چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 9 2024
Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / 20 ساڵ‌ دوای‌ دەستگیركردنی‌ ئۆجەلان ئاپۆ چۆن دەستگیركرا؟ نهێنییەكانی‌ پشت ئەو پلانە هەواڵگرییە

20 ساڵ‌ دوای‌ دەستگیركردنی‌ ئۆجەلان ئاپۆ چۆن دەستگیركرا؟ نهێنییەكانی‌ پشت ئەو پلانە هەواڵگرییە

 

20 ساڵ‌ دوای‌ دەستگیركردنی‌ ئۆجەلان
ئاپۆ چۆن دەستگیركرا؟ نهێنییەكانی‌ پشت ئەو پلانە هەواڵگرییە

1487182348853

 شارپرێس
لەكۆتایی هاوینی‌ ساڵی‌ 1998دا «ئاتیلا ئاتەش» فەرماندەی‌ هێزە زەمنییەكانی‌ سوپای‌ تورك، لەشارۆچكەی‌ رەیحانلی‌ لەویلایەتی‌ هاتای‌ لەسەر سنوری‌ توركیا – سوریا، لەوتارێكی‌ خۆیدا هێرشدەكاتە سەر حكومەتی‌ سوریا‌و داڵدەدانی‌ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەدوژمنایەتیكردنی‌ وڵاتەكەی‌ وەسفدەكات. 

ئەم وتارەی‌ ئاتیلا ئاتەش دەمودەست لەلایەن نێوەندە سیاسی‌، میدیایی‌و هەواڵگرییەكانەوە بەهەڕەشەی‌ راستەوخۆی‌ جەنگ لێكدەدرێتەوە، ناوبراو بۆ یەكەمجار بوو ئاوا ناوی‌ سوریا بهێنێت‌و ئاماژەشی بەوە كردبوو، كە ئەوان چیتر لەئاست ئەم دەستوەردانەی‌ دیمەشقدا بێدەنگ نابن‌و بەپەلاماری‌ سەربازیشەوە بۆ هەموو شتێك ئامادەن.

دواتر دەردەكەوێت، كە ناوبراو لەكۆبوونەوەی‌ «دەزگای‌ ئاسایشی نەتەوەیی»دا رادەسپێردرێت ئەم لێدوانە بدات، چونكە میت‌و دەزگا هەواڵگرییە تەریبەكان كۆمەڵێك بەڵگەنامە لەسەر پشتیوانیكردنی‌ سوریا لەپەكەكە كۆدەكەنەوە‌و لەو كۆبوونەوەیە پیشانیدەدەن لەناویاندا دانپیانانی‌ شەمدین ساقق فەرماندە رفێندراوەكەی‌ پەكەكەش هەیە، بەتایبەت قسەكانی‌ ساقق لەسەر جێ‌و شوێنی‌ ئۆجەلان‌و جۆری‌ هاوكارییەكانی‌ سوریا بۆ پەكەكە بە بەڵگەی‌ یەكلاكەرەوە لەقەڵەمدەدرێن. 

دوابەدوای‌ هەڕەشەكەی‌ ئاتیلا ئاتەش، سولەیمان دەمیرەل سەرۆك كۆماری‌ ئەوسای‌ توركیاش لەوتارێكی‌ خۆیدا بەڵگەی‌ بۆ ئەم دەستوەردانەی‌ سوریا هێنایەوە‌و راگەیاند “ئەوان ئامادەگی‌ تەواویان هەیە بۆ ئەوەی‌ بەرپەرچی ئەم هەڵوێستەی‌ دیمەشق بدەنەوە”.

ئەوەندەی‌ نەبرد مەسعود یڵماز سەرۆك وەزیرانیش بەپێی پرەنسیپ‌و رێساكانی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەم هەڵوێستەی‌ سوریای‌ لێكدایەوە‌و باسی ئەوەی‌ كرد، توركیا مافی‌ بەرگری لەخۆكردنی‌ تەواوی‌ هەیە‌و لەكۆبوونەوەی‌ دەستەی‌ وەزیرانی‌ وڵاتەكەیدا بڕیارێكیان وەرگرت لەئاست ئەم دەستدرێژییەی‌ سوریا بۆ هەموو كاردانەوەیەك ئامادەباشی رابگەیەنن، دواتر ناوبراو بەئەنقەست لەتەلئەبیبەوە بەزمانێكی‌ وردتر هەڕەشەی‌ لەسوریا كرد “ئەوان چیتر تەحەمولی‌ سیاسەتەكانی‌ ئەسەد ناكەن”، ئەنكەرە داوا لەشام دەكات ئۆجەلانیان رادەست بكاتەوە، شام خۆی‌ لەمە دەبوێرێت. 

