سه‌له‌فیه‌ت له هه‌رێمی كوردستان :ريشه و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی
نوسینی/ ئیدریس سیوه‌یلی، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری خاڵ، توێژه‌ر
پێشه‌كی:
له ئێستادا، له كوردستان سه‌له‌فیه‌ت وه‌كو به‌شێكی دیار له ره‌وتی ئیسلامیی له هه‌موو كاته‌كانی پێشتر زیاتر ئاماده‌یی هه‌یه،قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد هه‌یه له ره‌هه‌ندی جیاوازه‌وه، له‌م لێكۆڵینه‌وه‌دا، به پشتبه‌ستن به چه‌ندین سه‌رچاوه ریشه و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌له‌فیه‌ت و ئه‌و ئاراستانه‌ی له كوردستان دروستتبون ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
سه‌له‌فیه‌ت، پێناسه و خه‌سڵه‌ت
كاتی قسه‌كردن له‌سه‌ر دیارده‌و بیری سه‌له‌فی ڕووبه‌ڕووی گرفتی پێناسه‌و دیاریكردنی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بیره ده‌بینه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه تائێستا پێناسه‌یه‌كی وا بۆ دیارده‌ی سه‌له‌فیه‌ت نییه كه جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی هه‌مووان بێت،هه‌روه‌ك چۆن لێكۆڵه‌ر و شاره‌زایان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ماو خه‌سڵه‌تانه كۆك نین كه دیارده‌ی سه‌له‌فیه‌ت ده‌نوێنن، لێره‌دا یه‌ك پێناسه وه‌رده‌گرین و ده‌یكه‌ینه چوارچێوه‌یه‌ك بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌مكه له‌م توێژینه‌وه‌دا، سه‌له‌فیه‌ت زاراوه‌یه‌كی گشتییه و میتۆد‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كه كه پێیوایه ده‌بێت هه‌مان دیدو تێڕوانین و راڤه بۆ ئیسلام بكرێت كه پێشبین (سه‌رده‌می په‌یامبه‌رو هاوه‌ڵان و شوێنكه‌وتووان) هه‌یانبووه، به‌وپێیه‌ش سه‌له‌فیه‌ت تایبه‌ت نییه به قۆناغێكی مێژووییه‌وه، به‌ڵكو درێژده‌بێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئێستا و په‌یوه‌سته به تێگه‌یشتن به بیروباوه‌ڕی ئیسلامیی به‌هه‌مان تێگه‌یشتنی پێشین (1).
لێره‌شه‌وه چه‌ند خاڵێك روونده‌بێته‌وه كه ده‌گونجێت وه‌كو خه‌سڵه‌تی سه‌له‌فیه‌ت ئاماژه‌ی پێ بده‌ین.
یه‌كه‌م: ره‌وتی سه‌له‌فی ره‌گێكی له‌مێژوودا هه‌یه،به‌ها بۆ هیچ دانانێت جگه لهزانیارییهكی بنه‌ڕه‌تی كه وه‌كو یه‌كه‌كی زانیاری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، چونكه سه‌له‌فیه‌ت داوا یتێگهیشتن له‌ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌ت ده‌كات به‌تێگه‌یشتنێكی رووكه‌شی وساده‌و ساكار‌و ئاڵۆز نه‌كردنیان، هه‌ربۆیه كه‌سی زانا‌و پێگه‌و پله‌كه‌ی به‌وه دیاریده‌كرێت كهچهندده قوژمارهو گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی له‌به‌ره، هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی كهبهبلیمهت و داهێنه‌ر ناوزه‌ند بكرێت، ئیتر له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه به‌رته‌سكه هه‌ر راڤه‌و شیكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی رووداو‌و دیارده‌كان و بیری داهێنه‌رانه‌و ره‌خنه‌گرتن وههڵهێنجانی شتی نوێ هیچ به‌هایه‌كی نییه.
