هيشام ڕاده‌ستی (خالد القسڕي) كرد. خاليد توندوتیژ بوو، دوای هێنانوبردن، كه‌وته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی جەعد بكوژێت، به‌ به‌هانه‌ی نه‌فيكردنی سيفاتی خودا، له‌م سيفه‌تانه‌ش سیفه‌تی (كلام) كه‌ ئەگەر بێت نەفی بکەین، دەبێت بڵێین خودا موسا و ئيبراهيمی نه‌دواندووه‌.

 

له‌ ڕۆژی جه‌ژنی قوربان، ساڵی ١٠٥ كۆچی، (خالد القسری) به‌سه‌ر مينبه‌رێ كه‌وت و له‌ پايانێی خوتبه‌كه‌يدا گوتی: (بڵاوه‌ی لێ بكه‌ن، قوربانيی بكه‌ن، خودا لێتانی قه‌بووڵ بكات. خۆشم، ده‌مه‌وێت ئه‌مڕۆ جه‌عدی كوڕی ديرهه‌م بكه‌م به‌ قوربانی، ئاخر ئه‌و ده‌ڵێت: خودا موسای نه‌دواندووه‌، ئيبراهيشمی نه‌كردووه‌ به‌ خه‌ليلی خۆی، خودا زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ جه‌عد باسی لێوه‌ ده‌كات) له‌ مينبه‌ر دابه‌زی، وه‌ك قوربانييه‌ك كه‌ پێشكێشی خودای بكات، سه‌ری جه‌عدی بڕی و جەعدی كوشت.

جه‌عد يه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌نگانی ڕۆشنگه‌ریی ئيسلام كه‌ له‌سه‌ر بيروبۆچوونه‌ عه‌قڵانييه‌كانی، هه‌وڵه‌ ڕيفۆمخوازييه‌كانی له‌ (عه‌قيده‌)ی ئيسلامييدا، ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ و سه‌ربڕين بووه‌وه‌. هه‌وڵه‌كانی جه‌عد و پاشان (جه‌هم)ی قوتابيشی، سه‌ره‌تای ده‌ركه‌تنی مه‌دره‌سه‌ كه‌لامييه‌كانی دوای خۆيان بوون، موعتەزیلە بە نموونە.

هێندێ سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن: ميمون بن مهران الرقی (٣٧_ ١١٧ك ، ٦٥٧ _ ٧٣٥ز) كه‌ عابيد و قازی و فه‌رمووده‌خوان بوو، فه‌توا و شايه‌دی (زه‌نده‌قه‌)ی جه‌عدی دا، هيشام له‌سه‌ر فه‌توای ئه‌و ژيانی جه‌عدی به‌ كۆتا هێنا.

 

هه‌ڵبه‌ت له‌سه‌ر ڕێكه‌وتی كوشتنی ڕاجياييه‌ك هه‌يه‌، هێندێ مێژوونووس به‌ ساڵی ١١٨ك‌ی داده‌نێن.

 

سەرچاوەکان:

ابن كثير، البداية والنهاية، به‌رگی ٩، ژيانی جه‌عدی كوڕی ديرهه‌م.

محمد عماره‌، شخصيات لها تاريخ، باسی جه‌عدی كوڕی ديرهه‌م.

 

گۆشەی ڕۆشنگەرانی ئیسلام ـ ژمارە (۱)

ئا: عەبدوڵڵا عاڵایی

About زريان احمد

Check Also

‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو

‎ ‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو‎ئامادەكردنی/ئوسامە حەسیب ‎شێخ سەعیدی پیران …