دەستبەجێ حافز ئەسەد سەرۆك كۆماری‌ سوریا لەرێوڕەسمێكی‌ نیزامی‌ سوپاكەیدا ئامادە‌دەبێت‌و باس لەوە دەكات سوپای‌ سوریا توانای‌ ئەوەی‌ هەیە پێش بەهەموو دەستدرێژییەكی‌ بێگانە بۆ سەر خاكەكەی‌ بگرێت‌و لەمەیش بێباكە، هاوكات لەتەتبیقاتێكی‌ سەربازیی ناتۆدا باس لەوەیش دەكرێت، كە سوریاش یەكێك لەئامانجەكانی‌ ئەم هێزەیە، ئەم هەڕەشەیە دیمەشق نیگەران دەكات، رێك لەو كاتەوە عەبدولحەلیم خەدام جێگری‌ سەرۆك كۆمار بەنهێنی‌ سەردانی‌ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەكات‌و داوای‌ لێدەكات بۆ پاراستنی‌ بەرژەوەندییەكانی‌ هەردوولا واتە سوریا‌و پەكەكە وا باشترە ئۆجەلان بۆ ماوەیەك خۆی‌ لەو وڵاتە، یاخود لەشوێنێكی‌ دیكەدا بشارێـتەوە، خەدام بەڵێنی‌ ئەوەیش دەدات، كە لەمڕوەوە ئەوان هاوكاری‌ ئۆجەلان بكەن، ئیتر هەتا تەنگژەكە زیاتر دەمدەكاتەوە‌و بەناچاری‌ كۆمكاری‌ عەرەبی‌و بەتایبەتیش حوسنی‌ موبارەك نێوبژیوانی‌ دەستپێدەكات‌و كاتێكیش ئاپۆ دیارنامێنێت، ئەوسا لایەنی‌ سوری موبارەك دڵنیادەكەنەوە كەوا ئاپۆ لەشام نەماوە‌و بۆ شوێنێكی‌ نادیار سوریای‌ جێهێشتووە. 

ئاپۆ، كە پێش شەش مانگ لەلایەن پەرلەمانتارەكانی‌ یۆنانەوە بانگهێشتی‌ فەرمی‌ بۆ واژووكراوە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی‌ بەرەو ئاسینا بەڕێدەكەوێت، بەڵام لەفڕۆكەخانەی‌ ئاسینادا بەرەورووی‌ هەڵوێستێكی‌ سەیر‌و سارد دەبێـتەوە، یۆنانییەكان سۆز‌و بەڵێنەكانیان پشتگوێدەخەن‌و كەس پێشوازی‌ لەناوبراو ناكات، تەنانەت رێگەیشی پێنادەن، كە لەفڕۆكەخانەكە بێتە دەرەوە، دەزگای‌ هەواڵگری‌ ئەو وڵاتە لەفڕۆكەخانە چەندجارێك لەگەڵی كۆدەبنەوە، هەروەها بەراشكاوی‌ پێی رادەگەیەنن ئەوان ناتوانن رێگەی‌ پێبدەن لەوێ جێگیر ببێت، ئۆجەلان بەسەرڤیسی هەواڵگری‌ رادەگەیەنێت، كە ئامادەیە بەناسنامەیەكی‌ ساختەش لەو وڵاتە بژیت، بەڵام سەرڤیس بوار بەمەیش نادات، دوای‌ ئەمە بەهەماهەنگی‌ دەزگای‌ هەواڵگریی‌‌و هەندێك لەبیرۆكراتەكان ڤیزەی‌ روسیای‌ بۆ دەستەبەردەكرێت، لەمۆسكۆش ماهیر وڵات كادیری‌ ناسراو ‌و نوێنەری‌ پەكەكە لەگەڵ روسەكان كۆدەبێتەوە‌و هەلێك دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی‌ ئۆجەلان «تەنیا بۆ ماوەیەكی‌ كاتی‌» لەو وڵاتە بمێنێتەوە.