دووه‌م: به‌پیرۆزكردنی رابردوو رقبوون له‌ئێستاو ترس له‌ئاینده بۆ تهمۆتهكهیهك به‌بیری سه‌له‌فیه‌ته‌وه، ئه‌وان پێیانوایه سێ سه‌ده‌ی یه‌كه‌می ئیسلام سه‌رده‌می زێڕینه‌و فه‌رمووده‌یه‌كی په‌یامبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر) له‌و باره‌وه ده‌كه‌نه به‌ڵگه، هه‌ر بۆیه وێنه‌ی ژیانی ئێستا له‌دیدی سه‌له‌فیه‌ت دا شه‌ڕه‌نگێزو خراپه‌كاره، هه‌رچه‌نده ئێستا باشتره له‌ئاینده، چونكه ئاینده مه‌ترسیدارتره، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایلێكردوون كه‌به‌شێوه‌یه‌كی پیرۆز بڕواننه رابردوو، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌یه‌ك یاخود خه‌لیفه‌یه‌ك نه‌بینن و پاساو بۆ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بێننه‌وه كه له‌سه‌رده‌مانی پێشووتری ئیسلامیی روویداوه‌و دهسهوستان بن له‌ئاست خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه بۆ ئه‌ودۆخه.
هه‌رچه‌نده سه‌له‌فیه‌كان به‌سه‌ر چه‌ند ده‌سته‌و گرووپێكدا پۆلێن ده‌كرێن، هه‌ر ده‌سته‌و گروپێكیشیان خاوه‌نی چه‌ند خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆیه‌تی ولهوانی دیكه‌ی جودادهكاتهوه، به‌ڵام ئه‌و دوو خاڵه‌ی ئاماژه‌مان پێدا خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شه له‌نێوان تێكڕای بانگه‌شه‌كارانی سه‌له‌فیه‌تدا(2).
سه‌له‌فی رووكه‌شی(*)
یه‌كه‌م ئاراسته‌ی سه‌له‌فی كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وتووه، سه‌له‌فی رووكه‌شییه، ئه‌م ئاراسته‌یه سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لا حه‌مدی عه‌بدولحه‌مید سه‌له‌فی ده‌ركه‌وتووه، ناوبراو له سوریا خوێندوویه‌تی، دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی ئهیلوول ده‌ستیكرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری سه‌له‌فی له كوردستان، ناوبراو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناوه‌نده سه‌له‌فییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ قوتابیه‌كی كورد له زانكۆی (ئیمام سعود) له سعویه بێ پشتگیری ئه‌و وه‌رنه‌ده‌گیرا(3).
له سلێمانیش له كۆتایی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، له‌سه‌رده‌ستی مه‌لا عومه‌ر چنگیانی، بیری سه‌له‌فی په‌ره‌یسه‌ند، ناوبراو ژماره‌یه‌كی زۆر قوتابی هه‌بوو، له‌دوای راپه‌ڕینی ئازاری (1991) سه‌له‌فییه‌كانی سلێمانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان كه‌وتنه جموجۆڵ و به‌وروژاندنی چه‌ندین بابه‌تی خیلافی و لابه‌لایی له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئایندارانی موسڵمان له‌كوردستان توشی تهنگژههاتن(4). ئه‌مانه جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌جێهێنانی په‌رستش وسوننه‌ته رووكهشیهكان ده‌كرده‌وه، هه‌ربۆیه له‌وكاته‌وه له‌سه‌ر هه‌مان میتۆدی خۆیان له‌كاردان، له‌چوارچێوه‌یه‌كی به‌رته‌سكدا كاری خۆیانكردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا سه‌رنج یبدهین، چه‌ند ساڵێك به‌رله ئێستا ڕێبه‌ری ئه‌و ئاڕاسته‌یه له‌زنجیره وتارێكدا په‌شیمانی خۆی له‌زۆرێك له‌و ته‌رحانه ده‌ربڕی كه له‌و كاته‌دا به‌ناوی سه‌له‌فیه‌ته‌وه خستیه‌ڕوو، ئه‌وه‌شی وه‌كو ره‌خنه له‌خۆگرتن و به‌خۆداچوونه‌وه ده‌ربڕی كه ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی سه‌له‌فیه‌ت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵی كوردهواری نه‌گونجاو بوو (5)، یاخود ئه‌و تێزانه دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شوێنانی دیكه بوو بێ ره‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندی ژینگه‌ی كوردستان. به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌و ئاراسته بیركردنه‌وه‌یه له‌ئاستێكی بهرزترداو له‌رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی و به‌دنه‌دانی ده‌سه‌ڵات چالاكیی ده‌نوێنن.
