شارەوانی و گۆڤاری هەولێر/ بەشی دووەم(١)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(محەمەد مەولود مەم)
راستە لە سییەکان گۆڤاری رۆناکی لەلایەن مامۆستای گەورە و نەمرمان حوزنی مۆکریانی بۆ ماوەیەک سەری بەرز کردەوە ، بەلام زوو بە زوو دەستی لە هەوکی نراو بێ نەفەس کرا ، مامۆستای خوالێخۆشبووش گیوی مۆکریانی . ئەویش رەنجێکی زۆری کێشا هەتا بتوانی درێژە بە ژیانی ئەو چەند لاپەرەی بەناوی (هەتاو) لەم شارەدا بلاوی دەکردەوە بدا ، بەڵام جگە لە ئازار و خەم و پەژارە و جگە لە زیان و ئەرگکێشان ئەوەی بۆ مایەوە ، کە دڵسارد بکرێ و داری سەوز و تەری گۆڤارەکەی ووشک بکرێت و لەرەگەوە هەڵکەندرێ ، دەبی ناوی ئەم دوو پیاوە دڵسۆزە وەکو دوو تابلۆی پڕ لە شانازی لەتاقی دەرگا فراوانەکەی قەڵاتە بلند و پیرەکەی هەولێر جێگای خۆیان بگرن ..
لەساڵی ١٩٥٤ رۆژنامەیەک یان راستر حەفتەنامەیەک بە کوردی و عەرەبی لە لایەن دەستەیەک لەمووچەخۆرانی(مەعاریف)بە ناوی هەولێر بۆ ماوەیەک هاتە مەیدان . ئەم دەستەیە لە مامۆستایان عزەدین فەیزی و خوشکە ئەستێر سەعید و هەڤالەکانیان پێک هاتبوو .. ئەم رۆژنامەیە لەگەڵ هەموو کەم و کورتی و هەژاریشەوە رۆلێکی باشی گێرا و ئەوەشی ساغ کردەوە ، کە ئەم شارە تا چ راددەیەک تامەزرۆی بڵاوکراوەیەکە رەنگ و دەنگ و روخساری دانیشتوانی دووبارە بکاتەوە ، ئەم رۆژنامەیەش پاش تەمەبێکی کورت ودەورێکی پڕ بە مەعنا ، وەک رۆناکی و هەتاو کوژایەوە و .. لە ئاسۆی شارەکەدا ئاوا بوو …
لەسەرەتای شەستەکان شارەوانی هەولێر چوار لاپەرەی مام ناوەندی بەناوی هەولێر- اربیل بلاو کردەوە ، ئەوەی سەرنجی مرۆڤ رادەکێشا ئەوە بوو ، کە ئەم بلاو کراوەیە هەرچەند لە دوای دەساڵ لە دەرچوونی هەولێرەکەی مەعاریف و دوای سێ ساڵ لە دەرچوونی رۆناکی حوزنی مۆکریانی هاتە مەیدان ، کە چی بەگشتی نەیتوانی تەنانەت بەشێک لەو کەلێنەی بە ئاوا بوونی ئەمانە کەوتە ئاسۆی ژیان و کەلتوور و کەلەپووری شاری هەولێر پڕ بکاتەوە!! بەرای من هەر سەبارەت بە کەمتەرخەمی و گوێ نەدانیشی بوو لە لایەن کاربەدەستانی شارەکە …
ئەو بڵاو کراوەش تەمەنی کورت بوو و پەکی کەوت وزوو بەزوو هێز و توانای لێ برا.
(((ماویەتی)))
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) ئینسکلۆبیدیای هەولێر/ل ٤٧٢٢