سەرڤیسی هەواڵگری‌ روسیا چەندین جار هەوڵی ئەوە دەدات ئۆجەلان بخاتە ناو یارییەكی‌ نەزانراوەوە، بەڵام ئەو بەمە قایل نابێت‌و ناتوانێت لەوە زیاتر فشارەكانی‌ سەرڤیسی هەواڵگری‌ روس قبوڵبكات، لەگەڵ ئەم دۆخەدا چەندین دەزگای‌ هەواڵگری‌ بەتایبەت میت، مۆساد‌و CIA دەست بەشوێنكەوتنی‌ ئۆجەلان دەكەن، سیا‌و میت بەهەماهەنگی‌ بەردەوام لەرێگەی‌ تەلەفۆنە ئاسمانییەكەیەوە قسەكانی‌ ئۆجەلان تۆماردەكەن‌و لەگەڵ ئەمەیش پەیتا پەیتا حەشارگەكەی‌ دەستنیشان دەكەن، لەروسیاش تێكڕای‌ ئەو پەرلەمانتار‌و سیاسیانەی‌، كە پێشتر بەڵێنی‌ هاوكاریان دابویە، لەبەڵێنەكانیان پاشگەزدەبنەوە‌و كەس خۆی‌ لێبەخاوەن ناكات، تەنیا ڤیلادیمیر ژیرنۆڤسكی‌ پشتیوانی‌ لێدەكات، ئۆجەلانیش لەگەڵ سەرڤیسی هەواڵگری‌ روس دەكەوێتە گفتوگۆ‌و ماهیر وڵات لەگەڵ ه. تایلان بەردەوام وادەكانی‌ بۆ دیاریدەكەن، ئۆجەلان لەدیدارەكانیدا باس لەهاوكاری‌ دولایەنە‌و ستراتیژی‌ كورد روس دەكات‌و ئەمەیش بەخاڵی وەرگۆڕێنەری‌ ناوچەكە وەسفدەكات، دواجار ژیرنۆڤسكی‌ لەپیلانی‌ سەرڤیسی‌ هەواڵگری‌ ئاگاداردەبێت‌و بەناچاری‌ یەك هەفتەی‌ تەواو ئاپۆ لەماڵەكەی‌ خۆی لەمۆسكۆدا حەشار دەدات، ناوبراو دواتر ئاپۆ بۆ ماڵێكی‌ ئەمانتر دەگوێزێتەوە. 

دوای‌ چەند رۆژێك بەرپرسیارانی‌ دەوڵەت‌و بەتایبەت بەڕێوەبەرانی‌ سەرڤیسی هەواڵگری‌ لەهەمان ماڵ لەگەڵ ژیرنۆڤسكی‌ كۆدەبنەوە، ئەو داوایان لێدەكات مافی‌ پەنابەری‌ بەئۆجەلان بدەن، بەڵام ئەم بەرپرسیارانە بەراشكاوانە پێیڕادەگەیەنن، كە ئەو مافێكی‌ وای‌ نییە‌و پێویستە ئۆجەلان خاكی‌ روسیا بەجێبهێڵێت، ئەوان لەكۆبوونەوەی‌ ئەو رۆژەدا بەژیرنۆڤسكی‌ رادەگەیەنن مانەوەی‌ ئۆجەلان بۆ بەرژەوەندی‌ ئاسایشی نەتەوەیی روسیا مەترسی بەدواوە دەبێت، لەمە بەدوا هەندێك لەپەرلەمانتاران داوای‌ مافی‌ پەنابەری‌ لەبیلۆروسیا دەكەن، سەبارەت بەم پرسە سەرۆكی‌ بیلۆروسیا پێیان رادەگەیەنێت، كە وڵاتەكەی‌ بەپێی بڕیارەكانی‌ روسیا كاردەكات‌و ناتوانێت‌ لێی لابدات، لەبەر ئەمەیش لێرەش وەڵامی‌ رەت وەردەگرنەوە، لەم كاتەدا دیپلۆماتە توركەكان‌و جەمیس رۆبین وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئەمریكا بەتوندی‌ لەئاست ئەم هەڵوێستەی‌ روسیا دەوەستنەوە‌و رەخنەی‌ دەكەن.