سه‌له‌فی سیاسیی
ئاراسته‌یه‌كی تری سه‌له‌فیه‌ت له‌كوردستان، بریتییه له‌تێزی سه‌له‌فی له‌چوارچێوه‌ی پارتێكی سیاسیی‌دا، ئه‌و تێزه‌ش بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامیی له‌كاتی راگه‌یاندنیدا له (22/11/1992) وه‌كو بنه‌مای میتۆدی خۆی له‌چوارچێوه‌ی دروشمی (سه‌له‌فی له‌په‌یڕه‌و و هاوچه‌رخی له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌دا) خستیه‌ڕوو، هه‌رچه‌نده لێردا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه به‌تێرو ته‌سه‌لی باس له‌گشت ئه‌و هۆكارانه بكه‌ین كه‌وای له‌و حزبه كرد ئه‌و دروشمه به‌رزبكاته‌وه،به‌ڵام به‌بڕوای زۆرێك، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و دروشمه له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینه‌وه ته‌نها بۆ خۆجیاكردنه‌وه بوو له‌ئیخوان، كه له‌و كاته‌دا ناكۆكی نێوان هه‌ردوولا له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌دا توندبوو، نه‌ك له‌ئه‌نجامی قه‌ناعه‌ت ولێكۆڵینهوهیهكی وردی دۆخه‌كه‌دا بێت،هه‌ر بۆیه له‌چوار ساڵی یه‌كه‌می خه‌باتی ئه‌و پارته‌دا كه قۆناغی خه‌باتی نهێنی بوو،له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و دروشمه‌دا زۆرێك لهبانگخوازو وتاربێژی ناو ئه‌و پارته ره‌خنه‌ی توندیان له‌یه‌كگرتووی ئیسلامیی ده‌گرت وكرانهوهو مامه‌ڵه‌ی یه‌كگرتوویان به‌سازش و لادان له‌بنه‌ماكانی ئیسلام ئهژماردهكرد. به‌ڵام له‌دوای ساڵی (1996) و قۆناغی كاری ئاشكرای ئه‌و پارته، سه‌ركرده‌كانی ئه‌و پارته كه‌وتنه ناو هه‌مان واقیعی یه‌كگرتوو، بۆیه بانگه‌شه‌ی سه‌له‌فیه‌ت كه‌پێشتر ته‌به‌نییان كردبوو گرفتی بۆ دروستكردن وناچاری كردن به‌ده‌ركردنی چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌شه‌رعیه‌تی كار‌و مامه‌ڵه‌ی سیاسی‌یان، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه‌زۆرێك له‌رێبه‌رانی ئه‌وپارته له‌سه‌ره‌تادا پێیانوابوو له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌توانن پیاده‌ی ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌ت بن له‌كوردستان. به‌ڵام دواتر كه بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌مه هه‌روا ئاسان نییه، هه‌مان ئه‌زموونی یه‌كگرتوویان له‌مامه‌ڵه دووباره كرده‌وه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و دروشمه‌و مامه‌ڵه‌كردن به‌شێویه‌كی تر له‌واقیعدا ژماره‌یه‌ك كادیری ئهوحزبهی توڕه‌و نیگه‌ران كرد و وازیان له‌حزبه‌كه‌یان هێنا، به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی سه‌له‌فیه‌ت له‌په‌یڕه‌ودا بووه گرفتی قۆناغێكی خه‌باتی ئه‌و پارته(6).
