“ئافرەتە چێژبەخشەکان” 1932 تا 1945
توانا عوسمان
سوپای ئیمپڕاتۆری یابانی لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە سەربازیەکانیدا بۆ سەر چین و ووڵاتانی دەوروبەری لەسەرەتای 1932 وە، کەوتە کۆکردنەوەو ڕاپێچکردنی کچی هەرزەکار و ژنی گەنجی ئەو ناوچانەی داگیریدەکردن و دەیبردن بۆ پشتی بەرەکانی شەڕ تاوەکو وەک “کۆیلەی سێکسی” خزمەتی سوپاکەی بکەن.
سوپای یابانی بڕیاریدابوو بچێتە جەنگێکی درێژ و دوورەوە، دەیزانی پیاوەکانی وا زوو ناگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، بۆ ئەوەشی واجبەکەیان تاقەتپڕوکێن نەبێت، کچانی چینی و کۆری و فلیپینی و ئەندەنوسی و تایوانی بۆ کۆکردنەوە.
لەنێوان ساڵانی 1932 تا 1945 زیاترە لە 250 هەزار ئافرەتی وڵاتانی داگیرکراوی کرد بە کۆیلەی سێکسی کەزۆرترینیان کۆری بوون.
ئافرەتەکان لەژوور و بارەگای تایبەتدا لەپشتی بەرەکانی جەنگەوە دەستبەسەردەکران.. سەربازانی یابانیش بەشێوەیەکی ڕێکخراو و وەک حسەی ڕۆژانە، دەچونە ژوورەوە بۆ لایان.. ئافرەتەکان دۆکتۆری تایبەتیان هەبوو، درزی دژی مناڵبونیان لێدەدرا، هەندێکیان ڕەحمیان دەردەهێنرا، ئەگەر مناڵیشیان ببوایە دەیانکوشتن..
ڕۆژانە هەر ئافرەتێک 7 تا 10 سەربازی بەرئەکەوت، بەڵام لەحاڵەتی هێمنی بەرەکانی شەڕدا، ئافرەت هەیە 50 سەربازی لەڕۆژێکدا بەرکەوتوە، هەر بۆیە ئاشتی بۆ ئافرەتەکان جەنگ بوو، ئەوان لەجەنگدا پشوویان دەدا.
بەشێک لەئافرەتەکان بەرگەیان نەدەگرت و دەمردن، بەشێکیکیان خۆیان دەکوشت..
لە ئەیلولی 1945 دا کە یابان لەترسی بۆمبارانکردنی ئەتۆمی هێرۆشیما و ناکازاکی ناچاربوو خۆی بەدەستەوە بدات، “ئافرەتە چێژبەخشەکان” کە بەیابانی پێیان دەوترا “ئییانفوو ianfu” لە سەربازگەکان هاتنە دەرەوەو ڕایناکرد.
فەسڵی دووەمی ژیانی ئەو ئافرەتانە لەفەسڵی یەکەم ناخۆشتربوو.. ئەوان کە گەڕانەوە شارو شارۆچکە و گوندەکانیان، بەچاوێکی خراپەوە سەیر دەکران، رۆحیان کوژابۆوە، کوڕە دڵخوازەکانی هەرزەکارییان یان کوژرابوو یان بێ سەروشوێن بوون یان دڵیان گۆڕابوو.. بەشێک لەئافرەتەکان ناچاربوون دووبارە شوێنی ژیانیان بگۆڕن و بەبێدەنگی بژین.
لە ئابی 1990 دا بۆ یەکەمینجار ئافرەتێکی کۆری بەناوی کیم هانسون لەڕۆژنامەیەکی کۆریدا چیرۆکی خۆی وەک “ئافرەتێکی چێژبەخش” بڵاوکردەوەو سەرنجی ڕای گشتی ڕاکێشا و داوای لەیابان کرد دان بەو تاوانە مێژوویەدا بنێت.
دوای دانپێنانەکەی هانسون، قوربانیەکان ڕێکخراوێکیان پێکهێنا و کەوتنە لۆبی کردن و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی کردەوە.
لەساڵی 1965 وە ئەم کەیسە لەنێوان کۆریا و یاباندا هەیە، لە ساڵی 1990 وە کەیسەکە گۆڕا بۆ قەیرانێکی دیبلۆماسی لەنێوان کوریای باشوور و یاباندا.. سەرەتای 2016 دوای زیاتر لە 70 ساڵ بەسەر کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەمدا، بۆ یەکەمجار یابان دانی بەتاوانەکەیدا ناو بڕی 8 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری تەرخانکرد وەک قەرەبوو بۆ هەر ئافرەتێکی قوربانی ئەگەر لەژیاندا مابێت.
تێبینی یەکەم: تا 2016 تەنها 46 ئافرەتی قوربانی لەکۆریادا لەژیاندا ماون.
تێبینی دووەم: تەمەنی ڕاپێچکردنی “ئافرەتانی چێژبەخش” لە 10 ساڵیەوە دەستیپێکردوە.
تێبینی سێهەم: کورد یەکێکە لەو میللەتانەی قوربانیدانی خۆی وەک سەرمایەیەکی مەعنەوی بەگەڕنەخستوە.