لەم ماوەیەدا ئۆجەلان لەگەڵ یەڤگینی‌ پریماكۆڤ سەرۆك وەزیرانی‌ روسیا كۆبوونەوەیەكی‌ دووقۆڵی دەكەن‌و دیسان ئۆجەلان داوای‌ پەنابەری‌ لێدەكاتەوە‌و ئەویش سەرلەنوێ ئەمە رەتدەكاتەوە، ئیتر كار لەكار دەترازێت‌و ژیرنۆڤسكی‌‌و پەرلەمانتارەكانی‌ هاوڕێی لەو ماڵەی‌ بۆیان دیاریكردووە بەردەوام سەردانی‌ ئاپۆ دەكەن‌و داوای لێدەكەن هەرچی زووترە روسیا بەجێبهێڵێت‌و پێیشی دەڵێن روسیا نایەوێت پەیوەندییە ئابووری‌و سیاسییەكانی‌ لەگەڵ خۆرئاوای‌ لەبەر ناوبراو تێكبدات، دواتر لەبەڵگەنامەكاندا دەردەكەوێت، كە ژیرنۆڤسكی‌ بەردەوام لەسەر دۆخی‌ ئۆجەلان زانیاری بەمۆساد گەیاندووە، ئەم پیاوە، كە بەبنەچە جووە، ئاپۆ دەخاتە ناو یارییەكی‌ ترسناكەوە، یاوەرەكانی‌ ئۆجەلان ئەمجارە لەگەڵ وڵاتی‌ قوبرس دەكەونە گفتوگۆوە، ئۆجەلان پێشتر لەهەڵوێستی‌ دوورووی یۆنانییەكان‌و بانگهێشتە درۆزنانەكانیان تێدەگات، بەئومێدێكی‌ كەمەوە سەیری‌ ئەم پلانە دەكات، پلانی‌ قوبرسیش لەبەر هۆكارە سیاسی‌و ئەمنییەكان پووچەڵدەبێتەوە، كاتێك نێوبژیوانە قوبرسییەكە لەگەڵ ماهیر وڵات پێیدەڵێت ئەگەری‌ هەیە قوبرس پێشوازی‌ لێبكات، ئەوسا ئۆجەلان بەیاوەرەكەی‌ واتە ماهیر وڵات دەڵێت «فڕۆكەكە بەسەر ئاسمانی‌ توركیادا دەچێتە قوبرس‌و لێرەیش ئەگەری‌ ئەوە هەیە فڕۆكەكە بخرێتەخوارەوە، یاخود بەزۆرەكی‌ بنیشێنرێتەوە، بۆیە باشترە لەمە پاشگەزببینەوە». 

ئیتر مانەوەی‌ ئۆجەلان لەروسیا دەكەوێتە مەترسی زیاترەوە، لێرەوە ئەوان لەوە دەترسن روسیا ئاپۆ بەتوركیا، یاخود ئەمریكا بسپێرێتەوە، روسەكان دواتر پێیدەڵێن «كێشەكانمان لەگەڵ قوبرس چارەسەركردووە‌و دەتوانی بڕۆیتە ئەو وڵاتە»، بەڵام ئاپۆ ئەمە بەریسك دەزانێت‌و رەتیدەكاتەوە، دواتر «كانی‌ یڵماز»، كە ئەوسا نوێنەری‌ پەكەكە لەئەوروپا دەبێت، بەنهێنی‌ لەگەڵ سەرڤیسی هەواڵگری‌ ئیتاڵیا كۆدەبێتەوە، ئیتاڵیا پێش چەند مانگێك خانەخوییەتی‌ خولی‌ دووەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەدەرەوەی‌ وڵاتی‌ كردووە‌و پێشوازی‌ لەپەرلەمانتارە راكردووەكان دەكات، بەوە رازیدەبێت، كە ئۆجەلان بچێتە ئەو وڵاتەوە، ئۆجەلان دەستبەجێ دەڕواتە رۆما‌و لەوێ جێگیردەبێت، ئۆجەلان لەرێی كانییەوە داوا لەئیتاڵییەكان دەكات، كە مافی‌ مانەوەی‌ پێبدرێت‌و بەهیچ شێوەیەك بۆ هیچ شوێنێك رەوانە نەكرێتەوە، لێرە لەبەر پاسپۆرتە ساختەكەی‌ پۆلیس هەندێك كێشەی‌ بۆ دەنێتەوە، بەڵام تەنیا لەبەر میدیاكان ئەمە دەكەن‌و بەكانی‌ یڵماز رادەگەیەنن، كە با تەحەمولی‌ تۆزێك سەختگیری‌ رواڵەتی‌ بكەن‌و دواتر ئەمە دەرباز دەبێـت.