سه‌له‌فی جیهادیی
ریشه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌له‌فی جیهادیی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی حه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، له‌و ماوه‌دا ئهدهبیاتو بڵاوكراوه‌ی كۆمه‌ڵی جیهادیی میسری‌و گروپه‌كانی تر ووتاره‌كانی (عه‌بدولحه‌مید كوشكو عه‌بدوڵڵا عه‌ززام)، به‌ڕێژه‌یه‌كی كهمو به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی دهگـهیـشتنه هـهولێرو لـه‌ناو هـهندێك گـهنجی ئه‌وشاره‌دا بڵاوده‌بوونه‌وه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر پهرهگرتنو دروستبوونی سه‌ر توێژێك له‌بیری توندڕه‌وی، به وته‌ی (فاتیح كرێكار) له‌و ماوه‌دا له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و بیرانه‌دا له هه‌ولێر چه‌ند گه‌نجێك راهێنایان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی سووك ده‌كرد (7).
له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانیش، ژماره‌یه‌ك كورد، له‌وانه: فاتیح كرێكار، وه‌لید یونس (ئهبوخوبهیب) و عه‌لی وه‌لی به‌شداربوون له جیهادی ئه‌فغان(8)، له كاتی دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له كوردستانی عێراق له (1987) دوو عه‌ره‌ب كه له‌ناو بزووتنه‌وه‌دا بوون به‌ناوه‌كانی (عهبدولشههید) له هێزی حه‌سه‌ن به‌ننا و (عه‌بدولباری) له هێزی شافعی، رۆڵیان بینی له هاندان و رۆیشتی چه‌ندین كورد بۆ ئه‌فغانستان(9).
موجاهیده ئیسلامییه كورده‌كان، له كۆتایی هه‌شتاكان وه‌ك زۆر له موجاهیده‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌كانی تری جیهانی ئیسلامیی شوێنی تایبه‌تیان له پیشاوه‌ر به‌ناوی (بیت الاكراد) دروستكرد، تێیدا پێشوازیان له موجاهیده كورده‌كان ده‌كرد و یارمه‌تی داراییان بۆ شه‌ڕی ئه‌فغانستان دابیندهكرد، له كه‌مپه‌كانی خۆستی ئه‌فغانستان سه‌ر به عه‌بدوڵا عه‌ززام مه‌شقی سه‌ربازیان ده‌كرد(10).
گه‌ڕانه‌وه‌ی فاتیح كرێكار له پاكستان و په‌یوه‌ندیكردنی به بزووتنه‌ی ئیسلامییه‌وه، بووه وێستگه‌یه‌كی تری په‌ره‌سه‌ندنی فیكری جیهادی سه‌له‌فی له كوردستان، ناوبراو له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی كتێبی (العمده فی اعداد العده)ی له‌گه‌ل خۆی هێنا كه وه‌كو مانیفێستێكی سه‌له‌فی جیهادی وایه، له‌به‌ر رۆشنایی تێزه‌كانی ئه‌و كتێبه كرێكار خوازیار بوو بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی موماره‌سه‌ی جیهاد بكات، به‌ڵام ناوبراو هه‌رزوو ناكۆكی له‌گه‌ل سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه بۆ دروستبوو، ئه‌مه‌ش به‌و ئاراسته‌یه‌دا رۆیشت كه ناوبراو له بزووتنه‌وه جیابێته‌وه و حیزبێكی نوێ دروست بكات به ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامیی كوردستانی عێراق) له (5/11/1990)، دوای راپه‌ڕینی (ئازاری 1991) له خه‌لیفان و حاجی ئۆمه‌ران باره‌گایان دانا (11).
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه، له هه‌ولێر، ملا ئه‌مین پیرداود خۆشناو رێكخستنێكی نهێنی دامه‌زراند، ئه‌م رێكخستنه ئه‌ندامه‌كانی به رۆحیه‌تێكی جیهادی په‌روه‌رده ده‌كرد، جگه له هه‌ولێر تا راده‌یه‌ك له موسڵ و سلێمانی چالاكییان هه‌بوو، دوای راپه‌ڕینی (ئازاری 1991) له ژێر ناوی (كۆمه‌ڵی جیهادی ئیسلامیی له كوردستانی عێراق) خۆیان راگه‌یاند، له خه‌لیفان، چۆمان و حوجران باره‌گایان دانا (12).
كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامیی و كۆمه‌ڵی جیهادی ئیسلامیی زۆر درێژه‌یان نه‌كێشا له خه‌بات، هه‌ردوكیان له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی خۆیان بینیه‌وه، دوای كۆڕه‌وه‌كه‌ی (1991) كرێكار باره‌گای له شارۆچكه‌ی (دیانا) دانا، باره‌گاكه به‌شێكی سه‌ره‌كی له ئه‌ندامانی دوو حیزبی پێشوو پێكهاتبوو كه هاتبونه ناو بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی، هاوكات به‌شێك له سه‌له‌فییه‌كانی گه‌رمیان به سه‌ركردایه‌تی (دڵشاد گه‌رمیانی) په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردن، بنكه‌ی دیانا بووه بنكه‌ی سه‌ره‌كی مه‌شقی سه‌ربازی بزووتنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی بیری سه‌له‌فی جیهادی، كتێبی (العمده فی اعداد العده)كرایه مه‌نهه‌ج و بنه‌مای تیۆری سه‌ربازگه‌كه (13).
شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی نیشتمانیی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له (1994)، زیانی زۆری به بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی گه‌یاند، ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه كه به شكستی ئه‌و حیزبه كۆتایی هات و ململانێی ناوخۆیی له نێوان باڵه‌كانی بزووتنه‌وه، بیری تۆڵه‌كردنه‌وه و به‌خۆداچوونه‌وه‌ی له مێشكی ژماره‌یه‌ك كادیری بزووتنه‌وه‌دا بره‌وپێدا.
سه‌ره‌تای ئه‌و به‌خۆداچونه‌وه‌یه ژماره‌یه‌ك كادیری مامناوه‌ندی بزووتنه‌وه له ناوچه‌كانی هه‌ولێر، خه‌لیفان، باڵه‌كایه‌تی، گه‌ڵاڵه و حاجی ئۆمه‌ران هێزی دووی سۆرانیان له (1995) دروستكرد، ئه‌م هێزه بۆ خۆپاراستن بوو له ململانێی ناوخۆیی و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندامان بوو به رۆحیه‌تی سه‌له‌فی جیهادی (14)، دوای چه‌ند ساڵیك به بیرۆكه‌ی (ئه‌بو خوبه‌یب) ناوه‌ندی دیراساتی ئیسلامیی له هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید دامه‌زرێنرا، ئه‌م ناوه‌نده، دووگۆڤاری مانگانه‌ی ده‌رده‌كرد به‌ناوه‌كانی (لوا‌و الشریعه) و (أخبار المسلمین فی العالم)،جگه له‌وه كتێب و نووسینی چه‌ندین نووسه‌ری ئیسلامیی سه‌له‌فی جیهادی دووباره به‌تیراژی زۆر چاپ و بڵاوده‌كرده‌وه، ئه‌مه وێڕای كردنه‌وه‌ی چه‌ندین خول له هه‌ڵه‌بجه‌و بیاره.
ئه‌م سه‌نته‌ره و هێزی دووی سۆران، دوور له ئینتیما نه‌ته‌وه‌ییه‌كه مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد، عه‌ره‌بی عێراق و ده‌ره‌وه‌شیان وه‌رگرت، په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ سه‌له‌فییه جیهادییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش توندوتۆڵ كرد، به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ قاعیده و گروپه جیهادییه‌كانی ئه‌فغانستان، چه‌ندینجار نوێنه‌ریان ره‌وانه‌ی ئه‌فغانستان كرد و له‌وێ به‌شداری خولی جۆراوجۆریان كرد (15).
