شارەوانی و گۆڤاری هەولێر/ بەشی یەکەم(١)
(محەمەد مەولود مەم)
هەولێر ئەم شارە دێرینە ، نەبەزە ، کە حەفتا سەدە پترە وەک هەلۆ لەسەر گردە سەربەرزەکە هەلنیشتوە ، زەبر و زەنگی رۆژگار … رەشە با و گەردەلوولی زەمانە ، نەی لەقاندووە بە هەموو توانایەوە بەربەرەکانی لە پێناو … بوون و مانی دەکا ، تیر و مەنجەنیق و شیر و تفەنگ و تۆپی دوژمنانی بە سینگە پۆلایینەکەی دەگێریتەوە ، پالەوانانە خۆی لەبەر هێرشەکانی فارس و گریک و رۆمان ومەگولیەکان گرتووە .. هەموو هێرشی درندانەی ئەو دوژمنانەی پووچەڵ کردووە و هێرش هینەرەکانی بەسەر شۆری و بەزیوی رەتاندووە ، ئەم شارە قارەمانە خۆشەویستەمان ماوەیەکی زۆر پڕ شانازیدا پاش گوێ کراوە وە گەلێک جار هاتووە جۆگەلەی ئاوی ژیانی لێ جک بکرێ .. بەلام بەرگری و ئازایەتی رۆلەکانی ئەم شارەیان پاراستووە دوژمنیان سەرشۆر کردووە لەم حەفت هەزار سالەدا تەنها رۆژێک ئەم شارە لە ژیان و جوولانەوە نەکەوتووە …
لەسەر دەمی ئەیوبیەکان بەتایبەتی لەکاتی فەرمانرەواتیی سوڵتان موزەفەرەلدین ئەم شارە بنکەی زانست و هونەر و پێشکەوتن بووە … وەکو مانگ لەناو ئەستێرەکانی ئەو چاخە درەوشاوەتەوە … کۆمەڵێک زانا و دانا و حەکیمی بێ هاوتای پێشکەش بەعالەم کردووە ، کە ناویان هەتا ئێستاش لە رێزی ئەو مرۆیانە دەهێندرێ ، کە کۆلەگەیەکی شارستانیەت و پێشکەوتن بووینە لەو عەسرەدا …
بەلام بەداخەوە لەم سالانەی دواییدا .. بەتایبەتی لەدەوری عوسمانلی و پاش شەری گەورەی یەکەمیش… تا دەوری پاشایەتی گۆر بەگۆر کراوی عێراق ئەم شارە دەستی یارمەتی و ئاوەدانکردنەوەی لێ گیرابووە ، تا شۆرشەکەی ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ لەرێزی شارە هەرە دواکەوتووەکانی عێراق دەهاتە زماردن …
هەروەها لە لایەنی رۆشنبیری و بڵاو کراوەش ئەگەر سەرەتایەکی کورتی سالانی ١٩٤٥-١٩٥٩ ز لەمێژووە دوور و درێژ پڕ مەینەتیەکەی ئەم دواییەی …. لا بدەین ، بۆمان دەردەکەوێ ، کە شاری هەولێر تاکە رۆژنامەیەک یان گۆڤارێکی پێ رەوا نەبینراوە ! کە بتوانی بەهۆیەوە ئەرک و ئازار وئاواتی دانیشتووەکانی دەرببڕی ، یان دەنگی ژەنگاو و نووساوی بگەیەنیت دەوروبەری …
((( ماویەتی)))
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) ئینسکلۆبیدیای هەولێر/ل ٤٧٢٢