بەبیانووی‌ نەخۆشییەوە ئاپۆ دەبرێتە نەخۆشخانەی‌ «پالیسترینا»‌و لەوێ رادەگیرێت، كانی‌ دیسان لەگەڵ ماسیمۆ دالێما سەرۆك وەزیرانی‌ ئیتاڵیا كۆدەبێتەوە‌و داوایان لێدەكات فەزایەكی‌ زیاتر بدەنە سەرۆكەكەی‌، دالێما پێی رادەگەیەنێت فشارەكان ئەوەندە زۆرن رۆما بەتەنیا ناتوانێت‌ تەحەمولی‌ بكات. 

ئۆجەلان لەنەخۆشخانەكە بەباشی دەربازی‌ دەكات‌و كەڵك لەدەرەتانە كۆمەڵایەتییەكان وەردەگرێت رۆژانە چاوی‌ بەچەندین كەس دەكەوێت‌و لێدوان بەمیدیاكانیش دەدات، هەروەها دالێما هەفتەیەك جارێك سكرتێرەكەی‌ خۆی‌ بۆ لای‌ دەنێرێت‌و گفتوگۆی‌ تایبەتی‌ لەگەڵ دەكات، هێشتا پێی ئۆجەلان لەرۆما گەرم دانایەت، توركیا قوشقی‌ دەبێـت، لەتوركیا كاڵاكانی‌ ئیتالیا پرۆتێست دەكرێـت، سیاسییەكان لێدوانی‌ توند لەدژی‌ رۆما دەدەن، ئیتاڵیا بەزۆرەكی‌ وەڵامی‌ رەت بەو خواستانە دەداتەوە، كە ئەنكەرە لەمەڕ رادەستكردنەوەی‌ ئەو پیاوەی‌ حومكی‌ مەرگی‌ لەسەرە، پێشكەشی كردووە، لەپاڵ پەرچەكردارە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكان، كۆمپانیا ئیتاڵیاییەكان بۆ پاراستنی‌ بەرژەوەندییەكانیان فشاردەخەنەسەر حكومەتی‌ رۆما بۆ ئەوەی‌ لەوە زیاتر زیان بە بەرژەوەندییەكانی‌ وڵات نەگەیەنێت، بۆیە داوادەكەن رۆما ئۆجەلان لەوێ دەربكات، لەولاش بەرپرسیارە هەرە پایەبەرزەكانی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانیش بەئاوازێكی‌ توند هۆشداری‌ بەئیتاڵیا دەدەن، ئەڵمانیا تاڕادەیەك پشتیوانی‌ لەئیتاڵیا دەكات‌و واز لەداواكردنەوەی‌ ئۆجەلان دەهێنێت‌و بەمەیش باری رۆما سوك دەكات، رۆمایش دەستبەجێ ئاپۆ لەماڵێكدا جێگیردەكات‌و بڕیاری‌ دەستگیركردنی‌ ناوبراو هەڵدەوەشێنێـتەوە.