به تێپه‌ڕبوونی كات، له‌ناو هه‌ندێك ئه‌ندام و كادیری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی بیری توندڕه‌وی و سه‌له‌فی جیهادی بره‌وی زیاتری په‌یداكرد، كۆمه‌ڵێك هۆكاری خودی و بابه‌تی رۆڵیان بینی له دنه‌دانی بیری توندڕه‌وی له‌و قۆناغه‌دا كه لێره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه لییان بدوێین، ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش له ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه له (1998) حه‌سه‌ن سۆفی گرووپی حه‌ماسی دامه‌زراند، ناوبراو له رووداوێكی نادیاردا كوژرا و عومه‌ر بازیانی شوێنی گرته‌وه، له هه‌ولێریش گروپی ته‌وحید به رێبه‌رایه‌تی (سه‌رباز) ناوێك كه به (ئه‌بو به‌سیر) ناسرابوو دامه‌زرا، دروستبوونی ئه‌م گرووپانه هاوكاتبوو له‌گه‌ڵ ئاشكرابوونی هه‌ندێك رێكخستنی گرووپی نهێنی سه‌له‌فی جیهادی له ناوه‌ڕاستی عێراق، له‌و گروپانه‌ش (جوندولمونتهقیم) و (جوندوڕهحمان)، ئه‌م گروپه‌ی دواییان (ئه‌بو وائیل) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، له‌گه‌ل ئاشكرابوونی هاته كوردستان و په‌یوه‌ندی كرد به هێزی دووی سۆرانه‌وه (16).
گروپی ته‌وحید و حه‌ماس نه‌یانتوانی له‌ناو ململانێی ناوخۆیی بزووتنه‌وه و فشاری حیزبه عه‌لمانییه‌كان خۆیان بگرن و به‌رده‌وام بن، به‌ڵام رۆڵیان بینی له په‌ره‌پێدانی زیاتری فیكری سه‌له‌فی جیهادی.
دوا ویستگه‌ی بهرێكخراوبوونی سه‌له‌فی جیهادی خۆی له گرووپی جوندلئیسلامدا بینیه‌وه، ئه‌م گرووپه له (1/9/2001) له لایه‌ن هێزی دووی سۆرانی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامیی هه‌ڵوه‌شاوه و سه‌له‌فییه جیهادییه‌كانه‌وه به ریبه‌رایه‌تی (ئه‌بو عه‌بدوڵای شافیعی) دروستكرا)، هه‌ر له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی رێكخراوه‌كه، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌وتنه شه‌ڕه‌وه، دوای چه‌ند مانگێك له‌كار، له (10/12/2001) فاتیح كرێكار هاته ناو ئه‌م گروپه و ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ (پشتیوانانی ئیسلام له كوردستان)، كرێكار بووه ئه‌میری گرووپه‌كه (17).
پشتیوانانی ئیسلام، وه‌كو ئیماره‌تێكی ئیسلامیی له ناوچه‌كانی ژێرده‌ستیان مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد، په‌یوه‌ندی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ رێكخراوی قاعیده و سه‌له‌فییه جیهادیه‌كانی تر هه‌بوو، تێزه‌كانی عه‌بدولقادر عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌بوبه‌سیر و رێبه‌رانی سه‌له‌فی جیهادی ببوونه سه‌رچاوه‌ی بیری ئه‌م رێكخراوه، موماره‌سه‌ی توندترین تێڕوانینی ئیسلامی‌یان ده‌كرد، ئه‌م رێكخراوه له‌گه‌ل یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان چه‌ندین جه‌وله‌ی شه‌ڕیان كرد، چاره‌نووسی ئه‌م رێكخراوه كه‌وته به‌ر هێرشی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له (2003)، هێرشه‌كانی ئه‌مریكا كۆتایی به‌م رێكخراوه هێنا، پشتیوانانی ئیسلام هه‌ڵوه‌شایه و به كرده‌یی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ئیسلامیی نه‌ما.
