ده‌ستنوسی په‌خشانێکی کۆنی زمانی کوردی، زاراوه‌ی ناوچه‌ی مه‌کسی وان
کتێبی پزیشکی مه‌لا ئه‌رواسی
له دوو دێری یه‌که‌می ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا هاتووه: ” جالینۆسێ حه‌کیم گۆتیه هه‌ر نه‌خوه‌ش تاما ده‌ڤێ وی شۆر بیت ژ عیلله‌تا سه‌ودائیه. هه‌رچی شیرین بیت خونه، ترش بیت به‌لغه‌مه، ته‌حل بیت سه‌فرایه.
جه‌لاده‌ت به‌درخان، به ناوی (هه‌ره‌کۆل عه‌زیزان)، له ژماره 33ی گۆڤاری هاواردا، گوتارێکی له‌سه‌ر بڵاوکردۆته‌وه به ناونیشانی (کلاسیکێن مه). به گوێره‌ی ئه‌م نوسینه بێت، له‌و کاته‌وه، مه‌لایێ ئه‌رواس، 150 ساڵێکه مردووه. واتا به خستنه سه‌ری 81 ساڵی دیش، ده‌کرێت بڵێین ئه‌و 230 ساڵێکه مردووه. که‌واته ڕه‌نگه ته‌مه‌نی نوسینه‌که 240 تا 260 ساڵێک بێت.
زیائه‌دین پاشاش، له فه‌رهه‌نگه کوردیه‌که‌یدا (الهدیة الحمیدیة في اللغة الکردیة)دا، ئاماژه‌ی به‌م نوسینه داوه و ناوی ناوه (رسالة ملا محمد الارقطني في علم الطب).
پێش ئێستا هیچ دانه‌یه‌ک له‌م کتێبه له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بوو. ئێستا دانه‌یه‌کی دۆزراوه‌ته‌وه. جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری زانکۆی (ئه‌رتوکلو)، دکتۆر قادری یه‌لدرم، ئێستا سه‌رگه‌رمی ڕێکخستنی چاپێکی کتێبه‌که‌یه، به پیتی لاتینی.
دیاره بایه‌خی زانستی کتێبه‌که، هه‌ر ئه‌مه‌یه که پشتی به زانستی سه‌ده کۆنه‌کانی پزیشکی به‌ستووه. به‌ڵام بایه‌خی بۆ مێژوی سه‌رهه‌ڵدانی په‌خشان به زمانی کوردی زۆر پتره.