رۆما‌و بەرلین پێكەوە كۆمیسیۆنێك پێكەوەدەنێن بۆ ئەوەی‌ قەدەغەكان لەسەر ناوبراو لابەرن، بەڵام ئەم كارە لەنیوەدا پەكدەخرێت، كەسیش سەر لەهۆكارە پشتپەردەكانی‌ دەرناهێنێت، كە بۆچی پەكخراوە‌و وازی‌ لێهێنراوە‌و كێ لەپشتی‌ ئەمە بووە، دواجار حكومەتی‌ رۆما لەوپەڕی‌ تەنگەتاویدا دەبێت، داوا لەمۆسكۆ دەكات بەمەرجی‌ سەربەستكردنی‌ پێدانی‌ قەرز‌و لابردنی‌ مەرجە سەختەكان لەلایەن سندوقی‌ دراوی‌ نێونەتەوەیی IMF داوا لەو وڵاتە دەكات مافی‌ پەنابەرییەتی‌ بەئۆجەلان بدات، لەو ماوەیەدا ئۆجەلان لەئیتاڵیا دەمایەوە، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بەباشی پارێزگاری‌ لێدەكرا، رێك لەم ماوەیەدا ئەبوشەریف، كە یەكێك لەكەسە نزیكەكانی‌ یاسر عەرەفات سەرۆكی‌ دەسەڵاتی‌ نیشتمانی‌ فەڵەستینە، نامەیەك بۆ ئۆجەلان دەنوسێت‌و باسی ئەوە دەكات، «حەزی‌ لێیە یارمەتی‌ بدات»، لێرەوە دیسان بەنێوبژیوانی‌ سەرڤیسی هەواڵگری‌ ئیتاڵیا‌و سەرڤیسی هەواڵگری‌ روسیا، چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ یەك‌و لەگەڵ ئۆجەلان دەكەن، ئاخری‌ سەرباری‌ هۆشداری‌ دەیان كەسایەتی‌ كورد‌و غەیرەكورد، كە داوای‌ لێدەكەن ئیتاڵیا بەجێنەهێڵێت، ئۆجەلان بەهاوكاری‌ ئەحمەد یامانی‌ هاوڕێی‌و دوو كچی‌ كورد رۆما بەرەو مۆسكۆ بەجێدەهێڵێت، لەم كاتەدا ئۆجەلان بۆخۆی‌ داوا لەكانی‌ یڵماز دەكات، كە بۆ بەشداریكردن لەكۆنگرەی‌ شەشەمی‌ پارتەكەی‌، لەناوچەی‌ خنێرەی‌ كوردستانی‌ عێراق بەنهێنی‌ بەڕێوەدەبرێت، بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، كانی‌ لەمۆسكۆ دوای‌ گفتوگۆكردن لەگەڵ ماهیر وڵات سەرەنجام بەفڕۆكە لەگەڵ هاوڕێیەكی‌ خۆی‌ (حەیدەر عەلی‌ قەیتان) خۆی‌ دەگەیەنێتە یەریڤان‌و لەوێشەوە بەسەر ئێراندا دەگاتە ورمێ‌و لەوێشەوە بەسەیارە لەناوچەی‌ چۆمی‌ گادەرەوە دەگاتە خنێرە‌و فریای‌ كۆنگرەكە دەكەوێت، سەركردەكانی‌ پەكەكە لەكۆنگرە بەگومانەوە لەهاتنەوەی‌ كانی‌ دەڕوانن.

ئەمجارە كاتێك ئۆجەلان دەگاتە مۆسكۆ، لەو وڵاتە پێیدەوترێت، كە تەنیا سێ رۆژ بۆی‌ هەیە بمێنێتەوە‌و دوای‌ ئەوە دەبێت مۆسكۆ تەرك بكات، دواتر ناوی‌ وڵاتێكی‌ دیكە بەزەینیاندا دێت، كە ئەویش «ئەرمەنستان»ە‌و بڕیاردەدەن بچنە ئەوێ، لێرەوە فڕۆكەیەكی‌ تایبەتی‌ بەكرێدەگرن، بەڵام پێدەچێ كەسێك بەگوێی ئۆجەلانیدا دابێت، كە وڵاتێكی‌ خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست باشترە، بۆیە لەمە پاشگەزدەبێـتەوە، هێشتا دیار نییە، كە ئەم فیكرەیە هی‌ كام سەرڤیسی هەواڵگری‌ بووە، دیسان فڕۆكەكە لەیەكەم وێستگەدا لەیۆنان دەنیشێتەوە، لێرەوە دەڕۆنە وڵاتێكی‌ خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست، بەڵام تەنیا چەند سەعاتێك لەو وڵاتە دەمێننەوە‌و كەس نازانێ‌ت بەچی هۆیەك ئۆجەلان ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵێت، ئیتر باسی‌ هۆڵاندا دەكەوێتە سەرزمان‌و ناوبراو هاندەدرێت، كە بەرەو هۆڵاندا بچێت، كاتێك دەگەنە ئەمستردام، لەبەر ئەوەی‌ رێكەوتنی‌ شنگن لەنێوان ئەو وڵاتە‌و یونان هەیە، دەسبەجێ فەرمان بەفڕۆكەكە دەدەن، كە ئەوێ بەجێبهێڵێت‌و دیسان دەیهێننەوە بۆ ئاسینا، ئێستا دەركەوتووە رێك لەو رۆژەدا CIA  بەوەی‌ زانیوە، كە ئۆجەلان دەیەوێت بڕواتە هۆڵاندا، بۆیە دەستبەجێ ئەو وڵاتە ئاگاداردەكەنەوە‌و ئەو وڵاتەیش ناهێڵێت ئۆجەلان پێبنێتە سەر خاكەكەیان.

