پێنج شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 10 2024
Home / ناوداران / عه‌ونى یوسف (1908-1988)

عه‌ونى یوسف (1908-1988)

عه‌ونى یوسف (1908-1988)

FB_IMG_1465673225276

نوسینی:د. شوان محمد ئەمین خۆشناو

عه‌ونى یوسف ساڵى 1908 له‌ قه‌ڵاتى هه‌ولێر له‌ خانه‌وه‌اده‌یه‌كى ئاینى و ناسراوى شاره‌كه‌ له‌ دایك بووه‌، یوسف ئه‌فه‌ندى باوكى له‌ سه‌رده‌مى عوسمانیه‌كان قازى بووه‌، ئه‌و قۆناغه‌كانى خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى له‌ هه‌ولێر   برِیوه‌ و بۆ ئاماده‌یى رووى كردۆته‌ به‌غدا، له‌ ساڵانى (1935-1939) برِوانامه‌ى به‌كالۆریۆسى له‌ كۆلیژى ماف له‌ به‌غدا به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌ دواى دامه‌زرانى كۆمه‌ڵه‌ى داركه‌ر و پاشان گۆرِانى به‌ حیزبی هیوا، سه‌ره‌تا جه‌لیل وشیارى براى دواتر خۆى ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانى حیزبی هیوا، پێش ئه‌و ماوه‌یه‌ش یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ى رۆحى كوردایه‌تى له‌ شاره‌كه‌دا چاندووه‌،  له‌ سییه‌كانى سه‌ده‌ى رابرِدوو رۆڵى گه‌وره‌ى بینیووه‌ له‌ پیرۆز راگرتن و كردنه‌وه‌ى ئاگرى نه‌ورۆز به‌ شێوه‌یه‌كى نهێنى له‌ سه‌ر قه‌ڵاتى هه‌ولێر له‌ ماڵى (سه‌لیم سه‌یدۆك) ، كاتێك له‌ ساڵى 1939 له‌ لایه‌ن مسته‌فا یه‌عقوبی موته‌سه‌ریفى هه‌ولێر ده‌ستگیر ده‌كرێ‌، كۆمه‌ڵێك گه‌نجى شارى هه‌ولێر له‌به‌ر ده‌ركه‌ى سه‌ردا گردده‌بنه‌وه‌ و ده‌لێن ده‌ی سه‌ركرده‌مان ئازاد بكرێت، ساڵى 1943 دادوه‌رى به‌رایی بووه‌ له‌ زاخۆ، به‌ هۆى بوێرى خۆى به‌ ئاشكرا چالاكى سیاسى ئه‌نجام ده‌دات و به‌ فه‌رمانى نورى سه‌عید بۆ به‌غدا دوورده‌خرێته‌وه‌، ئه‌ندامانى حیزبی هیوا له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا هه‌ره‌شه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر عه‌ونى یوسف ئازاد نه‌كرێت راپه‌رِین ده‌كه‌ین، پاش نه‌مانى هیوا ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ هه‌ره‌ چالاكه‌كانى حیزبی رزگارى و له‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ى حكومیدا ئاماژه‌ به‌ چالاكیه‌كانى كراوه‌، دواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى حیزبی رزگارى و شۆرِش، له‌ دواى رووخانى كۆمارى كوردستان و گه‌رِانه‌وه‌ى بارزانیه‌كان  وه‌كو خۆبه‌خشێك كارى پارێزه‌رایه‌تیان بۆ ده‌كات و به‌رگرى له‌ مافه‌كانیان ده‌كات، له‌ دامه‌زرانى پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌كو ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ر له‌ 16ى ئابى 1946دا به‌ ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى هه‌لبژێردرا، له‌ كۆنگره‌كانى دواتریش به‌شدارى كردووه‌، له‌ ساڵانى 1948-1949به‌رپرسى ته‌واوى رێكخستنه‌كانى شارى هه‌ولێر بوو، هه‌میشه‌ له‌ ژێر چاودێرى توندى ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و پۆلیس درێژه‌ى به‌ چالاكیه‌كانى داوه‌ـ له‌ راپه‌رِینى جوتیاراى ده‌شتى هه‌ولێریش وه‌كو خۆبه‌خش به‌رگرى له‌ مافه‌كانى جوتیاران كردووه‌،تا هاتنى شۆرِشى 14ى ته‌موزى 1958 و له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولكه‌ریم قاسم وه‌كو نوێنه‌رى پارتى رۆڵى گه‌وره‌ ده‌بینێت و له‌ له‌ ساڵى 1959 تاسه‌ره‌تاكانى 1961 ده‌گاته‌ پله‌ى وه‌زیرى كار و نیشته‌جێكرد له‌ حكومه‌تى عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا، دواى كوده‌تاى یه‌كه‌مى به‌عس له‌ 8ى شوباتى 1963 په‌یه‌ندى به‌ شۆرِش ده‌كاته‌وه‌، دواى ماوه‌یه‌ك ده‌ست به‌كارى پارێزه‌رى ده‌كاته‌وه‌ و پاش نسكۆى شۆرِشیش له‌ هه‌ولێر و به‌غدا كارى پارێزه‌رایه‌تى ده‌كات، ساڵى 1988 له‌ به‌غدا كۆچى دوایى كرد.

ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ ناوداره‌ى شارى هه‌ولێر خاوه‌نى چه‌ندین وشه‌ و گوزارشتى نوێیه‌ له‌ شاره‌كه‌ دا وشه‌ى (رۆژتان باش) و (سوپاست ده‌كه‌م) و دروشمى باوى ئه‌و سه‌رده‌م (سه‌ربه‌ستى عه‌با و پێچه‌ هه‌ڵبستى) و (مقاییس نه‌ماوه‌) و راهێنان و هاندانى خه‌ڵك بۆ پۆشینى جل و به‌رگى كوردى و چه‌ندان شتى ترى له‌م شێوه‌یه‌، كه‌ شایه‌نى ئه‌وه‌ن توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێ‌. به‌ سوپاسه‌وه‌ وێنه‌كه‌ له‌ خاتوو هه‌ڵاله‌ كه‌مال عوسمان ئاغا وه‌رگیراوه‌ و بۆیه‌كه‌م جار بڵاوده‌بێته‌وه‌.

About زريان احمد

Check Also

‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو

‎ ‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو‎ئامادەكردنی/ئوسامە حەسیب ‎شێخ سەعیدی پیران …