ده‌رئه‌نجام
به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م رێكخراوه (پشتیوانانی ئیسلام،)، سه‌له‌فی جیهادی گورزێكی كاریگه‌ری به‌ركه‌وت و ئه‌مه بووه دواهه‌مین گرووپی رێكخراو له گۆڕه‌پانی كوردستان، به‌ڵام به كۆتاییهاتنی ئه‌م رێكخراوه بیری سه‌له‌فی جیهادی كۆتای نه‌هات، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی به‌رته‌سك تا ئێستاش خۆی ده‌نوێنێت، كه ده‌كرێت له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تردا بیخه‌ینه‌ڕوو.
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
(1)أحمد سالم وعمرو بسیوني: ما بعد السلفية، قراءة نقدية في الخطاب السلفي المعاصر، مركز نماء للبحوث والدراسات، الطبعة الاولى، بيروت، ل29.
(2)بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی خه‌سڵه‌ت، بنه‌ما و بنچینه‌كانی بیری سه‌له‌فی بڕوانه: أحمد سالم وعمرو بسیوني: هه‌مان سه‌رچاوه، ل32- 35.
(*) له‌م توێژینه‌وه‌دا زاراوه‌ی سه‌له‌فی رووكه‌شی به‌كارهاتووه، به‌مه‌به‌ست له‌و گرووپه‌ی سهلهفیهیه كه بڕوایان به‌كاری رێكخراوه‌یی نییه، له‌ناو توێژه‌راندا چه‌ندین زاراوه‌ی تر بۆ ناولێنانی ئه‌م گرووپه به‌كاردێت، له‌وانه: سه‌له‌فی زانستیی، سه‌له‌فی مه‌دخه‌لی، سه‌له‌فی ناحیزبی.
(3) عه‌بدوڵا عاڵایی: سه‌له‌فیگه‌رایی ئیسلامیی، قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ندنی و هاتنی بۆ كوردستان، سایتی (milletpress.com).
(4) موختار هووشمه‌ند: ساڵێك له‌گه‌ڵ ئه‌بو زه‌كه‌ریا، بێ شوێنی چاپ، 2014، ل106.
(5) مه‌لا عومه‌رچنگیانی ئه‌و زنجیره وتاره‌ی له رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ) زمانحاڵی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان بڵاوكرده‌وه له ساڵی (2002).
(6) سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانكارییه‌ی له‌و دوو قۆناغه‌دا له دیدی بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامیی روویداوه، له ئه‌ده‌بیات و بڵاوكراوه‌كانی ئه‌و پارته‌دا به روونی دیاره و ئاماژه‌ی پێدراوه، بۆ زانیاری زیاتر له‌و باره‌وه بڕوانه: ئارام قادر و ئیدریس سیوه‌یلی: به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌دوێن (بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامیی 1992 – 1999)، چاپخانه‌ی چوارچرا، چاپی یه‌كه‌م، 2010.
(7) فاتح كريكار: الحركة الإسلامية في كردستان العراق واقع وأمل، الجز‌ء الأول، من اصدارات مكتب الإعلام الخارجي، دون مكان الطبع،الطبعة الاولى، 1995، ل38.
(8) موختار هووشمه‌ند: هه‌مان سه‌رچاوه، ل57.
(9) حه‌سه‌ن یاسین: مێژووی پێوه‌ندییه نهێنییه‌كانی نێوان پشتیوانانی ئیسلام و قاعیده، كه‌ركوك، 2006، ل17.
(10) یوسف گۆران: ده‌ركه‌وتنی رێكخراوی قاعیده له كوردستانی عێراقدا، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی، سلێمانی، 2009، ل16.
(11) ئیدریس سیوه‌یلی: ره‌وتی ئیسلامیی له باشووری كوردستان 1946 – 1991، تویژینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی له كار و چالاكیی پارت و كۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌كان، سلێمانی، 2009، چاپی دووه‌م، ل160- 161.
(12) سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل158.
(13) موختار هووشمه‌ند: هه‌مان سه‌رچاوه، ل107- 108.
(14) سه‌چاوه‌ی پێشوو، ل113.
(15) سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل114.
(16) سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل132 – 133.
(17) یوسف گۆران: هه‌مان سه‌رچاوه، ل37 – 42.