بەگوێرەی‌ دواهەم بڕیار دەبوا ئۆجەلان سەرەتا بگاتە كینیا‌و لەوێشەوە بگەیەنرێتە ئەفریقای‌ باشوور، لەكینیا ئۆجەلان لەماڵی‌ سەفیری‌ یۆنان دەمێنێتەوە، بەڵام دۆخەكە شپرزدەبێت‌و رێك لەئاسیناوە فەرمان بەسەفیرەكە دەگات، كە دەبێت دەستبەجێ ئۆجەلان لەماڵەكەی‌ خۆی‌ دەربكات، سەرەتا سەفیر بیر لەوە دەكاتەوە چەند سەرسەرییەكی‌ كینیایی بەكرێ بگرێ‌و ئۆجەلان بەزۆر لەماڵەكەی‌ بكاتە دەرەوە، دوابەدوای‌ ئەمە تیمێكی‌ تایبەت دێت‌و چەند هەوڵدەدەن بچێتەدەرەوە، ئەنجامێكی‌ وا وەرناگرن، ئیتر كارەكە تێكدەچێنت‌‌و هەموو سەرڤیسە هەواڵگرییەكان بەم دۆخە دەزانن‌و هەواڵەكە دەگاتە ئەنكەرە‌و دەزانرێت ئۆجەلان لەكوێیە‌و دەستبەجێ كۆبوونەوەی باڵای‌ بۆ دەبەستن، دەمودەست شاندێكی‌ CIA بەپەلە دەگاتە ئەنكەرە‌و لەگەڵ سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، راوێژكاری‌ میت‌و فەرماندەیی گشتی‌ هێزە چەكدارەكاندا كۆدەبێتەوە‌و پێیان رادەگەیەنێت، كە وڵاتەكەی‌ ئامادەیە ئۆجەلانیان رادەستبكاتەوە، بەڵام ئەم شاندە بەچەند مەرجێك ئامادەیە ئەمە بكات، مەرجەكانیش ئەمانە بوون: ئۆپەراسیۆنەكە بەهاوبەشی دەكرێت، بەزیندویی دەهێنرێتەوە بۆ توركیا، بەشێوەیەكی‌ دادگەرانە دادگاییدەكرێت‌و نابێت لەسێدارە بدرێت. 

ئەنكەرە ئەم مەرجانە قبوڵدەكات‌و ئۆپەراسیۆنەكە دەستپێدەكات، بەرپرسیارێكی‌ باڵای‌ یۆنانی‌ راستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان قسەدەكات‌و پێیدەڵێت «فڕۆكەیەكی‌ تایبەت‌و ئەمینی‌ بۆ ئامادەكراوە‌و دەنێردرێتە وڵاتێكی‌ ئەمینتر» پاشان دەردەكەوێت، كە ئەمە درۆ بووە‌و تەنیا فێڵێك بووە بۆ ئەوەی‌ ئۆجەلان لەماڵی‌ باڵیۆز بێتەدەرەوە.

رۆژی‌ 15ی‌ شوباتی‌ 1998 ئۆجەلان‌و هاوڕێكانی‌ یەكە یەكە لەباڵیۆزخانەكە دێنەدەرەوە‌و سواری‌ ئۆتۆمبیلەكان دەبن‌و بەرەو فڕۆكەخانە بەڕێدەكەون، كاتێك دەگەنە فڕۆكەخانەكە، لەپڕ لەلایەن ژمارەیەكی‌ یەكجار زۆر چەكدارەوە گەمارۆدەدرێن‌و بەمجۆرە ئۆجەلان دەستگیردەكرێت‌و لەهاوەڵە كچەكانی‌ دادەبڕدرێت‌و بەتەنیایی‌و بەچاو بەستراوی دەیخەنە فڕۆكەیەكی‌ تایبەتی‌ ئەمریكاییەوە‌و بەرەو توركیای‌ دەبەنەوە، ئیتر دواهەم وێستگەی‌ ئاسمانی‌ تەواودەبێت‌و لەوێشەوە بەكەشتی‌ دەیبەنە دورگەی‌ ئیمرالی‌، ئەو شوێنەی‌ كەوا ئۆجەلان ئێستا 18 ساڵە تێیدا دەژی.

About زريان احمد

Check Also

جوگرافیای مێژووی ناوچەی «جیبال» جوگرافیای کوردستان لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا

 د. ئیسماعیل مەحموودی  روونکردنەوەی جوگرافیای مێژوویی  کوردستان ، پێویستی بە توێژینەوە لە سەر هەندێک لەو …